محسن کەریم
ئەو هەنگاوەی شاسوار بۆ فرۆشتنی لیتری بەنزین بە ٥٠٠ دینار، وەکو تەحەدایەك بۆ حزبەکانی حوکمڕانی کوردستان کە لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا نرخی بەنزینیان بەشێوەیەکی سەرسوڕهێنەر بەرزکردەوە، خوێندنەوەی جۆرواجۆری بۆ دەکرێت. کەسانێك دەستخۆشی لێدەکەن و داوا دەکەن حکومەتیش وەکو شاسوار بکات. کەسانێکیش ڕەخنەی لێدەگرن و وەکو موزایەدەی سیاسی تەماشای دەکەن. شاسوار خۆشی دەڵێت، ئەگەر موزایەدەیە با حزبەکانی دەسەڵاتداریش موزایەدەبکەن و بەنزین هەرزان بکەن! کەسانێکیش بە دروست رەخنە لەوە دەگرن کە بە دابەشکردنی چەند هەزار لیترێك و بۆ جارێك هیچ ئاڵوگۆڕێك دروست ناکات و ناتوانێ کاریگەری لەسەر نرخی بەنزین دابنێ لە بازاڕەکانی کوردستاندا و ئەوەی شاسوار دەیکات بەشێك لە کەمپینی هەڵبژاردن و دەنگ کۆکردنەوە.
هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق نزیك دەبێتەوەو هێزو حزبە سیاسیەکانی بۆرژوازی خۆیان کۆدەکەنەوە تا لەو پرۆسەیەدا بەشی خۆیان لە دەسەڵات و داهاتی ووڵاتدا بەدەست بێنن. بەپێی عادەتیش و لە هەموو دنیاداو لە هەموو هەڵبژاردنێکدا هێزو لایەنە بۆرژوازیەکان دەست دەکەن بە کەمپینی هەڵبژاردن و دەبێت بڕێك لە سامان و پارەکانیان بۆ ئەو کەمپینە تەرخان و خەرج بکەن، کە هەندێکجار بەشی زۆری خەرجی کەمپینی هەڵبژاردنەکەیان لەلایەن خاوەن کۆمپانیا و خاوەن سەرمایە گەورەکانەوە دابین دەکرێت بە تایبەتی لە ووڵاتانی رۆژاوادا. لە عێراق و کوردستان بەهۆی ئەوەی کە حزبەکانی بۆرژوازی دەسەڵاتیان لەنێوان خۆیاندا دابەش کردوە و هەریەکەیان دەستی گرتوە بەسەر بەشێك و گۆشەیەك لە داهاتی ووڵاتدا بۆیە بە سوود وەرگرتن لەو پێگەیەی هەیانە دەست دەکەن بە تەخشان کردنەوەی پارەو ئیمکانات و ئیمتیازات بەسەر خەڵکدا بۆ کڕینی دەنگەکانیان. دیارە ئەمە لەپاڵ پرۆسەیەکی چەواشەکارانەی سیاسیدا دەبەنە پێشەوە کە هەریەکەیان دەیەوێ سەرجەم تاڵانچێتی و دزی و گەندەڵیەکان و هەموو خەتاکانی حکومەت بخاتە ئەستۆی ئەوی دیکەو خۆی وەکو فریادڕەسی خەڵك نیشان بدات. تەنانەت ئەو حزب و هێزانەی دیکەی بۆرژوازی کە لەدەرەوەی حکومەتن و گلەییان لە بەشی خۆیان هەیە لە پیگەی دەسەڵات و بەدوای ئەویشدا لە بەشداربوون لە تاڵانکردن و لوشدانی داهاتی گشتیدا، بە ووتاری ئاگرین دەیانەوێ ئەوە بە خەڵك قبوڵ بکەن کە ئەگەر دەنگ بەوان بدەن، ئەوا کۆتایی بە هەموو ئەو تاڵانی و دزی و ناعەدالەتی و بێمافیانە دەهێنن کە بەهۆی حزبە دەسەڵاتدارەکان و حکومەکەتەکەیانەوە تووشی خەڵك هاتوە! بەنزینەکەی شاسواریش بەشێکە لەم پرۆسەی چەواشەکاری و خەرجکردنی پارە بۆ کەمپینی هەڵبژاردن!
کەسانێك دەڵێن جا عەیبی چیە، گرنگ ئەوەیە کۆمەڵێك خەڵك سودیان وەرگرت لەو بەنزینە هەرزانەی شاسوار، با حزبەکانی تریش یاخود حکومەت کاری لەوجۆرە بکەن کە کۆمەڵێك خەڵك سودی پێبگات! بێگومان حزبەکانی دیکەش کاری لەو چەشنە دەکەن! ئیسلامیەکان لەڕێگای خێرو سەدەقەوە دەمێکەیە هەوڵی کڕینی دەنگی خەڵك دەدەن.. یەکێتی و پارتیش لەڕێگای جۆرواجۆرەوە هەوڵ دەدەن دەنگی خەڵك بکڕن و بێگومان کەسانێكیش سودمەند دەبن لەوان. بەڵام ڕەنگە بوترێ ئاخر یەکێتی و پارتی پارەی خەڵکە دزیویانە، بەڵام شاسوار هی خۆیەتی!
گومان لەوەدا نیە کە شاسوار وەکو سەرمایەدار و خاوەن کۆمپانیاو پرۆژەی قەبەو گەورەی قازانجهێن بەرهەمی ئەو بارودۆخە سیاسی و ئابوریەی کوردستانە کە بەهۆی دەسەلاتی حزبەکانی بۆرژوازی کوردە بۆ چینی بۆرژوازی کورد ڕەخساوە. من باسی ئەو هەموو گومان و پرسیارە ناکەم کە لەسەر سەرمایەکەی و چۆنیەتی دەوڵەمەندبوون و دەسکەوتنی ئەو هەموو ئیمکاناتە و هەروەها پشکەکانی چاڤی لاند هەیە..گومان لەوەدا نیە کە هیچ سەرمایەدارێك بە بێ ساختەچێتی و دەستبڕین و چەوساندنەوەی خەڵکی کرێکار و زەحمەتكێش و دەستگرتن بەسەر ڕەنج و ماندووبوونی ئەواندا ناتوانێ سەرمایە کەڵەکە بکات. شاسوار وەکو هەر سەرمایەدارێکی دیکە سامانەکەی بەرهەمی ڕەنج و ماندووبوونی خەڵکی دیکەیە. بەڵام بەدەر لەوە، با لەو ئامانجەی سیاسیەوە سەیری مەشهەدەکە بکەین کە شاسوار لەمجۆرە کارانەی بەدواوەیەتی.
شاسوار ئەم کارەی بۆ پڕوپاگەندەی هەڵبژاردنە. تەنانەت ئەگەر موزایەدەی سیاسی نەکات و پارەکەی بەڕەنجی شانی خۆشی پەیداکردبێت هیچ لەو ڕاستیە ناگۆڕێت کە ئەویش دەیەوێ دەنگی خەڵك کۆبکاتەوە بۆ بەرژەوەندی سیاسی خۆی وەکو هەر حزبێکی تر دەیکات. شاسواریش وەکو حزبەکانی دیکە دەیەوێ خۆڵ بکاتە چاوی خەڵکەوە، چونکە وەکو سەرمایەدارێك لە هەموو کەس باشتر دەزانێت کە بەوکارەی ئەو بەنزین لە بازاردا هەرزان نابێت! هەرزان بوونی هەر کاڵایەك لە پرۆسەی مونافەسەدا دەبێت، نەك دابەشکردنی کاڵایەك بۆ چەند سەعاتێك یان چەند رۆژێك!
با لەوەش بگەڕێین. بەڵام گرنگترین مەسەلەی سیاسی لەم هەنگاوەی شاسواردا، ڕاکێشانی خەڵکە بۆ ناو پرۆسەی هەڵبژاردن، هەرئەوەی کە یەکێتی و پارتی و گۆڕان و حزبە بۆرژواییەکانی دیکە دەیکەن. ئەویش لە هەلومەرجێکدا کە قەیرانی سیاسی و حکومەتی یەخەی بۆرژوازی عێراقی و کوردی گرتووەو پەیوەندی نێوان خەڵك و دەسەڵات چ لە عێراق و چ لە کوردستان لە خراپترین ئاستیدایەو خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش و ستەمدیدە و ئازادیخوازی عێراق و کوردستان خوازیاری کۆتایی هاتنن بە دەسەڵاتی میلیشایی ئیسلامی- ناسیۆنالیستی لە عێراق وکوردستان.
ئەم هەڵبژاردنەی عێراق، دوای ڕاپەڕینی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ دێت کە جەماوەری ناڕازی و ڕاپەڕیوی بەغداو شارەکانی دیکەی عێراق بە قوربانی زیاتر لە ٦٠٠ کەس و برینداربوون و پەککەوتنی نزیکەی ٢٠هەزار خۆپیشاندەر حکومەتی عادل عبدالمهدی روخاند و قەیرانی سیاسی و حکومەتی لەعێراقدا قوڵ کردەوە و بۆرژوازی عێراقی لە سەراسیمەدا ڕاگرتوە. لە کوردستانیش خواستی کۆتایی هاتنی دەسەڵاتی دوو بنەماڵەی دەسەڵاتدارو دەستوپێوەندەکانیان بوەتە خواستی گشتی و چەندیجاریش جەماوەری ناڕازی بەکردەوە هەوڵی بۆداوەو لەپێناویدا قوربانی داوە. هەڵبژاردنی عێراق وکوردستان بۆ بۆرژوازی عێراق و کوردستان و حزبە میلیشایی و بێچەکەکانیان تێپەڕاندنی ئەو قەیرانە سیاسی و حکومەتیەیەو دوورخستنەوەی جەماوەرە لە شۆڕش و ڕاپەڕین و داسەپاندنەوەی دەسەڵاتی خۆیانە بەسەر خەڵکی کرێکارو زەحمەتكێش و هەژارو برسیکراوی عێراق و کوردستاندا. گەورەترین خزمەت کە شاسوار بە چینەکەی خۆی، واتە بۆرژوازی کورد و بە حکومەتەکەی، واتە حکومەتی هەرێم و بە حزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستانی دەکات، ئەوەیە کە بەناوی ئۆپۆزیسیۆن و دژایەتیکردنی یەکێتی و پارتی و گوایە گۆڕینی دەسەڵات و بارودۆخی سیاسی و ئابوری لەڕێگای هەڵبژاردن و دەنگدانەوە بە قازانجی خەڵك، دەیەوێ خەڵك ڕابکێشێتە ناو پرۆسەی هەڵبژاردنەوە و جارێکی دیکە پرۆسەی ریسوای هەڵبژاردن لای خەڵك شیرین و خۆشەویست بکاتەوە کە لە هەڵبژاردنی پێشوودا بەشێكی بەرچاوی خەڵك بایکۆتیان کرد.. شاسوار هەمان ئەو ئەرکە جێبەجێ دەکات کە کاتی خۆی بزوتنەوەی گۆڕان و نەوشیروان مستەفا کردی بۆ دەربازکردنی دەسەڵاتی کوردایەتی لەدەست توڕەیی و خرۆشانی خەڵك و دوورخستنەوەی شۆڕش! گۆڕان بە ئیعتباری ڕابەرەکەی ئەو کارەی کرد و لەسەر بنەمای وەهمی خەڵك پێی. شاسوار بە هێزی ئەو پارەیە دەیکات کە بەهۆی ئەو ژینگە ئابوری و سیاسیەی پارتی و یەکێتی بۆیان بۆیان فەراهەم کردوە، دەستی کەوتوە! ئەو کارەی شاسوار دەیکات هەوڵێکی دیکەی بۆرژوازی کوردە بۆ زەربەدان لە بزوتنەوەی ناڕەزایەتی و شۆڕشگێڕانەی خەڵك بۆ کۆتایی هێنان بە دەسەلاتی مافیایی بۆرژوازی کورد و کڕینەوەی تەمەنیشە بۆ پارتی و یەکێتی!
بەڵام وەکو دەڵێن؛ مێژوو دوجار دوبارە دەبێتەوە! یەکەمجار بەشێوەی تراژیدی و دوەمجار بەشێوەی کۆمیدی!