ئامانج لە هاوپەیمانیەتی یەکێتی و گۆڕان چییە؟

عەبدوڵا مەحمود

یەکیتی نیشتیمانی و بزوتنەوەی گۆڕان دوای ئەوەی ماوەیەک لەوەپێش بەشیوەی نهێنی هاوپەیمانیەتیەکیان پێکهێنا، ٢٠ی ئەم مانگە لە مەراسیمێکی ئاشکرادا ئیمزای ڕیکەوتنامەکەیان کرد. لایەنی دەرەوەو روکەشی ڕیکەوتنامەکەیان بەشداریی و بەیەکەوەبوونیانە لە هەڵبژاردنەکانی عێراقدا. بەڵام دیوی دووەم و لایەنی سەرەکی و شاراوەی ئەم ڕیکەوتن و هاوپەیمانیەتییە، رووی لە هەرێمی کوردستان و هەنگاوێکە لە راستای گۆڕینی باڵانسی هیز و دەرخستنی پیگەی زۆنی سەوز لە هەرێمدا.

یەکیتی و گۆڕان، بەدیاریکراوی سەرکردایەتی بڕیار بەدەستی هەردوولا زوو ڕیکەوتن و پیکهێنانی هاوپەیمانیەتەکەیان زۆر لەلاگرنگ بوو، تا ئەو رادەیەی زۆرێک لە کادرانی باڵای ئەم دووحزبە ئاگاداری کۆبونەوەکان و ئەم ڕیکەوتنە نەبوون تا رۆژی راگەیاندن و ئیمزاکردنی. لەوەش واوەتر بەشیوەیەکی نهێنی و دوور لەچاوی کامیراکان و دەزگاکانی راگەیاندن، کۆبونەوەکانی ئەم ریکەوتنامەکەیان چنیووە، تا لەو رێگایەوە هەژانێک ببەخشنە هیزە نەیارەکانیان و ریزەکانی ناوخۆشیان ڕادەستی ئەو راستیە بکەن کە سەرکردایەتی هەردوولا زۆر نزیک لەیەک و خاوەنی بریاری یەکلاکەرەوەن.

بەشداری یەکیتی و گۆران لە هەڵبژاردنەکانی عێراقدا لەچوارچیوەی هاوپەیمانیەتییەک، بە جیا لەوەی تەبایی و یەکریزی هێزە سەرەکیەکانی گۆرپانی زۆنی سەوز دەخاتە ڕوو، هاوکات وەکو سەرەتایەک بۆ رووبەڕووبونەوەی دەسەڵاتی زۆنی زەردیش خۆی نمایش دەکات.

یەکێتی و گۆران ئەگەر لە ئاستی سەراسەری و لەم هەڵبژاردنانەی عێراقدا، بەتایبەتی وەکو یەکەمین هەڵبژاردنی دوای ١٦ ئۆکتۆبەر، دوای کۆنگرەی یەکێتی، سەرکەوتن بەدەست بهێنن و کورسیەکانیان زیاد بکەن و یان تەنانەت وەکو پیشووش بیهێڵنەوە، سەرکەوتنە بەسەر کۆسپێکی گەورەدا، کە گێرانەوەی ئابڕوی سیاسی لەدەستچووە لە ١٦ ئۆکتۆبەردا و هاوکاتیش هاوبەشی پیکردنی گۆڕانە لەو پرۆسەیەدا، کە پیشتر گۆڕان لەدژی بووە. لەسەر ئاستی کوردستانیشدا گۆران و یەکێتی بەو ڕیکەوتنامەیان دەیانەوێت ڕیگە لە بەفیرۆدانی دەنگەکان لە ململانێی خۆیاندا بگرن و هاوکاتیش جەماوەری زۆنی سەوز لە کێبەرکێی گەرمی هەڵبژاردنی نیوانیان بەدوور بگرن، تا لەو رێگایەوە ئابروویەک بۆ کایەی هەڵبژاردن و دەنگدان بگێرنەوە، کە دەمێکە خەڵکی کوردستان وەکو درۆیەکی گەورەو بێ کاریگەر تەماشای دەکەن. ئەگەر گۆران و یەکیتی بتوانین بەرگری لە پێگەی پیشویان بکەن و هەمان کورسیەکانی پێشوویان چ لەسەر ئاستی عیراق و چ لەسەر ئاستی کوردستان بەیەکەوە بەدەست بهێنەوە، واتە ڕیگە لە پێشرەوی پارتی دەگرن تا لە بەرامبەر بەغدادا دەنگی بەرزتر بێت و لە ئاستی هەریمیشدا، تەماحی زیاتر بکات.

بەجیا لەوانە ئەگەر گۆران و یەکێتی پیگەی پیشویان وەدەستبهێنەوە، لە لایەکەوە بەر بەرەوتی دارمانی زیاتریان بۆ ماوەیەک دەگرن و هاوکات وەڵامیکیشە بە پارتی کە تا ئێستا بەشێک لە سەرکردایەتی یەکیتی وەکو خیانەتکار تەماشا دەکەن و هەلومەرجی کەرکوک و ناوچە دابڕینراوەکان و گەرانەوەی سوپای عیراق دەخاتە ئەستۆی گروپی ١٦ ئۆکتۆبەر. بەجیا لەوەی یەکێتی و گۆران چ خوێندنەوەیەکی بۆ پێگەی ئیستایان هەیە، مەسەلەی بردنەوەی هەڵبژاردن لە دەرەوەی سنوری هەرێم هێشتا جەنگێکە لە دەرەوەی گۆرەپانی سیاسی کوردستان، بۆ ئامانجێک کە ناوخۆ و گۆرەپانی سیاسی هەرێم بەگشتی دەکاتە نیشانە. دیارە بردنەوە لەناوخۆی کوردستانیش لە ئاستی فەرمیدا مانای خۆی دەبێت، بە تایبەتی لە پەیوەند بە رای گشتی دنیای دەرەوە.

یەکێتی و گۆڕان، وەکو دووهیزی سەرەکی ناو یەک گۆرەپان و مەیدانی سیاسی، لە ئاستی هەرێمدا لاوازو لە باری بریاری سیاسیەوە بێ کاریگەر و لەرووی هەژموونی جەماوەریەوە روو لەخوار و لە پەیوەند بە وڵاتانی ناوچە روو لەپاشەکشە و لە ئاستی شەرعیەتی نێو دەوڵەتی پاشکۆ و بێ رۆڵن… سەرباری هەموو ئەوانەش لەناو خۆیاندا دەرگیر بە کیشەی ناوخۆیین. هەلوەرینی گۆڕان بەردەوامە، چ بە وازهینانی بەردەوامی کاراکتەرە سیاسیەکانی و چ بە گواستنەوەی سەنگەری هەڵسوڕاو و کەسایەتیە دیارەکانیان بۆ ڕیزەکانی پارتی. یەکیتیش کە دوای کۆنگرە بەڵێنی نوێبوونەوە و سەربەخۆیی بریاری سیاسی و هەرەشەی بەشداری سیاسی لە دەسەڵاتی سەراسەری هەریمدا دەکرد، بووە قوربانی بانگەشەی زل و وتاری ئاگرینی بێگڕ و هەرەشەی بێکردەوە و لەوانەش زیاتر لەباری سیاسیەوە لە سەرەگیژەیەکی تەواودایە، کە نەدەزانێت چی دەوێت و نەدەزانێت دەبێ چی بووێت و نە ڕێگا و میکانیزمەکانی لابردنی کۆسپەکانی بەردەمیشی هەیە. لەبەرامبەردا پارتی وەکو نەیاری سیاسییان لە پێگەیەکی بەهێزتر، فەرمی تر، کاریگەرتر و خاوەن بریار ترە… پارتی هەژموونی خۆی لەهەموو رویەکەوە بەسەر هەرێمدا زاڵ کردوە، لەپەیوەند بە عێراق خاوەنی پرۆژەی خۆیەتی، لەگەڵ وڵاتانی ناوچە مەوقعیەتی لەبەرچاوگیراوە، لە ئاستی نێودەوڵەتیدا قورسایی زیاتری هەیە، لە دەزگا بەناو شەرعیەکانی هەرێمدا!! باڵادەستە، وەکو پارتێکی سیاسیش لەناوخۆیدا یەکدەستر و سەقامگیر ترە… هەموو ئەمانە جارێکی تر مایەی نیگەرانی هەم یەکێتی و هەم گۆرانن. دیارە هیچ کام لە گۆران و یەکێتیش بەتەنها ناتوانن بەرامبەرکێی پارتی بکەن، بۆیە دەستبردن بۆ هاوکاری و ریکەوتن و هاوپەیمانیەتیەک کە سنوری دەسەڵاتی پارتی دیاری بکات، و ڕیگا لە پرۆژەکانی پارتی بگرێت، بەتایبەت لە زۆنی سەوزدا، کارێکە کە پایەکانی ئەم هاوپەیمانیەتی و ڕیکەوتنەی داڕشتووە. بەڵام گۆران و یەکێتی بەم هاوپەیمانیەتیەیان لەگەڵ ئەوەدا بە رووکەش تایبەتە بە هەڵبژاردنەکان و لە بنەرەتدا رووی لە هەریمی کوردستانە بە ئاراستەی گۆرینی باڵانسی هیز بە قازانجی زۆنی سەوز لەبەرامبەر زۆنی زەردا، بەڵام لەلایەکەوە ململانێی یەکێتی و گۆران لەژیر سایەی دەسەڵاتی یەکیتیدا، شانس بە بەردەوامی ئەو ڕیکەوتن و هاوپەیمانیەتییە نادات و لەلایەکی تریشەوە هەر پرۆژەیەکی هاوبەشی یەکێتی و گۆران، بەتایبەتیش یەکێتی، ئەگەر لەسەر بنەمای نیشاندانی جیاوازییەکی بنەرەتی لەشیوازێکی تەندروستی حکومرانی، بەرینکردنەوەی ئازادییەکان و زامنکردنی مافەکان و ئەلگۆیەکی مەدەنی حکومڕانی نەبێت لە زۆنی سەوزدا بە شوینیک ناگات، لەبەرامبەر بەغداشدا ئەگەر خاوەنی پرۆژەی رۆشنی خۆی نەبێت، کە تەواوکەری دەسەڵاتدارێتیەکی تەندروستی ناوخۆیی بێت، دیسان بە شوینیک ناگات و ڕیگاکانی بن بەستن.

یەکێتی و گۆران، بەجیا لە ململانیی نیوانیان لەسەر یەک گۆرەپانی سیاسی لەسەر دەسەڵات، کیشەی سەرەکیان ئەوەیە نە خاوەنی ئەلگۆیەکی جیا لە دەسەڵاتی پارتین و نە هەڵگری پرۆژەیەکن کە ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان و مەودای ئازادییە و ماف و خزمەتگوزارییەکان، و ریزگرتن لە یاساکان، بەرینتر بکاتەوە و بە پرۆژەو جۆری حکومڕانییەوە بچیتە بچنە جەنگی پارتی بۆ گۆرینی باڵانسی هیز.

بۆیە ئەم هاوپەیمانیەتی و ڕیکەوتنەشیان، شانسی تەمەن درێژی نییەو ناتوانێت ببێە سەرەتای خەونی یەکیتی و گۆڕان و ئەو ئامانجەی بەدوایەوەن. خەڵکی کوردستانیش بەگشتی و جەماوەری زۆنی سەوز بەتایبەتی نابێت هیچ خۆشباوەریەکیان بەم هاوپەیمانیەتی و ڕیکەوتنەی نێوانیان هەبێت.

Check Also

ئەمریکاو جۆلانی

عوسمانی حاجی مارف ئەمریکا داوای سەری ئەبو محەمەد جۆلانی دەکرد بە زیندویی یان مردویی، بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *