رۆژی ٢٨ی ٤ی ٢٠٢١ دادگای پیاچونەوەی گشتی هەرێم، بڕیاری ژمارە ٤٦٨ی دەرکرد کە تایبەت بوو بە پیاچونەوە بە بڕیاری دادگای تاوانەکانی هەولێر/ ٢ دا دەربارەی سزادانی هەڵسوڕاوانی سیاسی و مەدەنی بادینان بەناوەکانی ( شیروان ئەمین، شڤان سعید، ئەیاز کەرەم، هاریوان عیسی و گوهدار محمد امین).
پەسەندکردنی بڕیاری دادگای تاوانەکانی هەولێر لەلایەن دادگای پیاچونەوەی هەرێمەوە، بڕیارێكی تەواو سیاسیە کە لەلایەن ٣ دادوەری سەر بەپارتیەوە لە کۆی٥ دادوەر بە قازانجی بەرژەوەندی سیاسی پارتی دراوە. پێش لە سزادانی ئەو هەڵسوڕاوانە لەلایەن دادگای تاوانەکانی هەولێرەوە، سەرۆکی حکومەت ئەو کەسانەی وەکو سیخوڕ تاوانبار کرد. دادگای تاوانەکانی هەولێریش تاوانی سیخوڕی خستۆتەپاڵ ئەو هەڵسوڕاوە سیاسیانەو دادگای پیاچونەوەی هەرێمیش هەمان تاوانی لەسەر ئەو کەسانە ساغ کردۆتەوەو سەپاندویەتی.
پاش بەرپاکردنی چەندین نارەزایەتی بەرفراوان لە ئاستی ناوخۆو جیهاندا و سەرکۆنەکردنی بریارەکەی دادگای تاوانەکانی هەولێرو پشتیوانیکردن و بەریگردن بۆ سەلماندنی بێتاوانی ئەو هەڵسوراوانە، پارتی بێباکانە و بۆ زیاتر سەپاندنی دەسەڵاتی نادادپەروەرانەی خۆی لە رێگای دادگای پیاچونەوەوە هەمان بریاری زیندانیکردنی دەستگیرکراوەکانی پەسەندکرد.
هەر بۆیە دەبێت ئەم بڕیارە قەرەقوشیەی پارتی بەناوی دادگای پیاچونەوەی هەرێم هەڵبوەشێتەوە. دەبێ هەموو ئازادیخوازان و لایەنگرانی ئازادی هەڵسوڕانی سیاسی رێگا نەدەن ئەم سیاسەتە سەرکوتگەریەی پارتی بەناوی دادگاوە بچێتەسەر. دەبێ بە هەموو شێوازێکی مومکین فشاربخرێتە سەر پارتی بۆئەوەی لەم بڕیارەی پەشیمان بێتەوە. دەبێ یەکێتی و گۆڕان بەرپرسیار بکرێن لە ئاکامەکانی ئەم سیاسەتەی پارتی و بڕیارە سیاسیەکەی دادگای پیاچونەوە ی هەرێم. ئەوان شەریکی پارتین لەحکومەتداو پارتیش بەناوی دادگا و یاساوە ئەم تاوانە دژ بە ئازادی ئەنجام دەدات.
حزبی کۆمۆنستی کرێکاری کوردستان
٧/٥/٢٠٢١