ئاراس ڕەشید…
حوکمڕانی لە هەولێر لە حوکمڕانی ” ئەشرەف “* دەچێت! ناوی دوبەی لەم ساڵانەی دواییدا، بۆتە سونبولی ئارامی سەرمایەگوزاری لە دنیا. واتە هەر شوێنێک کە سەرمایەگوزاری زۆرێک لە وڵاتانی دنیای لێکرا، یەکێک لە مەرجە سەرەکی و بنەڕەتیەکان دابینکردنی ئەمن و ئاسایش و سەروەری یاسایە! بۆ ئەو جێگایە، تاوەکو سەرمایەداران لە گیان و سەروەتی خۆیان دڵنیابن . چەند ساڵێک لەمەوبەر سەرۆکی هەرێمی کوردستان( مەسعود بارزانی)؛ بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە دەبێت هەولێر بکات بە ” دوبەی”!هەر وەک لە سەرەوە ئاماژەمان پێکرد، هەنگاوی یەکەم بۆ ئەوە، دابینکردنی ئەمن وئاسایش و سەروەری یاسایە لە هەولێر! بەڵام وا پێدەچێت بارزانی و حکومەتەکەی بە شێوەیەکی کە لەو کارە گەیشتبن! بۆیە پێش دابینکردنی مەرجەکانی سەرەوە، هاتوون بیناو تەلار و ڤیللای لە شوشە دروستکراویان سازداوە، تەنانەت” ئاو و کارەبا” ی تەواویشیان بۆ دابین نەکردوە چ جای ئاسایش و سەروەری یاسا! ئەوەتانێ، پیاوانی زێرەڤان، بە ڕۆژی ڕووناک و لە ناوجەرگەی شوێنی فێربوون و پەروەردە زانست، بە تەنیشت هاوەڵە زێرەڤانیەکانیانەوە کە پاراستنی حەرەمی زانکۆیان لە ئەستۆیە، سەردەشت عوسمان “سەردەشت” ی لاوی نوک قەڵەم تیژ و دڵخۆش بە دوا ساڵی خوێندنی و دڵ پراوپڕ لە هیوا، ” سەر سوور ئاساکانی بەعس” بێ منەتانە دەڕفێنن و بەناو ئاسایش وپۆلیس و بازگەکانی پایتەختی کوردستان و دوبەیەکەی بارزانی و کوردستان دەگەیەننە ناوچە بەناو کێشە لە سەرەکانی کوردستان ” موسڵ” و ئەو دڵە گەرمە بۆ دوا ڕۆژ، ئەو وزە گەورە و تروسکەی هیوای کۆمەڵگەیەکی خێر لەخۆنەدیو، سارد دەکەنەوە و دەیکەنە دیاری بۆ ئەوەی سەرۆکمان بیکات بە دوبەی!!
بەڕاستی شەرم هێنەرو قێزەونە، لە کوردستانی خاوەن کارەساتی” بەکر علی ،نەزیر عومەر،رەوف کامیل ،شاپورو قابیل ،دوعا،سۆرانی مامە حەمە، حەمەی حەلاق و…تا دوایینیان کە رەنگە دوایین نەبێت، کاکە سەردەشت” ناوی شارستانیەت و دیموکراسی ومافی مرۆڤ و سەروەری یاسا وهەڵبژاردن و ئازادی ڕۆژنامەو بیرو ڕادەربڕین شتی تر بێنی! بەڵام ، وادیارە دەسەڵاتدارانی کوردستان، تاوەکو ئێستاش هەر وەک ” ئەشرەف” بیر دەکەنەوەو خەڵکی کوردستانیش هەروەک شارەکەی ئەشرەف چاولێدەکەن و بەڕێوەی دەبەن! هەربۆیە بێسڵکردنەوە، ئەشرەف ئاسا حوکم دەکەن و دەکوژن و دەخۆن وگاڵتە بە خەڵک دەکەن! بەڵام، دەبێ دەسەڵتدارانی کوردستان و دوبەی سەرۆک، باش بزانن کە جەماوەری خەڵکی کوردستان لە نمونەی “سەردەشت” چاویان کراوەو زیتە، بیریان ڕۆشن وئاسۆیان ئەوەندە بەڕوونی لێ دیارە، کە نایەڵن ئەم جارە ملهوڕیەکانیان 40 ساڵی وەک حاکمی پێش خۆیان بخایەنێت و تەمەنی ئەو ئەشرەفانەش ناهێڵدرێت ساڵانی زۆر بەردەوام بن! بکوژانی سەردەشت، دڵنیا بن لەوەی، ئەو کارەی ئەوان کردیان لە ” ڕووداوێکی کوشتنی ئاسایی”یەوە بووبە” مەسەلە و قەزیەیەکی کۆمەڵ و هەموو ئینسان دۆست و پێشکەوتوخوازی کوردستان و دنیا.
سەروەری بۆ گیانی پاکی کاکە سەردەشت!
ڕیسوایی و زەبوونی بۆ پیاوکوژان!
ئاراس ڕەشید ٠١ ی مەی ٢٠١٠
* ئەشرەف: زنجیرە درامایەکە لە تەلەفزیۆنی کەنالی ئاسمانی کوردستان تیڤی یەوە بڵاو کرایەوە،کە بیرۆکەکەی لە برایم زەبۆک ەوە وەرگیراوە.