تیرۆری سیاسی و حزبەکانی بزووتنەوەی کوردایەتی…

وتەیەك بۆ ‌یانزەهەمین ساڵڕۆژی تیرۆری سه‌رده‌شت عوسمان…

دەشتی جەمال…

هەڕەشە و چاوسوورکردنەوە، ناوزڕاندن، شکاندنی کەسایەتی تا گرتن و ڕاونان و زیندانیکردن، تا کوشتن و ڕفاندن و تیرۆری

سیاسی.. هەوڵێکی نەبڕاوەی ئەحزابی بۆرژوا ناسیونالستی کورد و حزبە ئیسلامییەکان بووە. ئەم شێوازە قیزەون و سەرکوتگەرانەیە وەك بەشێك لە ماهییەت و سوننەتی سیاسیی حزبەکانی بزووتنەوەی کوردایەتی بە درێژایی مێژوو پەیڕەوی لێکراوە، بە دیاریکراویش لەو کاتەوەی کە حزبەکانی ئەم بزووتنەوەیە بە دەسەڵات گەیشتوون تیرۆری سیاسییان وەکو ڕێگایەك بۆ دەمکوتکردنی ڕەخنەگران و سەرکوتی نەیارانی دەسەڵات، بەدەستەوە گرتووە. بەم هۆیەشەوە تا ئێستا سەدان کەسی لە هەڵسووڕاوانی سیاسی و ئازادیخوازان کردۆتە قوربانی. لەلایەکی ترەوە تیرۆری سیاسی وەك نەریتێکی حزبەکانی بزووتنەوەی کوردایەتی لەبەرامبەر ڕەوتی مەدەنیەت و ئازادیخوازی و یەکسانیخوازی و مرۆڤدۆستی و سیکۆلاریزمدا بووە، ئەمەش بۆئەوەی هەم کۆمەڵگە بێدەنگ بکا و هەم چاوەڕوانییەکانی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش بەرەوخوارەوە داشکێنێ و سەرکوتیان بکا و ترس و تۆقاندن بەسەریاندا بسەپێنێت. بێگومان ئامانجی کۆتاییش لەم کارە ڕاگرتنی دەسەڵات و سیستمە میلیشیا و عەشیرەتییەکەیانە.

لە یەك وتەدا دەکرێ بڵێین کە تیرۆر بەشێکی تەواوکەری دەزگا سەرکوتگەرییەکان و هێزە میلیشیا و نهێنییەکانی ئەم حزبانەیە وەکو ڕێگایەك بۆ دەمکوت و خنکاندنی ئازادی.

پارتی و یەکێتی وەك دوو حزبی بۆرژوازی کورد لە دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری کوردستاندا وەڵامدەرەوەی خواست و پێداویستییە بنەڕەتییەکانی چینی بۆرژوازی کوردن و بەو مانایە بۆ پاراستنی ئامانجە سیاسییەکانی خۆیان و بزووتنەوەکەیان و شەڕی دەسەڵاتی سیاسی لە هەموو مەیدانە فکری و ئایدیۆلۆجی و سیاسی و هونەری و فەرهەنگی و مەیدانە کۆمەڵایەتییەکان دەکەن لەدژی چینی کرێکار و زەحمەتکێش و باڵادەستی خۆیان و تەواوی دەزگاکانی پۆلیس و ئاسایش و دژە تیرۆر و پاراستن و زانیاری و زێرەڤانی و لیوای پێشمەرگە و میدیای سێبەر بەدەستەوە دەگرن لەپێناو مانەوە و فکر و ئایدیا و ڕەمزەکانی خۆیان کە لە کۆمەڵگادا بەرجەستەی دەکەن وە دەیکەنە فەرهەنگی زۆرایەتی وە کۆمەڵگای پێ زنجیر دەکەن. بۆهێشتنەوەی ئەو نایەکسانییە ئابوورییەی لە کۆمەڵگادا هەیە کۆمەڵێك سەرمایەدار و بەرپرس و خاوەن کۆمپانیا، خاوەن دەیان ڤیلا و کۆشك و تەلار و کۆمپانیا بن و زۆرایەتی خەڵك کە لەسەر ڕەنجی ڕۆژانەی فرۆشتنی هێزی کاریان شەوانە سەر دەنێنەوە لە مەینەتی و کوێرەوەری و ژیانێکی مەمرە و مەژیدا ژیان بەسەر بەرن. لە واقعیەتێکی ئاوادا، تیرۆری سیاسی تەنها کردەیەك نیە بۆ تەسفیەی جەسەدی هەڵسووڕاوانێکی نەیار بە دەسەڵات، بەڵکو بۆ سەرکوتی سەراپای کۆمەڵگا و نەهێشتنی ئازادییەکانە، بۆ ڕاگرتنی ئەو هەلومەرجە نایەکسانی و چینایەتیەیە تا سەرمایەداران و خاوەن کۆمپانیا و دەسەڵاتداران لە بێدەنگیدا سەرمایەکانیان کەڵەکە بکەن. هەربۆیە تیرۆری سیاسی بە ژیانی هەموو کۆمەڵگاوە پەیوەندی هەیە.

نوسین و پەیامی سەردەشت عوسمان ناڕەزایەتییە بەم نایەکسانی و ناعەدالەتی و جیاوازی چینایەتییەی کە لە کۆمەڵگای کوردستان بەڕێوە دەچێت، سەردەشت لێرەوە سەرهەڵدەدات و بەستەڵەکی بێدەنگی دەشکێنێت بە قەڵەمە تیژ و بوێرەکەی پەلاماری ڕەمز و موقەدەساتەکانی دەسەڵاتێك دەدات بە جەسارەتەوە ڕەخنەی لێدەگرێت لە فۆرمی ڕۆژنامەنووسیدا، چونکە ئەو وەك لاوێك لە خێزانێکی کرێکار و زەحمەتکێش بە شەونخونی قۆناغەکانی خوێندن تێدەپەڕێنێت. لەولاوە هاوپیشەکانی دەبینێت دوای هەوڵ و تەقەلا و ماندووبوونی چەند ساڵە هێشتا بەدیاری ئەوەوە دانیشتوون بەرهەمی ڕەنج و ماندووبوونی خۆیان بچننەوە دابمەزرێن، سەردەشت ئەو ژیانە نایەکسانەی پێ قبووڵ ناکرێت و تەحەدایەکی ئاشکرای دەسەڵاتدارێتی عەشیرەتی کورد دەکات. پێداگری دەکات لەسەر ئەوەی تا جیاوازی چینایەتی هەبێت لەنێو ئینسانەکان، تا ستەم و سەرکوت و چەوساندنەوە هەبێت ئەوا ڕووبەڕوو بووونەوەش مانایەکی بڵند و باڵای هەیە. هەربۆیە بەخۆیەوە شەپۆلێکی گەورەی لە ناڕەزایەتی بەرهەم هێنا کە تائیستا بەردەوامە لە کوردستاندا. سەردەشت بۆتە ڕەمزێك بۆ بەرگری لە ئازادی و یەکسانی.

 تیرۆری سەردەشت عوسمان کەیسی ئازادی و تیرۆری سیاسییە. کەیسێکە بۆ بیرهێنانەوەی تەواوی ئەو تیرۆرە سیاسی و تاوانانەی کە دەسەڵاتی بزووتنەوەی کوردایەتی لە شاخ و لە شار لە شیوەی تەسفیەی جەسەدی فەردی وەیان بەشێوەی کۆمەڵ بەرامبەر بە نەیارانی سیاسی خۆیان ئەنجامیان داوە. هەربۆیە وەرگرتنەوەی مافی زەوتکردنی ئەو تاوانە و بەسزا گەیاندنی ئەنجامدەرانی تەنها و تەنها لەگرەوی هەڵگێڕانەوەی ئەم شێوازە لە حکومڕانی بنەماڵەی عەشیرەتی و سیستەمە میلیشاییەی دەسەڵاتە دژە ئازادییەدا بەدەست دەهێنرێت.

لێرەوە با ١١هەمین ساڵیادی سەردەشت عوسمان‌ و سەرجەم گیانبەختکردوانی تیرۆر و هەموو قوربانیانی دەستی ئەو حزبانەی کوردستان کە لەپێناو ئازادی ‌و ژیانێکی ئاسودە و خۆشگوزەران بۆ خەڵکی کوردستاندا ژیانیان سپارد، بکەینە ڕۆژی هاتنەمەیدان و ناڕەزایەتی دەربڕین بەڕووی ئەم تاوانانەدا، پێکەوە بەڕێگای دەربڕینی ناڕەزایەتی سنوورێك بۆ ملهوڕی و تیرۆر و کوشتار و بەسزاگەیاندنی ئەنجامدەرانی دابنێین. با یادی سەردەشت عوسمان بکەینە ڕۆژی بەرەنگار بوونەوه‌ی تیرۆر و سەرکوت و زیندانیكردنی هەڵسووڕاوان و ئازادیخوان و داکۆکی لە ئازادی لە کوردستان، با بەرامبەر بە دادگای هەولێر کە لەسەر ڕێنوێنی حکومەتەکەی کابینەی نۆدا و بەدیاریکراوی لەژێر كۆنترۆڵی پارتی دیموکراتی کوردستان و مەسرور بەرزانی و بنه‌ماڵەکەیدایه‌، سزای‌ شه‌ش ساڵ زیندانیكردنی‌ به‌سه‌ر ژمارەیەك لە ‌ڕۆژنامه‌نووس و هەڵسووڕاوانی مەدەنیدا سه‌پاند ڕابوەستین، وە بۆ ئەمەش دەسەڵاتداران بەرپرسیار بکەین و ڕێگا نەدەین کەیسی تیرۆر و هەڵسووڕانی سیاسی لە کوردستان لە بێدەنگیدا بخەوێنن. یادی سەردەشت عوسمانی ئازیز بەرزوبەڕێز ڕابگرین و بە هەوڵ و خەباتی ڕێکخراوەیی و یەکگرتوویمان خەبات بەدژی ئەم دەسەڵاتە ستەمکارە تووند بکەینەوە.

٢/٥/٢٠٢١

Check Also

پێگەی ناسیونالیزمی کورد دوای هەڵبژاردنەکان و بەدیلی تر!!

عەبدوڵا مەحمود هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی هات. بەپێچەوانەی پیشبینی و بانگەشەی لایەنەکان کە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *