عوسمانی حاجی مارف لە وەڵام بە پرسیارێکی ئۆکتۆبەردا…
ئۆکتۆبەر: لە گفتوگۆیەکی تەلەفزیۆنیدا عەلی حەمە ساڵحی ئەندام پەرلەمانی گۆڕان باسی لە دیاردەی قاچاخچێتی بەرپرسانی حکومەت و حزبەکانی کرد و هەروەها ئاماژەی بە مەترسی ئەو مەوادانە کرد کە قاچاخچێتیان پێوە دەکرێت لەسەر سەلامەتی تەندروستی هاوڵاتیانی کوردستان. لە یەکێك لە قسەکانیدا ووتی کە بەرپرس هەیە لە مانگێکدا ٣٦ ملیۆن دۆلاری دەست کەوتوە. هەروەها باسی لەوە کرد کە هەندێك مەواد لەناو گازوایلی موەلیدەکاندا هەیە کە ژەهر دەکاتە ناو کەشوهەواوەو چەندین مەوادی دیکە دێنە هەرێمەوە بە قاچاخ کە مەترسی لەسەر ژیانی هاوڵاتیان دروست دەکات و چەندین کەس بەهۆی ئەو ژەهرانەوە تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بوون.
ئێوە چۆن دەڕواننە ئەم بارودۆخە، بۆچی بەوجۆرەی لێهاتوە؟ ئەگەروایە ژیانی هەمومان لەبەردەم مەترسی و گیرۆدەبوون بە نەخۆشی ترسناك و درێژەماوە دایە… عەلی حەمە ساڵح دەڵێ من بە ڕاپۆرت و بەهەموو جۆرێك ئەو مەترسیەم خستۆتە بەردەم دەسەڵاتداران، بەڵام ئەوان ژیانی خەڵکیان بۆ گرنگ نیە. حزبەکەی خۆشی لەناو دەسەڵات و حکومەتدایە… سەربەخۆ لەوەی مەبەستی ناوبراو چیە لە ئاشکراکردنی ئەم مەترسیە، بەڵام خەڵك چی بکات؟ چی لەگەڵ ئەم دەسەڵاتەدا بکات کە بەوجۆرە یاری بە ژیانیەوە دەکات!؟
عوسمان حاجی مارف: قاچاخچێتی لە کوردستان دیاردەیەک نیە کە هەر تەنها کاری چەند بەرپرسێکی حزبی بێت و لەو ڕێگایەوە چەندین ملیۆن دۆلار بەدەست بهێنن، بەجیا لەوەی لە زۆر شوێنی سنورەکانی دنیادا ئەم دیاردەی قاچاخچێتیە جۆرێکە لە بازرگانی نا یاسایی، کە لە گەڵ هەردەستکەوتێکی گەورەی چەندین ملیۆن دۆلار بەم جۆرە بازرگانیە، ژیانی هەزاران خەڵکی نەدارو زەحمەتکێش دەبێتە قوربانی، ئەو قاچاخچێتیەی کە عەلی حەمە ساڵح ئاماژەی پێدەکات وەک مەترسیەک بە کاری چەند بەرپرسێک پێناسەی دەکات و کاریگەری دەبێت لەسەر هاوڵاتیان، لە نمونەی هەمان ئەو جۆرە قاچاخچێتیە کە نمونەکەی وەک قسەمان لەسەرکرد لە زۆربەی سنورەکانی جیهاندا بونی هەیە، بەڵام جیاوازیەک کە پێویستە لە کوردستاندا دەربارەی قاچاخچێتی قسەوباسی لەسەر بکەین، بە ئاشکرا ئەوە دەبینرێت کە هەردووهێزی بنەماڵەو میلیشیای پارتی و یەکێتی و هاوکارانیان، دەوری سەرەکی دەبینن لە سیستماتیک پێکردنی قاچاخچێتی و تاڵانی و گەندەڵی وەک سەرچاوەیەکی دەستکەوتی دارایی بۆ بنەماڵەکان و هێزەکانیان، نەک تەنها بەکەمتەر خەم بۆیان بروانین.
گەر سەرنج بدەن کێشەیەک کەدەورێکی زۆر نەرێنی هەیە لە پەیوەندی نێوان هەرێم و بەغدا، قاچاخچێتی نەوت و پەیوەندی ژێربەژێرە بۆ ناردن و ساغکردنەوەی سەدان هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا، بەجیا لەوەی بنەماڵەی دەسەڵاتدار ڕۆژانە بازرگانی بەسەدان هەزار بەرمیل نەوتەوە دەکەن، لەڕێگەی قاچاخیشەوە سەدان هەزار بەرمیلی تر دەچێتە ئێران، تورکیا، پاکستان، ئەفغانستان، روسیا..هتد. پارتی و یەکێتی گەورەترین مافیای کۆمپانیای قاچاخن، لەهەمان کاتدا لەسەر سنورەکان کە لەژێر دەسەڵاتی خۆیاندایە هەرچی کەرەسەی ئیکسپایەرو بۆگەن و مەوادی ژەهراویە بەئاسانی دەگوازنەوە بۆ بازاڕەکانی کوردستان وە ساغ کردنەوەیان بەبێ تێپەڕبوونیان بە کۆنترۆڵی جۆریدا.
گەر بەڕاشکاوانەتر لەم بارەیەوە لەسەر تەواوی دەسەڵاتی سی ساڵەی ئەم دوو هێزە میلیشیایە بدوێین، ئەوەمان لە یاد نەچوە کە لەیەکەم ڕۆژی دەسەڵاتیانەوە تەواوی کەرەسەو ئامێرو پێداویستیە تەندروستیەکان و کارەبایی و خزمەتگوازەریەکانیان ئاودیو کرد بۆ ئێران و فرۆشتیان، سنورەکانیان خستە ژێر دەسەڵاتی هێزەکانیان و گەورەترین سەرچاوەی دەستکەوتی سەرمایەکانیان لە ڕێگەی قاچاخچێتیەوە بەدەست دەهێنا، لە ماوەیەکی کەمدا هەردوو بنەماڵەو حزبەکانیان بونە خێزانە هەرە دەوڵەمەندەکانی جیهان.
ڕەخنەگرتن لەوەی قاچاخچێتی دیاردەیەکە کە کاری چەند بەرپرسێکی حزبیەو دەسەڵات کەمتەرخەمە بەرامبەری، وە داوابکەین وەک گەندەڵکارانێک لێپرسینەوەیان لێبکرێت و دادگایی بکرێن، لەبەرئەوەی مەترسین بۆ سەرژیانی هاوڵاتیان، ئەم ڕەوتە لە ڕەخنەو مامەڵە نەک بەهیچ جۆرێک نامانگەینێتە ئەو ئەنجامەی کەئەتوانین فریاد ڕەسی قوربانیەکانی ئەم کارە چەپەڵە بین، بەڵکو دەبێتە وونکردنی ئەو ئومێدو ڕێگایەی کە دەبێتە هۆکاری کۆتایی هێنانی ئەم دەسەڵاتە، واتە علی حمە سالح لەگەڵ خواستی کۆتایی هێنان بەم دەسەڵاتە نیە، بەڵکو دەخوازێ چاکسازیەک بخاتە ڕوو کە دەسەڵات بەر بە قاچاخچێتی بگرێت ئەمەش مەحاڵە لە خەونیشدا ببینرێت.
بەو مانایەی پێکهاتەو سروشتی ئەم دەسەڵاتە سەرچاوەیەکی سەرەکی دەستکەوتە داراییەکەی کەڵەکەی سەرمایەی قاچاخچێتی و جەردەیی و قۆرخکردنی سەروەت و سامانی کوردستانە، واتە خودی ئەم دەسەڵاتەیە بە هەموو پێکهاتەو دەزگاکانیەوە مەترسیەکی گەورەیە بۆ سەر ژیانی خەڵک، پاراستنی ژیانی هاوڵاتیان لە هەر ژەهرو کەرەسەیەکی بۆگەن و ئێکسپایەر لە سایەی بەردەوام بونی هەردوو دەسەڵاتی بنەماڵەی پارتی و یەکێتی کارێکی مەحاڵە، هەر کەس و لایەنێکێش، لە چوارچێوەی مانەوەی ئەو دوو بنەماڵەیەو هاوبەش بون لەدەسەڵاتەکەیاندا، بەنیاز بێت ڕێگایەک بۆ پاراستن لەمەترسیەکانی سەر ژیانی هاوڵاتیان پەیدا بکات، ئەوە کارێکی بێهودەو گەوجانە دەکات، یان هەوڵی چەواشە کاری هاوڵاتیان ئەدات، بەتایبەتی گۆڕان و ئیسلامیەکان هەر قسەیەک لەسەر قاچاخچێتی و گەندەڵی بکەن نابێت جگە لەوەی وەک کاری چەواشەکاری بۆیان بڕوانین چاوەڕوانی ترمان لێیان هەبێت، چونکە بۆ خۆیان بەشێکن لە پارێزەری ئەم سیستەمە و پێکهاتەی ئەم دەسەڵاتە، دەسەڵاتێک کە بۆ خۆی ژەهرە بۆ هاوڵاتیان.
هەربۆیە ڕزگارکردنی هاوڵاتیان لەهەرمەترسیەکی بازرگانی و قاچاخچێتی و تاڵانکاری و هەروەها کەڵەکەی سەرمایە بە کاری بەکرێیەک کە لەهەلومەرجی کاری ئەوپەری نائینسانی و دڕندانەدایە لە کوردستاندا، تەنها لەڕێگای کۆتایی هێنان بەم دەسەڵاتە مەیسەر دەبێت.