له په‌یوه‌ند به زیادبوونی دیارده‌ی ژنكوژییهوه…
جه‌مال موحسین…
سه‌رئه‌نجام دوای ئه‌وه‌ی كوشتنی زه‌هرا سه‌ر و دڵی كۆمه‌ڵگه‌ی گرت، دیسان سه‌ردێڕی هه‌واڵی به‌شێك له میدیا بینرا و بیستراو و میدیا كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان بۆوه به كوشتنی ژنان. سه‌خته له‌پاڵ تێپه‌ڕاندنی ڕۆژانێكی پڕ هه‌ژاری و برسێتی و بێموچه‌یی و نه‌خۆشی و مه‌رگی به‌لێشاوی مرۆڤه‌كانی پاڵ ده‌ستتدا ئه‌م هه‌واڵانه‌ی ژنكوژیش هێنده‌ی تر هه‌راسانت بكات. له‌وه‌ش بێزاركه‌رتر ئه‌وه‌یه سه‌رۆكی حكومه‌ت ڕایبگه‌یه‌نێ نیگه‌رانه و خۆی وته‌نی’’هیچ شه‌ره‌فێك له ژن كوشتندا نییه‘‘ و گوایه وه‌زیری ناوخۆی ڕاسپاردووه بۆ دڵنیابوون له‌وه‌ی تۆمه‌تبار به سزای خۆی بگات! به‌ڵام لای هه‌مووان پرسیاره كه به ڕاستی ئه‌گه‌ر ئه‌مه هه‌ڵوێستی ده‌سه‌ڵاته، بۆچی ئه‌م دیارده‌یه له‌م ماوانه‌دا زۆر زیادی كردووه، هه‌رچه‌نده كه ٣٠ ساڵیشه ژنكوژی به‌ربڵاوه؟
ئێمه كۆمۆنیسته‌كان هه‌میشه وتوومانه و جارێكی تریش جه‌ختی لێ ئه‌كه‌ینه‌وه كه بۆرژوازی له هاتنه سه‌ر ده‌سه‌ڵاتیه‌وه له دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه به ژنكوژیهوه هاته مه‌یدان. دیارده‌ی كوشتن و ئه‌وه‌ی ئێمه پێمان وتووه تیرۆری ژنان له‌وێوه سه‌رچاوه‌ی نه‌گرتووه كه ئه‌م حزبه سه‌ره‌كیانه‌ی ده‌سه‌ڵات (سه‌ره‌تا یه‌كێتی و پارتی و دواتر و ئێستاش ئه‌وانی دی له‌گه‌ڵیان) خێڵه‌كین و هه‌ر خۆیان عه‌شائیرین و ئه‌و فه‌رهه‌نگ و كولتوره سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ی هه‌یانه بۆته مایه‌ی ده‌ستكردن به‌و كه‌مپینی ژنكوشتنه و ئێستاش به لێشاو و ده‌یان هه‌زاری تێپه‌ڕاندووه.
زۆر به كورتی ئه‌مه‌وێ ئه‌وه بڵێم دوای ڕاپه‌ڕین كه فه‌زای كۆمه‌ڵگا یه‌كسه‌ر كرانه‌وه‌یه‌كی به‌خۆیه‌وه بینی و چینی كرێكار و كۆمۆنیزم سه‌ریان به‌رزكرده‌وه و جوڵانه‌وه‌ی شوراكان سه‌ریهه‌ڵدا. له‌پاڵ ئه‌مه‌دا هاتنه مه‌یدانی جه‌سورانه‌ی ژنان هاته‌ئاراوه: ژنانی چه‌كداری ناو شوراكان، ژنانی ڕاپه‌ڕیوی كرێكاران له دژی خاوه‌نكار و به‌ڕێوه‌به‌ره به‌عسیه‌كان، ژنانی ناو گه‌ڕه‌كه‌كان كه بووه دیارده‌یه‌كی جوان و خه‌باتكارانه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان بۆ مۆرلێدانێكی پێشكه‌وتوو و ڕادیكاڵانهتر. ناسیۆنالیزمی كورد وه‌ك بزووتنه‌وه‌یه‌كی بۆرژوازی ئه‌بوایه به‌ره‌نگاری كرێكار و كۆمۆنیزم بوایه‌ته‌وه، له‌م نێوه‌دا شتێك كه به‌رگه‌ی نه‌ئه‌گرت هاتنه مه‌یدانی ژنان بوو. بۆیه له‌وێوه ویستی هێرشه‌كانی ده‌ست پێ بكات، كه‌مپه‌ینی ژنكوشتن بوو له‌ژێر ناوی به‌عسیبوون و له‌شفرۆشیدا. له‌كاتێكدا هه‌مووان هه‌ر زوو زانییان كه مه‌له‌فی گه‌وره‌ی به‌عسی بوون هی گه‌وره سه‌ران و به‌رپرسه‌كانی خۆیان بوون و هه‌ر ئه‌وانیش بوون دۆخی ناله‌باری خه‌ڵك و بژێوی خێزانه‌كانیان به‌د به‌كارهێنا و ژنانیان ڕاپێچی لهشفرۆشیهكی فراوان كرد.
كوشتنی ژنان له هاتنه سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌مانه‌وه ده‌ستی پێكرد، به‌ڵام ئه‌وه ٣٠ ساڵه درێژه‌ی هه‌یه. هیچ ڕاستیه‌ك له‌وه‌دا نییه وا دابنرێ ئه‌وان هه‌وڵی بنبڕكردنی كوشتنی ژنان و كوشتن له‌سه‌ر ناموس و نه‌هێشتنی توندوتیژی له دژی ژنان و یان لانی كه‌م كه‌مكردنه‌وه‌ی ئه‌م دیاردانه‌یان دابێت! هه‌مووان ئه‌زانن له‌به‌رامبه‌ر به كوشتاری ژناندا، یان لێبوردنی گشتییان بۆ ده‌ركردوون یان هه‌تا به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی و له ئاستی كۆمه‌ڵایه‌تیدا پاساویان بۆ هێناوه‌ته‌وه. یان ئه‌وه‌تا ئه‌یبینین له كه‌یسێكی وه‌ك ئه‌وه‌ی سێوان قادردا سزای له‌سێداره‌دانیان بۆ بكه‌ری تاوانه‌كه ده‌ركردووه. له‌وانه‌ی یه‌كه‌مدا یانی به‌كرده‌وه داڵده‌ی ژنكوژانیان داوه، ئاخر سه‌یره پێت وابێ بزووتنه‌وه و ئهحزابێك به ژنكوشتن ده‌ستیان به سه‌قامگیركردنی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌یان كردبێ، ئێستا داڵده‌ی تاوانباران نه‌دات! حاڵه‌تی دووه‌میشیان یانی بهڕهسمیكردنهوهی تاوان و ئینسانكوژی له‌لایه‌ك و لابردنی چاوی تاوانكاریی له‌سه‌ر خودی ده‌سه‌ڵات له‌لایه‌كی تره‌وه.
ئه‌مانه ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌ن كه ئه‌وان نوێنه‌ری چینێكن، چینی بۆرژوازی، كه بنه‌مای به‌ڕێوه‌چوونی ئابوری سیستمه‌كه‌یان وا ئه‌خوازێ ژن پله‌دوو و كه‌متر و چه‌وساوه‌تر بێ تاكو ڕیزی چینایه‌تی كرێكاران شه‌ق و په‌ق بكه‌ن. ئه‌مه تایبه‌تمه‌ندێتی چینایه‌تی كۆمه‌ڵگه‌ی سه‌رمایه‌داریه و له پێشكه‌وتووترین وڵات‌دا به لێووردبوونهوهیهكی كه‌م به ئاشكرا به‌ڵام به شێوازی جیاجیا ئه‌بینرێت. له كوردستاندا له‌وه‌ش زیاتر، كارێكیان كردووه ژنان مه‌منون بن بهێڵن زیندوو بمێننه‌وه. به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه له‌م دواییانه‌دا دیارده‌ی كوشتن به گشتی و كوشتنی ژنانیش به تایبه‌تی زیادی كردووه زاده‌ی هه‌لومه‌رجێكی قه‌یراناویه. قه‌یرانێكی سه‌راپاگیری ئابوری و سیاسی و حكومه‌تی و ئیداری كه ده‌سه‌ڵاتی بۆرژوا_كوردایه‌تی تێیكه‌وتووه گۆڕیویه‌تی به نانه‌وه‌ی پشێوی كۆمه‌ڵایه‌تی و یه‌كه‌مین كه‌سانیش كه‌به‌سه‌ریاندا شكابێته‌وه ژنانن، بۆ؟ چونكه سیستەمه ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیه كه ژنی به كه‌م و پله دوو داناوه، وه‌ك بوونه‌وه‌ری زه‌لیل و ژێرپێخراو جێگیری كردوون. ته‌ماشاكه‌ن، ساڵه‌هایه جگه له‌و كوشتار‌و كێشانه‌ی باسكران، هاوسه‌رگیری مناڵان چه‌ند زیادی كردووه. كێ مۆڵه‌تی پێئه‌دات؟ گه‌ر ده‌سه‌ڵات جڵه‌و بۆ مه‌لا و شه‌ریعه‌تێكی دژه ژن و مناڵ شل نه‌كات چۆن مه‌لاكان سه‌ربه‌خۆ ئه‌توانن كچان ماره‌بكه‌ن؟ گه‌ر له دیوه‌خانی په‌رله‌مانه‌كه‌ی ئه‌وانه‌وه بڕیاری چه‌ند ژنه په‌سه‌ند نه‌كه‌ن، كێ له ده‌ره‌وه و ناوه‌وه‌ی دادگاكانه‌وه چه‌ند ژنێك بۆ پیاوێك ڕیز ئه‌كات؟ له‌كاتێكدا ژنی یه‌كه‌م و دووه‌م و سێهه‌میش ناچارئهكهن كه بڵێت به خۆشحاڵیه‌وه ڕێی به هاوسه‌ره‌كه‌ی داوه ژنی تر بهێنێته‌وه؟ …. وه هه‌زاران نمونه‌ی تر. ئیتر بێگومان كاتێك قه‌یران و بێكاری و نه‌بوونی و بێمووچه‌یی و بێخانهولانهیی و نه‌خۆشی زیاتر یه‌خه‌ی كۆمه‌ڵگا ئه‌گرێت، به‌شێكی زۆری به‌سه‌ر ژناندا ئه‌شكێته‌وه كه كراون به مه‌زڵومترین به‌شی كۆمه‌ڵگه.
له په‌یوه‌ند به كه‌یسی زههراشهوه له كاتێكدا كه مه‌سرور بارزانی ئه‌و قسه‌یه ئه‌كات، هه‌ر كه‌ناڵی ڕوداوه‌كه‌ی سه‌ر به خۆیان مایك ئه‌خاته به‌رده‌م عه‌شیره‌تێك كه چه‌ك به‌ده‌ستی خۆیانن و هاوكاتیش به ته‌له‌فون بكه‌ر دێنێته سه‌ر هێڵ و به ئاشكرا ئه‌ڵێ تاكو ’’دۆسته‌كه‌ی زه‌هرا خۆی ته‌سلیم نه‌كات، ئه‌و خۆی ته‌سلیم ناكات‘‘. سه‌یری ئه‌م سیناریۆیه بكه‌ن بۆ داتاشینی تۆمه‌تی ناموسی بۆ زه‌هرا كه لێیه‌وه ئه‌یانه‌وێ هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك بۆ هه‌موو ژنان بنێرن! ئه‌مه ئه‌و سیناریۆیه‌مان بیرئه‌خاته‌وه كه له كاتی كوشتنی دونیادا پارتی مایكی خسته به‌رده‌م خه‌ڵكانێك به ئاكشرا بڵێن كه گه‌ر كچ و ژنی ئه‌وانیش وابكات هه‌ر ئه‌یكوژن چونكه مه‌سه‌له‌كه ناموسه!
’’هیچ شه‌ره‌فێك له ژنكوشتندا نییه‘‘ ڕسته‌یه‌كی بێتامه كه له ناوجه‌رگه‌ی ئه‌وروپای پێشكه‌وتووشدا ده‌سه‌ڵاته بۆرژوازیه‌كان به‌كاری ئه‌هێنن و كه‌چی به ڕێزگرتن له فرهكولتوری و پاره ته‌خشان كردن بۆ لیده‌ری ڕه‌وه‌نده به ناو موسڵمانه‌كان و دانانیان به سه‌رۆكی ئه‌و ڕه‌وه‌ندانه چه‌ندین ژن له پاڵ ده‌ستیاندا ئه‌كوژرێ، له ناو خێزانه‌كاندا لێیان ئه‌درێ و سوكایه‌تیان پێئه‌كرێ و په‌راوێزیان ئه‌خه‌ن، ئه‌و ’’شه‌ره‌فه‌یان‘‘ هه‌ر نه‌جوڵا تا كۆتایی پێ بهێنن!مه‌سه‌له‌كه بۆ كوردستانیش هه‌روایه، ئه‌گه‌ر’’ شه‌ره‌ف‘‘ به مانای شكۆی ئینسانی له‌و ده‌سه‌ڵاته‌دا هه‌بووایه، خاوه‌نی ئه‌و تاوانكاری و سیناریۆ چه‌په‌ڵانه نه‌ئه‌بوو.
كه‌واته چینێكی ده‌سه‌ڵاتدار كه له ژنكوژیهوه ده‌ستیپێكرد، له‌به‌رامبه‌ریدا بزووتنه‌وه‌ی یه‌كسانیخوازی و حه‌قخوازانه‌ی ژنانیش ئه‌بێ نوكی ڕمی خه‌باتیان بكه‌نه ئه‌و چینه باڵاده‌سته. به لابردنی ئه‌وان له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات ده‌رگایه‌كی گه‌وره بۆ بزووتنه‌وه‌ی یه‌كسانیخوازی ژنان ئاوه‌ڵا ئه‌بێت تا مافی زیاتر له ئازادی و یه‌كسانی جێگیر بكات. به‌ڵام پێش‌گرتن به كوشتنی ژنان ناكرێ و نابێ حه‌واڵه‌ی ئه‌و كاته بكرێ و پێویسته گیانی به‌رگری له كۆمه‌ڵگه‌دا به‌رامبه‌ر به كوشتنی ژنان به‌هێزبكه‌ین و بیهێنینه مه‌یدانه‌وه. ژنكوژی و تاوانی ده‌ستدرێژی و لاقه‌كردن و لێدان و سوكایه‌تی و ناچاركردنیان به خۆسوتاندن به وجود و مانه‌وه‌ی ئه‌مان له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات بنبڕ نابێ یان هه‌تا كه‌م نابێته‌وه، مه‌گه‌ر جووڵانه‌وه‌یه‌كی به‌هێزی سه‌راپاگیر ناچاریان بكات هه‌ندێ یاسا و ڕێسای توند له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و تاوانكاریانهدا بگرنه به‌ر. له ده‌ره‌وه‌ی وڵاتیش به‌ڕاستی ئه‌بێ به‌جۆرێك ڕسوا بكرێن كه نه‌توانن سه‌ر به‌رز بكه‌نه‌وه و به‌و جۆره قسانه‌وه كه گوایه دژی كوشتنی ژنان خۆیان با بده‌ن!
ئه‌گه‌ر نا، هه‌ر چاوه‌ڕوانیه‌ك له‌م ده‌سه‌ڵات و حكومه‌ته كه دۆخی ژنان به‌ره‌و باشی ببات و به‌و قسانه تێبكه‌وێ كه مه‌سرور ئه‌یكات ئه‌چێته خانه‌ی تهسكبینیهكی فیمینیستیهوه كه چاوی له‌وه‌یه ده‌سه‌ڵاتێك كه وه‌ك ئه‌ژدیها ئه‌سڵه‌ن مناڵانی هه‌ژاری ئه‌م مه‌مله‌كه‌ته قوتئهدا بێت و ’’سۆز و به‌زه‌یی‘‘ ده‌رهه‌ق به ژنان نیشان بدات!
٢٣ ی ئه‌پریلی ٢٠٢١