کاردانەوەی بارەگای بارزانی و ئیسلامیەکان هەمان ناوەرۆکی هەیە!…

کاردانەوەی بارەگای بەرزانی و وەزارەتی ئەوقاف بەرامبەر بە دڕاندنی قورئانەکەی هەولیر و ئیسلامیەکان بەرامبەر بە سەمای

سەهۆڵەکەی سلێمانی، هەمان ناوەرۆکی هەیە، ئەویش هەوڵدانە بۆ زاڵکردنی کەشوهەوای کۆنەپەرستی بەسەر کۆمەڵگای کوردستاندا، لەم مانگەدا کە خۆی ژینگەیەکی گونجاوە بۆ پەرەدان و فراوانکردنەوەی کۆنەپەرستی ئاینی و کۆمەڵایەتی لەناو کۆمەڵگادا. کۆمەڵێك پارێزەری ئیسلامی لە سەهۆڵەكە کۆبونەوەو داوای سزادانی ئەو کوڕو کچە گەنجە دەکەن. بارەگای بارزانی و وەزارەتی ئەوقاف و مەلاکانیش وەکو هەنگوینیان لە کلۆرە داردا دۆزیبێتەوە، لەسەر دڕاندنی قورئانەکە کەوتنە هەڕەشەکردن و سزادانی ئەنجامدەرەکەی…ئامانجی ئەم جۆرە پڕوپاگەندەو لێدوان و هەڕەشانەش، جیاواز لەوەی یەکێکیان لە باڵاترین پلەی دەسەڵات و ئەوی دیکەی گوایە لەلایەن بەرەی ناڕازی بە دەسەڵاتەوە دەکرێت، بریتیە لە بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندن و زاڵکردنی فەزای کۆنەپەرستی و بێدەنگکردنی هەموو جۆرە ڕەخنەیەك لە دین و دەسەڵاتێکێش کە خۆی وەکو پارێزەری دین و پیرۆزیەکانی خەڵك نیشان دەدات، هاوکات بازرگانیەکی سیاسی سووکە بۆ ڕاکێشانی سۆزی خەڵکی خاوەن بیروباوەڕی ئیسلامی.

لەم دوو رووداوەدا، ئامانجی ئەو هێرشەی دەکرێت بێدەنگکردن و کپکردنی دەنگی ناڕازی و پێشکەوتنخواز و یەکسانیخوازی کۆمەڵگای کوردستانە، خامۆش کردنی دەنگێكی ڕەخنەگر کە تەسلیم نابێت بە فشارەکان و ستەم و زوڵمی دەسەڵات و بۆ گۆڕینی ژیان و گوزەرانی خۆی یەخەی دەسەڵات دەگرێت، چارەنوسی ناداتە دەست قەدەرو دنیای خەیاڵی دینی. زاڵکردنی هەرجۆرە کەشوهەوایەکی کۆنەپەرستی و ترساندن سەرەنجام لەبەرژەوەندی دەسەڵاتی سیاسی کوردستان دەگەڕێتەوە. هەمیشە ئیسلامیەکان لەپاڵ گلەیی و گازەندەی ریاکارانەیان دژی دەسەڵات، بەڵام لەڕاستیدا فاکتەرێكی گرنگ بوون بۆ هێشتنەوەو ڕاگرتنی دەسەڵاتی گەندەڵی بۆرژوازی کورد.

بێگومان شێوازی بڵاوکردنەوەی هەواڵی دڕاندنی قورئانەکە لەسەرەتادا و زوو هاتنە سەرخەتی پارتی لە باڵاترین ئاستی خۆیدا، دواتریش ڕونکردنەوەی رۆژنامەوانی کەسێك بە ئامادەبوونی پارێزگاری هەولێر، کە قورئانەکە هی ئەوان بوەو لێیان کەوتوە! ئەوە نیشان دەدات کە ئەمە سیناریۆیەکی پارتیە بۆ چەواشەکردن و سەرقاڵکردنی خەڵك.

سەماکەی سەهۆڵەکەی سلێمانیش بەشێکە لە ئازادی مرۆڤ و هیچ جۆرە سوکایەتی و بێڕێزیەك نەکراوە بە هیچ کەسێك! بەڵام بانگەوازی پارێزەرە ئیسلامیەکان بۆ سزادانی ئەو دوو گەنجە و نمایشی نوێژی تەراویح لە هەمان شوێنی سەماکردنەکە، وەبەرهێنانی ئیسلامی سیاسیە لەو روداوە بۆ ڕاکێشانی سۆزی خەڵکی خاوەن بیروباوەری ئیسلامی بۆ سیاسەت و بەرژەوەندیە سیاسیەکانی خۆیان. لەکاتێکدا  هەر ئەم پارێزەرو  ڕەوتە ئیسلامیانە هیچ کاردانەوەیەکیان نەبوو بەرامبەر بە مەلا لەتیف و مەلا هەڵۆ و… لەسەر بێڕیزی کردنیان بە ملیۆنەها مرۆڤ، کاتێك مەلا لەتیفی سەلەفی بە ڕوونی و لەسەر دەزگای ڕاگەیاندنەوە بەوکەسانەی ووت ئاژەڵ کە ئیسلام نین ! بۆیە کاردانەوەی ئیسلامیەکان شتێك نیە بێجگە لە تەواوکردنی سیناریۆکەی پارتی بە دیوێکی دیکەدا! هەردوکیان ئاو لەهەمان سەرچاوە دەخۆنەوە!

                      بڵاوکراوەی ئۆکتۆبەری ژمارە ١٠

Check Also

پێگەی ناسیونالیزمی کورد دوای هەڵبژاردنەکان و بەدیلی تر!!

عەبدوڵا مەحمود هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی هات. بەپێچەوانەی پیشبینی و بانگەشەی لایەنەکان کە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *