عرفان کەریم ….
لەگەڵ هاتنەکایەی هەر قەیرانێکی ئابوری یاخود سیاسی لە کوردستاندا، حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕاستەوخۆ قورسایی و ئاکامە خراپەکانی ئەم قەیرانە فرێدەداتە سەرشانی کرێکاران و خەڵكی زەحمەتکێش
ئەم دەسەڵاتە چونکە نوێنەرایەتی بەرژەوەندی سەرمایەداران و خاوەن کۆمپانیاکان دەکات، بە هیچ شێوەیەک بەلایەوە گرنگ نیە ژیان و گوزەرانی کرێکاران چۆن دەگوزەرێ. زیندوو ترین نمونەش لەم بارەیەوە سەرهەڵدانی قەیرانی ئابوریە لەسایەی بڵاوبونەویەی پەتای کۆرۆنادا، ئێمە بینیمان چۆن لە سەرەتای بەهاری ساڵی پارەوە و لەگەڵ بڵاوبونەوەی ئەم پەتایەدا، حکومەتی هەرێم بە ئامانجی جێبەجێکردنی ڕێکارەکانی خۆپارێزی، بەشێکی بەرچاو لەبازاڕەکان و شوێنەکانی کارکردنی داخست. سەرئەنجام خەڵکانیکی زۆر لە کرێکاران و کاسبکاران دووچاری بێکاری وبێدەرامەتی بوونەوە. هاوکاتی ئەمەش نرخی نەوت لەبازاڕەکانی جیهانیدا، دابەزینێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی. هەروەک پیشەی چەند ساڵەی پێشوو، حکومەتی هەرێم بەبیانۆی بوونی ئەم دوو مەسەلەیە واتە بڵاوبونەی ئەم پەتایە و داشکانی نرخی نەوت، جارێکی دیکەش قەیرانی مووچەی دروستکردەوە و بازاڕ و جوڵەی بازرگانی دووچاری سستی و لاوازی بونەوە. کرێکاران و فەرمانبەرانی کوردستان جارێکی دیکە، ڕووبەڕوی بارێکی ناهەموار و قورساییەکی دیکە لەگوزەران و ژیانکردن بوونەوە. هەر وەک لەسەرەتادا ئاماژەمان پێکرد، چونکە ئەم حکومەتە نوێنەرایەتی بەرژەوەندیەکانی سەرمایەداران وخاوەن کۆمپانیاکان دەکات، لەبەرامبەر ئەم بێکاری و هەژاری و بێدەرەتانیەی کە دووچاری کرێکاران و فەرمانبەران بۆیەوە، هیچ جۆرە بیمەیەکی مانگانە یاخود بودجەیەکی تایبەتی تەرخان نەکرد وەک کۆمەکێک و پاڵپشتێکی دارایی بۆ ئەم کەسانە کە ڕووبەڕوی ئەم دۆخە سەختە بوونەوە.ئەمە لەکاتێکدا، سەرەڕای نالەباری ئەم دۆخە کۆمپانیاکانی سەر بەم دەسەڵاتە لە نمونەی کۆمپانیای ( کار و قەیوان ) و کێڵگەکانی بەرهەم هێنانی نەوت و کارگەکانی چیمەنتۆ و ئاسن ، بەردەوام بەرهەمیان هەبووە و لەکارنەکەوتوون.
ئەمساڵیش بەهەمان بیانو، جارێکی دیکە بەشێکی بەرچاو لە کرێکاران ڕووبەڕوی بێکاری و هەژاری بونەتەوە،سیاسەتی فەرامۆشکردنی مافەکانی کرێکاران لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە بەردەوامی هەیە و سەرەڕای زۆربوونی داهاتی ئەم حکومەتە و بەرزبونەوەی نرخی نەوت لەبازاڕەکانی جیهاندا، کەچی ئامادە نیە کەمترین بودجەی تایبەت بۆ ئەم بارودۆخەتە تایبەتە تەرخان بکات و بەشێک لەمەینەتیەکانی ژیانی رۆژانەی کرێکاران کەمبکاتەوە. لەکاتێکدا ئەم دەسەڵاتە ئیدعای چاکسازی دەکات لە سێکتەرە جیاوازەکان، بەڵام هێشتا سادەترین ڕێکاری یاسایی لەبەرامبەر کۆمپانیاکان و سەرمایەداراندا، جیبەجێنەکردوە، کە ئەویش کۆکردنەوەی باجی ساڵانەیە لەمانە، وە دەکرا بەداهاتی ئەم باجانە، بیمەیەکی تایبەت بۆ کرێکاران و کەسانێک کە بێکارکراون، تەرخان بکرێت.داهات و قازانجی ساڵانەی ئەم کۆمپانیایانە بە ملیۆنەها دۆلار مەزەندە دەکرێت، بەڵام لەبەرامبەردا، ئامادەنین دینارێک پارەی باج و ڕسوماتی حکومەتی بدەن. هاوکات لەولاشەوە دەبینین چۆن ڕۆژانە لە فەرمانگەکانی باج ودەرامەتدا، ملیۆنەها دینار لە هاووڵاتیان کۆدەکرێتەوە.بەهرەمەندبوونی کرێکاران و بێکاران لە بیمەیەکی مانگانە، مافێکی ڕەوا و یاساییە و ئەرکی دەسەڵاتە ئەم مافە دابینبکات. بەڵام تەجروبەی حاکمیەتی ٣٠ ساڵی ڕابوردووی ئەم دەسەڵاتە لە کوردستان ئەو ڕاستیەی بەڕۆشنی نیشانداوە، کە دابینکردنی سادەترین و سەرەتایترین ماف و داخوازی پێویستی بەخەبات و تێکوشان هەیە. ئەم دەسەڵاتە تەنها لە ڕێگای فشاری خۆپیشاندان و مانگرتنەوە، دەکرێ ناچار بەملکەچبوون بکرێت بۆ دابینکردنی ئەم ماف و داخوازیانە.
کەواتە تەنها ڕێگای دروست بۆ ڕزگاربوون لە مەترسیەکانی بێکاری و هەژاری و بێدەرامەتی، خۆ ڕێکخستن و یەکگرتوویی کریکاران و فەرمانبەران و بێکارانە، لە دەوری خواستی دابینکردنی مووچە و بیمەی بێکاریدایە. سەرجەم ئەو بیانۆیانە پووج و بێ بنەما و درۆن کاتێک باس لە قەیران و نەبوونی پارەدەکەن.چەند ساڵێکە کوردستان بۆتە مەیدانێک بۆ هەڵتۆقینی سەدان ملیاردێر و هەزاران ملیۆنێر کە بەشێکی بەرچاوو لەمانە لە نێو ڕیزەکانی بەرپرسانی ئەم هەرێمەدان، ئەمانە پارە و پوولێکن کە بەڕەنج و ماندووبونی کرێکاران و فەرمانبەران بەرهەم هاتوە و هەربۆیە پێویستە بۆباشترکردنی ژیان و گوزەرانی ئەمان تەرخان بکرێت. ١٥-٤-٢٠٢١