نووسینی: سەردار عەبدوڵا حەمە …
بەپێی بڕیارێکی حکومەتی هەرێم لە ڕەمەزاندا مزگەوتەکان دەکرێنەوە. دەبێ بپرسین لەسەر چ بنەمایەکی زانستی ئەم بڕیاڕە دراوە لەم کاتە مەترسیدارەی کۆرۆنادا کە شەپۆلی سێەمی کۆرۆنایە و زۆرتر خەڵک لە دوو شەپۆلەکەی تر تووشی کۆرۆنا دەبن و مردنیش زۆرە؟
ئەم دەسەڵاتە هەمیشە دەبێ پیشانی بدا و بەڵگە بدا بەدەستەوە کە حکومەت کارێک ناکا لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستاندا بێت، بەڵکو چی لە بەرژوەندی دەسەڵاتە گەندەڵ و دزو مافیاکەیدا بێ ئەوە دەکات .
ئەو دەسەڵاتە دەیەوێ بەم کارەی دەم و دەست وقاچی خەڵک ببەستێ و دووریان بخاتەوە لە نارەزایەتی لە دژی خۆی ئیتر مووچە نادات و ژیانی خەڵک لە کاتی کۆرۆنادا دابین ناکا هەروەک چۆن کە ٣٠ ساڵە لەسەر حسابی برسیکردن و هەژارترکردنی خەڵک خۆیان دەوڵەمەند کردووە دەیانەوێ بەردەوامی بدەن بەم بارودۆخە. ئەمجارە لەڕێگای مل کەچکردن لە بەرانبەر ئیسلامی سیاسی دا دەیانەوێ بەبێ دەنگی و بە ئارامی ئەو بارودۆخەیان بەردوام بێت .
هەموو ئەوە فێر بووین لە ماوەی یەکساڵ زیاتری بوونی کۆرۆنادا کە زیاتر ئەو کەسانە تووش دەبن و دەمرن کە تەمەنیان زۆررە وە کۆرۆناش خاتری هیچ کەس ناگرێ لەبەر هیچ هۆیەکی و ئایینی و غەیبی دەست پارێزی ناکا و هەموان وەک یەک دەبینێ، ئیتر بۆچی دەبێ کەسە بەتەمەنەکان و گەنجەکان بەهۆی سەردانی مزگەتەوە بکرێنە نێچیری کۆرۆنا و کۆمەڵگەش زیاتر بخەنە مەترسیەوە.
منداڵان لەبەرئەوەی سیستەمی بەرگریان لە بەتەمەنەکان و گەنجەکان باشترە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە نەگریسە کەچی دەرگای قوتابخانەیان لێ دادەخرێ و مزگەوتەکانیش بۆ بەتەمەنەکان دەکرێنەوە! ئەمە پێچەوانەی پێوەرە زانستی و ڕێنمایەکانی بەرەنگاری ڤایرۆسی کۆرۆنایە.
بەپێی بەڵگە زانستیەکان ئەگەر بڕیار بێت لە نێوان مزگەتەکان و قوتابخانەکان هەڵبژاردن بکرێ بۆ ئەوەی کامیان کراوە بن دەبێ قوتابخانەکان کراوە بن و مزگەوتەکان دابخرێن یا دەبێ هەردووکیان دابخرێن .
لێرەدا هەردوولا، دەسەڵاتی کوردایەتی و ئیسلامی سیاسی هاوئامانجن لەوەی هەردوولایان گیان و ژیانی ئینسانیان بۆ گرنگ نییە وە چەند کەس تووشی کۆرۆنا دەبن و دەمرن گرنگ نییە. هەروەک هەردوولا دژی ئازادی و مافەکانی تاکی کۆمەڵگاشن لەوەی لەڕەمەزاندا هەردوولا هێرشیان زیاتر دەبێ بۆ سەر ئەو کەسانەی بەڕۆژوو نابن و بەشێوەی جۆراوجۆر ئیهانەو سەرکوتیان دەکەن. ریستۆرانتەکان دادەخەن بە هەزاران کرێکار بەبێ بمە بێکار دەبن ئەوەش لەو بارودۆخەدا ژیانی هەزاران خێزان دەبێتە ژیانی کولەمەرگی و دەیان کێشەی کۆمەڵایەتی لێ دەکەوێتەوە.
رێگاچارە ئەوەیە لە کوردستان دەبێ ئایین بکرێتە کاروکردەوەی تاک و لەدەوڵەت و دەسەڵات جیابکرێتەوە بۆ ئەوەی هەموو خەڵک ئازاد بن. ئاییندارانیش بۆخۆیان دەتوانن ئازادانە چۆنیان بوێ ئیتاعەی خۆیان بکەن، بەڵام مەترسی بۆ سەر ژیانی خەڵک و خۆشیان دروست نەکەن .