لەهەر جێگایەک ستەم و خەبات هەبوو، ئەوان لەوێ بوون…

عەبدوڵا مەحمود…

18 ئەم مانگە بیست  و سێ ساڵ تێپەردەبێت، بەسەر تیرۆری هاوڕێیان شاپورو قابیلدا، کە لەلایەن باندێکی ئینسانکوژی ئیسلامییەوە، لەژێر سایەو ژینگەی دەسەڵاتی پارتیدا… تیرۆرکران.

شاپورو قابیل… دوو رابەری کۆمۆنیست و بێخانەولانەکان، رابەری ئاوارەکان و بزوتنەوەی دژی بێکاری و یەکێتی بێکاران… تێکۆشەرانی ئاکسیۆنە کرێکارییەکان و لێبراوانی بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان…بوون.

لەهەر جێگایەیەک ستەم و نابەرابەری هەبوو ئەوان لە ریزی پێشەوە بوون بۆ نەهێشتنی. لەهەر شوێنێک راسانێک هەبوو ئەوان داینەمۆو جوڵێنەری بوون. لەهەر گۆشەیەک هاوارو ناڵەی ئینسانی زوڵم لێکراو دەبیسترا، ئەوان دەنگی رەسای لەبەین بردنی ئەو زوڵمە بوون… کاتێك ئاوارەیی و بێخانەو لانەیی یەخەگیری هاوڵاتیان دەبێت… ئەوان دەبنە رەمزی وەستانەوە بەرووی ژیانی ئاوارەیی و بێخانەو لانەیداو کۆمەڵەی ئاوارەکان دروست دەکەن… کاتێک بێکاری بێداد دەکات، ئەوان دەبنە رابەری بێکاران و رێكخراوەی یەکێتی بێکاران، دروست دەکەن. کاتێک شەڕی دەسەڵاتی ناوخۆیی حزبەکانی کوردستان دەبێتە مۆتەکەو کابوسی سەر دڵی خەڵکی کوردستان، ئەوان دەبنە رەمزی بزوتنەوەی دژی شەڕ. کاتێک ژنان ستەمیان لێدەکرێت، ئەوان دەبنە تیکۆشەری بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان و دەبنە لمۆز شکێنی پیاوسالاری. کاتێک بزوتنەوەی کرێکاریی و ریزگرتن لە بۆنە کرێکارییەکان دەبێتە نەریت، ئەوان رێکخەرو رابەری ئاکسیۆنە ئایارییەکان دەبن و دەبنە رەمزی وەستانەوە بەرووی ستەمی چینایەتی و بڵندگۆ بەدەستی رزگارییان… خۆ کاتێکیش بزوتنەوەی کۆمۆنیستی و کرێکاریی دەست دەبات بۆ خۆ ریكخراوکردن، ئەوان بە شوروشەوقەوە، دەبنە چالاک و هەڵسوراویی و دەبنە کاراکتەری رابەری ئەو حزبە…   

بەڵێ شاپور و قابیل… وێڵی رزگاری ئینسان و کۆتاییهێنان بە نابەرابەری و بێمافی و ستەم و چەوساندنەوەو هەڵاواردن… دەبن. هەر ئەوەشە وادەکات ئەو دوو هاوڕییە ببنە سیمایەکی خۆشەویست و سومبلی رزگاری ئینسان… ببنە خۆشەویستی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکانی وەکو ” کرێکاران، ژنان، و خەڵکی بێخانەولانەو ئاوارە، ببنە رابەری ناسراو جێمتمانە… ببنە کادری رابەری حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی.

رۆڵی بەرجەستەی ئەو دوو رابەرە کۆمۆنیستە، لەناو دڵی گەشە و پێشرەوی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی لەوسەردەمەدا و کۆبونەوە جەماوەرییە ئایارییەکانی ساڵانی ١٩٩٤  دواتر، بەرامبەرکێی کۆمۆنیزمی کرێکاریی و حزبەکەی و بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان، لەگەڵ رەوتی کۆنەپەرستی ناو کۆمەڵگەو ئیسلامیە خۆشخزمەتچیەکانی ناوچەکە، بە واقعی دەبێتە ترس لای دەسەڵات و ئیسلامییەکان، دەبێتە خەمی دەسەڵات و بزوتنەوە کۆنەپەرستەکانیان… هەرەشەو چاوسورکردنەوە، چەند جار زیندانیکردن، پاشان خۆراگری و بەردەوامی دان بە تێکۆشان و خەبات، پەتی تەحەمولی سەرانی بزوتنەوەی کوردایەتی و ئیسلامییە کۆنەپەرستەکان دەپچرێنێت… بۆیە دارشتنی پیلان بۆیان دەچێتە دەستورەوە… رێک لەو کاتەدا کە هاوڕێیان و شاپور و قابیل لەگەڵ هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان و رێکخراوەی سەربەخۆی ئافرەتان سەرگەرمی وەڵامدانەوەن بە هێرشی ئیسلامیەکان بۆسەر ژنان و مافەکانیان، رێک لەو کاتەدا کە خەریکی ئامادەکارین بۆ یەکی ئایاری ساڵی ١٩٩٨، لەبەرواری ١٨/٤/١٩٩٨ دا، دەکەونە ناو پلانێکی تیرۆریستی نەخشەبۆکێشراو و تیرۆر دەکرێن… بەتیرۆرکردنی ئەم دوو هاوڕییە بزوتنەوەی کۆمۆنیزمی کرێکاریی و حزبی کۆمۆنیست و بزوتنەوەی بەرابەریخوازی ژنان و بزوتنەوەی کرێکاریی و جەماوەری، تیکۆشانی توێژە بێبەشەکانی کۆمەڵگە گورزێکی جەرگبر دەخوات و کە تائێستاش شوێنی پر نەکراوەتەوە و پرکردنەوەی شوێنەکانیشیان ستەم و لە مەحاڵەوە نزیکە…

بەرزو بەرێز بێت یادی خەباتکارانەی کۆمۆنیستی و شۆرشگێرانەی هاوڕییان شاپور و قابیل

مەرگ بۆ تیرۆر و تیرۆریزمی ئیسلامی…

Check Also

کۆتاییهێنان بە توندوتیژی لەدژی ژنان، کاری چینی کرێکار و بزوتنەوەی یەکسانیخوازییە!

٢٥ی نۆڤێمبەر ڕۆژی جیهانی ڕاوەستانەوەیە بەرامبەر بە توندوتیژی لەدژی ژنان. بەم بۆنەیەوە هەموو ساڵێک لەلایەن …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *