سەباح نەجمەدین، یەکێك لە کەسوکاری ئەنفالکراوەکان، کە لەبنەماڵەکەی تەنها خۆی رزگاری بووە، لە ساڵیادی کارەساتی ئەنفالی گەرمیاندا ڕەخنەی لە بەرپرسانی حزبی و دەسەڵاتدارانی هەرێم گرت کە تەنها نان لەم کارەساتە دەخۆن و هیچ ئاوڕێکیان لە کەسوکاری ئەنفالکراوەکان و لە کەیسی ئەنفال نەداوەتەوە
دوای ئەم ڕاگەیاندنەی ناوبراو، جەبار عومەر، بەڕێوەبەری گشتی دەزگای شەهیدانی گەرمیان، لە پۆلیسی گەرمیان سکاڵای یاسایی لەدژی تۆمارکردوەو لەلایەن پۆلیسەوە بانگکراوە بۆ لێپێچینەوە!
سەباح نەجمەدین، نەك لەبەر ئەو ناسۆرەی کە تائێستا لە ناخیدا ئازاری دەدات، بەڵکو وەکو هاوڵاتیەکی کوردستان مافی ئەوەی هەیە بەوپەڕی ئازادیەوە بۆچوونی خۆی دەرببڕێت و ڕەخنەکانی بە توندترین شێوە ئاراستەی دەسەڵاتدارانی هەرێم بکات لەسەر کەیسی ئەنفال و چۆنیەتی مامەڵەی ئەم حزب و دەسەڵاتە لەگەڵ کەیسەکەو کەسوکاری قوربانیەکاندا. لەکەس شاراوە نیە کە بەرپرسانی ئەم حزبە دەسەڵاتدارانەی کوردستان لەکاتی رودانی کارەساتی ئەنفالدا خۆیان لایەنێك بوون لەو تراژیدیایە کە بەسەر خەڵکی ئەو ناوچانەدا هاتوە، بەوەی لە شەڕی ئێران- عێراقدا پێش لەشکری سوپای ئێرانیان کرد بۆ سەر کێڵگە نەوتیەکانی نزیك کەرکوك، کە رژێمی دڕندەی بەعسی هارکردو وەکو هەڵەبجە تۆڵەی لە خەڵکی لادێکان کردەوە. بەڵام سەرەڕای ئەوە، ئەم حزبانە و دەسەڵاتەکەیان لەماوەی (٣٠) ساڵدا بازرگانی سیاسی بەسەر کارەساتی ئەنفالەوە دەکەن و لە ووڵاتان و رێکخراوە جیهانیەکان پارەو هاوکاری وەردەگرن و بۆخۆیان لووشی دەدەن، بەڵام کەمترین خزمەتگوزاری و هاوکاری و بەرپرسیارێتیان بەرامبەر بە قوربانیەکان و کەسوکارەکانیان نیشان داوە.. هەڵوێستی ئەو گەنجەی گەرمیان و دەیان روداوی دیکە لە کاتی سەردانی بەپرسان بۆ مۆنۆمێنتی هەڵەبجەو …تاد. بەڵگەی حاشاهەڵنەگری ئەم ڕاستیەیە. لەپاڵ ئەم جۆرە مامەڵە قێزەونەدا لەگەڵ ئەم کارەساتە مرۆییەدا، پەنای ژمارەیەك لەو مستەشارو چەکدارانەی رژێمی بەعسیان داوە کە لەم روداوە دڵتەزێنەدا بەشداربوون و دەوریان هەبوە لە بەدەستەوەدان و قڕکردنی خەڵکی مەدەنی دێهاتەکانی کوردستاندا، لە حەملەی ئەنفالدا.
بۆیە ئەوەی کە دەبێ داداگایی بکرێ لەسەر بێبەهاکردنی کەیسی ئەنفال و بێبایەخ سەیرکردنی ئەم ڕوداوە ناخهەژێنە مرۆییەو قوربانیەکانی، دەسەڵاتدارانی هەرێمن، نەك کەسوکاری قوربانیەکان کە تائێستاش ناخیان هەڵدەقرچێت و بەدەم ئازاری کارەساتەکەو بێدەربەستی و سەوداگەری سەرانی حزبە دەسەڵاتدارەکان و حکومەتەکەیانەوە رۆژەکانی تەمەنیان بەڕێدەکەن! دەبێ دەستبەجی سەباح نەجمەدین ئازاد بکرێت و بەرپرسانی ئەو ناوچەیە داوای لێبوردنی لێبکەن و قەرەبووی مەعنەوی بکەنەوە.
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان ١٨-٤-٢٠٢١