موحسین کەریم …
حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە حکومەتێك کە خزمەتگوزاری پێشکەش بە خەڵک بکات، بووتە دەسەڵاتێك کاری بریتیە لە وەرگرتنی باج و سەرانە لەو خەڵکەی کە لەژێر سایەی دەسەڵاتەکەیدا دەژین.
بەپێی مانا لیبراڵیەکەشی بێت، حکومەت، دەبێ لانی کەمی مافە مەدەنی و یاسایی و کۆمەڵایەتیەکان بۆ هاوڵاتیانی فەراهەم بکات. بەپێی جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتوەکان، هەموو کەسێك دەبێ بەهرەمەند بێت لە ئازادی و یەکسانی لە مافەکاندا لە بەرامبەر یاسادا. دەبێ هەلومەرجێکی یەکسان فەراهەم بکرێ بۆ هەموو هاوڵاتیان بۆ ئەوەی بتوانن بەهرەمەندبن لە بیمە کۆمەڵایەتیەکان، مافی ژیانێکی ستانداریان هەبێ لەڕوی خواردن، خانوو، داودەرمان و خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتیەوە، مافی دابینبوونی ژیان لەکاتی بێکاری، نەخۆشی و پەكکەوتن و هەر بارودۆخێکی دیکەدا لە دەرەوەی دەسەڵاتی هاوڵاتیدا بێت. ئازادیی بیروباوەر و بیرکردنەوەو بەشداریکردن لە کۆبونەوەو رێکخراوەو پارێزگاریکردن لە ژیان و سەلامەتی خۆیان، مافی خۆێندنی خۆڕایی، پاراستنی ژیانی مناڵ و تاد.
بەڵام ئەگەر حکومەتی هەرێم لەگەڵ ئەم پێودانگە بۆرژواییەی حکومەت و فەرمانڕەوایدا بەراورد بکەین، بەڕوونی ئەوە ئاشکرا دەبێت کە کاری ئەم حکومەتە نەك لە حکومەت ناچێت، بەڵکو لە باندێك دەچێ کە بە زەبری هێزو چەك کۆنترۆڵی ژیانی خەڵکیان کردوەو بەئارەزووی خۆیان دەیان چەوسێننەوەو باج و سەرانەیان لێدەستێنن بەبێ ئەوەی لە بەرامبەردا هیچ ئەرکێك بەرامبەر بە خەڵک لە ئەستۆ بگرن.
حکومەتی هەرێم لەڕووی دابینکردنی ژیانەوە بۆ هاوڵاتیانی کوردستان هیچ بەرپرسیارێتیەکی لە ئەستۆ نەگرتوە. بەهیچ جۆرێك هەواڵێك لە بیمەی بێکاری، بیمەی تەندروستی، بیمەی دەورانی نەخۆشی و پەكکەوتەیی لانی کەم بۆ ئەو هاوڵاتیانەی کە لەدەرەوەی دامەزراوە حکومیەکاندا کاردەکەن، نیە. دەیان هەزار کرێکاری کەرتی ئەهلی کاتێك بێکار دەبن هیچ سەرچاوەیەکی ژیانیان نامێنێ و یان دەبێ دەستفرۆشی بکەن و یان دەبێ لە هەژاری ڕەهادا خۆیان و هاوسەرو خێزانەکانیان ژیان بەسەر بەرن. مافی خانەنشینیان نیە و دەبێ تا مردن خەریکی دەستفرۆشی بن.مافی بیمەی دەورانی پەكکەوتەیی و نەخۆشیان نیە و دەبێ چاوەڕێی دەستی کەسوکاریان بکەن ئەگەر لایەکیان لێبکەنەوە! کرێکار و کارمەندانی کۆمپانیاو دامەرزاوە ئەهلیەکان بۆ چەندین ساڵ بەشێوەی گرێبەستی کاتی، کە تەنانەت پێچەوانەی یاسای کاری عێراقیە، کاریان پێدەکرێ، بۆئەوەی ئەو مافانەیان لێزەوت بکەن کە بەپێی گرێبەستی هەمیشەیی دەبێت هەیان بێت! کارگاو دامەزراوەکان وەکو سەربازگەی لێهاتوەو هەرجۆرە کۆبونەوەو ناڕەزایەتیەک ڕوبەروی دەرکردنیان دەکاتەوە. حکومەتیش پارێزگاری لە خاوەنکار و خاوەن کۆمپانیاکان دەکات.
لەلایەکی دیکەوە هاوڵاتیانی کوردستان، بەهۆی تایبەتیکردنی کەرتی تەندروستیەوە، لەڕووی سەلامەتی تەندروستی و پزیشیکیەوە بارودۆخێكی خراپیان هەیەو دەیان کۆمپانیان و دامەرزاوەی پزیشکی تایبەت دروست بوون کە گیرفانی هاوڵاتیان دادەتەکێنن، یاخود هاوڵاتیانی کەمدەرامەت ناتوانن دەستیان بەو خزمەتگوزاریانە بگات و لەبەردەم هەڕەشەی نەخۆشیەکاندا دەستەوەستان و بێچارەسەر دەبن!
بارودۆخی خوێندن لە تەندروستی خراپترە. ئەگەرچی هێشتا تروسکاییەك لە خوێندنی خۆرایی و حکومی ماوە، بەڵام بەبەراورد بە خوێندنی تایبەت کە سەراسەری کوردستانی گرتۆتەوە لە خوێندنی سەرەتاییەوە تا زانکۆ، لە نزمتری ئاست و کواڵێتی سوودمەندە و ئاستی خوێندنی گشتی بەڕادەیەکی ترسناك هاتۆتەخوارەوە.
خزمەتگوزاریە مەدەنیەکانی وەکو کارەباو ئاوو رێگاوبان و خاوێنی شارەکان و…. تاد. هەمووی بووە بەبار بەسەر شانی خەڵکەوە. حکومەت هەنگاو بە هەنگاو خۆی لە دابینکردنی ئەمانە دەدزێتەوەو دەیدات بە کەرتی ئەهلی، کە بێگومان نرخەکان لەسەر خەلك زیاد دەکەن و قورساییەکی زیاتری ئابوری دەخەنە سەر خەڵك و ئاستی ژیانیان زیاتر بەرەوە خوارەوە دەبەن. سەرەڕای ئەوەی کە ئەو کاروبارانەی حکومەت پێشکەشی هاوڵاتیانی دەکات لەرێگای باجێکی زۆرەوە بەڕێوەدەبرێت کە دیسانەوە گیرفانی خەڵك دادەتەکێنێ. هیچ دامەزراوەیەکی حکومی نیە کارێكت تێی بکەوێت و دەست نەبات بۆ گیرفانت! گرانکردنی سوتەمەنی لەسەر خەڵك لە وڵاتی نەوتدا کە دەبوایە یان بە خۆڕایی یان بە نرخێكی زۆر ڕەمزی بەسەر هاوڵاتیاندا دابەش بکرایە و تاد..
بارودۆخی مووچەخۆرانی حکومی، لەلایەکی دیکەوە ئاستی ئەو تاڵانکاریەی حکومەت نیشان دەدات. ماوەی ٤-٥ ساڵە دەیان ملیار دیناری کرێکاران و کارمەندانی حکومەت و خانەنشیان و مامۆستایان و .. تد. بەزۆرملێ تاڵان کراوە و ئێستاش بەشێك لە مووچەکانیان بەبیانوی نەبوونی داهات و بودجەی پێویستەوە دەبڕن!
ئەمانە هەمووی لەکاتێکدا بەڕێوە دەچێت کە حکومەت کەمترین خزمەتگوزاری پێشکەش بە هاوڵاتیان دەکات و زۆرترین باج و سەرانە لە خەڵك وەردەگرێت و دەستیشی گرتوە بەسەر سەرچاوەکانی سامانی گشتی و کۆمەڵایەتیدا، کە بە ملیاران دۆلار مەزەندە دەکرێ، کە لەڕاستیدا دەبێ ئەو داهاتە بۆ بیمەو خزمەتگوزاریە کۆمەڵایەتی و تەندروستی و شارەوانیەکان خەرج بکرێن، بەڵام لەسەر دەستی ئەم حکومەتەدا دەچێتە گیرفانی حزبە دەسەڵاتدارەکان و هاوکارەکانیانەوە و بەشێوەی سامان لەدەستی سەرانیان دا کۆدەبێتەوەو خانوو و ڤێلاو پرۆژەی ئابوری زەبەلاحی پێدروست بکەن و ژیانی شاهانە بۆ خۆیان و خێزانەکانیان دابین و مسۆگەر بکەن و شتێکیشی وەکو ئیمتیازات دەدەن بەوانەی کە لە دەوروبەریانن تا لەڕووی سیاسی و سەربازیەوە بەرگریان لێبکەن و پارێزگاری لە دەسەڵاتە چەوسێنەر و مافیاییەکەیان بکەن. بۆنمونە خانەنشینێك دوای دەیان ساڵ خزمەتکردن بە کۆمەڵگا مانگانە ٢٠٠ هەزار دینار وەردەگرێ، کرێکارێکی ژینگە ٣٠٠ هەزار دینار مانگانەکەیەتی، کرێکارێکی گەنج و دەرچوویەکی زانکۆ و پەیمانگاکان ئەگەر کارێکیان دەست بکەوێ مانگانەکەیان لە ٣٠٠ بۆ ٤٠٠ هەزار دینار تێناپەڕێت، بەڵام بندیوارێکی حزبی کە هیچ کارێك ناکات و ڕەنگە هیچ شارەزایی و بڕوانامەیەکیشی نەبێت، بەڵام تەنها بۆ تەئیکدکردن و دەنگدان و پارێزگاریکردن لە حزبەکەی لەسە ر میلاکی وەزارەتی پێشمەرگە زیاتر لە یەك ملیۆن و نیو دینار مووچەکەیەتی!
کەواتە ئەم حکومەتە خۆی، حکومەتێکی بندیوار و مشەخۆرە بەسەر ژیانی خەڵکی کوردستانەوە. بوون و مانەوەی زیادەیەو مایەی وێرانکردنی ژیان و گوزەرانی خەڵک و هەژارتر کردنیانە، مایەی لەنێوبردنی سەرجەم ئازادیەکان و پێشێلکردنی مافە مەدەنی و کۆمەڵایەتیەکانیانە، مایەی هێنانی کارەسات و ماڵوێرانیە بۆ خەڵکی کوردستان. لەڕوانگەی بەرژەوەندی خەڵکەوە ماوەی بەسەرچوەو بۆ بەکارهێنان ناشێت!