هەرێم و بەغدا ڕێکەوتن بەڵام کێشەی خەڵك  و دەسەڵات لەشوێنی خۆیدا ماوە!…

دەشتی جەمال…

سەرئەنجام دوای دەیان کۆبوونەوەی نێوان شاندی هەرێم و بەرپرسانی حکومەتی ناوەندی لە بەغدا، پرۆژە یاسای بودجە، بەشە بودجەی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراق دیاریکرا و  دوای بگرەوبەرەیەکی زۆری لایەنی شیعەکان و لەژێر کاریگەریی دەرەوەدا بەقورسی تێپەڕێنرا. مەرجەکانی حکومەتی ناوەندی بریتی بوو لە ڕادەستکردنی پارەی ٢٥٠ هەزار بەرمیل بە نرخی سۆمۆ لەگەڵ نیوەی داهاتی نانەوتی هەرێم لەبەرامبەر قبوڵکردنی بەشە بودجەی هەرێمدا. ئەم ڕێکەوتنە کاتییە هەریەك لەلایەنە سیاسییەکانی کوردستان و فراکسیۆنە جیاواز و تۆراوەکان و بەتایبەتی یەکێتی و پارتی کردیانە هەراوهوریای سەرکەوتن و بە دەستکەوت و وەرچەرخانێکی مەزن ناوزەدیانکرد، گوایە ڕێکەوتنێکی سیاسی و دەستوری گرنگیان ئەنجامداوە.

لەساڵی ٢٠٠٣وە لەدرێژەی سیناریۆی ڕەشی شەڕی ئەمریکا و نەخشە سیاسییەکانیدا دەستی دەیان هێز و دەستە و تاقمی ئیسلامی و قەومی و تایفی ڕاکێشرا بۆ سەر دڵی خەڵك وگەیاندیانن بە کورسی دەسەڵات، شیرازەی کۆمەڵگای مەدەنی عێراقیان شێواند و عێراقیان لەگەڵ شەڕ و کوشتار و ماڵوێرانی بەرەوڕوو کردەوە. حکومەت و پەرلەمانیان لەسەر بنەمای هاوبەش دروستکرد لە هێزی ئیسلامی سیاسی و قەومی و تایفی و دەستورێکیان بە لەبەرچاوگرتنی هاوسەنگی هێز و قازانج و بەرژەوەندییەکانی ئەو هێزانە بۆ پچڕینی بەش لە دەسەڵات و دابەشکردنی سەروەت و داهاتی عێراق لەنێوانیاندا بەسەر خەڵکدا قەبڵاند. بەم شێوەیە ئاکامەکەی بە شەڕی تایفی و لەخوێن هەڵکێشانی دەیان ئینسان لە خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی دەستەنگی عێراق درێژەی کێشا.

١٨ ساڵە ئەم هێزانەی کە لە ڕێگای سیاسەتەکانی ئەمریکاوە بەدەسەڵات گەیشتوون لە شەڕ و کێشمەکێشدان لەسەر بردنی نان و گوزەران و ڕەنجی خەڵکی عێراق و بەدەستەوە گرتنی پۆستی دەسەڵات، وە بەقەدەر سەرەدەرزییەك پەیوەندییان بە خۆشکردنی ژیان و گوزەران و ئەمنیەت و ئاسایشی ئەو کۆمەڵگایەوە نیە، بگرە کۆمەڵگایان نوقمی نائارامی و گەندەڵی و بێکاری و بێمافی کردوە. لەوەش زیاتر ژیان و ئایندە و چارەنووسی کۆمەڵگایان لە کێشمەکێشی نێوان ئەمریکا و ئێران و دەوڵەتانی ناوچەکەدا ڕاگرتوە. ئێستاش دوای داسەپاندنی دەیان کارەسات و ماڵوێرانی بەسەر خەڵکی عێراقدا و بەدوای سەرکەوتنیان بەسەر داعشدا و تێکچوونی ئەو هاوسەنگییەی پێشوو وە بەتایبەتی بەدوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر کە ڕۆژ بەڕۆژ ئەحزابی ناسیونالستی کورد لە ڕیزی پێشەوەدا پارتی و یەکێتی ئیدعای ئابووریی سەربەخۆیان دەدا بەگوێدا، هەمووی وەك بڵقی ئاو بە هەوادا چوو. ڕۆژ بەڕۆژ لەدوای لێسەندنەوەی تەواوی ناوچە دابڕاوەکان و کەرکوك و بۆرییە نەوتیەکان و تەنانەت تێکچوونی ڕیزبەندی حزبەکانی بزووتنەوەی کوردایەتی و زۆرتر باوەشکردنەوە و هانابردن بۆ حکومەتی ناوەندی و ملدان بەتەواوی داواکارییەکانی، تا ئاستی ئەم ڕێکەوتنەی ئەمڕۆیان لە دۆخێکی قەیرانگرتووی ئابووریی سیاسی گیریانکردوە تا خۆیان لەبەرامبەر شەپۆلی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکدا ڕابگرن و درێژە بە دەسەڵاتی سەرکوتگەر و ملهوڕی خۆیان بدەن. لەلایەکی ترەوە حکومەتی ناوەندی کاربەڕێکەر وەکو هەوڵێك بۆ بێدەنگ کردنی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکانی بەغدا و شار و شارۆچکەکانی عێراق، بەسەرۆکایەتی مستەفا کازمی  کورسی دەسەڵاتی درایە دەست تا پەنجەرەیەك بۆ ڕزگاریی خۆیان لە توڕەیی خەڵك پەیدا بکەن، ئەوانیش لە قەیرانێکی سەراپاگیردا دەست و پێ دەکوتن. ڕێگەی ملدانیان بەم ڕێکەوتنە بۆ تیماری برینێك، نەك چارەسەرکردنی برینەکە، قبوڵکرد. ناوەرۆکی ئەم ڕێکەوتنەیان تەنها و تەنها کاتییە و بۆ چەواشەکردنی خەڵك و خاوکردنەوەی ناڕەزایەتییەکانە لە هەردوولاوە، بۆ بەڕێکردنی هەڵبژاردنی ئۆکتوبەری ئەنجومەنی نۆینەرانی عێراقە.

هێزە میلیشیاکانی پاڵپشتی ئێران خۆشحاڵیەکیان نیە بەوەی مستەفا کازمی لەو پۆستەی بمێنێ و بەپێچەوانەشەوە کازمی لە هەوڵە دیبلۆماسی و ناوچەیی و جیهانییەکانی بەردەوامە تا سەرلەنوێ دەوڵەتی عێراق سازبداتەوە و دەسەڵات مەرکەزی بکاتەوە. ئەوەی چەند بۆی مەیسەر دەبێت جێگای ئاماژەی ئەم وتارە نیە، ئەوەی پێویستە بوترێت ئەم ڕێکەوتنە ناتوانرێت وەك کارێك لە بەرژەوەندی خەڵك تەماشا بکرێ، بەتایبەتی کە ئیدیعاکان ئەوەیە پێدانی مووچە لەمەودوا لەکاتی خۆیدا مانگانە دەدرێت. ڕەنگە تاڕادەیەك بازاڕ جوڵەی تێبکەوێت و کەمێك بووژانەوە لە ژیان و گوزەرانی خەڵکدا پێك بێت، بەڵام ئەمەش کاتییە و ناتوانێت قەیران و بنبەستییەکی سەراپاگیر کە هەم حکومەتی هەرێم و هەم حکومەتی عێراق تێیکەوتوون کۆتایی پێبهێنێت. ئەم هەوڵانە بۆ ئارامکردنەوەی ناڕەزایەتییەکان و ڕاگرتنیان لە چاوەڕوانی بەدیار ئەم هێزانەوە و لەدرێژەی کێشمەکێشی حزبەکانی بزووتنەوەی کوردایەتی و ئەحزابی قەومی و ئیسلامی عێراقدایە لەسەر شەراکەت لە دەسەڵاتو  پچڕینی بەشی زیاتری داهات و قازانج.

هەربۆیە بۆ گۆڕینی هاوکێشەکە بەقازانجی خەڵك پێویستە سەرلەنوێ ڕەوتی ناڕەزایەتیەکان پێبگرێتەوە دوور لەئاسۆی هێزە ناسیونالیستی و ئیسلامیەکان بە ئاسۆیەکی شۆڕشگێڕانە و ڕادیکاڵ و جەماوەری ئازادیخوازی پێ بنێنە مەیدانەوە لە شار و شارۆچکەکانەوە بەچەکی ڕێکخراوبوون لە ڕێکخراوە جەماوەری و پیشەییەکان و داسەپاندنی هەنگاو بەهەنگاوی داخوازییەکان، تا بەدەستەوە گرتنی ئیدارەی کۆمەڵگا. دەسەڵاتداران ئەگەر بۆ چەند مانگێك تا مەیسەر بوونی هەڵبژاردنەکانی عێراق بتوانن مووچە دابین بکەن، بەڵام خەبەرێك لە گێڕانەوەی پارەی دزراوی خەڵك نیە کە لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا لەژێر ناوی پاشەکەوتی مووچە و بڕینی مووچەکان و نەدانی مووچەی چەند مانگی ڕابردوو لە فەرمانبەران و کرێکاران و خانەنشینان و خاوەن پێداویستی تایبەتیان گرتەوە. ئەم ڕێکەوتنە ناتوانێت بە هەزاران دەرچوانی زانکۆکان دابمەزرێنێت، ناتوانێت بیمەی بێکاری و خزمەتگوزاریەکانی خەڵك لە ئاو و کارەبا و خزمەتگوزاری تەندروستی و بێمافی و هەژاری و نەداری وەڵام پێ بدەنەوە.

جووڵانەوەی ناڕەزایەتیەکانی خەڵکی کوردستان پێویستە لە ئێستاوە ڕووی لەوە بێت کە مەلەفی خەڵکی کوردستان لەژێر دەستی ئەم حزبانە دەربهێنێت و فیدرالیزمی قەومی کە ئامانجی حزبە ناسیونالیستەکانی کوردستان بووە بەمەبەستی شەریك بوون لە دەسەڵات بگۆڕێت و دەستی قاچاخچێتی و تاڵانوبڕۆی ئەم حزبانە لەسەر کۆمەڵگای کوردستان کورت بکاتەوە و لەکاربخات. بۆ ئەمەش هەڵسووڕاوانی ناڕەزایەتیەکان و ئازادیخوازان و هەڵسوڕاوانی کرێکاری و کۆمۆنیستی بانگەواز دەکات کە ڕابەری و نەخشەڕێگای هەنگاو بەهەنگاوی ئامادەییەکانی ڕێگاچارەی فەوری بۆ ئەو پرسانە ئامادە بکات و کۆمەڵگا بپارێزێت لە ململانێ و کێشمەکێشی بەرژەوەندی قازانجی مستێك سەرمایەداری مشەخۆر، لە شەڕ و پێکدادانی قەومی و تایفی ئەم هێزە کۆنەپەرست و دژە ئازادییانە و لە پاراستنی کۆمەڵگا لە برسێتی و هەژاری و بێ مافی و بزووتنەوەی کۆتایی هێنانی ئەم هێزانە نۆینەرایەتی بکات. ئەوان ڕێکەوتنی خۆیان کرد بەڵام کێشەی خەڵك و ئەم دەسەڵاتە لەشوێنی خۆیدا ماوە!

Check Also

پێگەی ناسیونالیزمی کورد دوای هەڵبژاردنەکان و بەدیلی تر!!

عەبدوڵا مەحمود هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی هات. بەپێچەوانەی پیشبینی و بانگەشەی لایەنەکان کە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *