نووسینی/ جەبار موحسین…
لە تویتێکدا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێ” لە ساڵڕۆژی داسەپاندنی هێڵی دژە فڕینی ٣٦ بەسەر عێراقدا، دووپاتی دەکەینەوە کە پشتیوانی هەرێمی کوردستان دەکەین لە چوارچیوەی سیستەمێکی فیدراڵی لە عێراقدا”، بە وتەی ئەوان ئەو هێڵە دەورێکی گرنگی بینیوە لە پاراستنی سەلامەتی خەڵکی کوردستاندا.
لەم بارەیەوە دەبێ چەند ڕوونکردنەوەیەک بخەمە ڕوو
١. لە ڕاستی ئەو هێڵەو هەوڵەکانی ئەمریکا لە کاتێکدا هاتە ئاراوە کە ئەمریکاو هێزە هاوپەیمانەکانی گڵۆپی سەوزیان هەڵکردبوو بۆ سەرکوتی ڕاپەرینەکانی خەڵکی عێراق لە باشورو باکور واتە کوردستان. واتە شکستی ڕاپەرین و ئاوارەیی ملیۆنی خەڵکی کوردستان ئاکامێکی ڕاستەوخۆی ئەو بڕیارەی ئەمریکا بوو بە بێ گوێدانە سەلامەتی خەڵک.
٢. ئەگەر ئەو هێڵانەی کە ئەمریکاو هاوپەیمانانیان دایانسەپاند بەسەر عێراقدا مەبەست لێی پارێزگاری لە ئەمنیەت و سەلامەتی خەڵک بووبێت؟ ئەی هۆکار چییە لە باشوری عێراق ڕێگە درا بە گەڕانەوەی دەسەڵاتی بەعس؟ ئەمە بانێک و دوو هەوا نیە؟ لە باشور بەعس نابنە هەڕەشە بەڵام لە کوردستان دەبنە هەڕەشە!
٣. ئەگەر هێڵێ ٣٦ مەبەست لێی پاراستنی خەڵک بووبێت؛ هۆکار چییە کە سلێمانی نەکەوتە ژێر ئەو هێڵەوە؟ کەچی”پارێزراو” بوو، بەڵام هەولێر کە کەوتبووە ژێر ئەو هێڵەوە ڕێدرا بە سوپای عێراقی لە ئابی ١٩٩٦دا هێرشی سەربازی بکەن و مەجزەرە بخوڵقێنن!
٤. ئەگەر مەسەلە پاراستنی سەلامەتی خەڵکی کوردستان بوو هۆکار ؟چی بوو ڕێگەیان دا کە حزبە کوردیەکان شەڕی ناوخۆ بەرپا بکەن و زیاتر لە ١٠ هەزار لاو بە کوشت بدەن و بێسەرو شوێنیان بکەن. بە جۆرێک کە ببووە مایەی دەخالەتی سەربازی ئێران و تورکیا و تەنانەت عیراقیش؟
بۆ هەر کەسێک کە بەرژەوەندیەکانی بە نرخی ڕۆژ نەفرۆشتووە، ڕۆشنە کە دەخاڵەتی ئەمریکا لە عێراقدا کیشەو گیروگرفتەکانی خەڵکی نەک چارەسەر نەکردووە بەڵکو چەندبارەی کردووە و دەستی چەند چەقۆکێشێکی کاوبۆ ئاسای ئەمریکیان لە عێراقدا واڵا کردووە کە لە پێناو گیرفان پڕ کردنیاندا چی ناڕەوایە ئەنجامی بدەن. ئەمەشیان ناو ناوە فیدراڵیزم…!
ئەگەر خەڵک بواری بۆ بڕەخسێ تەواوی نۆکەرانی ئێوە کە ناویان لە خۆیان ناوە حکومەت و دەسەڵات لەگەڵ ئێوەشدا ڕووبەڕووی هەمان چارەنوس دەکاتەوە کە بە بەعسیەکانی کرد.
سەرەتای نیسانی ٢٠٢١