کوردایەتی و نەورۆز! …

موحسین کەریم

بزوتنەوەی کوردایەتی و حزبەکانی بەردەوام هەوڵ دەدەن مۆرکێکی نەتەوەیی کوردی بدەن بە جەژنی نەورۆز لەکاتێکدا چەندین نەتەوەو گروپی کۆمەڵایەتی جیاواز ئەم جەژنە بەهی خۆیان دەزانن و هەریەکەیان بە شێوازی خۆیان یادی دەکەنەوە.

جەژنی نەورۆز کە رێکەوتە لەگەڵ یەکەم رۆژی بەهاردا، هاوکات بە سەرەتای ساڵی تازەی ئێرانی ناودەبرێت، بەڵام لە چەندین ووڵاتی دیکە کە دەکەونە سەر رێگای ئاوریشمی وەکو ئەفغانستان، ئازەربایجان، هیندستان، کیرغستان، کازاخستان، باکستان، تاجیکستان، تورکمانستان، ئۆزبەکستان، تورکیا و عێراقیش یاد دەکرێتەوە. بەمجۆرە ئەوە ڕوونە کە جەژنی نەورۆز نەك خەسڵەتێکی نەتەوەیی نیە بۆ هیچ کام لەو نەتەوەو گروپە کۆمەڵایەتیە جیاجیایانە، بەڵکو جەژنێکی هاوبەش و بان نەتەوەیی هەموو ئەو خەڵکانەیە کە لەو ناوچە دیاریکراوەی جیهاندا دەژین، بنەماکەشی کۆتاییهاتنی وەرزێکی سەخت و دژوار و دەستپێکردنی وەرزێکی نوێی پڕ جوڵەو ژیانەوەی سروشت بووە کە سەرچاوەی خۆراك و ئیمکاناتەکانی مرۆڤی کۆنی دابینکردوە. بەجۆرێكی دیکە دەستپێکردنەوەی ژیانێکی نوێ بووە دوای چەند مانگ لە سڕبوون و دابڕان و هەوڵدان بۆ مانەوەی فیزیکی مرۆڤ بەرامبەر بە سروشت.

بەمجۆرە نەورۆز وەکو بۆنەیەك لای خەڵکی ناوچەکە چەسپاوە کە کۆتایی هاتنی میحنەت و سەختی و دەستپێکردنی خۆشی و دوبارە ژیانەوەیە… هەر لەسەر ئەم بنەمایەشەوە دەرچوون بۆ ناو سروشت و شادی و گەشتوسەیران بووتە سیمای جیاکەرەوەی نەورۆز لای هەموو ئەو نەتەوە یان گروپە کۆمەڵایەتیانەی کە یادی دەکەنەوەو وەکو جەژنی خۆیان تەماشای دەکەن.

بەڵام بۆچی ناسیۆنالیزمی کورد دەیەوێ بەرگی نەتەوەیی کوردی بکات بەبەر نەورۆزدا!؟

بزوتنەوەی ناسیۆنالیزمی کورد هەمیشە بەشوێن ئەوەوەبووە کە مێژوو بۆ خۆی دروست بکات. ئەم مێژوەش بە مێژووی هەموو نەتەوەی کورد یەکسان بکات، تا لەم رێگایەوە خۆی و کورد بکاتە یەك جەستە کە بوون و نەبوونیان پێکەوە گرێدراوە. بەپێی ئەم بۆچوون و جیهانبینیە ئەگەر کورد بیەوێ بەرگری لە مانەوەی خۆی بکات بەرامبەر بە ستەم و زوڵمێك کەڕووبەڕووی دەبێتەوە، دەبێ لە ڕێڕەوی ناسیۆنالیزمی کوردەوە ئەوکارە بکات. مان و نەمانی کورد وەکو نەتەوە و وەکو گروپێکی مرۆیی و کۆمەڵایەتی بەندە بە ناسیۆنالیزمی کوردەوە. هەموو بۆنەو ڕوداوێكی سیاسی و کۆمەڵایەتی و بگرە مێژوویی، بۆ ناسیۆنالیزمی کورد ئەم بایەخ و پێگەیەی هەیە. ئامانج لێی دەمەزەردکردنەوەی گیانی نەتەوە پەرستی و دورەپەرێزی نەتەوەیی و پەرەدان بە خودپەسەندی نەتەوەییە کە بنەماکانی فکری ناسیۆنالیستی کوردی پێك دەهێنن. ئەمەش بۆئەوەیە کە خەڵکی کوردزمان لەناو ئەڵقەی فکرو سیاسەت و بەرژەوەندیەکانی ناسیۆنالیزمی کورددا گیربدەن و رێگای دەربازبوونی لێدابخەن. بەم کارەیان وادەکەن کە هەمیشە تاکی سەر بە نەتەوە پێناسەی مانەوەو بوونی خۆی گرێبداتەوە بە کوردایەتیەوە، کەسەرەنجام وەکو کەرەستەیەکی سازو ئامادە بۆ بەدیهاتنی ئامانجە سیاسی و ئابوریەکانی خۆی کەڵکی لێوەربگرن.

جەژنی نەورۆز بۆ ناسیۆنالیزمی کورد ئەم جێگەیەی هەیە، وەکو چۆن رۆژی جلی کوردی هەمان جێورێی هەیە بۆ ئەوان. ناسیۆنالیزمی کورد لە کوردستانی عێراق، لەپاڵ ڕەواجدان بە شانازیکردن بە جلی کوردیەوە، رۆژێکی بۆ جلی کوردی تەرخانکردوەو لە خوێندنگاکاندا بەزۆر مناڵان ناچار دەکەن جلی کوردی لەبەربکەن. ئەم سیاسەتە هەمان ئەو سیاسەتەی رژێمی بەعس و رژێمە دیکتاتۆریە تۆتالیتارەکانە کە ڕەمزەکانی خۆیان دەکەنە ڕەمزی گشتی و بە زەبری یاساو دەسەڵات دەیسەپێنن. دەنا جلی کوردی وەکو جلوبەرگی هەموو نەتەوە و گروپە کۆمەڵایەتیەکانی دیکە، هیچ خەسڵەتێکی نەتەوەیی نیەو تەنها پۆشاکێکە بۆ پاراستنی مرۆڤ لە کاریگەریەکانی سروشت.

بەزۆرکورداندنی نەورۆز و سەپاندنی جلی کوردی و پیرۆزکردنی، سوودێکی لەوجۆرەی بۆ بۆرژوازی  کورد هەیە، کە نەتەوەو زمان و خاك لەسەرەتای دروستبوونی دەوڵەتە نەتەوەیەکاندا لە ئەوروپا بۆ بۆرژوازی ئەوروپای هەیبوو. بۆرژوازی ئەوروپی بەپێی بەرژەوەندی ئابوری و سیاسی خۆی هات و ئەو دیاردانەی کە پێشتر هەبوون وەکو بنەماکانی دروستکردنی نەتەوە پیرۆزی کردن. زمانێك کە کۆمەڵێك خەڵکی نزیك لەیەك لەڕیگایەوە پەیوەندی نێوانیان خۆیان دەستەبەرکردبوو، سەرزەویەکی نیشتەجێبوون کە تێیدا دەژیان… و هەندێ نەریت و کەلتوری دامەزراو لەسەر بنەمای دەیان سەدە لە پێکەوە ژیان، هەموویان کرانە پێکهاتە سەرەکیەکانی دروستکردنی نەتەوەو بنەمای ئایدیۆلۆژی ناسیۆنالیزم و دروستکردنی دەوڵەتی نەتەوەیی بۆرژوازی! ئێستاش بۆ ناسیۆنالیزمی کورد، نەورۆز و جلی کوردی و سەرجەم بۆنە بەناو نەتەوەییەکان بۆئەوەیە کە خەڵکی کوردزمان لەچوارچێوەی ئایدیۆلۆژیای کوردایەتیدا گیربدەن و بیانکەنە ڕەشەلەشکری سیاسەتەکان و بەرژەوەندیە سیاسی و ئابوریەکانی خۆیان. بۆئەوەیە فرسەتیان پێنەدەن دەستیان بە فکرو جیهانبینی ئینسانی و پێشکەوتنخوازو سۆشیالیستی بگات! دەیانەوێ وەکو خۆیان دەڵێن هەموو کورد بکەنە برا تا کرێکار و زەحمەتكێشی كورد جیاوازی بەرژەوەندی نێوان خۆی و سەرمایەدار و دەوڵەمەندی کورد نەبینێ… تا ئەو ستەم و چەوساندنەوەیەی لەلایەن بۆرژوازی هاوخوێن و هاونەتەوەیەوە بەرامبەری دەکرێ، نەبینێ و چەواشەبێت! هەموو ئەمەش بۆ هێشتنەوەی نایەکسانی کۆمەڵایەتی و درێژەدان بەچەوساندنەوەی چینی کرێکاری کوردستان و کەڵەکردنی سامانی خۆیانە لەسەر حسابی ڕەنج و قوربانی و هەژاری و برسێتی ئەوان!

تەنانەت هەوڵدانی بۆرژوا – ناسیۆنالیستی کورد بۆنیشاندانی نەورۆز وەکو رۆژ و ڕەمزی بەرەنگاری نەتەوەی کورد دژی داگیرکەرانی کوردستان، هەمان ئەو ئامانجەی هەیە کە خاسیەتێکی نەتەوەیی بدات بە نەورۆزو وەکو ڕەمزێکی ناسیۆنالیستی کوردی پیرۆزی بکات، نەك وەکو جەژنێکی گشتی و بان نەتەوەیی کە چەندین نەتەوە یان گروپی کۆمەڵایەتی دیکەی ناوچەکە لەگەڵ کورددا هاوبەشن تیایدا. بەهەر ڕەنگ و بۆنێکەوە وێنا بکرێت لە چوارچێوەی ستراتیژی سیاسی بۆرژوازی کورد تێباپەڕێت کە هەر ئێستا لە کوردستانی عێراق ئەزمونی دەسەڵاتەکەی دەکرێت و کرێکارو زەحمەتكێشی کوردزمان لە سەرەتایی ترین مافەکانیان بێبەش کراون و دەوڵەمەندو سەرمایەداری کوردیش سامانی خەیاڵی کەڵەکە دەکەن!

 لە ئۆکتۆبەری ژمارە ٨  دا بڵاوبۆتەوە

Check Also

پێگەی ناسیونالیزمی کورد دوای هەڵبژاردنەکان و بەدیلی تر!!

عەبدوڵا مەحمود هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی هات. بەپێچەوانەی پیشبینی و بانگەشەی لایەنەکان کە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *