رۆژانی ٨ ، ٩ ئەم مانگە کۆمپانیایەکی ژینگە پارێزی پاککەرەوەی شار و شەقامەکان لە سلێمانی لەبەرامبەر پابەند نەبوونی دەسەڵات و بۆ دابینکردنی پارەی کۆمپانیاکە دەستیان دایەو مانگرتن و لەئاکامی ئەو مانگرتنەشدا، بەشێک لە شەقامەکانی سلێمانی بە پیسایی و خۆڵ و خاشاک داپۆشران… لەبەرامبەر بەوەدا نەوەی نوێ، بەوێنەی کۆمپانیایەکی گەورە کە کاری حزبیش بۆتە لقیک لە کارەکانی، بەخێرایی تیمەکانی خۆی، لە کریکارانێکی ئامادەبەکار رەوانە کرد، تا شەقامەکان پاکبکەنەوە و بەقەولی خۆیان سیمای شار ناشیرین نەبێت و بۆنی ناخۆش کەشی شار ناخۆش و لیخن نەکات.
دیارە دەسەڵاتی زۆنی سەوز بۆ فرێدانی خۆڵ و خاشاک لە گەرەکان و ناوشاردا، مانگانە پینج هەزار دینار وەردەگرن، کە ئەم پارەیە بەبێ هیچ ئەلا و لایەک بەزیادەوە بەشی ئەوە دەکات شار پاککبکرێتەوە و موچە کرێکارەکانیش بباتەسەرەوە و سەلامەتی کاریش دابین بکات… بەڵام لەلایەکەوە کۆمپانیاکان کەمترین موچە بە کرێکارەکانیان دەدەن و سەلامەتی شوێنی کاریشیان نییە، و لەلایەکی ترییشەوە دەیانەوێت لەبەرامبەر پابەند نەبوونی دەسەڵاتدا خۆیان بکەنە تەرەف لەگەڵ دەسەڵات بۆ وەرگرتنی پارەی زۆرتر و شانی خۆشیان لە دانی موچەی کریکارەکان لەکاتی خۆیدا بەهۆکاری پابەندنەبوونی دەسەڵاتەوە بە سەفقەی ڕیکەوتنەکەیان، بدزنەوە… نەوەی نوێش، بە ناردنی تیمەکانی بۆ شوێنی کاری کریکارەکانی کۆمپانیاکانی پاککەرەوە، وەکو کۆمپانیایەکی چاوچنۆک، کریکارانی ئامادەبەکار وەکو زەخیرەی کریکارانی لەسەر کار، بەکاردەهینێت کە لەلایەکەوە ناکۆکی لەنێوان کریکارانی لەسەر کارو بێکاراندا دروست دەکات و لەلایەکی تریشەوە کۆمپانیای پاکەرەوەکەش لەدەست گوشاری کریکارەکان دەپارێزیت کە دەیکەنە سەر خاوەنی کۆمپانیاکە بۆ موچە و داخوازییەکانی تریان…
ئەوەی لەو نێوەدا زۆر گرنگە بەجیا لەبودەڵەیی نەوەی نوێ و کە هەر ئەوەی لێ چاوەڕوان دەکرێت و ئەرکی بناغەیی پاراستنی سەرمایەو سەرمایەداری و کۆمپانیاکان و شەقکردنی ریزەکانی چینی کریکارە، رۆڵی چینی کرێکارە لە چەرخاندنی کۆمەڵگەدا… بەدوو رۆژ پاککنەکردنەوەی بەشێک لە شەقامەکان، بەروونی رۆڵی چینی کرێکار لە کۆمەڵگەدا دەردەکەوێت… با بیهێنینە پیش چاوی خۆمان ئەگەر کرێکاران کیڵگەکانی بەرهەم هینانی نەوت رابگرن، ئەگەر کرێکارانی کارگەو کارخانەکان چەرخی کارگەکان بکوژێنەوە، ئەگەر کریکارانی کەرتی کارەبا، شارەوانی و ئاو ئاوەڕۆ، کریکاران و کارمەندانی تەندوستی و پەروەردە، هاتووچۆ و کریکارانی بیناسازی کار رابگرن… چی روودەدات؟ ئایا بەراستی ئەوەی کۆمەڵگە بەڕێوەدەبات و سامانی کۆمەڵگە بەرهەم دەهێنێت کریکارانن یان کۆمپانیاکان سەرمایەدارن و حزبەکانیان… چینی کریکار مۆتۆری چەرخاندنی کۆمەڵگەو خاوەنی سەرەکی بەرهەم و بەرهەم هێنانە… هەر بەو مانایەش ئەو خاوەنی راستەقینەی کۆمەڵگەیە و بەخەباتی ریکخراو کۆبونەوە لەدەوری ئاسۆی سۆشیالستی و بەشورشی کۆمەڵایەتی خۆی دەتوانێت، کۆمەڵگە بخاتەوە سەر قاچەکانی خۆی و خۆی رزگار بکات و لەگەڵ رزگاریکردنی خۆشیدا سەرجەم بیبەشان رزگار بکات و کۆتایی بە کۆمەڵگەی چینایەتی بهینێت…
تێبینی: ئەم دیمانەیە لە ئۆکتۆبەری ژمارە ٧ بڵاوبۆتەوە…