بۆپێشەوە: شوراکان لە کوردستاندا چۆن سەریانهەڵدا و خاڵە بەهێزو لاوازەکانی چی بوون؟ ئایا لە ئێستادا ئیمکانی ئەوە هەیە دەست ببرێتەوە بۆ ئەو ئەزموونە و جارێکی تر شوراکان پێکبهێنرێنەوە؟ …
جەبار موحسین: لە ئازاری ساڵی ١٩٩١دا کە لە کوردستان ڕاپەرین بەرپابوو، وە دەسەڵاتی ڕژێمی بەعس وەدەرنرا، فەزایەکی ئاواڵەیی سیاسی هاتە ئاراوە. جەماوەری بەرینی ڕاپەڕیوو ساڵانێکی زۆر بوو هەموو ئازادییەکیان لێ زەوت کرابوو، توانای دەربڕینی ناڕەزایەتی و کۆبوونەوەی جەماوەریان نەبوو، دەخاڵەت کردن لە سیاسەت و ڕەخنەگرتن و دەربڕینی بیروڕای جیاواز بە زەبرو زەنگ و زیندان و ئیعدام وەڵام دەدرایەوە. بەڵام ڕاپەڕین ئیتر لەو بارانەوە هیچ سانسۆرو مەترسیەکی لەسەر خەڵک نەهێشت لەبەرئەوە خەڵک بە وردو درشتی بە ژنو پیاوی ڕوویان بەرەو سیاسەت و دەخاڵەتگیری هێنا بوو. لە هەر شوێنێکدا هەر کەسێک بانگەوازێکی بکردایە، ئینجا ئەگەر دەربارەی هەر مەسەلەیەک بوایە بێ گوێ دانە ئەوەی کە کێ بانگەوازەکە دەکاو دەیەوێت بڵێ چی؟ خەڵک لەدەوری کۆدەبوونەوە. لەم فەزایەدا کۆمۆنیستەکان کە پێشتر دەورێکی چالاکانەیان گێڕا بوو لە بەرپاکردنی ڕاپەڕین و کۆمیتەکانی ڕاپەڕینیان پێکهێنا بوو، شیعاراتیان لەسەر دیوارەکانی شار نوسی بوو، بانگەوازی پێکهێنانی شوراکانیان کرد و بە کردەوە دەستیان برد بۆ دروستکردنی شوراکان لە گەڕەکەکان و کارگاکاندا. هەر بۆیە شوراکان تەواو مۆرکێکی سیاسی کۆمۆنیستانەیان پێوە دیار بوو. مەبەستی من لەوەیە کە هوشیاری خەڵک بۆ ڕێکخراو بوون و ئیدارەکردنی بوارەکانی ژیانیان لەو ئاستەدا نەبوو کە خۆیان خۆڕسکانە هەستن بە پێکهێنانی ئەنجومەن یان شورا یان هەر شکڵێکی تری ڕێکخراو بوون. واتا شوراکان ڕاستەوخۆ بەرووبومی کاری سیاسی کۆمۆنیستەکان بوون بۆ کۆکردنەوەی خەڵک لەدەوری ڕێکخراوی سەربەخۆی خۆیان بۆ ئیدارەدانی کۆمەڵگە. بەڵام لە هەمان کاتدا وەکو گووتم خەڵکی ڕاپەریو وە تینو بە ئازادی و دەخاڵەتگیری و کۆبوونەوە لەدەوری یەکتر، شوراکانی بە تەواوی کردە شورای خەڵک بە گشتی. ئەمە دەتوانێت یەکێک بێت لە خاڵە بەهێزەکانی شورا کە تەواو سەراپاگیر و گشتی بوون لە کاتێکدا بەرەی کوردستانی هێشتا بە تەواوەتی نەگەڕابوونەوە شارەکان و شارەزای شارەکان نەبووبوون. شوراکان لەو کاتەدا دەستیان بۆ چەندین بابەتی سەرەکی برد کە لەو کاتەدا کێشەی سەرەکی خەڵک بوون وە دەیانویست چارەسەری بکەن. یەکێک لەوانە درێژەدان بە پەیامی ڕاپەڕین واتە لە ڕەگ دەرکێشانی تەواوەتی بەعس و بەرگرتن بە گەڕانەوەی. لەم نێوەدا دەستیان بۆ بە سزا گەیاندنی سەرانی بەعس لە دادگای جەماوەریدا برد، وە هێزی چەکداری شوراکانیان پێکهێنا. لەو کاتەدا زۆرجار تەقە و بەکارهێنانی چەک دەبیسترا و شڵۆقی دروست دەکرد و مەترسی گەڕانەوەی بەعس زۆر جدی بوو. لەم نێوەشدا شوراکان نەبەردی بێ وێنەیان نیشاندا لە بەرگریکردن لە ئاسایش و شارەکان، ئەگەر بەرگری ئەوان نەبوایە و بە خوێنی خۆیان گەڕانەوەی بەعسیان لە چەند شوێنێکدا پەک نەخستایە ڕۆشن نەبوو کە چ گۆمێکی خوێن لە شارەکاندا دەخولقێنن ئەوە بوو بواری زیاتر بۆ خەڵک ڕەخسا کە لە چنگی هێزەکانی بەعس هەڵبێن و زەرەرو زیانیان بەر نەکەوێت.
خاڵێکی تری بەهێزی شوراکان گۆڕینی بەڕێوەبەرانی بەعسی و دژە کرێکاری بوو لە کارگەو دامەزراوەکاندا، ڕێک لەو کاتەدا کە بەرەی کوردستانی لە ژێر ناوی لێبوردنی گشتیدا دەیویست بیانگێڕێتەوە سەرکارەکانیان و جاش!! و مستەشارەکان بکاتەوە بە بەڕێوەبەرانی کۆمەڵگە. بەدەر لەمانەش شوراکان ئەرکی فریاگوزاری و یارمەتی خێزانە هەژارەکان و ئاوارەکانیان لە ئەستۆ گرتبوو.
لەم شورایانەدا کۆبوونەوە گشتیەکان بڕیاردەر بوون و نوێنەران دیاری دەکران، ئیتر هەڵسوراوان هەموو دڵسۆزانە هەڵدەستان بە کارەکان. ئەمانەو چەندین خاڵی تر کە کەسانێک ئەو کاتە شاهیدی بوون دەتوانن باسی بکەن، کە لێرەدا جێگەی نییە بە وردی لەسەری بڕۆین و لەم بارەیەوە چەندین کتێب و نوسراو هەن.
خاڵە لاوازەکانی ئەم شورایانەش ئەوە بوو کە هێشتا زۆر ساوا بوون و خاوەن ئەزموون نەبوون. هێشتا نەیانتوانی بوو دوژمنی چینایەتی خۆیان بناسن و هەنگاوی عەمەلی و بەرنامەیان بۆ ئەمە نەبوو. مەبەستم ئەوەیە زیاتر دژە بەعس بوون نەک دژە سەرمایەداری، تەنانەت بە شێوەیەکی گشتی دژی بەرەی کوردستانیش نەبوون، هەرچەندە هەندێ دەنگ هەبوون باسیان لە دوژمنایەتی بەرە بۆ داخوازیە ڕەواکانی خەڵک دەکرد، لە کاتێکدا بەرەی کوردستانی بەڕۆژی ڕووناک لەگەڵ بەعسیەکاندا یەک بەرەیان پێکهێنا بوو وە دیفاعیان لێ دەکردن. وردە وردە زیاتر شورای خزمەتگوزاری بوون، نەک ئیدارەی تەواوی کۆمەڵگە تەنانەت لە هەندێ کاتدا کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی و داخوازیان دەبردە بەردەم بارەگاکانی بەرەی کوردستانی و مەدالیای دەسەڵاتدار بوونیان پێ دەبەخشین.
لە ئێستادا کە هەلومەرج زۆر گۆڕاوە دەسبردنەوە بۆ شوراکان بەو جۆرەی کە لە ئازاری ١٩٩١ بوون، ئیمکانی نییە بەداخەوە. چونکە شوراکان لە هەلومەرجی نەبوونی دەسەڵات و ڕاپەڕیندا سەریان هەڵدا کە ئێستا لە ئارادا نییە. بەڵام سونەتی شورایی یەکێکە لەو سونەتانەی کە هەمیشە دەبێ پێداگر بین لەسەری لە هەر هەنگاوێکدا کە کرێکاران و خەڵکی ستەمدیدە دەستی بۆ ببەن لە ناڕەزایەتیەکانیاندا بەرامبەر دەسەڵاتداران. واتە ئەو ترۆپکی دیموکراتیەتەی کە کۆبوونەوە گشتیەکان بڕیاردەرو هەڵبژێرەری نوێنەرانی خۆیان بن بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکانیان و هەر کاتێکیش نوێنەران بەهەر هۆیەکەوە نەیانتوانی بڕیارەکان جێبەجێ بکەن بتوانن لایان ببەن و لە جێگەیان نوێنەری تازە هەڵبژێرنەوە. واتە خۆیان داڕێژەو جێبەجێگەرو چاودێری کارەکان بن.
بۆپێشەوە: لە دوای ئەزموونی شوراکان بەڕای تۆ دەست براوە بۆ هیچ جۆرە ئەزمونێکی تری لەو بابەتە لە کوردستان یان لە ناوچەکەدا؟
جەبار موحسین: بەداخەوە نەخێر. وەکو گووتم سونەتی شورایی کە بنەمای مەسەلەکەیە کە هەمیشە دەبێت دەستی بۆ ببرێت لە لایەن کرێکارانەوە، یان چینو توێژە چەوساوەکانی ترەوە، بۆ پێکهێنانی ڕێکخراو و بەڕێوە بردنی ناڕەزایەتیەکانیان، ئەمەشیان هەتا ئێستا دەستی بۆ نەبراوە! ئەمە لە کاتێکدایە کە تا ئێستا چەندین ناڕەزایەتی جەماوەری بەرین بەرپا کراوە لەدژی دەسەڵاتداران. یاخود ناڕەزایەتیە لۆکاڵیەکان لە کارگە و شوێنە جیاجیاکاندا بەڕێخراوە، بەڵام هەرگیز دەست بۆ ئەم سونەتە نەبراوە. ئێوە بڕواننە ناڕەزایەتیەکانی ١٧ی شوباتی ساڵی ٢٠١١ کە هەموو ڕۆژێک لەبەردەرکی سەرای سلێمانی کۆبوونەوەی گشتی دەکرا کەچی هەرگیز باس لە نوێنەر هەڵبژاردن یان گۆڕینی نەبوو، کۆبوونەوەکان بۆ گوێ گرتن بوو لەوانەی لەسەر مینبەرەکانەوە قسە دەکەن نەک بۆ بڕیاردان. سەرئەنجام بەشێک لە”نوێنەران” ئەوانەی دواتر بوونە نوێنەری فەرمی بە ئارەزووی خۆیان هەتا شکست و کۆتایی تەواوەتی ناڕەزایەتیەکان هەر بە نوێنەر مانەوەو بە ئارەزووی خۆشیان پشتیان لە داخوازی و خوێنی ڕژاوی لاوانی ڕاپەڕیو کرد. هەڵبەتە ئەمە تاکە خاڵی لاوازی ئەو ناڕەزایەتیانە نەبوون، بەڵام باسەکەی ئێمە لێرەدا تەنها لەسەر سونەتی شوراییە. ئەو خەڵکە بۆ داخوازی ژیانێکی باشترو مووچەی بەرزترو مافی زیاترو وەلانانی دەسەڵاتی گەندەڵ و فەرهوودچیانی کوردستان بوو، بەڵام نوینەرایەتی ئەم داخوازیانە نەکرا و هەرگیز وەلانانی ئەوانەی لە کۆتایدا خۆیان کردبووە نوێنەر، نەبووە باسی کۆبوونەوە گشتیەکان. لە ڕاستیدا دەبێ دانیش بەوەدا بنێین کە هێشتا کرێکاران و خەڵکی ناڕازی کوردستان نەگەیشتوونەتە ئەو ئاستە لە هوشیاری کە سونەتی شورایی وەک بەدیلی ڕێکخراوی خۆیان چاو لێبکەن ئینجا گرنگ نییە ڕێکخراوەکەیان چ ناوێکی دەبێت.
لەم چەند ساڵەی ڕابووردوودا بە ناحەق تەجروبەی دەسەڵاتدارێتی کوردستانی سوریا وەک دەسەڵاتی شورایی نیشان دەدرێت، بەڵام ئەم ئەزموونە هیچ پەیوەندییەکی بە شوراو سونەتی شوراییەوە نییە. وشەی خۆجێیی خۆ بە خۆ دەسەڵاتداران؛ ناکاتە دۆستی کرێکارو ڕێکخراوی شورای ئەوان. ڕێکەوتنە ژێر بەژێرەکانی ئەو دەسەڵاتە لەگەڵ ئیمپریالیزمی جیهانیدا و بازرگانی کردن لەگەڵیاندا لە هیچ کۆبوونەوەیەکی ئاشکراو گشتیدا بڕیاری لەسەر نەدراوە، یاساو دەزگای ئاسایش ڕێک کۆپیەکن لە یاساو دەزگاکانی سەردەمی بەشار ئەسەد، ئەمەش هیچ نزیکایەتیەکی لەگەڵ سیستەمی شوراییدا نییە.
دەبینرێت لە هەندێ جێی کوردستاندا بە تایبەت لە خانەقین هەندێ کاری هەرەوەزی دەستی بۆ براوە کە مایەی دڵخۆشین و هەنگاوێکە بۆ پشت بەستن بە یەکتر، بۆ دەستبردن بۆ ئیدارە بەڵام هەمەگیرو گشتی نین. واتە هەموو بوارەکانی ژیانی نەگرتۆتەوە لەبەرئەوە خەڵکی نەیانتوانیوە هەتا ئێستا پشت بکەنە دەسەڵات و ڕووبکەنە ئەو کارە هەرەوەزیانە. لە هەندێ شوێندا بە مەجبوری بە کۆمەک کارەکان چۆتە پێشەوە واتە وابەستەی گیرفان و ویژدانی کۆمەککاران بووە، نەک ئیرادەی سەربەخۆو ئازادانەی خۆیان لە کۆبوونەوە گشتیەکاندا.
بۆپێشەوە: باسی ١٧ی شوبات و ناڕەزایەتیەکانت کرد. دەسەڵاتداران ڕووبەڕووی قەیران بونەتەوە، ئایا ناڕەزایەتی خەڵک گەیشتۆتە ئەو ئاستە بۆ وەلانانی ئەم دەسەڵاتە؟ ئاستی ڕێکخراوەیی لە کوێدایە؟ دەوترێت دەبێ کرێکاران و خەڵکی ناڕازی لە ژێرەوە دەست بەرن بۆ دەسەڵاتی شورایی و ئیدارەی خۆیان بگرنە دەست، تۆ ڕات چییە؟
جەبار موحسین: ناڕەزایەتیەکان ئێستا گەیشتوونەتە ئەو ئاستەی کە خوازیاری وەلانانی ئەو دەسەڵاتە بن. بەو مانایەی کە ئەمە خواستی زۆرینەی خەڵکی ناڕازییە، نەک بەو مانایەی کە هێزو تواناییان گەیشتبیتە ئەو ئاستە. لە ڕاستیدا تا ئێستا خەڵکی ناڕازی، کە بریتین لە کرێکاران، بە بێکارو سەرکاریەوە، کە بریتین لە فەرمانبەران و مووچەخۆران بە گشتی، چەندین هەوڵیان داوە و مستێکی توندیان لە دەمی دەسەلاتداران داوە، بە دەسەڵاتی فەرمی و نافەرمیەوە، واتە بە دەسەڵاتداران و ئۆپۆزسیۆنەوە. تا ئێستا چەندین جار بەبێ جیاوازی بنکەو بارەگاکانیان سوتاندوون. لەم پێناوەدا گیانبازیان کردووە. بەڵام بە داخەوە هەتا ئێستا لە ئاستی پێویستدا ڕێکخراو نین و چەکدار نین بە سونەتی شورایی و ئاسۆی سیاسی ڕۆشن لە بەردەمیاندا نییە. لە ڕاستیشدا هێشتا هاوسەنگی هێز بە قازانجی دەسەڵاتدارانە، ئەوان پۆشتەوپەرداخن، پڕچەک و یەکلان کە هەر دەنگێکی ناڕازی جدی و ڕوو بە ڕوخان لە خوێن هەڵکێشن، ئەمەشیان بە کردار نیشان داوە. بەڵام هێشتا خەڵکی ناڕازی لە بارەگا سوتاندن زیاترنەچوونەتە پێشەوە، هێشتا دوژمنایەتیان لە بارەگاکاندا بەرجەستە کردۆتەوە نەک لە سیستەمێک کە ئەو حزبانە نوێنەرایەتی دەکەن، نەک لە چەک بەدەستانێکی چڵکاو خۆرو تاوانبارو خوێنڕێژ کە لولەی چەکەکانیان کردۆتە خەڵک. لەم کاتانەدا چەندە ڕێکخراو بۆ بە ئەنجام گەیاندنی ئەم جەنگە پێویستە لە هەمانکاتیشدا لە ناو کۆمەڵگەدا بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری کۆمەڵگە پیویستە. بۆ ئەم مەبەستەش گەشە پێدانی ئەو ئەزموونەی ئێستا لە خانەقین هەیە کارێکی پێشرەوانەیە. ئەوە گرنگە کە بە سونەتی شورایی ئیرادەی گشتی خەڵک بخرێتە گەڕ بۆ ئیدارەدانی گشتی دوورلە دەسەڵاتی پارەو یاسای دەسەڵاتداران. بۆ نموونە بۆچی ناکرێت جوتیارانی کوردستان بەرهەمەکانیان بە ڕێکخراوی کرێکاران و کارمەندانی نانەواکان و فڕنەکان بدەن لە بری فرۆشتنەوە بە دەسەڵاتی بەغدا و پارەکەشیان نادەنێ و بۆتە مایەی بازرگانی نیوان ناسیۆنالیزمی کوردو بەغدا؟ بۆچی ناکرێت سایلۆی جوتیاران کە خۆیان ئیدارەی بکەن دابمەزرێت؟ بۆچی ناکرێت لە گەڕەکەکان بە یارمەتی ڕێکخراوی کرێکارانی کارەبا موەلیدەی کارەبایی بە خۆرایی بۆ مالان دابین بکەن دوور لە دەست تێوەردانی دەسەڵات؟ بۆچی ناکرێت لە گەڕەکەکان ڕەوزەو خانەی پیران بە خۆرایی دابین بکرێت لە بری ئەوە خۆراک و مەسکەن بۆ کارمەندانی دابین بکرێت؟ بەڵام ئەم شتانە هیچی نابێتە مایەی ڕووخانی دەسەڵات، بەڵام دەبێتە مایەی هێز بۆ خەلكی ناڕازی.
تێبینی: ئەم دیمانەیە لە ئۆکتۆبەری ژمارە ٧ بڵاوبۆتەوە…