عرفان کریم …
ئەدەبیات و زمانی سیاسی بزوتنەوەی کوردایەتی، پڕاوپڕە لە چیرۆک و سەرگوزەشتەی ناڕاست و دروستکراو، ئەم بزوتنەوەیە، لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندیەکانی خۆی، بەشێوەیەکی سەرسوڕهێنەر، ڕاستیەکانی ئاوەژۆ کردۆتەوە و دەیان وێنای درۆینەی، سەبارەت بە کەسایەتی و سەرکردەکانی خستۆتەڕوو.
بەدوای مردنی نەوشیروان مستەفا، بزوتنەوەی گۆڕان نازناوی ( باوکی هەژاران) ی، بەم سەرکردەیەی خۆی بەخشی، رۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٣/٣/٢٠٢١ عومەری سەید علی ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەکە لە کۆبونەوەیەکی ڕێخکراوەیی خۆیاندا، ڕایگەیاند، کە ساڵی ٢٠٠٦ جەلال تاڵەبانی وەک سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، ١٠ ملیۆن دۆلاری داوە بە نەوشیروان مستەفا و گردی زەرگەتە و بینای چاودێری دارایییش بەناوی ئەمەوە، تاپۆ کراوە و ئێستاش وەک میراتی ماوەتەوە و بۆتە موڵکی کوڕەکانی.
تەسدیقکردنەوەی ئەم ڕاستیە، لەلایەن یەکێک لەنزیکترین کەسەکانی نەوشیروان مستەفا، بەشێوەیەکی ئاشکراو بە بەرچاوی میدیاکانەوە، ئیدی هیچ گومانیکی نەهێشتەوە، لە پەیوەند بەم ١٠ ملیۆن دۆلارە و تاپۆ کردنی موڵکەکان.
ساڵانێکە، لە میدیاکانی بزوتنەوەی گوڕانەوە، باس لە گەندەڵی دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی دەکرێت، ئیدعاییکارکردن بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری کۆمەڵایەتی دەکەن و هەرازان کەس لە خەڵکی ناڕازی و توڕە لەم دەسەڵاتە، خۆشخەیاڵبوون بەم قسە و بانگەشانە.سەرئەنجامیش، بینیمان کە چۆن بزوتنەوەی گۆڕان، بوو بە شەریکە بەشی پارتی و یەکێتی لەحکومەت و پەرلەماندا.
دیاریکردنی ناوەکانی (پیاوی خاکی) و (سەرکردەی سادە) و پاشانیش نازناوی (باوکی هەژاران)، بەشێکە لەهەمان چیرۆکی مێژووسازی پڕ لەدرۆ و نوسینەوەی حیکایەتی فریودەرانە. ئەوانەی ئەم ناو و نازناوانەیان بەگوێی هەزاران کەسدا، دەدا، ئاخۆ ئێستا، دەبێت بەچ ڕوویەکەوە، بکەونە داکۆکی لەسەر ئەم جۆرە، لە تاڵانچێتی؟ ئایا بردنی ١٠ ملیۆن دۆلار و داگیرکردنی دەیان دۆنەم زەوی لە موڵکی گشتی و تاپۆکردنی لەسەر خۆی و پاشانیش بۆ کوڕەکانی، ئەگەر گەندەڵی نەبێت، ئەوە بەکام هەق و بەپێی کام یاسایە؟
تەجروبەی ئەم ڕەفتارەی نەوشیروان مستەفا و سیاسەتەکانی بزوتنەوەی گۆڕان، پێویستە ببێت بە وانەیەک بۆ جەماوەری ناڕازی و بزوتنەوەی شۆرشگێری لەکوردستان، کە بەڕۆشنی سنووربەندی خۆیان، لەگەڵ ئەم جۆرە لەڕەوت و حزبە پۆپۆلیستانە دیاریبکەن، دەبێ ئەمجارە بە چاوێکی کراوە و هۆشیارانە، بڕواننە ئەو سەرکردە و لایەنانەی کە هاوشێوەی نەوشیروان و بزوتنەوەکەی لە نێوبازنەی چاکسازی لە حکومەتەکەی یەکێتی و پارتیدا، دەخلوێنەوە و هەمیشە ئەمبەر و ئەوبەر دەکەن. هاوکات جارێکی دیکە، نابێت ببنەوە بەسوتەمەنی پڕۆسەی گاڵتەجاڕی (هەڵبژرادنەکان) و کەرەستەی دەوڵەمەندکردنی ئەندام پەرلەمان و وەزیر و بەرپرسەکانی ئەم لایەنانە و لە بەرامبەریشدا، تەنها هەژاری و بێکاری، ببێت بەنسیبیان.
١٥/٣/٢٠٢١