هەموو ٣ رۆژێک یەک ژن لە ئینگلتەرە و وەیڵزدا دەکوژرێت …
سالار حمەسەعید …
دوابەدوای ڕفاندن و کوشتنی ”سارا ئێڤرەراد” ی ٣٣ ساڵە کە لە ٣ی مارسی ئەمساڵدا بێسەروشوێن بوو و دواتر کە تەرمەکەی دۆزرایەوە، ئەم ڕووداوە مەسەلەی توندوتیژی بەرامبەر بەژنانی دووبارە هێنایەوە پێشەوە و بووە سەردێری تەواوی رۆژنامەو بابەتی سەرەکی میدیاکان. تا ئەوڕادەیەی کە لە ئەنجومەنی لۆردەکان ”مجلس اللوردات” دا باس دەکرێت و یەکێک لە ئەندامانی ئەو ئەنجومەنە کە لە نوێنەرایەتی حزبی سەوزی بەریتانیەوە پیشنیاردەکات کە ”پیاوان لە سەعآت ٦ ی ئێوارەوە چوونەدەرەوەیان لێقەدەغە بکرێت تاکو ژنان هەست بە سەلامەتی بکەن”.
ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەم ڕۆژانە رۆشناییەکی زۆر دەخرێتەسەر مەسەلەی گێچەڵ و هەراسانکردنی سێکسی بۆ سەر ژنان و کچان لە بەریتانیا. ژولی بندێل ی نووسەری فێمنیست پێی وایە کە ”ژیانی ژنان و کچان کورتکراوەتەوە بەهۆی ترس و توندوتیژی پیاوانەوە”.
هەر ٣ رۆژێک، ژنێک یا کچێک لە ئینگلتەرەو وەیڵز دەکوژرێت بەوتەی ”بندێڵ”. جا ئەوەی لێرەدا دەبێت باس بکرێت مەسەلەی گێچەڵی سێکسی و هەراسانکردنی سێکسییە لە وڵاتێکدا کە یاساکان زۆر ڕوون و ئاشکران سەبارەت بە هەراسانکردنی سێکسی و چەند ئەم مەسەلەیە بە جدی وەردەگیردرێت لە رووی یاساییەوە. بەلام سەرەرای ئەوەش هێشتا ئەم گێچەلی سێکسیە ڕوودەدات. وەک ئامارەکان دەریدەخەن لە سەدا ٩٧ ی ژنان ڕووبەڕووی گێچەڵی سێکسی دەبنەوە بەتایبەتی ژنانی تەمەن ١٨ بۆ ٢٤ ساڵ. ئەم لێکدانەوانەی کە لەلایەن هەندێ لە ژنانەوە خراونەتە ڕوو ناواقعیانە مامەڵەکردنە لەگەڵ کێشەی ژنان دا. ڕیشەی کێشەکان دەگێڕنەوە بۆ پیاو لەکاتێکدا ئەوە شیکاریەکی ناواقیعی و نائۆبژێکتیڤی ئەم کێشەیەیە کە کێشەکان لە سیستەمەکەدا نابینێتەوە بەڵکو دەیگێڕێتەوە بۆ ڕەگەزی پیاو کە ئەویش خۆی گیرۆدەی هەمان سیستەمە کە ژنانی تیا دەچەوسێتەوە. ئەندامی حزبی سەوز ”بارۆنیس جۆنز” داوایەکی سەیر و سەمەرەی هەیە کە پیاوان لە چوونە دەرەوە قەدەغەبکرێن لە کاتژمێر ٦ ی ئێوارەوە بەپێی ئەم سیاسەتمەدارە ژنان ئیدی کێشەکانیان حەلدەبێت ئەگەر پیاوان لە چوارچێوەی ماڵەکانیاندا زیندانی بکرێن بۆ ماوەی ١٢ سەعات. واتە داوای ئەوەدەکات کۆمەڵگا دەستبەرداری نیوەی ڕێکی دانیشتوانەکەی بێت و واز لە کار و پیشەکانیان بێنن و بەرهەمهێنان ڕابگرن و نەچنە بارو ریستورانت و ئوتێلەکانەوە تا ژنان سەلامەت بن!. بەڵام ئایا ئەوە کۆمەڵگایە کە ئەم ژنە وێنای دەکات یا کۆمەڵگای تەک ڕەگەزی؟ ئەمە چ ڕێگە چارەیەکە خاتوو جۆنز؟ دیارە جیهان تەنها لە یەک گۆشەنیگایەکەوە دەبینێت. گومانی تێدا نیە کە ئەوەی هەڵدەستێ بە پەلاماری سێکسی یا گێچەڵی سێکسی کەمایەتیەکن دەبێ لێپرسینەوەیان لێبکرێت و نەهێڵرێت کە ببنە ڕێگری لە نێو کۆمەڵگادا. نەک بە سزادانی تەواوی کۆمەڵگا. بەداخەوە ئەوەی باسدەکرێت لە میدیاکانەوە سەبارەت بەم بابەتە واتە گێچەڵی سێکسی زیادەڕەویە و ناواقیعی یانە ڕوانینە لەم کێشەیە. پیاو بەگشتی بەبێ هەڵاواردن بە دڕندە وەسف دەکرێت لە وتارەکانیاندا تا ئەو ڕادەیەی کە یەکێک دەڵێت: ژنان بەردەوام لە ترس دادەژین، ترسی بە زۆر سێکس لەگەڵ کردن و پەلاماردان و توندوتیژی، هیچ شوێنێک نیە بۆ ژنان لەم سەرزەمینەدا کە سەلامەت بێت بۆ ژنان”. کاتێک ڕەخنەدەگرین لەم بۆچوونانە مانای ئەوە نیە کە هەوڵی پاساوهێنانەوە بدەین بۆ تاوانکاران، بەپێچەوانەوە، ئەوەی لێرەدا مەبەستە، تێروانینێکی واقعییانە بۆ ئەم بابەتە، نەک بە گشتیکردن و گەیشتن بەو ئەنجامگیریە زیادەڕەویانە، بە تەریکردنی پیاوان لە کۆمەڵگاو تاوانبارکردنی تەواوی پیاوان. کە ئەمە تێڕوانینێکی فیمینیستانەی نادروستە لە کێشەی گێچەڵی سێکسی بۆ سەرژنان. هەندێ ڕاستی هەیە کە دانیپێدادەنێین لەوانەش توندوتیژی نێو ماڵە کە بە ڕێژەیەکی ئێجگار زۆر زیادی کردووە لە یەک ساڵی ڕابردوودا لەوەتی ئەم پەتای کۆرۆنایە دەستی پێکردوە کە دەبێت سەرکۆنەبکرێت و ڕێگە نەدرێ بە بەردەوام بوونی ئەم دەستدرێژیانە.
لە کۆمەڵگایەکدا کە لەسەر بنەمای نابەرابەری و نایەکسانی دامەزراوە، سەروەت و سامانی کۆمەڵگا لەدەستی کەمایەتیەکی زۆر بچووکدا کۆبۆتەوە و زۆرینەش لێی بێبەشن، لەوەها کۆمەڵگایەکدا بێگومان توندوتیژی و ئەنجامدانی تاوانی تیایدا هەمیشە بەرەو زیادبوون دەچێت. هەموو ئەم تاوانانەی کە ڕوودەدەن لە کۆمەڵگادا لە کوشتن و پەلاماردانی بەردەوامی سێکسی و هتد دەرهاویشتەکانی کۆمەڵگا نابەرابەری و نایەکسانەکەی دەسەڵاتدارێتی بۆرژوازی و سیستەمی کاپیتاڵیزمە. وێناکردنی پیاوان بە مرۆڤکوژ و پەلاماردەری ژنان و ئەنجامدەری گێچەڵی سێکسی و توندوتیژی نێوماڵ بەوەی کە ئەمە لە سروشت و دەروونی پیاودا هەیە، لێکدانەوەیەکی ئیجگار هەڵە و نادروستە و دەبێت بەرامبەری ڕابوەستین و نەهێڵین ئەم ڕەوتە لە بیرکردنەوە بەردەوام بێت.
١٢ی مارسی ٢٠٢١