نووسینی: مستەفا باهیر
سێ دەیەیە دوو حزبی ناسیۆنالیستی کوردی بەهاوکاری حزبە ئیسلامیەکان و بەهێزی چەک خۆیان سەپاندوە بەسەر خەڵکی کوردستانداو بوون بە دەسەڵاتدار تیایدا. لە ماوەی دەسەڵاتیاندا گەورەترین کارەساتیان بەسەر خەڵکی کوردستاندا هێناوە، جگە لە بەتاڵانبردنی سەروەت و سامانی کوردستان و دروستکردنی شەڕی ناوخۆی و هێنانی سوپای بێگانە و نەبوونی هیچ خزمەتگوزارییەک ..هتد. ئێستاش کەوتونەتە بڕێنی موچەو قوتی خەڵکی و هەرکەسیش دەنگ بەرزکاتەوە بەسەرکوت و…
…فیشەک جوابی دەدەنەوە. زۆرجاریش بۆ چەواشەکردنی ڕای گشتی کۆمەڵێک چالاکوانی سیاسی دەگرن و ڕاپێچی بەردەم دادگایان دەکەن. بەڵام ئێمە کۆمۆنیستەکان ماوەی ٣٠ ساڵە دەڵێن لەکوردستاندا شتێک نییە بەناوی سەروەریی یاسا و دادگایەک نییە کە بۆ هەمووان یەکسان بێت. ئەو یاساو دادگایەی کە هەیە تەنها داردەست و ئامرازێکی سەرکوتکەرە بەدەست دەسەڵاتەوە بۆ کپکردن و نەهێشتنی دەنگە ناڕازییەکان و بەدەستهێنانی ئامانجەکانی خۆیان.
رووداوەکەی ڕۆژی ١٦ی شوباتی ٢٠٢١ لە دادگای ٢ی هەولێر جارێکی تر ئەو قسەیەی ئێمەی پشتراستکردەوە. ئەویش دوای دەرکردنی بڕیاری سزای شهش ساڵ زیندانیكردنی بهسهر چەند ڕۆژنامهنوس و چالاکوانێکی ناوچەی بادینان، کە پێشتر لەلایەن مەسرور بەرزانیەوە بە “سیخور” و “تێکدەر” ناوزەندی کرابوون. هەربۆیە ئەم بڕیارەی دادگای هەولێر، جگە لە سزایەکی سیاسی کە سەپێنراوە بەسەر کۆمەڵێک لەو ئینسانانەی کە ناڕازین بەدەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی، هیچیتر نییە.
دەسەڵاتی ناسیۆنالیزمی کورد لەماوەی سێ دەیەی دەسەڵاتداریەتی خۆیدا کارنامەیەکی ڕەش و دژی ئینسانیان تۆمارکردووە. بەهەموو شێوەیەک سەرکوتی خەڵکی هەژاری کوردستانیان کردووە، هەرکەس رەخنە یاخود دەنگی ناڕەزایەتی بەرزکردبێتەوە سەرکوتیان کردوە. لەڕێگای تیرۆر و ڕفاندن و بێسەروشوێنکردنی دەیان کەس لە ڕۆژنامەنووسان و هەڵسوڕاوانی سیاسی و کۆمۆنیست، یان لە ڕێگای کوشتن و تەقەکردن و شەق وەشاندن لە خۆپیشاندەرانی بەرهەقی خەڵکی بێکارو هەژارو برسی. زۆر جاریش ڕێگای یاساو دادگایان بەدەستەوە گرتوەو فایلیان بۆ دروستکردون و سزای زیندانیکردنیان بەسەردا سەپاندون.
هەموو ئەمانە نموونەیەکی کەمن لەو تاوانانەی کە دەسەڵاتی ناسیۆنالیزمی کورد و حزبە ئیسلامیەکان لەماوەی ئەم ٣٠ ی ساڵەی دەسەڵاتیاندا، بەهێزی چەک و بە زۆر سەپاندویانە بەسەرکرێکاران و هەژارانی کوردستاندا. پارتی ئەم جارە بەبێ هاوکاری حزبەکانی ناو حکومەتەکەی، تەنانەت بەبێ ئەوەی پێویستی بە بەڵگە هەبێت لە دادگایەکی بەعس ئاسادا سزای زیندانیان بۆ ئەو چالاکوانە سیاسی و ڕۆژنامەنووسانە بڕیەوە کە بۆ بژێوی ژیانی خۆیان وبێبەشانی کۆمەڵگە هاتونەتە مەیدان. لە ترسی خرۆشان و هاتنەمەیدانی ناڕەزایەتی جەماوەری و ئەو قەیرانەی کە دەرگیری حکومەتەکەی مەسرو بارزانی بووە. بۆیە دەست بۆ هەموو سەرکوتێک دەبات تا بتوانێت جەماوەر بێدەنگ بکاو فەزای ترس و تۆقاندن بەسەر کۆمەڵگەدا بسەپێنێ.
لەبارەی ئەو تۆمەتانەی کە دادوەرەکان بۆ ئەم کەیسەیان هەڵبەستووە، گوایە ئاسایشی هەرێمان تێکداوە. ئەوە نەک هەر خەڵکی کوردستان، تەنانەت خودی ئەندامان و سەرانی پارتی خۆشیان دەزانن کە ئەم جۆرە تۆمەتانە چەند پوچ و بێ بنەمان.. خەڵکی کوردستان باش دەزانن ئەوەی کە ئاسایشی هەرێمی کوردستانی تێکداوە، بەرپرسان و کوڕی بەرپرسانن. ئەوانەشی کە سیخوری دەکەن بۆ وڵاتانی دەرەوە و دەستیان لەگەڵ دەوڵەتانی ناوچەکە تێکەڵکردووە، حزبەکانی ناسیۆنالیستی کوردو حزبە ئیسلامیەکانن. لە ڕاستیدا ئەوەی کە دەبێت دادگایی بکرێت و سزای تاوانەکانی وەربگرێت، سەرانی دەسەڵاتی حزبە کوردی و ئیسلامیەکانن، نەک ئەوانەی کە داوای مافی خۆیان دەکەن.
خەلکی کوردستان دەبێت بەرامبەر بەم تاوانەی کە دادگای ٢ ی هەولێر لە ژێر فەرمانی سەرانی پارتیدا پێ هەستاوەو دەرهەق بە چالاکوان و ڕۆژنامەنووسانی بادینان دەنگی ناڕەزایەتی بەرزکەنەوە. ئەم دادگاییە ئیدانەو شەرمەزار بکەن. بێدەنگی لەم تاوانە دەستی سەرانی حزبە کوردییەکان ئاواڵا دەکات بۆ سەرکوتکردنی هەمو دەنگێکی ناڕازی.
هەروەک مارتین نیمۆلەر (١٨٩٢- ١٩٨٤) لە وتە بەناوبانگەکەیدا دەڵێت:
کاتێک نازیەکان کۆمۆنیستەکانیان سەرکوتکرد، من بێدەنگ بووم، چونکە کۆمۆنیست نەبووم، کاتێک سۆسیال دیموکراتەکانیان زیندانی کرد، بێدەنگ بووم، لەبەرئەوەی سۆسیال دیموکرات نەبووم، کاتێک سەندیکالیستەکانیان سەرکوتکرد، ناڕەزایەتیم دەرنەبڕی، لەبەر ئەوەی سەندیکالیست نەبووم. کاتێک جووەکانیان سەرکوت کرد، بێدەنگ بووم، لەبەرئەوەی جوولەکە نەبووم. کاتێک کەخۆمیان سەرکوتکرد، کەسێک نەمابوو توانای ناڕەزایەتی دەربڕینی هەبێت.
بۆیە پێویستە لەسەر هەموان دژی ئەم پیلانەی پارتی بوەستینەوە کە دەیەوێت لە ڕێگای دادگاوە سەرکوتی هەمو دەنگێکی ناڕازی بکا. دەبێت هەمو هەوڵی خۆمان بخەینە کار، بۆ هەڵوەشانەوەی ئەم بڕیارەی دادگای هەولێر تا ئازادکردنی دەستبەجێی هەموو گیراوەکان و قەرەبووکردنەوەیان.