لە سی هەمەین ساڵیادی ڕاپەریندا، راپەرینێکی تر بۆتە پێداویستیەکی لەدواخستن نەهاتوو! …

عەبدوڵا مەحمود

ئەم ڕۆژانە ٣٠ ساڵ بەسەر خرۆشان و راپەرینی جەماوەری کوردستان، بەدژی دەسەڵاتی رەشی بەعسدا، تێدەپەڕێت.

٣٠ ساڵ بەر لە ئێستا، سەرەتا خەڵکی خواروی عیراق و پاشان کوردستان، لە ناوجەرگەی شەرو ملهوری نواندنی ئەمریکاو غەربدا، بەدژی دەسەڵاتی رەشی بەعس هەستان و راپەرین. لە ئاکامی ئەم ڕاپەرینەدا بەعس لە کوردستان وەدەرنراو بارگەو بنەی هیزە سەربازی و ئەمنیەکانی پێچرانەوەو دەسەڵاتی رەشی هەڵپێچرا.

هیواو ئامانجی خواستی خەڵکی کوردستان، لەم ڕاپەرینەدا، دەست راگەیشتنیان بوو بە ئازادی و ئازادییەکان و بەتایبەتیش ئازادی سیاسی و رزگاربوون لەدەست زوڵمی نەتەوایەتی…

بەعس راونرا و دەسەڵاتی سیاسی لە چوارچێوەی سیاسەت و نەخشەی ئەمریکادا، سپێردرا بە هیزەکانی بۆرژوازی کورد، بەدیاریکراویش بە پارتی و یەکێتی. دیارە پارتی و یەکێتی زۆر پێشتر و لەگەڵ دەسپێکی ئەزمەی کەنداودا، هەموو ئومێدی خۆیان بە جەنگی ئەمریکا و سیاسەتەکانیەوە گرێدابوو، تا لەدوای روخاندنی بەعسدا، خەونی بەشداری دەسەڵاتیان لەگەڵ بەغداد بۆ برەخسێت و فەرمانڕەوایی هەرێمی کوردستانیش بگرنە دەست.

بۆ ئەمریکا و غەرب، سپاردنی دەسەڵات بە پارتی و یەکیتی کە گوێ لە مستی خۆیان بوو، پێشتر نەخشەی بۆ کێشرابوو… یەکیك لەو پلانانەی کە دەبوو پارتی و یەکێتی جێ بەجێی بکەن، داسەپاندنی سەرکوت و لەباربردنی خەون و خولیاکانی خەڵکی کوردستان بوو بۆ دەست راگەیشتن بە ئازادی و خۆشبەختی و بەدیاریکراویش پاشەکشەپێکردن بەو رەوت و هێڵە چەپ و کۆمۆنیست و ئازادیخوازە بوو، کە هەوڵی دەدا نەریتیکی نوی لە خەبات و مەیدانداری بزوتنەوەیەکی تر، بکاتە جێگرەوەی بزوتنەوەی کوردایەتی.

بلۆکی چەپ و کۆمۆنیست و ریکخراو و گروپەکانیان، کەپێشتر بە شێوەی نهێنی خەریکی هەڵسوڕان و کاری رێکخراوەیی بوون، لەسەرەتای ئەزمەی کەنداوەوە ئامادەکاریان بۆ سازدانی جەماوەر و ڕاپەڕین دەکرد، رۆڵیشیان لە سازدانی کۆمیتەکانی راپەرێندا هەبوو، بەر لەهێزەکانی بەرەی کوردستانی لەشارەکاندا بەتایبەتیش لەشاری سلێمانیدا، ڕابەرایەتی چەخماغەدانی ڕاپەرینیان کرد و پاشانیش بزوتنەوەی شورایان وەرێخست. شوراکانیان لە زوربەی کارگە و کارخانەکان و ناوەندەکان و گەرەکەکان لەشاری هەولێر و سلێمانی پێکهێنا، ئەم روداو و دیاردە نوێیە، پەیامێکی تەکاندەر بە هێزەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی و هاوکات مایەی نیگەرانی ئەمریکا و غەرب بوو.

سەرباری هەر نارۆشنی و کەموکورتیەک کە کۆمۆنیستەکان و شوراکان هەیان بوو، تەنانەت بە لەبەرچاوگرتنی ئەو راستیەش کە ئاسۆی زاڵ بەسەر بزوتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستیدا، ئاسۆیەکی سۆشیالیستی رۆشن نەبوو، بە تەواوەتی خۆی لە ئاسۆی بزوتنەوەی ناسیونالیستی کورد جیانەکردبووە، بەڵام توانی مۆری خۆی بدات لە روادوەکانی ئەو کاتەو بۆ یەکەمین جار، پێی نایە ناو بەرامبەرکێیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتیەوە لەگەڵ بزوتنەوەی زاڵ لە میژووی سیاسی کوردستاندا.

بزوتنەوەی شورایی و رۆڵی کرێکاران و لاوان و ژنان تیاییدا، وە بەهێنانە گۆڕی ئەلگۆیەکی تری بەڕێوەبردن، توانی بۆیەکەمین جار، بزوتنەوەی کوردایەتی و حزبەکانی توشی ڕاچەنین و ترس بکات و هاوکاتیش نەخشەی رووبەڕووبوونەوەی بۆ بکێشێت….

بزوتنەوەی شورایی، جوانترین دیمەن و دیاردەی ناو تاریکستانی جەنگ و ملهوری ئەمریکا و ئەو کەش تەواو کۆنەپەرستانە زاڵە بوو، کە وێنەی جۆرج بۆش بەرز رادەگیرا و سوپای ئەمریکا وەکو فریاد رەس دەخرایە ڕوو…. بوونی بزوتنەوەی شورایی لەکەشی جەنگی و کۆنەپەرستانەی ئەو کاتەدا، کە بریار بوو دنیا لە ڕیگایەوە ئابدیت بکریتەوە و دوبارە پێناسەی باڵادەستی ئەمریکا بەسەر جیهانی دوای دارمانی سۆشیالیزمی بۆرژوایی دا، بکرێتەوە، هەرگیز ناتوانرێت وەکو دیاردەیەکی ئومێد بەخش لە یادەوەری چینی کرێکار و بیبەشانی کۆمەڵگەی کوردستاندا بسرێتەوە.

بەڵام بەو هۆیەوە کە ڕاپەڕین و خرۆشانی جەماوەری ١٩٩١، نە بەرهەمی خەباتی لە پێشتری شاری چینی کرێکار و بێبەشانی کۆمەڵگەو نەحاسڵی چوونە پیشی بزوتنەوەی شۆرشگێرانەی خەڵکی کوردستان بۆ لابردنی ستەمی نەتەوایەتی بوو، نەیتوانی ئامانجێکی جیاواز لەوەی ئەمریکا و غەرب و بزوتنەوەی کوردایەتی بەدوایەوە بوو، بەدی بهێنێت.

زاڵ بوونی ئاسۆی ناسیونالیستی و ئومێد بەستنی خەڵکی کوردستان بە ئەمریکا و غەرب و خۆشباوەری بە حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی، خرۆشان و راپەرینی خەڵکی کوردستانی لە پێناو خەون و خولیا ڕەواکانیدا  بەشوێنێک نەگەیاند… ناتوانایی بزوتنەوەی شورایش بۆ بەرگری لە شوراکان و خواستەکانی خەڵکی کوردستان لە ئازادی و خۆشبەختی و دامەزراندنی جۆرێکی تر لەدەسەڵات… شانسی داسەپاندنی دەسەڵاتی بە حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتیدا، کە دەسەڵاتی خۆیان دابسەپێنن و بە زۆری چەکیش شوراکان دابخەن و پاشەکشە بە رۆڵی چەپ و کۆمۆنیستەکان تازە کارەکان لە مەیدانی بەرامبەرکێی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا، بکەن.

بەدەسەڵات گەیشتنی حزبەکانی کوردایەتی، بە پێچەوانەی بانگەشەکانی سەرەتای داسەپاندنی دەسەڵاتیان، نەک نەیتوانی کەمترین ئازادی و خۆشبەختی و مافە هەرەسەرەتاییەکانی ئینسانی کورد زامن بکات، بەڵکو دەست ڕاگەیشتن بە نان و ئاو و کارەبا و موچە سەرەتاییترین خزمەتگوزارییەکانیشی کردە ئاوات و خولیایەکی سەختی وەدی نەهاتوو… دزی و تاڵانی ئاشکرای سیستماتیک کرد. هاوکات لەگەڵ ئەوەدا پرسی سیاسی کوردستان و ستەمی نەتەوایەتی بە کەوتنی ڕژێمی بەعس، کۆتایی پێهات و چیتر خەڵکی کوردستان پلە دوو نەمان و زوڵمی قەومیان لەسەر نەما، بەڵام ئەم پرسە هیچ وەڵامیکی یەکجارەکی وەرنەگرتەوە و فیدرالیزمی قەومی بووە منداڵدانی بەرامبەرکێیەکی نوێ، کە هەمیشە خەڵکی کوردستانی لە دڵەراوکێی ململانێی نیوان دەسەڵاتی ناوەندو هەرێمدا راگرتووە و سایەی دوبارە زوڵمی قەومیش هەر ماوە.

ئێستا نزیک بە سی ساڵە، کە نزیکە بە میژووی دەسەڵاتدارێتی بەعس، خەڵکی کوردستان رووبەڕوون لەگەڵ دەسەڵاتی خۆوڵاتی و کوردی… دەسەڵاتێک کە وینەی لە بێمافی هاوڵاتیانیدا بێ وێنەیە، تاکە دەسەڵاتی سەر هەسارەی ئەم زەویەیە کە موچەی فەرمانبەرانی نادات. دەسەڵاتێکی دەگمەنی نا یاسایی ونائاسایی میلیشییاییە، دەسەڵاتێکە لەسەر لاوازی نەیارەکانی، لە بۆشایی و ململانێی ناوچەییدا هەناسە دەدات. دەسەڵاتێکی دژە ئازادییە و هەرچی ئازادی و ئازادییەکانی هەیە، لە دەیان ئەمما و ئەگەر و مقەدەساتی پوچی قەومی و دینی ئەخلاقی و کەلتوری و بنەماڵەییدا، گیرکردووە. سەرکوت و زیندانیکردنی لەسەر چات، رەخنە و نارەزایەتی زۆر سادەی بۆ موچە و خزمەتگوزارییەکان کردۆت نۆرم بۆ پاراستنی دەسەڵاتی… باسێک لە مافە فەردی  ومەدەنیەکانی تاک نییە، ژنان لە خراپترین دۆخدان و بەدەیان هەزاریان بە پاساوی پوچی ناموس پەرستی لێ تیرۆکراوە بێ ئەوەی بکوژانی سزای تاوانی کوشتن درابن… لاوان لەم هەرێمەدا پۆل پۆل ناچار بە جێهیشتنی کوردستان کراون و بە سەدانیان لە رێگای سەخت و سنورە زەمینی و ئاوییەکاندا، بوونەتە قوربانی…

لەژێر سایەی ئەم دەسەڵاتە ٣٠ ساڵیەدا، یاسا نەک فۆرمێک بۆ رێکخستنی کۆمەڵگەو بەرگری لە مافی ئینسان لە نزمترین ئاستیدا نییە، بەڵکو حەربەیەکە بەدەست میلیشیا و حزب و بنەماڵەوە بۆ تۆقاندن و ترساندنی چینی کریکار و بێبەشانی کۆمەڵگەو پارێزەری ئاشکرای تاڵانچیان و تۆمەتبارە زەبەلاحەکانی حزب و بنەماڵەیە… هاوکات دەسەڵات بۆتە نۆکەر و کرێگرتەی حیرفەیی وڵاتە چنگ بەخوێنەکانی ناوچەکە.    

میژووی ٣٠ ساڵەی ئەم دەسەڵاتە هاوشانە بە نارەزایەتی جەماوەری بەدژیدا، لەپیناو ئازادی و مافە سەرەتایەکانی ژیان و گوزەران و ئازادی و مافە فەردی و مەدەنیەکان… کە لە ١٧ شوباتی ساڵی ٢٠١١ خواستی راماڵینی ئەو دەسەڵاتە پێی گرتووە تا هاتووە بەرینتر و فراوانتر بۆتەوە.

ئیستا هیچ رێگایەک بۆ درێژەدان بە دەسەڵات نەماوەتەوە جگە لە توندکردنەوەی سەرکوت و داپڵۆسین. بۆ جەماوەری کوردستانیش رێگایەک نەماوەتەوە جگە لەوەی کە ئەو دەسەڵات رابماڵن و دەسەڵاتێ واقعی خۆیان لەسەر کەلاوەی دەسەڵاتیان بنیات بنێن. لەو راستایەشدا بۆ ئەوەی راپەرین و شۆرشی داهاتووی بێبەشان، لە پێناو خەون و خولیاکانیاندا، بەلارێدا نەبرێت و یان لە نیوەی ڕیگادا نەدزرێت، پێویستی بە ئاسۆی سۆشیالیستی و بە ریکخرابوون و حزبی سیاسی چینی کریکاری دەخالەتگەری سیاسی و کۆمەڵایەتی شۆرشگێرەوە هەیە…

سەرەتای ئازاری ٢٠٢١        

   

Check Also

ئۆکتۆبەری ژمارە ٩٧ کەوتە بەردیدی خوێنەرانەوە!

 ئۆکتۆبەر، ئۆرگانی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستانە ٢٥ی نۆڤێمبەری ٢٠٢٤ بۆداگرتنی ئۆکتۆبەری ژمارە ٩٧، کلیکی ئیڕەبکە:

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *