بەیاننامەی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان بەبۆنەی ٨ی مارس ڕۆژی جیهانی ژنانەوە …
٨ ی مارس ڕۆژی خه‌باتی نێونەتەوەیی ژنان و پیاوانی یەکسانیخوازە دژی نایه‌كسانی و ستەم و چەوساندنەوە دژ بە ژنان، دژی کۆیلەکردن و زەوتکردنی ئازادیەکان و پێشێلکردنی مافە ئینسانیەکانی ژنان. ڕۆژی وه‌ستانه‌وه‌یه دژ به هه‌لومه‌رجێك کە ژنان لە پێگەیەکی نزم و کەمتری کۆمەڵایەتیدا دادەنێت.
له‌سایەی سیستەمی سەرمایەداریدا، لەمسەری دنیاوە بۆ ئەوسەری ژنان ڕووبەڕووی جیاکاری و ستەم و بێمافکردن دەبنەوە. ژنان کرێی کەمتر لە پیاوان وەردەگرن، لەڕووی هەلیکارەوە جیاکاری لەدژیان بەکاردەبرێت. هەراسانکردن و دەستدرێژی سێکسی بۆسەر ژنان تا دەگاتە بازرگانیکردن بە ژنانەوە بووەتە نۆرمی کۆمەڵگا سەرمایەداریەکان. له پێشكه‌وتووترین وڵاتیشدا به بیانوی جیاوازی نه‌ته‌وه و كلتوره‌كان و ئاینه‌كانه‌وه ئه‌وپه‌ڕی كۆنه‌په‌رستی له دژی ژنان پیاده ده‌كرێت. ژنانی ’’بیانی‘‘ و ’’كه‌مینه‌كان‘‘ له په‌راوێزی كۆمه‌ڵگا و خواره‌وه‌دا ڕاگیراون…
لە هەلومەرجی ئێستادا کە کۆمەڵگای مرۆڤایەتی گیرۆدەی پەتای کۆرۆنا بووە، ژنان به‌شی شێریان له قوربانیەکان و نه‌هامه‌تی و بێمافی و بێكاركردنیان بەسەردا سەپێنراوە. به‌كه‌م سه‌یركردن و هاڕینی شكۆی مرۆیی ژنان برینێكی قوڵه و جه‌سته‌ی مرۆڤایه‌تی ئه‌مڕۆی ئه‌نجن ئه‌نجن كردووه و مۆرێكی ڕه‌شی له ته‌وێڵی سیستەمی سه‌رمایه‌داری ئه‌م سه‌رده‌مه داوه.
له كوردستانیش سه‌رباری بێكاركردن و بێمافکردنی ژنان لە فرسەتی کارکردن و زیندانیکردنیان لە چواردیواری ماڵ و سەپاندنی کاری ناوماڵ، سەرباری سەپاندنی یاسا‌و رێسای کۆنەپەرستی ئیسلامی و ناسیۆنالیستی بەسەریاندا، سەرباری باری سەختی ئابوری و کۆمەڵایەتی لە ئاکامی پەتای کۆرۆناوە، توندوتیژی و تیرۆری جه‌سته‌یی و كه‌سێتی ژنان بەردەوامە و ساڵانە ژیانی سەدان ژن دەکاتە قوربانی. ئەمە سەرەڕای په‌ره‌سه‌ندنی زیاتری توندوتیژی كۆمه‌ڵایه‌تی و خێزانی و هه‌راسانكردنی سێكسی و پەرەدان بە دیاردەی له‌شفرۆشی و ده‌یان موسیبه‌تی تر دژ بەژنان.
ڕزگاربوونی ژنان له ژێرچه‌پۆكی سیستەمی پیاوسالاری و تیرۆر و جیاكاری ڕه‌گه‌زی و نه‌بوونی هیچ جۆره ئازادی و یه‌كسانیه‌ك، ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌سته به خه‌باتی چینی كرێكارەوە بۆ ڕزگاركردنی ته‌واوی كۆمه‌ڵگا. ڕزگاری یه‌كجاره‌كی ژنان مه‌سه‌له‌ی كرێكارانه، مه‌سه‌له‌ی هیچ جۆره باڵ و ڕه‌وتێكی بۆرژوازی و فیمینیستی نییه كه خەباتی ژنان بۆ یەکسانی و ئازادی دادەبڕێت لە خەباتی چینی کرێکار بۆ کۆتاییهێنان بەدەسەڵاتی چینایەتی بۆرژوازی و سەرمایەداری.
به‌ڵام له هه‌لومه‌رجی ئێستای كوردستاندا كه ڕێگری به‌رده‌م خه‌باتی سۆشیالیستانه‌ی چینی كرێكار بۆ ڕزگاركردنی كۆمه‌ڵگا، ده‌سه‌ڵاتی میلیشیایی و خێڵهكیانهی بۆرژوا ناسیۆنالیزمی كورده، خه‌بات بۆ ڕزگاری یه‌كجاری پێویسته پێش هه‌ر شتێك ئه‌م له‌مپه‌ره له‌به‌رده‌م خۆیدا هه‌ڵبگرێت. تێكۆشان و هه‌وڵی ژنان و پیاوانی یه‌کسانیخواز و ئازادیخواز به‌شێكه له‌م خه‌باته‌ی چینی كرێكار.
ژنان و پیاوانی یه‌كسانیخواز:
ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت تیرۆر و ژنكوژی بنبڕ بكه‌ین، ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ كۆتایی به له‌شفرۆشی و به كاڵاكردنی ژنان بهێنین كه وه‌ك موخۆركهیهكه و له كۆمه‌ڵگای كوردستانی داوه، ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت كۆتایی به هەراسانكردن و گێچه‌ڵكردن به ژنان و به كه‌م سه‌یركردنیان بهێنین، ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت یاسا كۆنه‌په‌رست و دواكه‌وتووه‌كان كه له دژی ژنانن، هه‌ڵبوه‌شێنینه‌وه و به یاسای یه‌كسانی جێیان بگرینه‌وه، ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت ژیانێكی ئارام و ئازاد و یه‌كسان به‌دیبهێنین و کۆتایی بەهەموو شێوەکانی جیاکاری جنسی بهێنین، ئەوا پێویسته خه‌باتی خۆمان بۆ کۆتاییهێنان بە ده‌سه‌ڵاتی ئێستای سەراپا دژە ژنی دەسەڵاتی حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی و نیزامەکەی به‌هێز بكه‌ین و بیهێنینە مەیدانەوە. با ٨ی مارسی ئه‌مساڵ پێداگری بێت له پێكه‌وه‌گرێدانی خه‌باتی یه‌كسانیخوازانه‌ی ژنان له پێناو كۆتاییهێنان به ده‌سه‌ڵاتی بۆرژوازی كورد و دامه‌زراندنی کۆمەڵگایەکی ئازاد و یەکسان، کۆمەڵگایەک کە له‌سه‌ر بنه‌مای ئیراده‌ی ڕاسته‌وخۆ و سه‌ربه‌خۆی جه‌ماوه‌ری كرێكار و بێبه‌ش، بەڕێوەدەچێت.
١ی مارسی ٢٠٢١