ململانێی نێوان بەغدا و هەولێر بەرەو کوێ؟….

دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ هاوڕێ تاهیر حەسەن کادری رابەری حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان سەبارەت بە ململانێی نێوان بەغدا و هەولێر بەرەو کوێ؟….

بۆپێشەوە: ماوەیەکە چارەنووسی ژیان وگوزەران وتەنانەت پارووی دەمی خەڵکی کوردستان بەستراوەتەوە بە یەکلایی کردنەوەی کێشەی نێوان حکومەتی ناوەند لە بەغداو حکومەتی هەرێم لە هەولێر، بە بڕوای تۆ ڕیشەی کێشەکە چییە و بۆچی ڕێک ناکەون؟.

طاهر‌حسن: ڕەوتی سیناریۆیەکی بەزۆر داسەپێنراوی کۆنەپەرستانە،کە ساڵی ٢٠٠٣ بەهەڵگیرساندنی جەنگێکی خوێناوی لەلایەن دەستەی فەرمانڕەوای ئەمریکاوە لە دژی خەڵکی عێراق دەستی پێکرد، لە غیابی ئەڵتەرناتیڤێکی شۆڕشگێڕانەی پێشڕەودا، دەبوو بەئێرە بگات. قەیرانی ئابووری وسیاسی وحکومەتی وئەمنی ئێستای عێراق وکوردستان، ئاکامی سیاسەتێکی کۆنەپەرستانەی دەستەی فەرمانڕەوای ئەمریکایە، کەساڵی ٢٠٠٣ بەرامبەر بە عێراق گرتیەبەرو تەواوی هێزگەلی ناسیونالیستی کوردو عەرەب وئیسلامی بۆ پچڕینی بەشی خۆیان لە دەسەڵاتی دوای ڕژێمی بەعسدا، بەپیریەوە چوون وکۆمەڵگەی عێراقیان بەم کارەساتەی ئێستا گەیاند. ڕێگە بدەن بڕێک ئەم مەسەلەیە وردتر بکەمەوە.

ساڵی ٢٠٠٣ لەئاکامی ملهوڕی جەنگی ئەمریکادا، ڕژێمی بەعس ڕووخا. دەستەی فەرمانڕەوای ئەمریکا لەژێر بەهانەی کۆنەپەرستانەی پێکهاتەی کۆمەڵگەی عێراقدا، کۆمەڵگەی بەسەر قەوم وتایەفەو مەزهەبەکاندا دابەشکردو بۆ هەر یەکێک لەوانە کوێخایەکی ئەڵقە لە گوێی داناو ناوی نا “ئەنجومەنی حوکم”!. هەر لەسەر ئەم بناغە قەومی ودینی و تایەفییە دەستووری عێراق لە ژێر ناوی فیدرالیزمی قەومیدا نوسرایەوەو ئەم جەهالەت وسیناریۆ ڕەشەش ناوی لێنرا “عێراقی نوێ”!. کە زۆری نەبرد جەنگی ناوخۆی ئەم قەوم و دیانەت وتایەفانە هەڵگیرسا و زیاتر لە١ملیۆن ئینسانی تێدا خەڵتانی خوێن کرا.

لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس، یەکێتی وپارتی بەوهۆیەوە کە لەساڵی ١٩٩١ەوە لەکوردستان دەسەڵاتی تاڵان وبڕۆییان هەبوو، و چەکو پارەیان پێکەوە نابوو، بۆیە لەهەموو هێزەکانی تر زیاتر وەک هێزێکی ڕێکخراو و چەکدارو یەک دەست چوونە نێو ئەم سیناریۆ ڕەشەوە. هەرچی هێزگەلی بۆرژوا ناسیونالیزمی عەرەب وئیسلامی سیاسی شیعەوسوننە بوو، لە هێزێکی قابیلی بەرچاو بەهرەمەند نەبوون. بۆیە حکومەت و پەرلەمانە یەک لە دوای یەکەکان هەمووی بە تەوافقی نێوان ئەو هێزانە پێک دەهات، گومان لەوەدا نییە هەموو تەوافقێکی دیاریکراو لەسەر هاوسەنگی هێزێکی دیاریکراو دەوەستێ، بەوهۆیەوە ئەوێ ڕۆژێ هاوسەنگی هێز بەقازانجی یەکێتی وپارتی بوو، بەرەی بەرامبەر نەیاندەتوانی چاو لە پێ درێژکردنە زیادەکانی یەکێتی و پارتی نەپۆشن، ئەوە بێجگە لەوەی کە خۆشیان پەرتوبڵاو سەرقاڵ بوون بە شەڕی تایەفیەوەو عێراقیان کردبووە بۆمبێکی گەورە. یەکێتی وپارتی بەو شەڕی ناوخۆییە خۆشحاڵ بوون و وەک خێرو بەرەکەت بۆ خۆیانیان دەزانی، دەیان گووت هەتا هێزگەلی ناوەڕاست و خوارووی عێراق یەکتری بخۆن ئێمە لە مەترسی بەدوورین. ڕاستیان دەکرد، چونکەپایەی دەسەڵاتەکە خۆی لەسەر ئەوە دامەزراوە، کەمل کەچ بێت بەوەی کە هەر لایەنە هێزی خۆی لە بێهێزکردنی بەرامبەرەکەیدا پێناسە بکات.

ئێستا ئیتر ئەو هاوسەنگی هێزە گۆڕاوە، بۆیە لەگەڵ خۆیدا تەوافقێکیش کە لەسەر هاوسەنگی هێزی پێشوو کراوە دەچێت بەهەوادا.  ئێستا ئیتر بەرەی بەرامبەر بووەتە خاوەنی سەدان هەزار چەکدارو جانەوەرانی پڕچەکی حەشدی شەعبی، لە پشتیوانی وڵاتانی ناوچەکەو تەنانەت ئەمریکا و ئەوروپاش بەهرەمەندە. بۆیە دەسەڵاتی ناوەند کە هێزگەلی ئیسلامی سیاسی شیعە هەڵیدەسوڕێنێ دەیانەوێ هەنگاو بە هەنگاو ئیمتیازاتەکانی ناسیونالیزمی کورد وەربگرنەوە. ئەڵقەی یەکەمی ئەم ڕەوەندە نوێیە بە ١٦ی ئۆکتۆبەر دەستی پێکرد، ئێستاش داوای نەوتی هەرێم دەکات، کۆنترۆڵی خاڵە سنووریەکانی گەرەکە، گەڕی ئاڵاندووە لە هەڵوەشانەوەی میلیشیای پێشمەرگە، سبەینێیەکی نزیک بە زۆرینەیەکی گاڵتەجاڕی دەستووریش دەخەنەبەردەم هەموارکردنەوەو سەرتاپای دەگۆڕن. ئەمە ڕیشەی قەیرانی سیاسی نێوان بۆرژوا ناسیونالیزمی کورد و یەکێتی وپارتی و تەواوی هێزگەلی بۆرژوایی کوردستانە لەگەڵ دەسەڵاتی بۆرژوا ناسیونال ئیسلامی ناوەند. ئەم قەیرانە  بەر لەوەی ئابووری و مەسەلەی مووچە بێت، لەبناغەدا سیاسیە. هێز گەلی ناوەند خەریکن قەڵەم ڕەوی دەسەڵاتیان فراوان دەکەن، یەکێتی وپارتیش هەوڵدەدەن ئەوەی هەیانە بیپارێزن. کێشەی هیچ لایەکی ئەم دوو بەرەیە بە ئەندازەی نوکە دەرزیەک پەیوەندی بە باشکردنی ژیانی خەڵکی عێراق و کوردستانەوە نییە.

بۆپێشەوە: لە ئەگەری ڕێککەوتن یان ڕێکنەکەوتنی بەغداو هەولێر، چ گۆڕانکاریەک لە هەلومەرجی ژیان وگوزەرانی جەماوەری کرێکاو زەحمەتکێش ڕوو دەدات؟.

طاهرحسن: هێزگەلی دەرەوەی دەسەڵاتی یەکێتی وپارتی بە ئیسلامی وقەومیەوە، بەتایبەتی ئەوبەرەیەی لەپەرلەمانی عێراق دانیشتوون وناوی “هیوا” یان لەسەر خۆیان داناوە، تێدەکۆشن ڕواڵەتی مەسەلەکە وەها وێنا بکەن، کە ئەگەر یەکێتی وپارتی مەلەفی نەوت تەسلیم بەبەغدا بکات، ئیتر دەرگای خۆشگوزەرانی بە ڕووی خەڵکی کوردستاندا دەکەوێتە سەر پشت، ئەم وێناکردنە سەرلەبەری فریوکارانەیە. باشە خۆ شارەکانی ناوەڕاست و خواروی عێراق کێشەی ڕادەستکردنی نەوت و خاڵەسنووریەکانیان نییە، ئەی بۆچی واپەراوێز خراون و سەختترین هەلومەرجی ژیان بەسەر دەبەن؟، ئاوی خواردنەوەیان نییە، کارەبایان نییە، کاریان نییە…هتد. ئەوەبۆ دوو ساڵ دەچێت خەڵکی دەستتەنگی ئەوشارانە لە دژی مافیاکانی دەسەڵات لەسەر شەقامەکانن، وبارەگای حزبەکان ئاگر دەدەن، تا ئێستا سنگی سەدان لاوی ئەوشارانە کراوەتە نیشانەی چەکی میلیشیا ڕەنگاوڕەنگەکان. بۆرژوازی دەسەڵاتدار لە ناوەند بەدەست دەیان قەیرانەوە دەناڵێنێ. لەژێر قەرزی ملیارەها دۆلاردایە، تەنانەت بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی مووچە ناچار بوو بەدەستی خۆی نرخی دراوی عێراقی لەبەرامبەر دۆلاردا بهێنێتەخوارەوە! هەموو مانگێک دەبێ قەرز بکات بۆ ئەوەی بتوانێت مووچەی کارمەندەکانی بدات!، جگە لەدزی وتاڵانی وچەتەیی ئاشکرای دەسەڵاتدارانی عێراق، ساڵانە بە پێی یاسا ملیارەها دۆلار دەکرێت بە گەرووی حەشدی شەعبیدا، تا ئەو ڕادەیەی چەندین جار ڕاوێژکارانی ئابوری حکومەتەکەی کازمی هۆشداری هەرەسهێنانی یەکجاری حکومەت و دراوی عێراقیان داوە. دەمەوێ بڵێم کە وەزعی حکومەتی ناوەندیش زۆر لە دیوەخانەکەی یەکێتی وپارتی ئەگەر خراپتر نەبێت باشتر نییە.

من پێشتر گووتم، بۆ هەردوولا، مەسەلەکە وەڵام دانەوە بە کێشەی ژیان وگوزەرانی خەڵکی عێراق وکوردستان نییە. مەسەلەکە پاراستنی بەرژەوەندیەکانی مشتێک سەرمایەداری کورد وعەرەبە لە قەڵەمڕەوی دەسەڵاتدا، ناوەند بە تەوازنی هێزێک کە ئێستا هەیەتی نایەوێ چیتر ئەوە قبوڵ بکات،کە یەکێتی وپارتی ڕێکەوتنی پەنجاساڵە لەگەڵ کۆمپانیاکان ببەستن.

بۆیە ئەگەر ئەم جارەش و لەبەر هەر هۆیەک ڕێک بکەون، بەر لەوەی مەرەکەبی ڕێکەوتنەکە وشک بێتەوە دووبارە هەڵدەوەشێتەوە. بەڵام ڕێک بکەون یان نەکەون بۆ خەڵکی دەستتەنگی عێراق وکوردستان دەبێ بە چی؟!، داهاتی نەوت بارزانی و تاڵەبانی بیبەن یان هادی عامری ومالکی چ نانێک بۆ سەر سفرەی ئێمە زیاد دەکات؟!.

بۆپێشەوە: ئایا کردنی زۆنی سەوز بە هەرێمێکی سەربەخۆ، دەتوانێت کێشەی مووچە و خزمەتگوزاریەکانی ئەو زۆنە چارەسەر بکات؟.

طاهرحسن: هێنانە گۆڕێی کردنی سلێمانی و هەڵەبجەو گەرمیان بە هەرێمێکی سەربەخۆ لەلایەن یەکێتیەوە، لەلایەکەوە بەکار‌‌هێنانی کارتێکی سووتاوی فشارە بۆ سەر پارتی، وە لە لایەکی ترەوە لەچاوەڕوانیدا ڕاگرتنی تووڕەیی جەماوەری کرێکاران و دەست تەنگانی ئەوناوچانەیە، کە کۆتایی پارساڵ دووبارە بوونەوە بە مەیدانی نەبەردی جەماوەری.

هەموو دەزانین دەسەڵاتی یەکێتی وپارتی لە نێو قەیرانێکی خنکێنەری ئابوری وسیاسی وحکومەتیدایە. ئەم دەسەڵاتە تەنیا بە هێزی چەک ومیلیشیا بە پێوە ڕاوەستاوە. ئەم قەیرانە پەیوەندی وهاوسەنگی نێو خانەوادەی بۆرژوازی کوردیشی لێکترازاندووە. مەسەلەی بەهەرێمکردنی سلێمانی، پێکهاتنی گروپی هیوا، بەرەی دەنگە ناڕازییەکان، هەموو ئەمانە هەوڵی بەشە جۆراوجۆرەکانی بۆرژوازی کوردە بۆ دەربازکردنی دەسەڵاتی سەرمایەیان لەو قەیرانە.

من سیاسەتی بەهەرێمکردنی ئەوەی پێی دەڵێن زۆنی سەوز لەلایەن سەرکردایەتی یەکێتیەوە زۆر بە جدی نابینم، وەک گووتم زۆرتر بۆ فشار خستنەسەر پارتیە، بەڵام ئەگەر جدی بێت وبەکردەوە دەربهێنرێت، لام وایە دەسەڵاتی ناوەند زۆر پێشوازی لێ دەکات، چونکە بەوهەنگاوە بەرەی بۆرژوازی کورد لەنێو گەمەکەدا لاوازتر دەکات. لەو باوەڕەدا نیم سەرکردایەتی یەکێتی ئەو ڕاستیە نەزانێت، کە ململانێی بۆرژوازی ناوەند لەگەڵ سەرجەم دەسەڵاتی بۆرژوا ناسیونالیزمی کورددایە، یەکێتی و پارتی باقی قوماشەکانی بۆرژوازی کورد هەرشتێکیان لەبەرامبەر یەکتردا هەبێت یان نا، سەرئەنجام هەموویان لە بەلەمێکدان، بۆیە هەر شینی یەک ڕیزی دەکەن لەبەرامبەر ناوەنددا.

یەکێتی و ڕۆشنبیرە معاشخۆرەکانی دەیانەوێ ڕواڵەتی مەسەلەکە وەها وێنا بکەن، کەئەگەر سلێمانی ودەوروبەری بووە هەرێمێکی سەربەخۆ، ئیتر تەواوی کێشەکان چارەسەر دەبن، ئەمە درۆیەکی شاخدارە. بۆ مەگەر یەک چارەکە سەدە نییە زۆنی سەوز بەزۆری چەکو بەناڕەوا تەنیا بەدەست یەکێتیەوەیە؟. خەڵکی ئەم ناوچەیە جگە لە بێکاری وگرانی و بێ مووچەیی وبێ ئاوی وبێ کارەبایی ونەبوونی خزمەتگوزاری و وێرانی کەرتی تەندروستی وسەرکوتی سیاسی وکوشتنی لاوانی ناڕازی وفڕاندنی ڕۆژنامەنووسان ودزی وتاڵانی ودەیان باندی قاچا‌غی فرۆشی نەوت ودەرمانی ئێکسپایەرو دەیان موسیبەتی تر، چیان لە سایەی دەسەڵاتی چەتەیی یەکێتیدا بە نسیب بووە؟!. سەرکردایەتی یەکێتی خۆیان ئەوە ناشارنەوە کە شەو و ڕۆژ لە سنوورەکان ملیۆنەها دۆلار دەچێتە سەر سەرمایەی کەڵەکەبووی مەسئولەکان. چارەکە سەدەیەکە کرێکاران و زەحمەتکێشان هەر هەژارو دەستکورت تر دەبن، و بەچکە ملیاردێرو ملیۆنێریش هەرزیاد دەبن. هەرچی سەرچاوەکانی ژیانە بە زۆری چەک بۆ خۆیان قۆرخیان کردووە، خێرە ئێستا بە بەهەرێمکردنی سلێمانی کە خۆشیان سەروبەری نازانن، خەڵک خۆش بەخت دەبێت. بۆیە ئومێدگرێدان بەبەهەرێمبوونی سلێمانیەوە، جگە لە کڵاوکردنە سەری خۆ شتێکی تر نییە.

بۆ پێشەوە: کەواتە خەڵکی کوردستان چ ئەرکێکی دەکەوێتە ئەستۆ، دەبێ چی بکات؟.

طاهر حسن: خۆپیشاندانەکانی کۆتایی ٢٠٢٠ ئەو پەیامەی بە هەموو لایەکدا، کەجەماوەری کرێکاران ودەستتەنگانی کۆمەڵگە چییان ناوێت، هەموو بەرەی ڕاستیان کردە نیشانە و بارەگاکانی حزبەکانی دەسەڵات و بەناو ئۆپۆزسیۆنی قەومی و ئیسلامیان ئاگردا. ئەمە پێشڕەویەکی گەورەیە، بەڵام هێشتا ئەوە مەرجی سەرکەوتن نییە. ئێمە دەبێ وەک ڕۆژی ڕووناک بزانین چیمان دەوێ، وە چۆن وبە چ ڕێگایەک بەدەست دێ؟ پێداویستیەکانی چین؟. ئەوەتا بۆرژوازی کورد وحزبەکانی بە تەواوی توانایانەوە تێدەکۆشن ڕێگاچارەی خۆیان بخەنە بەردەم بزووتنەوەی ناڕەزایەتی خەڵک. دەبێ ڕابەرانی ئەو بزووتنەوەیە بۆ یەک چرکەش ئەو ڕاستییەیان لەبەرچاو ون نەبێت، کەدەسەڵاتی ئێستای کوردایەتی بەم فۆرمەی ئێستایەوە دەتوانێت بمێنێتەوەو چاکسازی هەڵناگرێت. یەکێتی وپارتی کۆسپی سەرەکین لەبەردەم بچوکترین ئاڵوگۆڕدا بەقازانجی خەڵک. بۆیە هەرئاڵوگۆڕێکی شۆڕشگێڕانە بەرەو باشتر لە ژیانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندا، ناتوانێت بەڕووخاندنی دەسەڵاتی یەکێتی وپارتی دەست پێنەکات. بەم ئاسۆیەوە دەبێ بچینە خۆئامادەکردن وخۆ ڕێکخراو کردن بۆ ئەم نەبەردە چینایەتیە.

ئێوە دەزانن خەڵکی ناڕازی لە ١٧ی شوباتدا ئاڵای یەکێتی وپارتیان داگرت، بەڵام ئاڵای باڵێکی تری ڕاستی بۆرژوازیان بەرز کردەوە، بۆیە سەرباری گیانبازی بێ وێنەی جەماوەری ناڕازی شکستی خوارد.

بورکانی ناڕەزایەتی لەجێگای خۆیەتی وهەر قوڵپ دەدات، بۆ ئەوەی ئەمجارە نەبێتە نێچیری باڵێکی تری بۆرژوازی، دەبێ ڕابەرانی ئەو بزووتنەوەیە ڕێگاچارەی چینی کرێکارو کۆمۆنیزم هەڵبژێرن، هەرئێستا لە شوێنی کاروژیانیان باوەشی هاوپشتی چینایەتی بۆ یەکتر بکەنەوەو لە دەوری یەکتر دانیشن ونەخشە بۆ ئایندەی ژیانی منداڵەکانیان دابنێن، شورا و ڕێکخراوە جەماوەریەکانی خۆیان پێکبهێنن. هێزی ئێمە بە یەکگرتوو وڕێکخراوبوون لە شکان نایەت.

ڕژێمی بەعس ٢٣ساڵ لە کوردستان دەسەڵاتی بردە سەر، دەسەڵاتی بزووتنەوەی کوردایەتی ٧ ساڵی لەو زیاترە، لەپێناوی ژیانێکی شایستەدا ئیتر دەبێ بەس بێت.

١٢-٠٢-٢٠٢١

Check Also

بانگەواز بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بەکۆمەڵکوژی ئیسرائیل لە فەلەستین، ٢٩ی نۆڤێمبەر

بۆ چینی کرێکار و ڕێکخراو و دامەزراوە کرێکارییەکان بۆ خەڵکی ئازادیخواز و ئاشتیخوازی بەرگریکار لەخەڵکی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *