کێ ئاسایشی گشتی کۆمەڵگا تێك دەدات ؟ …

ئه‌کره‌م عبدوڵا

دەستەواژەی تێکدانی ئاسایشی گشتی رستەیەکە رۆژانە دەسەڵاتە سەرکوتگەرەکانی دونیا  لەدەزگا راگەیاندنەکانیانەوە بەکاری دەهێنێن. ئەم دەستەواژە مەتاتیەیەو دەسه‌ڵات هەرکات پێی خۆشبێت و بۆ هەر بابەتێک کە بیەوێت  ئەتوانێت نەیارەکانی پێتاوانبار بکات. دەسه‌ڵات لەکوردستان  زۆر کەیفی بەم دەستەواژەیە دێت و زۆریش ئیشی پێیەتی، چونکە ئاسان  بەکارهێنانی ئەم دەستەواژەیە وایکردووە کە دەسەڵات زۆر زیاتر لە دەقە یاساییەکانی تر لە رۆژنامەو گۆڤارو تەلەفیزیۆنەکانەوە بەکاری بهێنێت رەواجی پێبدات.

ئەگەر باس لە ئاسایشی گشتی  کۆمەڵگا بێت تەنها باری سەربازی ناگرێتەوە وەک  ئەوەی کە دەسەڵات زیاتر  باسی ئەکات و ئیبرازی دەکات بەڵکو ئاسایشی ئابوری و کۆمەڵایەتی و ژیان و داهاتووی نەوەکانی  کۆمەڵگا و وەزعیەتی سیاسی ئەو کۆمەڵگایە هەمووی پەیوەستە بە ئاسایشی گشتیەوە .

دەسەڵات لە کوردستان 30 ساڵە دەستی گرتووە بەسەر  داهات و سەروەت و سامانی ئەو کۆمەڵگایە، هەرچی ئاسیش بێت بۆ تاکەکانی نەماوەتەوە کەچی رۆژانە شەڕی تێکدانی ئاسایشی گشتی بە تاکەکانی ئەفرۆشێت.

دەسەڵاتی کوردی شانی خۆی لەژێر هەر بەرپرسیاریەک کە بەرامبەر کۆمەڵگا هەیەتی داماڵیوە، کە ئەبێت بیکات بۆ دابینکردنی ژیان و گوزەران و پێداویستیە سەرەتاییەکان کە هەر ئینسانێک رۆژانە پێویستی پێیەتی کە بووەتە هۆی نائارامی و دڵەراوکێیەکی زۆر بۆ تاکەکانی  کەچی نەبونی ئارامی و ئاسایش لە کۆمەڵگادا ئەخاتە ئەستۆی ئەوانەی کە ناڕەزایەتی بەرامبەر سیاسەتەکانی ئەوان دەردەبڕن.

 کێ بەرپرسیارە لە تێکدانی ئاسایشی گشتی کۆمەڵگەی کوردستان، تاکەکانی کۆمەڵگا یان دەسەڵات خۆی ؟

دەسەڵاتی کوردی خۆی هێزی سەربازی و هێزە سیخوڕەکانی  دەوڵەتانی ناوچەکە راپێج ئەکات بۆ ناو کوردستان کە بونەتە پشێوی و  نائەمنی، کەچی هەر  دەسەڵات خۆشی خەڵک تاوانبار ئەکات بە تێکدانی ئاسایشی گشتی کۆمەڵگا .

دەسەڵاتێک لە سەرەتای نەوەتەکانەوە تا ئەمڕۆ هیچ بوارێک نابینێتەوە کە ئەم دەسەڵاتە دەستی بەسەردا نەگرتبێت و پشکی شێری لە پرۆژە ئابوریەکانیدا نەبێت وە داهاتەکشی لەدەست سەرانی حزب و بنەماڵەکانیاندا قەتیس دەبێتەوە، کەئەمەش وایکردووە  هەژاری تەشەنە بکات لە کۆمەڵگاداو ئاسایشی ئابوری کۆمەڵگا بشێوێنێت.

 نەبوونی موچەی مامۆستاو فەرمانبەرو دام ودەزگاکانی تری دەوڵەت  وایکردووە کە ژیانی بەشی زۆری کۆمەڵگا ببێتە کولەمەرگی. ئەمەش جموجۆڵی بازرگانی و کاروکاسبی ناوبازاڕی توشی فەلەجی کردووە وە  ئەمەش بوه‌تە هۆی ئەوەی کە ژیانی رۆژانەشی بە شێوەیەکی ناجێگیر بەسەر ببات .

لاوانێکی  زۆر ساڵانە خوێندن تەواو ئەکەن و ئەبنە لێشاوێک لە بێکاران لە ناوکۆمەڵگادا هیچ ئومێدو ئاسۆیەکی بۆ ژیان نابیننەوە، بۆیە بەشێکی زۆریان بەناچاری رێگەی هاتونەهات بەرەو هەندەران ئەگرنەبەر. ئەمە دەرئەنجامی لاموبالاتی دەسەڵات و نا بەرپرسیاریەتیان لە بەرامبەر لاوانی کۆمەڵگا ئەیگرنەبەر وایکردووە کە بەسەدەهایان بێسەروشوێن بن، کە ئەمەش  لەسەر خێزان و بنەماڵەکانیان رەنگی داوەتەوە.

هەر تاکێکی کۆمەڵگا ئەیگریت لە چاوەڕوانیەکی بێهودەو نائومێدیەکدا ئەژیت. دەسەڵات بەرپرسی یەکەمە لە ئاست هەموو ئەو کێشانەی کە بەرۆکی تاکەکانی کۆمەڵگای گرتووە، کەچی هەرجارە نا جارێک کەسێک یان دەستەیەک تاوانبار ئەکات بە تێکدانی ئاسایشی گشتی.

تیرۆرکردنی رۆژنامەوانان و گرتن و دادگایی کردنیان  و تۆمەتبارکردنیان بە کاری سیخوڕی بەناوی تێکدانی ئاسایشی گشتی بێجگە لەدرۆیەکی گەورە  هیچی تر نیە. ئەمە بۆ چاوترساندنی کۆمەڵگاو دورخستەوەی خۆپیشاندان و درێژکردنەوەی تەمەنی نەگریسی دەسەڵاتەکەیانە.

ئایا بەراست راوەشاندنی پەرۆیەک، نوسینی وتارێک یان ناڕەزایی دەربڕینی کۆمەڵگا بۆ دابینکردنی پێداویستی ژیان  و  گوزەرانیان و دیاریکردنی چارەنوسی سیاسی کوردستان  بۆ رزگاربون لەم سەرگەردانیە ئاسایشی گشتی ئەشێوێنێت یان بونی دەسەڵاتێکی میلیشیایی و سیاسەتی پاوانخوازی ئەوان؟ کە بێجگە لە پاراستن و بەرژەوەندی بنەماڵەکانیان هیچ بەرژەوەندیەکی تر رەچاو ناکەن.

لە کۆمەڵگایەکدا نەبونی موچەو کارو  خزمەتگوزاری و پێداویستیەکانی ژیان و نادیاری سیاسی بوبێتە سیمای گشتی کۆمەڵگا، ئاسایش و ئارامی چ مانایەک پەیدا ئەکات ؟ هەر خێزان و تاکێکی کۆمەڵگا لەکاتێکدا نە هەست بە ئاسودەیی و نە ئارامی و نە زامنی داهاتوی نەوەکانی بکات، ئەبێت ئاسایشی گشتی کامە بێت کە دەسەڵات بانگەوازی بۆ ئەکات، بێجگە لە ئاسایشی دارودەستەکانی خۆیان نەبێت.  

هەر بوارێکی ئەو کۆمەڵگایه‌ دەستی بۆ دەبەیت وێرانەیە، بواری تەندروستی و خوێندن و کارەبا و  رێگەوبان و دام و دەزگاکانی تری کە پەیوەستە بەکاروباری تاکەکانی کۆمەڵگا بونەتە کێشەو گیروگرفتی رۆژانە . کۆمەڵگایەک ئەمە سەروسیمای بێت ئاسایشی گشتی چ مانایەکی ئەبێت بۆی.

  لەسایەی ئەم دەسەڵاتەدا ساڵانە بە هەزارەها دۆلار ئەکەن بە گەروی حزبە ئیسلامیەکاندا، کە ئەمانیش بەشێکن لە تێکدانی ئاسایشی گشتی و ژیان و گوزەرانی کۆمەڵگا. 

 کێ بەرپرسیارە لە تێکدانی ئاسایشی گشتی دەسەڵات یان تاکەکانی کۆمەڵگا؟ 

دەسەڵاتی حزبی کوردی  بەهۆی فەرهودی کۆمەڵگاوە بونەتە خاوەنی سەروەت و سامانێکی بێشومار. لەم رێگایەشەوە توانویانە میلیشیای پێشمەرگەی تایبەت بە حزبەکانی خۆیان دروست بکەن و کۆنترۆڵی جومگە سەرکیەکانی ژیان  بکەن، کەبووەتە هۆی تێکدانی ئاسایشی هەرتاکێکی ناو کۆمەڵگا. بەڵام بۆ چەواشەکاری  و شاردنەوەی راستیەکان هەرکەس کە ناڕەزایەتیەک دەرببڕێت  بۆ ئەوەی دەمکوتی بکەن و  چاوسورکردنەوەیەکیش بێت بۆ تەواوی کۆمەڵگا بە تێکدانی ئاسایشی گشتی تاوانباری دەکەن و  دەستگیری دەکەن.

هیچ شارو شارۆچکەیەک نیە کە هێزە چەکدارەکانی حزبی لێنەبێت، کە ئەمانە نەوەک ئاسایشی کۆمەڵگا ناپارێزن بەڵک و بۆ پاراستنی سەروەت و سامان و ئاسایشی  بەرپرسەکانیان ئامادەن ئاسایشی کۆمەڵگا بشێوێنن .

بۆیە  ئەوە دەسەڵات و میلیشیاکەیانە کە بوونەتە هۆی تێکدانی ئاسایشی گشتی کۆمەڵگا نەک خەڵکی کوردستان هەر وەک دەسەڵات ئیدیعای بۆ دەکات و رەواجی پێدەدات.

Check Also

پێگەی ناسیونالیزمی کورد دوای هەڵبژاردنەکان و بەدیلی تر!!

عەبدوڵا مەحمود هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی هات. بەپێچەوانەی پیشبینی و بانگەشەی لایەنەکان کە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *