وەرگێڕان: شوان عەزیز …
ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لەبەرنامەی “زانست لە پێنج دا ” هاتە سەر خەت.
“هەر لەسەرەتاوە کە ڤاکسین لە دژی ئەو کۆڕۆنا ڤایرۆسە کەوتە بازاڕەوە، لەبەرامبەریشدا کۆمەڵێک پڕوپاگەندە لە دژی ئەو ڤاکسینە کەوتە بازاڕەوە لە ڕێگەی سۆسیال میدیاو تەنانەت هەندێک ویبساییتیشەوە. بۆیە ڕێکخراوی تەندرووستی جیهانی هاتە سەرخەت و لە ڕووی زانستیەوە دەستی بە وەڵامدانەوەی ئەو پڕوپاگەندانە کرد. ئەمەی خوارەوە یەکێکە لەو بەرنامانە، و بەپێویستم زانی وەری بگێڕمە سەر زمانی کوردی، بۆ ئەوەی سوودێک بە هاوڵاتیانی خۆشەویستی کورد زمان بگەێنێت.”
ئەمەی خوارەوە ئەو گفتوگۆیەیە کە بە شێوەی پرسیارو وەڵام لە لایەن پێشکەشکاری بەرنامەی “زانست لە پێنج”دا بە ناوی ڤیمیستە گوپتە سمیث و دوکتۆرە کاثرین ئۆبرایندایە.
ڤیسمیتە گوپتە- سمیث: چەندین دیعایەو پڕوپاگەندەو شتی ئەفسانەیی دەربارەی ڤاکسین و کۆڤید ١٩ بڵاوبوونەتەوە. لە بەرنامەی” زانست لە پێنج دا “، هەوڵ دەدەین زانست و ئەو ڕاستیانە ڕوون بکەینەوە کە پەیوەندیدارن بەو پڕوپاگەندانەوە. بەخێربێن بۆ” زانست لە پێنج” دا، من ڤیسمیتە گوپتە سمیث و ئەوەش گفتوگۆی “دەبلیوئێچ ئۆ” یە لە ڕووی زانستیەوە. ئەوڕۆ، دکتۆرە کاثرین ئۆبڕاین وەڵامی پرسیارەکانی ئێوە دەداتەوە. بە خێر بێیت، کەیت.
دوکتۆرە کاثرین: زۆر سوپاس و خۆشحاڵم کە لەگەڵ ئێوەدام.
ڤیسمیتە گوپتە- سمیث: کەیت، یەکێک لەو پڕوپاگەندانەی کە بەزۆری دەیبیسین بریتیە لەو ڤاکسینەو نەزۆکی. چ ڕاستیەکی زانستی لەپشتی ئەوەوە هەیە؟
دوکتۆرە کاثرین: ئەو ڤاکسینانەی ئێمە دەیاندەین ناتوانن ببنە هۆی نەزۆکی. ئەوە پڕوپاگەندەیەکە هەر لە ئارادابووە دەربارەی چەندین جۆری ڤاکسین، و بۆیە هیچ ڕاستی لەو پڕوپاگەندەیەدا نییە. ڤاکسینێک نییە کە ببێتە هۆی نەزۆکی.
ڤیسمیتە گوپتە-سمیث: کەیت، پڕوپاگەندەیەکی تر لە ئارادایە گوایە ئەو ڤاکسینە دەبێتە هۆی گۆڕینی “دی ئێن ئەی” ئایا زانست دەربارەی ئەمە چی دەڵێ و چ ڕاستیەکی تێدایە؟
دوکتۆرە کاثرین: بەڵێ، ئەو پڕوپاگەندانەمان زۆر بیستووە. لە ئێستادا دووجۆر ڤاکسینمان هەیە کە پێیان دەگوترێ ڤاکسینی” ئێم ئاڕ ئێن ئەی” وە مومکین نییە کە ئەو ڤاکسینانە بگۆڕێن بۆ “دی ئێن ئەی” . هەروەها مومکین نییە کە ” ئێم ئاڕ ئێن ئەی ” بتوانێت کە ” دی ئێن ئەی” خانەکانی ئێمەی ئینسان بگۆڕێت.
ئەدی ” ئێم ئاڕ ئێن ئەی” چییە؟ ئەوە بریتیە لە فەرمان و تەعلیمات بۆ لەش کە پڕۆتین درووست بکات. زوربەی ڤاکسینەکان لە ڕاستیدا بەجۆرێک گەشەیان پێدراوە کە پڕۆتین بدەن یان پێکهاتەیەکی بچووک لە میکڕۆب بدەن کە ئێمە وا خەریکین لە دژی ڤاکسین بەکاردێنین. بۆیە ئەوە ڕێبازێکی تازەیە. لەجیاتی ئەوەی بێین ئەو پێکهاتە بچکۆلە بدەین، دێین فەرمان و تەعلیمات دەدەین بەلەشی خۆمان کە خۆی ڕاستەوخۆ ئەو پێکهاتە بچکۆلەیە دروست بکات، ئینجا سیستەمی بەرگری لەش ڕاستەوخۆ وەڵام بداتەوە.
ڤیسمیتە گوپتە-سمیث: کەیت، پڕوپاگەندەیەکی تر کە بە بەردەوامی لە ئارادایە دەربارەی پێکهاتەی ڤاکسینەکەیە. گوایە پێکهاتە کیمیاویەکانی ئەو ڤاکسینە زیان دەگەیەنن بەو کەسانەی ئەو ڤاکسینە لە خۆدەدەن. بە یارمەتیت دەتوانی ڕوونی بکەیەتەوە کە هیچ بەڵگەیەکی زانستی لە پشتی ئەو پڕوپاگەندەوە هەیە؟
دوکتۆرە کاثرین: ئەمە ئەفسانەیەو نادروستە. ئەو ڤاکسینانەی ئێمە هەمانن سەلامەتن. هەموو ئەو پێکهاتانەی کە لەو ڤاکسینەدا بەکارهاتوون و چەندایەتیشیان بە تەواوی تاقیکراوەتەوە کە دەبێ بۆ ئینسان سەلامەت بن. ئەو ڤاکسینانە لە چەندین توخمی جیاواز پێکهاتوون و هەمووشیان تاقیکراونەتەوە. پێش ئەوەی لە ئینسان بدرێن، لەسەر ئاژەڵان تاقی کراونەتەوەو بۆ هەر جۆرە کێشەو نەخۆشیەک لەسەر ئاژەڵان تاقی کراونەتەوە. پاش تاقیکردنەوەیان لە تاقیگەداو تاقیکردنەوەیان لەسەر دەیان هەزار لە خەڵکی، ئینجا ڕێگە دەدرێ کە بخرێنە بازاڕەوەو بۆخەڵک بەکاربێن، و ئیجازەی بازاریان پێدەدرێت. سەلامەتی ئینسانیش بە گەورەترین بنچینە و پێوەر دانراوە لە هەموو ئەو تاقیکردنەوانەدا. هەموو تاکە ڤاکسینێک دەخرێتە بەر تاقیکردنەوەی سەلامەتیەوە ئینجا ڕێگە دەدرێت کە بکەوێتە بازاڕەوە. سەرباری ئەوەش، هەموو پێکهاتەکانی ئەو ڤاکسینانە لە ڕووی دروستکردنیانەوە دەکەونە بەرچاودێری و بەدواداچوونی ورد تاکو دڵنیا بن لە باشی چۆنایەتی” کواڵیتی” ئەو پێکهاتانە.
ڤیسمیتە گوپتە- سمیث: سوپاست دەکەم کەیت. ئەوە دوکتۆرە کاثرین ئۆبراین بوو. ئەگەر پرسیاری زۆرترتان هەبوو دەربارەی ئەو ڤاکسینانە و دەربارەی کۆڤید ١٩، ئەوا پێمان ڕابگەێنن لە ڕێگای کەناڵەکانی سۆسیال میدیاوە. وە ئێمەش ئەوپەڕی هەوڵ دەدەین کە وەڵامتان پێبدەینەوە لە زنجیرەکانی داهاتوودا. هەتا ئەو کاتە و چاوپێکەوتنێکی تر، سەلامەت و تەندرووست بن و پاڵبدەنە زانستەوە.
٥ی شوباتی ٢٠٢١