دوای زیاتر لە مانگێک ململانێی سەخت لەگەڵ نەخۆشی کۆرۆنادا، سەرلەبەیانی ڕۆژی ٢٣ی دیسەمبەری ٢٠٢٠، لە نەخۆشخانەیەکی شاری یاڤلەی سوید، دڵە گەورەکەی شێرزاد فاتح حەبیب، ناسراو بە مامۆستا شێرزاد، لە لێدان کەوت و بۆ هەمیشە بەجێی هێشتین.
شیرزاد لەڕووی شەخسییەوە کەسایەتییەکی دڵسۆز، خەمخۆری کەسوکار و دۆست و هاوڕێیانی، میهرەبان، ڕووخۆش و دڵنشین بوو. لەڕووی سیاسیشەوە ئەو ئینسانێکی مرۆڤدۆست، ئازادیخواز، یەکسانیخواز و کۆمۆنیست بوو. ئەو لەپێناو وەدیهێنانی ئازادی و یەکسانی و سۆسیالیزمدا زیاتر لە سێ دەیە بەوپەڕی توانایەوە خەباتی کرد و تا دواساتەکانی ژیانی لە تێکۆشان وچانی نەدا. خەباتی ماندوونەناسانەی ئەو لەپێناو بەرگری لە مافەکانی مناڵاندا نمونەیەکی بەرجەستەی مرۆڤدۆستی و ئازادیخوازیی ئەو بوو.
مەرگی ناوادەی مامۆستا شێرزاد، دڵی دەیان و سەدان ئینسانی داخدارکرد. بەم بۆنەیەوە، ژمارەیەکی زۆر لە دۆست و هاوڕێیانی، بە نووسین بێت یان بەقسەکردن، هەست و بۆچوونی خۆیان لەبارەی لایەنە جیاجیاکانی کەسایەتی ئەو و کار و چالاکییە سیاسی و ئینسانییەکانی دەربڕیووە. هەروەها، ڕەنگە کەسانێکیش هەبن کە بیانەوێت لەئایندەدا ئەم کارە بکەن.
ژیانی سەربەرزانە و خەباتی دڵسۆزانە و فیداکارانەی مامۆستا شێرزاد لەپێناوی ئازدی و یەکسانیدا شایانی تۆمارکردنە. ئەمە لانی کەمی قەرزێکە کە ئەو بەسەر ئێمەی دۆست و هاوڕێیانیەوە هەیە. لە ڕێگای ئەم ڕاگەیاندنەوە، داوا لە هاوڕێیان و دۆستانی مامۆستا شێرزاد و هەموو ئەو کەسانە دەکەین کە کەسایەتی و کار و خەبات و دەسکەوتەکانی ئەویان بەلاوە گرنگە، کە بیرەوەری و بۆچوونەکانیان لەسەر ئەو و تێکۆشانی ئەو بەشێوەی نووسین تۆمار بکەن و بینێرن بۆ ئەم ئیمەیڵ ئەدرێسەی خوارەوە، بۆئەوەی لە ئایندەیەکی نزیکدا کۆیان بکەینەوە و لە دوو توێی کتێبێکدا بڵاویان بکەینەوە
.
سەنتەری بەرگری لە مافەکانی منداڵان- عێراق
٧/١/٢٠٢١