دانوسانی نێوان هەرێم و بەغدا …

گفتوگۆی بڵاوکراوەی ئۆکتۆبەری ژمارە (٥) لەگەڵ خەسرەو سایە سەبارەت بە:
دانوسانی نێوان هەرێم و بەغدا
ئۆکتۆبەر: چەندینجار وەفدی حکومەتی هەرێم سەردانی بەغدایان کردوەو لەگەڵ حکومەتی ناوەند دا کۆبونەتەوە دەربارەی پرسی بودجەی هەرێم و مەلەفی نەوت قسەوباس کراوە، بەڵام تائێستا بەهیچ ئاکامێك نەگەیشتوون. هۆکاری ئەم بنبەستەی گفتوگۆی نیوان هەرێم وبەغدا بۆچی دەگەڕێتەوە؟
خەسرەو سایە: سەرەتا ئەوەبڵێم کە ئەم هاتوچوونەی وەفدی هەرێم بۆ بەغدا و ئەو هەموو کۆبوونەوانەی کە کراون، نیشانەی یاریەکی سیاسی حەقیرانەیە کە هەردوولا بە هەستونەستی خەڵکەوە دەیکەن تا لەچاوەروانیدا ڕایانبگرن. بێگومان هۆکاری پشتی ئەم یاریە سیاسیەی هەردوولاش، قەیرانێکی ئابوری و سیاسیە کە یەخەی بە هەردوو دەسەلات وحکومەت چ لە بەغداو چ لە هەولێر گرتوە و هەریەکەیان هەوڵدەدات، ئاکامەکانی قەیرانی خۆیان بەسەر ئەوی تریاندا بشکێنێتەوە، لەو نێوەشدا مووچەو قوتی هاوڵاتیان بکەنە بارمتەی ڕاستکردنەوەی باری لاریان بەرامبەر بەخەڵکی نارازی و بێدەرەتان.
لەبارەی هۆکاری بنبەستی گفتوگۆی نێوان هەرێم و بەغداش، بەڕای من مەسەلەکە لەدەرەوەی بابەتی گفتوگۆکانە، واتە کێشەکە دابینکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێم نییە، تەنانەت تێپەرکردنی بەشی هەرێم لەپڕۆژە یاسای بودجەی عێراقدا نییە، وەک ئەوەی باس دەکرێت. بەپێچەوانەوە ئەم کێشانە کۆمەڵە بابەتێکن بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەیەکی سیاسی بونیادیتر کە دوای تێپەڕبوونی دەورەیەک لەپەیوەندیەکانی نێوان هەرێم و بەغدا هاتۆتەکایەوە. خودی کەنارکەوتنی حکومەتەکەی کازمی لە گفتوگۆکانداو گوێزانەوەی دانوسانەکان لەنیوان هەردوو حکومەتی عێراق وکوردستانەوە بۆ ڕێکەوتن لەگەڵ لیژنەی داریی پەرلەمان و ئەو لایەنە شیعیانەی کە لە پەرلەماندا، سەنگەریان لەهەولێر گرتووە، بەڵگەن بۆئەوەی کە کیشەی نیوان هەرێم و بەغدا چۆتە ئاستێکی ترو دەورەیەکی تازەوە. ئەگەر بەشیوەیەکی ڕۆشنتر بڵیم: جێگاوڕێگای هەرێمی کوردستان و حاکمیەتێک کە دراوە بەحزابی ناسیونالیزمی کورد و هەموو ئەو ماف و ئیمتیازاتە ناوچەیی و ئیدرای و سیاسی و ئابوریەی کە وەک هەرێمێك لەدەستوری عێراقدا، لەسەر بنەمای مەسەلەی کورد جیگای پێدرابوو، وە لەم چوارچیوەیەشدا پەیوەندی نێوان هەولێرو بەغدای ڕێکخستبوو، ئێستا وەک خۆی نەماوە.
ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر دەرگای دەورەیەکی تازەی خستەسەرپشت و ئەو هێزهاوسەنگیەی کە لە نێوان هەولێرو بەغدا پێکهاتبوو، تێکوپێکی دا و لێرەشەوە حکومەتی عێرا ق و حزبە باڵادەستەکانی شیعە فرسەتیان هاتەدەست تا هەوڵبدەن بۆ وەرگرتنەوەی ئەو ئیمتیازاتانەی پێشوو، کە لە چوارچێوەی دەستورو حکومەتی فیدراڵدا بە ئەحزابی ناسیونالیستی کورد درابوو. هاوکاتیش هەنگاو بەهەنگاو کاربکەن بەئاڕاستەی زاڵکردنەوەی دەسەڵاتی مەرکەزی بە سەر هەرێمی کوردستاندا و تا ئاستی هەر پارێزگایەکی تری عێراق بچووکی بکەنەوە. گێرانەوەی کەرکوک بۆ سەر دەسەڵاتی عێراق، تا کردنەدەرەوەی هیزی پێشمەرگە لەناوچە جێناکۆکەکان، تا فشارو کێشمەکێشەکانی حوکمەت و لایەنە عێراقیەکان لەسەر فڕۆکەخانەو خالەسنوریەکان، تا ڕاگرتنی پارەی جوتیاران و نەناردنی مووچەی فەرمانبەران و هەموو ئەو بەربەستانەی خرایەسەر ڕەوتی بازرگانی و هاتوچۆی نیوان شارەکانی هەرێم و خوارووی عیراق.. ئەمانە نیشان دەدەن کە کێشەی نێوان هەرێم و بەغدا، لەسەر دووبارە پێناسەکردنەوەی جێگاوڕیگای هەریم و ئیمتیازاتی حاکمیەتێکە کە زیاتر لە دەهەیەکە بەدەست حزبەکانی ناسیونالیزمی کوردەوەیە و جێگایەکی ناشازی لەپەیکەرەی حکومەتی عێرا ق و فیدراڵیزمەکەیدا گرتووە، کەچیتر بۆ لایەنە شیعیەکان قابیلی قەبوڵ نییە. کێشەیەکی ئاواش هەرجارە لەدەوری بابەتێک چەق دەبەستێت. دوێنی مانەوەی هیزەکان لەکەرکوک وڕۆژی دواتر مەسەلەی خاڵە سنوریەکان و فڕۆکەخانەکان بوو، ئەمڕۆش ڕادەستکردنی مەلەفی نەوتی هەرێم بۆتە چەقی بردنەپێشەوەی ئەم کێشەیە.
کە دەڵیین ئەمڕۆ دەورەکە گۆڕدراوە، واتە مەبەستمان بڵێین کە ئەمڕۆ نەشەڕی داعش لەئارادایە کە جێگاوڕیگای کوردستان وهێزی چەکداری حزبەکان، وەک ناوچەیەک بۆ کردە سەربازیەکان سەیر بکرێ ونە هێزی پێشمەرگەش لەبەرامبەر عێراقێکی لاوازو سوپایەکی شکستخواردوودایە، تا بۆ پرکردنەوەی بۆشایە سەربازیەکان بەئیمتیازەوە پەنای بۆ ببرێت. تەنانەت ئەوەی کەپێشتر هەرێمی کوردستان، ناوچەیەکی گەرم بوو بۆ جووڵە دیبلۆماسیەکانی دەولەتان لەپێشیانەوە ئەمریکا و ئەورپا، ئێستا لەژێر کاریگەری ڕووداوەکاندا، نزیکە لەناوچەیەکی کەناری و ئەو بایەخەی جارانی نەماوە. ڕووداوەکانی ئەمریکا و هاتنەسەرکاری بایدن بەبێئەوەی ئاماژەیەکی سیاسی و دەخالەتی ئەمریکا لەسەر چارەنوسی هەرێمی کوردستان و ئەو کێشانەی کەلەگەڵ عێراقدا هاتۆتەکایەوە، بخاتە بەردەست، هەروەها چالاکبوونەوەی زیاتری ڕۆڵی ئێران لەعێراق و هەرەشە لاوەکیەکانی بۆسەر هەرێم، دواتریش سەردانی وەزیری بەرگری تورکیا بۆ عێراق و مەسەلەی ڕیکەوتن لەسەر کێشەی ئاوو کردنەوەی خاڵێکی سنوری کە راستەوخۆ شارەکانی عێراق، ببسەتێتەوە بە بازرگانی تورکیاوە، بەبێئەوەی بەهەرێمدا تێپەڕبێت.. هەموو ئەمانە لەگەڵ ئەوەدا نیشانەکانی ئەو ئاڵوگۆرەیە کە جیگاوڕێگای هەرێمی کوردستانی خستۆتە ژێرپرسیارەوە، هاوکات هاوسەنگی هێزی نێوان هەرێم و بەغدای، بەقازانجی حکومەتی عێراق وحزبە شیعەکان شکاندۆتەوە. لەوەها دۆخێکدایە کە ڕادەستکردنی مەلەفی نەوت کەشیعەکان داوای دەکەن و هەرێمێش ملی پێنادات، بۆتە گرێکوێرەی کۆبوونەوەکانی نیوان هەردوولا و بەبنبەست گەیشتنی.
بەڵام دیارە مەلەفی نەوت بۆ ئەحزابی حاکم لەکوردستان، بەتایبەتی بۆ پارتی بابەتێکی جەوهەریە و هاوشێوەی مەلەفەکانی وەک خاڵە سنوریەکان، داهاتی ناوخۆ و فڕۆکەخانەکان.. نییە. تەنانەت مەلەفی نەوت بۆ پارتی هێشتا وەک مەلەفی کەرکوکیش نیە. بەدڵنیایەوە پارتی ئامادەیە لەسەر هەموو ئەمانە سازش بکات و تەسلیم بێت، بەلام تەسلیمکردنی مەلەفی نەوت بۆ ئەو نەک هەر بەهەوادابردنی دروشمی کوردستانێکی بەهێزە، کە بەستراتیژی ئەم دەورەیەی خۆی ناوزەدی کردبوو، بەڵکو بەمانای بڕینەوەی پەلی ئەودارەیە کەپایە و وجودی دەسەلاتە ناوچەییەکانی ئیستای بۆرژوازی کوردی لەسەر ڕاوەستاوە. نەوت بۆ پارتی و ئەحزابی حاکم لەکوردستان، سەرەرای ئەوەی کە سەرچاوەیەکی گەورەو سەرەکیە بۆ کۆکردنەوەی داهات و تالانچێتی و قایمکردنی کۆڵەکەکانی دەسەڵات و خۆ چەکدارکردن و راگرتنی هیزی میلیشیا و سوپایەکی لایەنگر لەڕۆشنبیران و میدیاکارو پیاوانی بنەماڵەی دەسەلاتدار، هاوکات گرنگترین هۆکارە بۆ ڕاکێشانی دەستی سەدان کۆمپانیای دەرەکی و لێرەشەوە پێکهێنانی پەیوەندیەکی فراوانی سیاسی و دیبلۆماسی لەگەڵ دەوڵەتان و دەرکەوتنی ئەم حزبانە بەسەربەخۆ لەعیراق، لەکایەو مەحافیلە نێودەولەتیەکاندا. لەیەک ووتەدا پارتی ئەمارەتەکانی وەک کوەیت و بەحرەین و قەتەری لەبەرچاوە کە کوردستان لەچاویاندا کەمتر نیە، بەلام بەهۆی نەوتەوە چ جیگاوڕیگایەکیان هەیە. لەمەش زیاتر پارتی ئەوە باش دەزانیت کە لە دۆخی ئاڵۆزی سیاسی و ئابوری ئەمڕۆی عێراقدا، ئەگەر هەموو مەلەفی نەوت تەسلیم بەبەغدا بکات، وەک خواردنەوەی ژەهرێک وایە کە مەرگی ئەکیدی بەدواوەبێت، چونکە باش دەزانێت بە تەسلیمکردنی مەلەفی نەوت، نە کێشەکانی نیوان هەرێم و بەغدا کۆتاییان پێدێت و نەخودی کێشەی مووچەو بودجەو شایستە داراییەکانی هەرێم چارەسەر دەبێت، وەنە لایەنە شیعەکانیش دەست لەفشارەکانی خۆیان بۆسەر هەرێم و دەسەلاتەکەی هەڵدەگرن. بەتایبەتی لەدۆخێکدا کە ئاسۆیەک بۆ دەربازبوون لەو قەیرانە ئابوریەو لەو گێژاوە سیاسییەی کە سەراپای عێراق و ناوچەکەی داگرتووە، دیار نییە. بنبەست و بێئاکام مانەوەی دانوسانەکانی هەرێم و بەغداش ڕیشەی لەم واقعیەتانەدایە.
ئۆکتۆبەر: حکومەتی هەرێم دەڵێ لەئەگەری رێکنەکەوتنی هەرێم و بەغدا بژاردەی دیکەمان لەبەردەستایە، ئایا پێتانوایە ئەم قسەیە هیچ ڕاستیەکی تێدایە؟ ئایا ئەگەر ئەو دوو لایەنە رێك نەکەون، ژیان و گوزەرانی خەڵك چی بەسەردێت؟ دەکرێ خەڵک ژیان و چارەنوسی بداتە دەست ئەم یاریە بێئکامەی دەسەڵاتدارانی بەغدا و هەرێم؟
خەسرەو سایە: بەجیا لەپڕوپاگەندەی حزبەکانی نیو دەسەڵات، لەباری سیاسیەوە بژاردەیەک ئەگەر بەدەست پارتی و حکومەتی هەرێمەوە بێت، کشانەوەیە لە پرۆسەی سیاسی عیراق، وەک خۆیان دەڵێن. بەلام ئەم بژاردەیە، لەدۆخی ئیستادا، جگەلە تەریکبونەوەی زیاتری هەرێمی کوردستان و قولبوونەوەی قەیرانی ئابوری و کێشەی نیوخۆی حزبەکان، کە هەموو ئەمانە بەزەرەری پارتی و دەسەلاتەکەیەتی، ئەنجامێکی تری بەدواوەنابێت. بۆیە ئەم بژاردەیە زیاتر پڕوپاگەندەی سەردەمی توندبوونەوەی کێشمەکێشەکانی نیوان هەرێم و بەغداو بێئەنجام مانەوەی دانوسانەکانە و پارتی لەمەوقعێکدا نیە تا بەکردەوە دەستی بۆ بەرێت. لەرووی دارایشەوە، تەنها بژاردەیەک لەبەردەستابێت، دابینکردنی مووچەیە بەپێی داهاتی مانگانەی حکومەت، کەدیارە ئەمەش بەلێبرینی لە٢٠٪ وە. بەڵام دۆخی هەژاری و بێکاری و نەبوونی خزمەتگوزاری و ئەو ڕقوبێزاریەی جەماوەری ناڕازی لەدەسەلات هەیەتی، ڕیگانادات بەوەی کە ئەم بژاردەیە، وەلامدەرەوە بێت. بۆیە درەنگ یا زوو ناڕەزایەتی جەماوەری دەسەڵات و حکومەتەکەی پارتی و حزبە هاوشانەکانی رووبەڕووی تەنگانەیەکی سیاسی دەکاتەوە.
لەبارەی ئەوەشەوە کە ژیان وگوزەرانی خەڵک، لەئەگەری ڕێکنەکەوتنی هەرێم و بەغدا، چی لێدێت، بەدڵناییەوە دۆخەکە بەرەوخراپی و بەزیانی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش تەواودەبێت. بەلام نابێت ئەوە لەبیربکرێ کە مەسەلەی باشبوونی دۆخی ژیان و گوزەرانی خەڵک هەرگیز بە دانوسان و ڕێکەوتنی دوو دەسەلاتی گەندەڵ و تالانچیەوە نەباش دەبێ و نەچارەسەر دەبێ. چونکە ئەم دوو دەسەلاتە، دەسەڵاتی خاوەن سەرمایەو کۆمپانیاکانن و لەسەر حسابی هەژاری و بێکاری و بێدەرەتانی و دزینی داهات و ڕەنجی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش گیرفان پڕدەکەن. واتە ئەوە کارنامەی ئابوری و سیاسی و سەرمایەدارانەی هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمە کە هەژاری و نەداری و بیکاری و ئەو درزە چینایەتیەی پێکهێناوە، نەک ڕیکەوتن و ڕێک نەکەوتنی نیوانیان. ساڵانێک کە ئەم دووحکومەتە لەقاڵبی فیدرالیزمێکی قەومی وئاینیدا کێکی دەسەلاتیان دابەشکرد و لەزەلکاوی گەندەڵی و تاڵانیدا نقوم بوون، هەرئەوکاتە بێدەرەتانی گەنجان و خەڵکی هەژارو کەمدەرامەت و نەبوونی خزمەتگوزاری، شەپۆلی دا. بۆیە خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش، هەم لەشارەکانی عێراق و هەم لەکوردستان، نابێت بەدیار کایەی سیاسی و ئەنجامی کۆبوونەوەکانی نێوان ئەم دوو دەسەلاتە گەندەڵ و تالانچیەوە دانیشن و پێیانوابێت لەم ڕیگایەوە ژیانیان باش دەبێت!.. بەپێچەوانەوە دەبێ سەرچاوەی نەگبەتی و نەهامەتیەکانی ئەمڕۆ و هۆکاری هەژاری و نەداری و ئەو بێدەرەتانیەی رووی لەزۆرینەی خەڵک کردووە، لە وجودی ئەم حکومەت و نیزامە سیاسی و ئابوریەدا ببیننەوە کە چەندین ساڵە ژیانی ئەوان دەهاڕێت. کێشەوهەرای هەردوو حکومەتەکەی بەغداو هەرێم، کێشەو دەعوای چینی دەسەلاتدارو سەرمایەدارە، لەسەر بردنی زیاتری بەشەداهات و بەرینکردنەوەی قەڵەمڕەوی دەسەڵاتیان. ئەمەش هیچ بەرژەوەندیەکی خەڵکی تیدانیە، بۆیە دەبێت ئومید و خواستی باشکردنی ژیان و گوزەرانی خەڵکی هەژارو برسی، بەخەبات بۆ وەلانان و روخانی ئەم دەسەلاتەوە گرێ بدرێتەوە. تا کاتێکێش کە هیزی جەماوەری نارازی نەیتوانیوە ئەم دەسەڵاتانە سەرەوژێر بکات و دەسەڵاتدارێتی جەماوەری خۆی بخاتە جێگای، ئەوادەبێت یەخەی دەسەلاتدارن بگرێ لەوەلامدانەوە بە مووچەو بژێوی هاولاتیانی بندەستیان. دەبێ خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش مووچەو بژێوییان لەدەرەوەی پەیوەندیەکانی هەرێم و بەغدا ببینن و ڕاستەوخۆ یەخەی دەسەلاتدارانی بۆ بگرن و ڕایگەیەنن کە ئیمە مووچەو ژیانمان دەوێت.. مادام ئێوە ئیدعای حکومەت دەکەن، ئەرکتانە مووچەو خزمەتگوزاری و بژێوی ئێمەش دابینبکەن..

Check Also

پێگەی ناسیونالیزمی کورد دوای هەڵبژاردنەکان و بەدیلی تر!!

عەبدوڵا مەحمود هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی هات. بەپێچەوانەی پیشبینی و بانگەشەی لایەنەکان کە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *