دەمە تەقێ
گفتوگۆیەکی ئەحمەد جوانکار لەگەڵ کاوان قادری هونەرمەند
ئەحمەد جوانکار: هونەرمەندی ڕاستەقینە کێیە؟
کاوان قادر: سوپاس بۆ ئەو پرسیارە زۆر گرینگە، بێ گومان ئەو پرسیارە نەک تەنها هونەرمەند، بەڵکو هەموو قەڵەم بەدەستەکانیش دەگرێتەوە، بە باوەڕی من هونەرمەند و قەڵەم بەدەستی ڕاستەقینە ئەو کەسانەن نمایشی ئەو ساتە وەختانە دەکەن کە تیایدا زوڵم لێکراوان وچەوساوەکان بۆ ماف و داخوازییەکانیان تێدەکۆشن، واتە هونەرو ئەدەبەکەیان وەک ئاوێنەیەکە، شەوقی سەرکەوتنەکان لە بەرهەمەکانیاندا دەبینیت، چیرۆکی وەرچەرخانەکان بۆ مێژوو تۆماردەکەن، هەر لە ڕەخنەگرتن لەم دنیا ئاوەژووەوە هەتا ئازادبوون و ئاوەدانکردنەوەی سفرە خاڵییەکان، وێنەیەک لە ئاشتی وخۆشەویستی و خۆشگوزەرانی دەکێشن.
ئەم جۆرە لە هونەرمەند و ئەدیب لەڕێی هونەرەکانیانەوە ئامانجییانە هیواو ئیرادە بۆ ئینسان بگێڕێنەوە، داهێنان و بەها ئینسانیەکان شکۆدار دەکەن، بە پێچەوانەوە لە کاتێکدا ئەم نیزامە وەحشەتناکەی سەرمایەداری دەبینین چۆن لەپێناو چاوچنۆکی و سەرمایەدا بەهای ئینسانیان هێناوەتە ئاستی کاڵایەکی بێ نرخ. ئەوان نەخشەو خەونی دونیایەکی یەکسان و ئازاد کە تیایدا ئینسان بەنرخترین سەرمایەیە بە هونەرەکەیان دەکێشن.
ئامانجی هونەرمەند و ئەدیبی ڕاستەقینە ئەوە نییە کە بە تەنها بیەوێ ڕەخنەگر وە یان بە تەنها ئاوێنەیەک بێت بۆ گێڕانەوە و ئینعیکاس کردنی مەینەتییەکان و خرۆشاندنی هەستی بەزەیی و فرمێسک بۆیان بەڵکو ئامانجیانە بە لیاقەت و بەهرەکانیان سەرەڕای ڕیسواکردنی چەپەڵییەکانی ئەم نیزامە، بێ گومان دەشیانەوێ وانەی بەرەنگاری و سەرکەوتنەکانی بزوتنەوە ناڕازییەکان لەوپەڕی پێشڕەوی و لە لوتکەی ئیستاتیکای هونەرو ئەدەبدا عەکس بکەنەوەو بەرز ڕایگرن. (گیورنیکا) ئەو تابلۆ بەناوبانگەی پیکاسۆی وێنەکێش و پەیکەرتاشی ئیسپانی کە سەرمایەداری و جەنگ وچاوچنۆکی ئەم نیزامە ڕیسوا دەکات، نمونەیەکی زیندووە کە چیمان پێ دەکرێت.
هەر بەو مانایە هونەر وئەدەبی ڕاستەقینە کاتێک دەخوڵقێت و لەدایک دەبێت، کە هەوێنێکی فکری دروست لەپشتییەوە وەستابێت و وەستاکەی تەندروست بیر بکاتەوە؟! بە فکرو باوەڕێکی ئازادیخوازانە و ئینسان دۆستانە چەکدار بێت، هەموو شتێک لەپێناو ئینسانییەت دا بکات، نەک بەرژەوەندی، بۆئەوەی شکۆی هونەرمەندیت پارێزراو بێت، دەبێت شکۆی ئینسانییەت بپارێزیت. لە بەرامبەر بەم دنیا پێچەوانەیەدا وەک بەهرەمەندێک تەنها هەڵوێست نواندن بە زیندوویی دەمانهێڵێتەوە، بە پێچەوانەوە بێ دەنگی هەڵبژاردن هونەر و بەها کۆمەڵایەتییەکانمان دەنێژێت. ئەوان هونەرمەندان و قەڵەم بەدەستەکان دەتوانن کاریگەر و هاندەر بن، ئەم میتۆدە لە مێژوودا سەلمێندراوە، هۆکاری ئەوەی جۆن لێنن ( John Lennon) لەشکرێک لە مرۆڤایەتی شانازی پێوە دەکات، ئەوە دەسەلمێنێت کە لە منداڵانی ئەم کۆمەڵگەیەدا هێشتا زەخیرەیەکی خەوتوو لە مرۆڤایەتی ئامادەباشی هەیە بۆ گۆڕان، تەنها پێویستی بەوە هەیە ئێمە بەدەست ڕەنگینییەکانمان بتوانین تێبکۆشین و بەخەبەری بێنینەوە، دەتوانین و ئیمکانی ئەو کارەمان لە توانادایە، دەتوانین بەشێک بین لەو سەرخانە شۆڕشگێڕانەیە لەئێستا و لە دەورە شۆڕشگێڕانەکادا.
هونەرمەند و ئەدیبی ڕاستەقینە ڕەخنە لە کەلتورو سوننەت و نەریتە دواکەوتووەکانی هەزاران ساڵەی جەهل وخورافە دەگرێت، پایەکانی تێکدەشکێنێت کە ئەم نیزامەی لەسەر ڕاوەستاوە، نەتەوەو ڕەنگ و دین و ئیفرازاتەکانی کە دڕک و داڵێکن لە مرۆڤایەتی ئاڵاون لەڕەگەوە هەڵدەکەنێت، کاتێک تەنافێک لە تاوانی دژ بە ژنان بەناوشاردا هەڵدەواسرێت زەنگێکی هونەرمەندی هۆشیار لێ دەدات، تابلۆیەکی پڕ لە عاری کۆمەڵگەی مەزهەبی ڕیسوا دەکات، سیمبوڵی کۆیلایەتی و موقەدەساتە مەزهەبییەکان ژێر پێ دەنێت، مێژوویەک لە خورافە و کلتوری دواکەوتوو ڕیسوا دەکات، ڕەچەشکێنی بۆ گەیشتن بە یەکسانی و ئازادی کۆمەڵگەیە، ئەوە ئەو تێکشاندنەیە کە هێز بە سەرکەوتنەکان بە بزوتنەوەکەش دەبەخشێ، قەڵەم بەدەستە ڕاستگۆکان بەهرەو توانستەکانیان پێگەیەکە بۆ پەروەردەکردن و خەباتکردن دژ بە تاڵانی و دزینی دەست ڕەنج و ماندووبوونی زۆربەی کۆمەڵگە، کە دەچێتە گیرفانی ژمارەیەکی کەم لە سەرمایەدارییەوە.
لەیەک دێڕدا هونەری ڕاستەقینە بەو هونەرمەندە دەکرێت کە پڕ چەک بێت بە بیروباوەڕی ئینسانی، کە بڕوای بە دنیایەکی باشتر و یەکسانیخواز هەبێت، خەباتی ئەو فۆڕمێکی هاوتەریبە بەخەباتی چینایەتی، تابلۆکانی چرایەکن خەونی لە گۆڕنانی ئەم جەهەننەمەی سەرزەمین دەگێڕێتەوە…