‌هاوپەیمانی هیوای کوردستانی….

عەبدوڵا مەحمود …

ژمارەیەک لەئەندام پەرلەمانە کوردەکان لە پەرلەمانی عێراق، هاوپەیمانیەتیەکیان بەناوی” هاوپەیمانی هیوای کوردستانی” پیکهێناوە… کە زۆرجاریش وەکو گروپ ١٥ نەفەری ناویان دەبرێت… ئەم گروپە، پیکهاتوون لە کۆکتێلێک لەئەندامانی گۆڕان، یەکێتی و ئیسلامی و سەربەخۆ!.

ئەم گروپە ئامانجی خۆیان لە پێکهێنانی ئەم هاوپەیمانیەتیە ئاوا دەخەنەڕوو کە نوێنەرایەتی بەرژەوەندی نەتەوەیی کورد و بەرگری لە مافە دەستورییەکانی!! خەڵکی کوردستان لە عێراقدا، دەکەن.

زوربەی زۆری ئەم ئەندام پەرلەمانانە، بریتین لە تۆراوەکان لە حزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانیان، بێ ئەوەی وازهێنانی خۆیان راگەیاندبێت… واتە بە تۆراوی لە حزب و رێکخراوەکانی خۆیان، وەکو کەسایەتی سەربەخۆ. هاوپەیمانیەتیەکیان دروست کردووە، دژی سیاسەتی حزب و ڕیکخراوەکانی خۆیانن لەناو هەرێمدا، بەتایبەتیش ناڕازین بە پاشکۆیەتیان بۆ سیاسەتەکانی پارتی، وە نیگەرانن لە بەشداری حزبەکانیان لە حکومەتی دەستڕۆشتوی پارتییدا. هاوکات نەیار بە سیاسەت و دنیا بینی پارتین لەمامەڵە لە بەغدا و هێزە سیاسیەکانیاندا.

 ئەم گروپە، لەلایەکەوە دەیانەوێت شانی خۆیان لە سیاسەت و بەشداری حزبەکانیان لە حکومەتی هەرێمدا خاڵی بکەنەوەو و بێبەری خۆیان لە مامەڵە و سیاسەتی حزبەکانیان رابگەیەنن، لەلایەکی تریشەوە دەیانەوێت وەکو گروپێکی نەیار بەرامبەر بە سیاسەتی پارتی بوەستنەوە و لە بەغداش بانگەشەی بەرگری لە مافە دەستوریەکانی خەڵکی کوردستان دەکەن. ئەم گروپە و حزبەکانیان، لە کوردستاندا نەیانتوانیووە و دورو نزیک نوێنەرایەتی خەڵکی کوردستان بکەن. بانگەشەی بەر لە هەڵبژاردنەکانیشیان، لە جیگای ئەوەی کەمترین ئاڵوگۆر بەسودی جەماوەری بێبەش بەدوای خۆیدا بهێنێت، ژیانی خۆیان و خانەوادەکانیانی گۆڕیوە بە ژیانی فیرعەونی لەسەر حسابی برسێتی و بێکاری و نەداری ملیۆنی خەڵکی کوردستان. 

بەجیا لەوەی پەرلەمان چ کاریکاتۆرێکە بەدەست دەستەو تاقمە میلیشیاکانی عێراق و وڵاتانی دەوروبەرەوە، هیچ گومان لەوەدا نییە، کە نەک گروپی ١٥ نەفەری و هاوپەیمانیەتیەکەیان نە سەرجەم فراکسیۆنە کوردیەکان، لە عێراقی ئیستادا، ناتوانن هەڵگری هیچ هیوایەک بن بۆ خەڵکی کوردستان و لەوەش زیاتر ئەم گروپە، ناتوانن هیچ رۆڵێک لە پەرلەمان و لە شەقامی عێراقدا بەسودی خەڵکی کوردستان بگێڕن… ئامانجیشیان دوور و نزیک ئەوە نییە… بە پێچەوانەی بانگەشەی خۆیانەوە کە گوایە دەیانەوێت نوێنەرایەتی خەڵکی کوردستان لە بەغدا بکەن، کاریان و پەیامیان روو لەخەڵکی کوردستان و شەقامی ناڕازییە.

راستی ئەوەیە کە ئەم گروپە لەلایەکەوە پاشەکشە و داکشانی رۆڵی بلۆکی ناسیونالیستی کورد لە بەغدا و لەبەرامبەر هیزە بۆژوازییە عێراقیەکاندا دەبینن و دەیانەوێت بە دروستکردنی بلۆکێک و خۆ جیاکردنەوەیان شانی خۆیان لەو شکستە خاڵی بکەنەوە. لە لایەکی تریشەوە کاتێک دەبینن کە جەماوەری کوردستان بۆ ڕاماڵینی دەسەڵاتی بزوتنەوەی تاڵانچی بزوتنەوەی کوردایەتی هاتونەتە مەیدان، دەیانەوێت ڕۆڵ گێرانێکی نوێ بۆخۆیان دیاری بکەن.

لە هەلومەرجێکدا کە لەلایەکەوە دەسەڵاتی سیاسی هەرێم روو لەپاشەکشە و هاوکات لەبەردەم تورەیی فراوانی جەماوەریدایە، لەلایەکی تریشەوە سەرجەم هێزە بەناو ئۆپۆزیسیۆنەکانی پیشوو وەکو گۆڕان و ئیسلامیەکان، متمانەیان لای جەماوەری کوردستان لەدەستداوە. ئەمەش وای کردووە جێگای هێز و لایەنی تری ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازی خاڵی بێت. مایەپوچ بوونی رۆڵی هیزە بەناو ئۆپۆزیسیۆنەکان لە خانەوادەی بۆرژوازیدا، ئەو بوارەی کردۆتەوە کە گروپ و دەستە و تاقمی جۆراو جۆر، هەوڵی ئەوە بدەن وەکو بەدیل و بێنە مەیدانەکە و جڵەوی بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری بکەن و لە سودی ئەجندا و نەخشەی خۆیاندا کەڵکی لیوەبگرن. ئەم گروپەو هاوپەیمانی هیوای کوردستانی، دەیانەوێت ببنە بەدیلی شکستی هیزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی پێشوو، کە زوربەیان خۆیان لەوێوە هەڵتۆقیون.

ئەم گروپە، ناویان لەخۆیان ناوە هاوپەیمانیەتی هیوای کوردستانی، تا لەدلێ بێ هیوای جەماوەری بە ئۆپۆزیسۆنی پێشوودا، هیوایەک ببەخشنەوەو جەماوەری تورەی کوردستان، بکەنە سەرمایەی رۆڵی سیاسی نوێیان. بە کورتیەکەی لە بەغداوە بە جیابوونەوە لە بلۆکی کوردی بەهۆی شکستیانەوە دەستیان پێکردووە، تا درێژەی کاریان لەئایندەی کوردستاندا درێژە پیبدەن و رۆڵی ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازی لە دژی دەسەڵات لەکوردستاندا بگێڕن.

دیارە پەیام و کاری ئەم گروپە، نە لە بەغدا و نە لە کوردستان بەشوێنێک ناگات. لە بەغداد، هەڵگری هیچ نەخشەو پرۆژەیەکی جیاواز لە حزبەکانی تری بزوتنەوەی کوردایەتی نین، جگە لە پرتەو بۆڵە و گێرانی رۆڵی هەواڵگری و هات و هاوار بۆ شەفافیەتی نەوت و فرۆشتنی، کە لەدەستی میلیشیاو مافیاکاندایە لەسەراسەری عێراق و کوردستاندا… تا ئەو جێگایەش بە کوردستان دەگەڕیتەوە، خەڵکی کوردستان، هەموو جۆرەکانی ئۆپۆزیسیۆنی بە کەسایەتیە بەهێزەکانی بزوتنەوەی کوردایەتیەوە ئەزموون کردووە، کە نەک بەشوێنێک نەگەیشت، بەڵکو لە بنەرەتدا بوونە فریاد رەسی دەسەڵات و هاوبەش لە سفرەی رەنگینی دەسەڵاتێکی تاڵانچیدا، بۆیە هیچ ئاسۆیەک نە بۆ ئەوان و نە بۆ ئەو گروپانەی تر، کە پیشتر ئەزموونکراون…

لە ئیستای کوردستاندا شانسی پێگرتنی ئۆپۆزیسیۆنێکی تری بۆرژوازی کە بتوانێت رۆڵێکی بەرجەستە بگێرێت، نییە. زەمینەی چینایەتی و سیاسی و کۆمەلایەتی بۆ بەهێز بوونی بلۆکی چەپ و کۆمۆنیستی، زۆرترین شانسی هەیە، ئەگەر بتوانێت بژاردەی سیاسی خۆی بۆ کیشە بناغەیەکانی ئیستای کوردستان” لە موچە و نان و خزمەتگوزارییەکان، ئازادییەکان، پەیوەندی نیوان هەرێم بەغدا، و ئەڵتەرناتیفی دەسەڵاتدارێتی” بخاتەڕوو وە بەکردەوە رۆڵی رابەری و خاوەندارێتیەکەی لە ئەستۆ بگرێت.

ناوەراستی جەنیوەری ٢٠٢١

Check Also

پێگەی ناسیونالیزمی کورد دوای هەڵبژاردنەکان و بەدیلی تر!!

عەبدوڵا مەحمود هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی هات. بەپێچەوانەی پیشبینی و بانگەشەی لایەنەکان کە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *