خەسرەو سایە…
لە بڵاوکراوەی ئۆکتۆبەری ژمارە (٣) دەورەی تازە …
هەر حکومەت ودەسەڵاتێک، لەکاتێکدا دووچاری قەیرانی سیاسی دەبێ ودەکەوێتە بەرامبەر خەڵکی ناڕازیەوەوە، بەدوشێوە مامەڵەدەکات. ئەم دوو شێوەیە لەمامەڵە بۆ هەموو جۆرەکانی حکومەتی بۆرژوازی هەروایە، جا حکومەت ودەسەڵاتێکی سەرکوتگەر و دیکتاتۆر بێت یان تەنانەت ئەگەر بەرگی دیموکراسی وپەرلەمانیشی پۆشیبێت.
ئەو دووشێوازەش لەمامەڵەکردن دەستبردنە بۆ سەرکوتگەری بێپەردە وبڵاوکردنەوەی وەهم وبەڵێنی درۆ. ئامانجیش لەهەردوو ئەم شێوازە، دامرکاندنەوەی ناڕەزایەتی خەڵکی کرێکار وزەحمەتکێش وپارچەپارچە کردنی رێزی یەکگرتووی خەباتەکەیانە. بۆ نمونە لەسەردەمی حکمومەتەکەی ادل عەبدول مەهدی دا بینیمان کەچۆن هاوکاتی کوشتاری خۆپیشاندەران و پەلامارەکانی بۆسەر خۆپیشاندەرانی مەیدانی تەحریر، ڕۆژانە درۆی ئەوەی بڵاو دەکردەوە کەخۆی وحکومەتەکەی لایەنگری ”خواستی خەڵکن وئەوان هەقیانە بۆ باشکردنی ژیانیان ناڕەزایەتی دەرببڕن“!!.. تەنانەت دەیوت ”من لێکوڵینەوە لەوانە دەکەم کەتەقەیان لەخەڵکی خۆپیشاندەر کردووە“!!. بەمجۆرە بینیمان عدل عەبدول مەهدی وحکومەتەکەی کاتێک کەەوتە بەرامبەر بەخەڵکەوە هەم کوشتاری کردو هەم درۆی بەخشیەوە.
حکومەتەکەی کازمی و بەرزانیش، هەمان شێواز وسیاسەتیان بەرامبەر بەخەڵکی ناڕازی گرتۆتەبەر. ئەم دوو دەسەڵاتەی چینی بۆرژوازی وسەرمایەدارانی چاوبرسی، کەهەم لەبەغدا وهەم لەهەولێر، پێکەوە دەستیان بەسەر نان وموچەو بژێوی خەڵکدا گرتووە. بەڕۆشنی دەبینین کەچۆن لەلایەک کەوتونەتە پەلاماردانی خەڵکی ناڕازی وبەگازی فرمێسکڕێژ وبەکوشتن وگرتن و چونە سەرماڵان و بەکۆنترۆڵکردنی بازاڕ وناوەندی شارەکان بەمیلیشیای حزبەکان، ڕاستەوخۆ سەرکوتی هاتنەمەیدانی بەرهەقی خەڵکی نارازی دەکەن، وەلەلایەکیتریشەوە، دەستیان بردووە بۆ پڕوپاگەندەی چەواشەکاری و بەڵینی درۆ. ئەوەتا هەم کازمی وهەم مەسرور بەرزانی، هەم لاهور جنگی وهەم سەرۆکی پەرلەمان وبەرپرسانی ووردو درشتی حکومەت وحزبەکانی نیو دەسەلات بەهەر بۆنەیەکەوە بێت، جەماوەر دەلاوێننەوە و وادەو بەڵێنی درۆ بەخەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش دەدەن، لەجۆری ئەوەی ”دۆخەکە باشدەکەین، ئەگەر داهاتمان بوو مووچە دەدەین، کێشەی بێکاری وهەژاری وکەمیی خزمەتگوزەرانی چارەسەر دەکەین“.. هەروەها دەڵێن“ئێمە ڕێکدەکەوین وناهێڵین خەڵکی لەمەزیاتر لەم قەیرانەدا بمێننەوە.. ئێمە چاکسازی دەکەین“.. بەڵام هەر زۆر نابات ڕووی درۆ وپێچەوانەی قسەکانیان دەردەکەوێت ونەهامەتیەکی تر وپەلامارێکی تر بۆسەر سفرەی بێڕەونەقی خەڵکی هەژار وکەمدەرامەت بەڕێدەخەن. دابەزاندنی نرخی دینار لەبەرامبەر دۆلاردا نمونەیەکی بەرجەستەیە لەم ڕووەوە. لەیەک ووتەدا ئامانج لەهەر سیاسەتو تاکتیکێکی ئەم دەسەڵاتانەی سەرمایە هەم لەعێراق و هەم لەکوردستان، بەرامبەر بەچینی کرێکار وزەحمەتکێش، تەنها ڕووی لەوەیە جوڵانەوەی بەرهەقی جەماوەر خەفەبکەن، ڕیزی خەباتیان پارچەپارچە بکەن وبەدرۆ ودەلەسە دوجاری خۆشخەیالییان بکەن ولەچاوەڕوانیدا ڕایان بگرن. سەرەنجامیش ئەو ترسەی کە خرۆشانی جەماوەری خستۆیەتیە دڵیانەوە، بڕەوێنێتەوە.
باهەر لەچوارچیوەی ئەم باسەدا سەرنجێک لەئەندام پەرلەمانەکان بدەین. ئەمانە دەڵێن ئێمە نوێنەری خەڵکین و خەڵک دەنگی پێداوین! دەڵین ئێمە پشتیوان و لایەنگری خواستی خەڵکین! کەوایە ئەگەر درۆ ناکەن و بەڕاستی خۆتان بەنوێنەرو لایەنگری خواستی خەڵک دەزانن، دەفەرمون بڕۆن و دەست لەم حوکمەت و سیستەمە بەردەن، چونکە خەڵک هەم بەقسەو هەم بەکردەوە ڕایگەیاندووە کە ئەم دەسەڵات و سیستەمەی ناوێ و خوازیاری وەلانانیەتی. ئەگەر ڕاستدەکەن و ناتانەوێت خوێن بڕێژرێت، هیچ گەنجێک نەکوژرێ و کەسیش بریندارنەبێ، ئەگەر دەتانەوێت هیچ پێشمەرگەو هیچ چەکدارێکی حزبەکان لولەی چەکەکانیان ئاڕاستەی سینەی خەڵکی خرۆشاوو ناڕازی نەکەن، دەفەرمون بەڕیگای ئاشتیانەو مەدەنی وەک خۆتان و سەرانی حکومەت بانگەشەی بۆدەکەن، دەسەڵات وحکومەت تەسلیم بەخەڵکی ناڕازی بکەن.. ئەگەر ڕاستدەکەن و ڕێز بۆ نوێنەرایەتی خەڵک دادەنێن، ڕێگا بدەن با دەنگی بەرهەق و ئازادیخوازانەی جەماوەر، ئایندەی لەدەستبگرێ و هەرخۆشیان لەسەر شیوەی بەڕیوەبردنی کۆمەلگا بڕیاربدەن. ئەگەر نا بەدڵنیایەوە ئێوە درۆدەکەن.. دڕۆدەکەن تا لەپێناو مانەوەی ئەم گێژاوەی کە ناوتان ناوە حکومەت و ئەو بازاری قاچاغچێتی و تاڵانیەی ناوتان ناوە دیموکراسی و پەرلەمان، خەڵکی چەواشەبکەن و ڕاستیەکانی لێبگۆڕن!
بەڵێ جەنابانی ئەندام پەرلەمان، ئەگەر ئێوە بانگەشەی نوێنەرایەتی خەڵک دەکەن، ئەوا هەر ئەو خەڵکەی دەنگی پێداون ئەمڕۆ ڕای گۆڕاوە و بڕیارێكی تری داوە.. ئەمڕۆ هەر ئەو خەڵکەی دوێنێ دەنگی پێدان لەبەرامبەر ئێوە و سەرتاپای سیستەم و حکومەت و پەرلەمانەکەتاندا ڕاوەستاوەو داوای کۆتاییهاتنی دەکات. ئەمڕۆ جەماوەری ناڕازی دەرکی بەو ڕاستیە چینایەتیە کردووە کەژیان و بەرژەوەندی و چارەنوسیان، بەتەواوی پێچەوانەیە لەگەڵ شێوەی ژیان و بەرژەوەندی چینی فەرمانڕەواو بنەماڵە دەستڕۆیشتوەکانی دەسەڵات و خاوەن کۆمپانیا و هەموو ئەو حزبانەی کەلە “ئەزمونی کوردایەتی”دا هاوبەشن. لەسەر ئەم بنەمایەش بڕیاریانداوە، چیتر لەسایەیدا ژیان نەکەن و داوای ڕوخانی بکەن.
ئەگەر ئیوە درۆناکەن بڕۆن، با خەڵکی ناڕازی بەشێوەی ئازادانەو جەماوەری بڕیار لەسەر شێوەی ژیانی خۆی و دەسەڵاتدارێتی جەماوەری خۆی بدات. خەڵکی کوردستان هێندە کەسانی دڵسۆز و پسپۆڕ وشارەزای تێدایە کەبتوانن بەشیوەیەکی شارستانیانە سیستەمێک دامەزرێنن کە سەد جار لەو نمونەیەی ئێوە نیشانتان داوە، باشترو ئازادانەترو خۆشگوزەرانتربێت.
بەڵام هەموو ئەم جەنابانە درۆدەکەن. هەروەک ئاماژەمان پێکرد ئەوان لەلایەکەوە درۆ دەبەخشنەوە و لەلایەکی تریشەوە دەست بۆ سەرکوتکردنی دەنگی ئازادیخوازی و ناڕەزایەتی بەرهەقی کرێکاران و لاوان و فەرمانبەران و ژنان دەبەن. سەرەنجام هەموو ئەم راستیانە ئەوە دەسەلمێنن کەخەڵکی کەوتۆتە بەرامبەر حکومەتەوە. ئەمە هۆکاری سەرەکی قەیرانی دەسەڵاتە و حکومەتیش ئامادەیە دەست بۆ هەر پەتێکی ڕزیو ببات تا لەم قەیرانە قووڵە، خۆی دەرباز بکات. قەیرانێکی حکومەتی کەهەموو حزبەکانی ناوحکومەت و پەرلەمانی گیرۆدەی خۆی کردووە. تەنانەت شەڕو کێشەی نێوانیشیان لەسەر ئەوەیە کە کام حزبەو کام لایەنە دەتوانێ پایەکانی ئەم دەسەڵات و سیستەمە لەبەردەم سێلاوی خرۆشانی جەماوەردا ببپارێزی و خەڵک سەرکوت و بێدەنگ بکات و بەبێ دەستکەوت ڕەوانەی ماڵەوەیان بکاتەوە.
ئەگەر سەرنج لەووتەو دەربڕینی ئەندام پەرلەمانە ناڕازیەکان و تەنانەت سەرنج لەقسەی لێرەولەوێی سەرانی حزبەکانی نێودەسەلات بدەین بەڕۆشنی ئەوە دەبینین کە چۆن هەموو ئەم حزب ولایانانەی نێو خێزانی بۆرژوازی بەرداوام لەهەوڵدان بۆ چاوبەست کردن و بەلاڕێدابردنی ناڕەزایەتی جەماوەرو خواستە بەرهەقەکانیان. پێداگری ئەم لایەنانە لەسەر چاکسازی حکومەتی ئێستا، وەیا باسکردن لەهەڵوەشانەوەی حکومەت وسازدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت، وەیاخود گرێدانەوەی هەموو کێشەکانی خەڵکی کوردستان بەڕیکەوتن لەگەڵ بەغداوە، ئەمانە ئەو دروشم وڕێگاچارە هاوبەش ولەهەمانکاتدا ناکۆک بەیەکەیە کەئەم لایەنانەن لەبەرامبەر قەیرانی دەسەڵات وناڕەزایەتیەکانی خەڵکدا خستویانەتە ڕوو، کەبێگومان ئامانج لێیان تەنهاو تەنها بۆئەوەیە کەخەڵکی ناڕازی ئومێد بەم حکومەت و پەرلەمانە لەدەستنەدەن و ئەم سیستمە کە٣٠ ساڵە ژیانی زۆرینەی خەلكی هاڕیوە، دوبارە بمێنێتەوە. لەکاتێکدا ئەوە هەر ئەم پەرلەمان و حکومەتە و هەر ئەم حزبانەیە ژیانی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێشی بەم ڕۆژە گەیاندووە.
خەڵکی کارگەرو زەحمەتکێشی کوردستان هەروەک ئەوەی خوازیاری باشبژێوی و خۆشگوزەرانی و عەدالەتی کۆمەڵایەتین، بەپێویست لەدژی سەراپای دەسەڵات و سیستەمی ئیستاشن، کە لەسەر جیاوازی چینایەتی دامەزراوە. ئەوان دەیانەوێت بەشێوەیەکی بنەڕەتی لەم هەژاری و بێکاری و دابەشبوونە چینایەتیەی نێوان خۆیان و چینی سەرمایەدارو دەسەڵاتدار ڕزگاریان ببێ و سیستەمێک لەحکومڕانی دامەزرێ، کەژیانێکی ئازادو خۆشگوزەران، لەسەر بنەمای عەدالەتی کۆمەڵایەتی بەڕیوەبچێت. ئەوان دەیانەوێت ئەم دەسەڵاتەی ئێستا نەمێنی بۆیە کەوتونەتە بەرامبەریەوە. کەوایە ئەگەر کارگەران و زەحمەتکێشانی کوردستان داوای ڕوخانی دەسەڵات وسیستەمی ئێستا دەکەن ئیتر بڕیار نیە مەسەلەی ڕوخانی دەسەڵاتی ئێستا لەوەدا کورت بکرێتەوە کەدەسەڵاتی کۆمپانیاکانی پارتی و یەکیەتی وەلابنرێ و ئەوجا نۆرە بدرێ بە کۆمپانیاکانی سەر بەکۆمەڵی ئیسلامی و یەکگرتوو و نەوەی نوێ. بڕیار نیە خەڵک بۆئەوەی هەقیقەتی هەموو ئەم حزبانە بناسن ٣٠ ساڵی تر لەبیکاری و هەژاری و نەداریدا بمێنن تا ژیان لەسایەی کۆمپانیاکانی ئەحزابی بەناو ئۆپۆزسیۆنی ناوپەرلەماندا تاقی بکەنەوە و ئەوجا بەو ڕاستیە بگەن کە سیستەمی پەرلەمانی و دیموکراسی ئەم حزبانە فۆرمێکە بۆ یاریەکی سیاسی بەقازانجی چینی بۆرژوازی کوردو حزبەکانی.
خەڵکی ناڕازی کوردستان هەرگیز نابێ ئەو بەڵگەیە لەبەرچاویان کاڵبێتەوە کە چۆن لە خۆپیشاندانەکانی ١٧ شوباتی ٢٠١١دا بزوتنەوەی گۆڕان ناڕەزایەتیەکانی جاماوەری کردە بەردەبازێک بۆ پەڕینەوە بۆ نێو دەسەڵات و دواتر و ئیستاش بووە یەکێک لەحزبەکانی نێو ئەم دەسەڵات.، کاتێکیش باس هاتە سەر مافی خەڵک، بینیمان کەچۆن لەسایەی وەزیرەکانی بزوتنەوەی گۆراندا، لەمووچە بڕدراو نەدرا. کەچۆن خانەنشینان و کەمئەندامان لەمووچەی کەم و بێبایەخیان کەمکرایەوە.. بەڵام لەولاشەوە دزیو تاڵانی سەرانی دەسەڵات بەوپەڕی خۆی گەیشت و ئەوانیش قەبوڵیان کردووە.
کەوایە ئیتر نۆرەی دەسەلاتدارێتی جەماوەریە. ئیتر دەبێ کۆتایی بە دووبارەبونەوەی ئەو سینارێویە بهێندرێ، کەخەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش لەڕوانگەی بەرهەقبوونی خواست و ئاواتەکانیانەوە ناوەناوە پێبنێنەمەیدانەوە و قوربانی بدەن، تا باڵێکی بۆرژوازی کەلە دەسەڵاتدایە، بدەن بەزەویدا، بەڵام داهاتوی خۆیان و خەباتەکەیان تەسلیم بەباڵێکی تری نێو خانەوادەی هەر ئەم چینەو حزبەکانی بکەنەوە.. دەبێ ئەم مەترسیە لەبەردەم خەباتی جەماوەریدا هەڵگیرێ. بێگومان ڕاوەستانی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێشی کوردستان لە یەک جولانەوەی سەربەخۆی چینایەتیدا، جوڵانەوەیەک کە کۆمۆنیزم شۆڕشی چینایەتی کارگەر ئاڵا هەڵگریەتی، مەرجێکی حەیاتیە..
٣٠/١٢/٢٠٢٠