وەڵامێك بۆ ئەندامێکی کۆمیتە ناوەندی کۆمەڵە
موحسین کەریم
عادل ئەلیاسی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە( رێکخراوی کوردستانی حزبی کۆمۆنیستی ئێران) رۆژی ٢١/١٢/٢٠٢ لەبەرنامەی دیالۆگ لە تەلەفزیۆنی حزبەکەیدا، ئاماژەی بەوە کرد کە لەساڵی ١٩٩١، لەکاتێکدا لە هەموو شوێنێك کرێکاران و مامۆستایان و ژنان شوراکانی خۆیان دروست کردبوو، کەچی کۆمونیستەکانی کوردستانی عێراق لەجیاتی ئەوەی کۆمەڵگا ڕەهبەری بکەن، بەهۆی ئەو لێکدانەوە هەڵەیەی کە گوایە ئەوەی ڕویداوە ئاکامی هێرشی ئەمریکایەو شۆڕش نیە، سەرەنجام حزبە ناسیۆنالیستەکان دەسەڵات دەگرن، کوردستانی عیراقیان بەجێهێشت و هاتن لە ئەوروپا نیشتەجێ بوون، گوایە لەوێوە ئەتوانن شۆرشی کرێکاری رابەری بکەن……
هەروەها دەڵێ، ئەوەی کە لایەنە چەپەکان هەموو شتێك دەخەنە ئەستۆی حزبە دەسەڵاتدارەکان، بەبڕوای من بەشێکی خەتای خودی ئەم هێزە چەپانەیە! …… لینکی قسەکانی ناوبراو لە کۆمێنتایە….
ئەم قسانەی عادل ئەلیاسی هەمان ناوەرۆکی ئەو قسانەی هەیە کە برایمی عەلیزادە چەند ساڵ لەمەوبەر لە زانکۆی سلێمانی سەبارەت بە کۆمۆنیستەکانی کوردستانی عێراق کردی. با بزانین بۆچی ئەم بەڕێزانە بەمجۆرە لەسەر کۆمۆنیزم و کۆمۆنیستە کرێکاریەکانی کوردستان دەدوێن و پڕوپاگەندەی ناڕاست و چەواشەکارانە لەدژمان دەکەن.
گومان لەوەدا نیە کە جیابوونەوەی کۆمۆنیزمی کرێکاری لە حزبی کۆمۆنیستی ئێران ساڵی ١٩٩١، کە کۆمەڵەی سەید برایم خۆی بە میراتگری دەزانێ، شکستێکی گەورەی فکری- سیاسی و رێکخراوەیی بوو بۆ ڕەوت و بزوتنەوەی ناسیۆنالیستی کورد کەلەناو کۆمەڵەو حزبی کۆمۆنیست بەبەرگی کۆمۆنیزمەوە خۆی وەکو نوێنەری کرێکار و زەحمەتکێشی کوردستانی ئێران هەڵدەخست. ئەو رێکخراوە لەوکاتەوە بەردەوام خۆی لەهەموو سیمایەکی چەپ پاك دەکاتەوەو لێکترازانە یەك لەدوای یەکەکانیشی هەر بەو ئاڕاستەیەدا بووە. ئێستا کۆمەڵەی سەید برایم، کە گوایە دوا سەنگەری چەپی ناو حزبی کۆمۆنیست و کۆمەڵە بووە، دوای جیابونەوەکانی عبدللە موهتەدی و عومەری ئیلخانیزادە، خۆی لە قەیرانێکی سیاسی- فکری-رێکخراوەییدا دەژی کە ئەگەری جیابوونەوەیەکی دیکەشی لە بەردەمدایە!
ناوەرۆکی پڕوپاگەندەی باڵی دەسەڵاتداری ناو کۆمەڵەو حزبی کۆمۆنیست، بە ڕابەریی سەید برایم، بەرامبەر بەو باڵەی ناو حزبەکەی کە خۆی بە چەپ ناوزەد دەکات، ئەوەیە کە دوژمنە کۆنەکەی بکوتێتەوە، تا نەیارە تازەکانی ناو حزبەکەی سەرکوت و بێدەنگ بکات. باڵی زاڵ و ناسیۆنالیستی ناو حزبی کۆمۆنیست و کۆمەڵە بۆ پاکانەکردنی سیاسەتی ئۆردوگانیشینی و چاوەڕوانی ڕووداوە موعجیزەئاساکان و موجامەلەکردنی ئەحزابی دەسەڵاتداری مافیایی کوردستانی عێراق و بێدەنگەلێکردن لە هەموو تاوانەکانیان بەرامبەر بە خەڵکی کرێکارو زەحمەتكێشی کوردستانی عێراق، دەیەوێ ڕاستیەکانی جیاوازیەکانی ناو حزبی کۆمۆنیست و کۆمەڵە و جیابوونەوەی کۆمۆنیزمی کرێکاری لەو حزبە بشێوێنێ و هەموو مەسەلەکە بکات بەوەی کە ئەوان کوردستانیان بەجێهێشت و چوونە ئەوروپا، وە لەژێر کاریگەری ئەوانیشدا کۆمۆنیستەکانی کوردستانی عێراق، سەرباری ئەوەی کە گەورەترین بزوتنەوەی شورایی لەلایەن ژنان و کرێکاران خۆیانەوە دروست بوو بوو، کەچی نەیانتوانی ڕابەریی کۆمەڵگا بکەن و پایەی کۆمەڵایەتیان لەدەست دا و کوردستانیان بەجێهێشت. ئەندامەکەی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە خۆی بۆی ناگیرێ و بە گاڵتەجاڕیەوە باسی کۆمۆنیستەکانی کوردستانی عێراق دەکات و دەڵێ “چوونە ئەوروپا تا لەوێوە هیدایەتی شۆڕشی کرێکاری بکەن!”
بەڵام ڕاستی مەسەلەکە چیە؟
کۆمەڵەو حزبی کۆمۆنیست و رابەرانی ناسیۆنالیست و ناسیۆنالیست چەپی ناو ئەو حزبە، کێشەی سەرەکیان لەگەڵ کۆمۆنیزمی کرێکاری و مەنسوری حکمەت ئەوەبوو کە لە ڕوداوەکانی ئازاری ساڵی ١٩٩١دا مانگی هەنگوینی بزوتنەوەکەی خۆیان دەبینی. ئەوان بڕوایان وابوو کە بزوتنەوەکەیان لەکوردستانی عێراق لەسایەی هێرشی سەربازی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی بۆسەر رژێمی سەدام فرسەتێکی بۆهاتۆتەپێش کە ئومیدی دێرینەی ناسیۆنالیزمی کوردو کورادیەتی بێتەدی، هەربۆیە هەر لەوکاتەدا عبدللە موهتەدی پەیامی هاوپشتی بۆ سەرانی یەکێتی نیشتمانی دەنارد. ئەوان بۆیە خرۆشانی سالی ١٩٩١ کە لەچوارچێوەی سیاسەتی ئیمپریالیستانەی ئەمریکادا لە دژی خەڵکی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کەنداو بەڕێوە چوو، وە لەژێر هەژمونی سیاسی بزوتنەوەی کوردایەتیدا ڕوویدا، بە شۆڕش ناودەبەن، تا ستایشی ئاکامەکەی بکەن کە دەسەڵاتگرتنی ناسیۆنالیزمی کورد بوو لە کوردستانی عێراق. سیاسەتی دواتری بەش و لقەکانی ئەو حزبەو کۆمەڵە نیشاندەری ئەو ڕاستیەبوو کە ئەوانەی لەدوای جیابونەوەی کۆمۆنیزمی کرێکاری لە حزبی کۆمۆنیست و کۆمەڵە، لەناو ئەو حزبەدا مابوونەوە، حکومەتی هەرێمیان وەکو دەسکەوتی خەڵکی کوردستان تەماشا دەکرد. هەربۆیە بەشێوەی جۆراوجۆر بەرگری لێدەکەن. ئەگەر بۆ رووسپیکردنەوەی خۆیان بەرامبەر بە کرێکار و زەحمەتکێشی کوردستانی ئێران، پرتەوبۆڵەیەك بکەن بەرامبەر بە حکومەتی هەرێم، لەڕەخنەکانی ناو بزوتنەوەی کوردایەتی لە خودی دەسەڵاتەکەیان دەرناچێت. کۆمەڵەو لقەکانی بە ئاشکرا و بەشێوەی جۆراوجۆر لە ناڕەزایەتیەکانی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێشی کوردستانی عێراقدا دژی مافیا دەسەڵات بەدەستەکانی کوردایەتی، لەپاڵ دەسەڵاتدا وەستاون و نەیانویستوە ئازاری بدەن. هەربۆیەش خەتای بارودۆخی ئێستا لە نەبوونی و هەژاری و ماڵوێرانی کە دەسەلاتی کوردایەتی بەسەر خەڵکی کوردستانیدا هێناوە دەگەڕێینەوە بۆ چەپ و کۆمۆنیستەکان، وەکو لەقسەکانی ناوبراودا بەئاشکرا دەردەکەوێ.
کۆمۆنیستەکانی کوردستانی عێراق لەوە تێدەگەن کە بۆچی ڕابەرانی کۆمەڵەی تازەو حزبی کۆمۆنیست بەوجۆرە دەیانەوێ مێژووی کۆمۆنیزم لە کوردستانی عێراق چەواشە بکەن. لەوە تێدەگەین کە بۆچی لە ١٩٩١ەوە بازدەدەن بۆ ٢٠١٥ و ٢٠٢٠ و …تاد. کام مێژوونوسی بەویژدان هەیە کاتێك مێژووی سیاسی ساڵەکانی ١٩٩١ تا ٢٠٠٠ بنوسێتەوە، چەواشەکاریەکانی کۆمەڵەو حزبی کۆمۆنیست و ڕابەرانی بەدرۆ نەخاتەوە!؟ دروست لەوکاتەوە کە ئەم برادەرەو سەرکردەکانی دیکەی بانگەشەی بۆدەکەن تا ساڵی ٢٠٠٠ کە یەکێتی نیشتمانی دۆستی دێرینەی سەرانی کۆمەڵە، بە زەبری چەک کۆمۆنیستە کرێکاریەکانی قەتڵوعام کردو کۆمەڵەو حزبی کۆمۆنیست یەك ووشەیان لەسەر ئەو تاوانە قێزەونە نەدرکاند، کۆمۆنیستە کرێکاریەکان و حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق تەنها هێز و حزبی سیاسی چەپ و بگرە ئۆپۆزیسیۆن بوو کە دژی سیاسەت و دەسەڵاتی چەوسێنەرانەی دەسەڵاتی کوردایەتی لەمەیداندا ڕاوەستاو بەرگری لە ژیان و کەرامەرتی هاوڵاتیانی کوردستان دەکرد. بەرگری لە ژنان کردو دەیان ژنی لە چەقۆی پیاوسالاری کوردایەتی و ئیسلامی سیاسی پاراست و داڵدەی دان. لەسەر نەوت و نان و ئاوی خەڵك شەڕی دەسەڵاتی مشەخۆرو تاڵانچیی کوردایەتیی دەکرد.. یەخەی حزبە ناسیۆنالیستە چەپەکەی دۆستی تازەی کۆمەڵەی دەگرت لەسەر چەکدارکردنی مناڵان. لەسەر مافی کرێکار و فەرمانبەرو خانەشین، لەسەر بەرگری لە ژیان و کەرامەتی دانیشتوانی گەڕەکە هەژارنشین و بێتاپۆکان، لەسەر بەرگری لە ژیان و قوتی دەستفرۆشان، لەسەر بەرگری لە ئازادی سیاسی و دژی شەڕی ناوخۆی میلیشیاکانی کوردایەتی لەگەڵ سەرانی دەسەڵاتبەدەستی کوردایەتی شەڕی دەکرد. بگرە لەسەر خودی پیلان و هەوڵە تیرۆریستانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە هاوکاری حزبە ناسیۆنالیستە دەستەخوشکەکەی دەهاتەجواب و بەرگری لە هەلسوڕانی سیاسی ئەوان دەکرد. لە هەر لەسەر ئەو کارانەش بوو بەردەوام لەلایەن حزبە چەکبەدەستەکانی بۆرژوازی کورد پیلانی لەدژ دەگێڕدرا… تا سەرەنجام لە ١٤-٧-٢٠٠٠دا بەهێزی چەك و میلیشیا و کوشتاری سەرجادەیی کۆمۆنیستەکانیان ناچار کرد ووڵات بەجێ بهێڵن! چونکە دەسەڵاتی کوردایەتی هاوخوێن و هاوبزوتنەوەی کۆمەڵەی تازە نەیدەتوانی تەحەمولی هەڵسوڕانی سیاسی و رێکخراوەیی هێزێکی کۆمۆنیست بکەن.
پڕوپاگەندەی جێهشتنی مەیدانی خەبات لەلایەن کۆمەڵەوە بەرامبەر بە حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری، لەوە ڕیسواترە کە هیچ کەسێکی بەویژدان باوەڕی پێبکات. ئاخر جەناب، تۆ باسی ١٩٩١دەکەیت، بەڵام دوای ئەو مێژووە کۆمۆنیستە کرێکاریەکانی کوردستانی عێراق بەشێك بوون لە ململانێ سیاسیەکانی کوردستان لە پێگەی بەرگری لە کرێکار و کۆمۆنیزم و ژن و مناڵ و زەحمەتکێش و ئاوارەدا…. ساڵی ١٩٩٣بوو کە پارتی کادرێکی حزبی کۆمۆنیست لەسەر چالاکی سیاسی – کۆمەڵایەتی لە شاری دهۆك تیرۆر کرد و تەرمەکەی سوتاند! ساڵی ١٩٩٨ لە شاری هەولێر ئیسلامیەکان بە هاوکاری پارتی دوو ڕابەری ئەم حزبە تیرۆر دەکەن و بنکەی ڕێکخراوەکانی بێکاران وژنانی نزیك لە حزب دادەخەن…
لەماوەی ئەو (٩) ساڵەدا کە سەرکردەکەی کۆمەڵە چاوی لێدەنوقێنێ، دەیان جار هەڵسوراوان و کادرو ئەندامانی حزب دەستگیر و زیندانی کران. چەندینجار پەلاماری بارەگای رادیۆی حزب درا لە سلێمانی. لە هەولێر ساڵی ١٩٩٦ لە دوای ٣١ی ئاب، بنکەو ئۆفیسی حزب و یەکێتی بێکاران لەلایەن پارتیەوە تاڵان کرا. لە سلێمانی دوای کوشتاری ١٤-٧ هەموو بنکە و ئۆفیسی ڕێکخراوەکانی ژنان، مناڵان ، کرێکاران، کە نزیك لەحزب بوون دادەخەن و کەلوپەلی بارەگاکانی حزب تاڵان دەکەن. کاکی کۆمیتە ناوەندی کۆمەڵە ئەمانە نابێنێ و دەڵێ ساڵی ١٩٩١ کۆمۆنیستەکان کوردستانیان جێهێشت تا لە ئەوروپاوە رابەری شۆڕشی کرێکاری بکەن!
دوای داگیرکردنی عێراقیش لە ساڵی ٢٠٠٣دا دەوری حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری لە عێراق نابینێ لە دروستکردنی یەکێتی بێکاران و رێکخراوەی ژنان و رێکخراوە کرێکاریەکان و پشتیوانی لە خەڵکی بێخانەولانەی سەربازگەو بارەگا روخاوەکان کە بەهۆی هەژاری و بێمەسکەنیەوە ناچار بوون لەو شوێنانەدا بژین… دەوری ئەو حزبە نابینێ لە دروستکردنی هێزی ئەمان بۆ بەرگری لە مەدەنیەتی کۆمەڵگای عێراق بەرامبەر بە وێرانکردنی شارەکانی عێراق لەلایەن هێزە چەکدارەکانی سوپای ئەمریکاو هێزە تیرۆریستە ئیسلامیە نەیارەکانی. هەروەها دەوری حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان نابێنێ لە ڕوادوەکانی ١٧ی شوباتی ساڵی ٢٠١١ کە خودی سەرانی کوردایەتی دەسەڵات بەدەست ناچاربوون دانی پێدا بنێن… دەوری کادرو ئەندامان و لایەنگرانی ئەم حزبە نابینێ لە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانە جەماوەریەکانی ئەم چەند ساڵەی کوردستان و لە چالاکیە کرێکاریەکاندا … گومان لەوەدا نیە کە ئەو بەڕێزەی ئەندامی کۆمیتە ناوەندی دەبێ هەموو ئەو مێژووەی بزوتنەوەو حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری بسڕێتەوە تا پاکانەی ناوەرۆکی سیاسەتە ناسیۆنالیستیەکانی حزبەکەی بکات و بە چەپ و ڕادیکاڵ و کۆمۆنیست دەرخواردی کرێکار و زەحمەتكێشی کوردستانی ئێرانی بدات! بەڵام خودی ئەم قەیرانەی ناوخۆی حزبی ناوبراو، کەبەشێك لەم هێرشە ڕووی لە سەرکوتکردنیەتی، نیشانە و دەرخەری ڕاستی ئەم بۆچوونەی ئێمەیە. ئەوەتا لەناو خودی ماڵی خۆیانەوە رابەری ئێستای کۆمەڵە وەکو ڕابەرانی ناسیۆنالیست ناوزەد دەکرێت کە بەتەواوی ماهیەتی ناسیۆنالیستی خۆیان خستۆتەڕوو…. جێگای ڕابەری و کۆمەڵەی ئێستا لەڕیزی سەرانی ناسیۆنالیزمی کوردی کوردستانی عێراق و حزبەکانیدایە، نەك لەپاڵ کرێکارو زەحمەتکێشی کوردستانی عێراق و کۆمۆنیستەکاندا، بۆیە سەیر نیە کە ئەوانیش بەهەمان ئاوازی سەرانی کوردایەتی لە کوردستانی عێراق لەسەر حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری و کۆمۆنیستەکانی کوردستان و عێراق دەخوێنن!
٣ی جەنیوەری ٢٠٢١