بەڵێن ئیسماعیل
ئیمپریالیزمی جیهانی بۆ زاڵکردنی ڕژێمی سەرمایەداری بەسەر گۆی زەویدا، بۆ قازانجپەرستی سەرمایەو دابەشکردنی جیهان و کۆنترۆڵکردنی بازاڕو دەست بەسەراگرتنی سەرچاوەکانی وزە و کەرەستەی خاو… تاد، پێویستی بەزاڵکردنی گەنداڵی و ڕاستڕەوی و کۆنەپەرەستی دینی و تائیفی و ڕەگەزی هەبووە. بۆ ئەم مەبەستەش بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناواڕاست و زۆربەی وڵاتانی شەرق و دواکەوتووی سەرمایەداریدا لە هەموو ڕوویەکەوە ئەوانەی پەرەپێداوەو بەهێزی کردووە. تەنانەت ئەوکاتەی ئیمپریالیزمی جیهانی بۆ هەرەسهێنان و هەڵوەشانەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی تێدەکۆشاو دەیویست ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەو ئیمپراتۆریەتە بۆ خۆی بەرێت، لە کۆنەپەرستی ئیسلامی و تائیفی و دینی و ڕەگەزی کەڵکی وەرگرت و هێزی پێبەخشین. لەسایەی ئەو هەوڵانەدابوو “وەهابیزم” گەشەی کردو لە نیمچە دورگەی عەرەبی دا پەرەیسەند، سنوورە دەستکردەکان لەناوچەی کەنداودا داتاشران و شێخ نشینە ئیسلامییە کۆنەپەرستەکان لە ناوچە جیاجیاکانی کەنداودا کران بە پاسەوانی چاڵە نەوتەکان، لە مصر” ئیخوان موسلمین ” بەڕێبەری “حەسەن بەنا” لەدامێنی ئیمپریالیزمی بەریتانیاوە کەوتە خوارەوە و تەغزیە کرا، ڕەوت و لایەنی جۆراوجۆری ئیسلامی سیاسی کۆنەپەرست لە ڕۆژهەڵات و ئاسیای ناواڕاستدا بوژێنرانەوەو دەست بە باڵیانەوە گیرا.
ئیمپریالیزمی جیهان، لەپێش هەموویانەوە بەرتانیاو ئەمریکا، ئەو هێزو رێکخراو و حکومەتە کۆنەپەرستانەیان کرد بەگژی جووڵانەوەی دژی ئیمپریالیستی ڕۆژهەڵاتداو وەکو چەکێکی کاریگەر دژی نفوزی کۆمۆنیزم و چەپ لەو ناوچانەدا بەکاریانهێنان و کردنیان بەپاڵپشت و پشتیوانییەک بۆ دەسەڵاتی ئینتداب و کۆڵۆنیالیزم. مێژووی سەرهەڵدان و وجودی ڕەوتە ئیسلامییە ئیرهابییەکان لەگەڵ میژووی دەسەڵاتی ئیمپریالیستی و سەرمایەداریدا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تێکەڵ و ئاویتەن بەیەک.
(ئیخوان موسلیمین)ەکانی مصر پشتیوانێکی سەرەکی دەسەڵاتی “مەلیک فاروق” بوون لەو وڵاتەداو بەکردەوە لەبەرەی ئیمپریالیزمدا بوون بەرامبەر بەچەپ و ئازادیخوازی و جووڵانەوەی دژی ئیمپرلیستی. (ئیخوان موسلیمین)ەکانی عێراق بەڕێبەرایەتی “محمد الصواف” باڵێکی دەسەڵاتی پاشایەتی کۆنەپەرستانە بوون لە عێراقداو نەیارێکی سەرەکی چەپ و شیوعییەکان و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی بوون. “مەلا عوسمان”ی ڕابەری بزووتنەوەی ئیسلامی هەڵەبجەش ئەوکات هاوکارو بەشدار بوو لە گەڵیان. هەروەها وڵاتانی شێخ نشینی کەنداو قەڵایەکی کۆنەپەرستانە بوون بۆ داڵدەدان و بەهێزکردن و پەلهاویشتنی ڕەوت و هێزە ئیسلامییە ئیرهابییەکان و پەرەسەندنیان.
دوای کۆتاییهاتنی جەنگی جیهانی دووەم و دەسەڵاتی زیاتری بلۆکی سۆڤیەتی جاران، ئەمریکاو ڕۆژئاوا زیاتر گرنگی و کارایی پاراستنی دەسەڵاتی شێخەکانی خلیج و دەستگیرۆیی ڕەوت و هێزە ئیسلامییە ئیرهابییەکانیان بۆ ئاشکرا بوو. پاش چەشتنی تاڵاوی شکستی ١٩٥٦ لە کەناڵی سوێسدا، سەرهەڵدانی چەندین حکومەتی پرۆ سۆڤێتی و چەپ لە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی و ئاسیای ناوەڕاستداو بەهێزبوونی جووڵانەوەی دژی ئەمریکایی و سەربەخۆیی خوازانەی وڵاتانی داگیرکراو و …تاد ئیتر دانانی نەخشەو پلان بۆ بەهێزکردن و داڵدەدانی تیرۆریزمی ئیسلامی بوو بە سیاسەتێکی پایەدارتری ئەمریکاو ڕۆژئاوا.
رووداوە سیاسییەکانی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی و ئاسیای ناواڕاست و باکووری ئەفریقا بەڕۆشنی دەریدەخەن کەچۆن ئەمریکاو رۆژئاوا نەخشەمەندانە بۆ ئەو ئامانجانە تێکۆشاون، رەنگە باسکردنی لە هەندێک لەوانە باشتر قۆناغەکانی گەشەی تیرۆریزمی ئیسلامی روون بکاتەوە. لەناوچەی کەنداو و نیمچە دوورگەی عەرەبیدا شێخ نشینەکانی کەنداو، جگە لە سەرکوت و داپڵۆسینی نەیارانی چەپ و پاراستنی چاڵە نەوتەکان، ئەرکێکی تریان کەوتە ئەستۆ: داڵدەدان و دانی دۆلارە نەوتییەکان (پترۆ دۆلار) بە جووڵانەوە و بزووتنەوە ئیسلامییەکان و بەهێزکردنیان لە هەموو ڕوویەکەوە.
لە ئەندەنوسیا ساڵی ١٩٦٥ تاقمی (بزووتنەوەی ئیسلامی) ڕاستەوخۆ لەبەرەی ئەمریکادا دەوریگێڕا لە پشتیوانیکردنی “سۆهارتۆ”ی دیکتاتۆر و هاوکاریکردنی دام و دەزگا جاسوسییەکانی بۆ کوشتن و ڕاونانی شیوعییەکان، کە سەرەنجام زیاتر لەیەک ملێون شیوعی لەو قەسابخانەدا کوژران و تیرۆر کران، خودی “پنتاگۆن” لە مانگی نیسانی ٢٠٠٢ دا بەڵگە نهێنیەکانی ئەو تاوانە گەورەیان بڵاوکردەوەو دەوری ئیسلامییەکانیان نیشاندا. گەورەیی و ڕسوایی ئەو تاوانە بە جۆرێک بوو وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بەپەلە هەموو ژمارەکانی ئەو کتێبەی کۆکردەوە کە ئەو بەڵگانەی تیادا بڵاوکرابۆوەو لەسەر سایتی ئەنتەرنیتیش سڕییەوە. لەپاکستانیشدا تاقمی (کۆمەڵی ئیسلامی) لقێکی مافیایی سەرکوت و تۆقاندنی دەسەڵاتی دیکتاتۆر “ضیاءالحق” بوون باندێکی سەرکوت و بڵاوەثێکردنی خۆپیشاندەران و نەیارانی حکومەت بوون.
لە مصریشدا دوای دەسەڵاتی “عبدالناصر”، “سادات” بەڕێنمایی ئەمریکا- لە کاتێکدا کە خەریکی کوشتن و ڕاونانی کۆمۆنیست و شیوعییەکان بوو، خەریکی گرتن و ئەشکەنجەدانی ناصرییەکان بوو- تاکو ساڵی ١٩٧٨ دەستگیرۆیی (ئیخوان موسلیمین)ی کردو کۆمەکیکردن، ئیسلامییەکانی پەروەردەکردو پلەو پایەی پێبەخشین، دواتریش بۆ بەشداریکردنی لە جەنگی ناوخۆیی ئەفغانستاندا لە ساڵی ١٩٧٩ بەدواوە بەشێکیانی ئامادەکرد تاکو ببن بە موجاهدو بچن لەو شەڕو جیهادە پیرۆزەدا دژی شیوعییەکان بەشداری بکەن، کارێک سەرەنجام خودی سادات باجەکەیداو لەلایەن تیرۆریستانی ئیسلامییەوە تیرۆرکرا، وە هەروەها کۆمەڵگای مصریش بوو بە قوربانی پەروەردەکرنی تیرۆریستان و ئەو موجاهیدانەی کە جیهادیان لە ئەفغانستانەوە گواستەوە بۆ مصر!
هەروەها لە ئێراندا پاش ئەوەی دەسەڵاتی پاشایەتی پرۆ- ئەمریکی بەهۆی شۆڕشێکی جەماوەری ڕادیکاڵەوە هەرەسی هێنا، لەترسی هاتنە سەرکاری حکومەتێکی چەپ و ئازادیخوازو پەرەسەندنی پریشکی شۆڕش بۆ ناوچەی ستراتیژی کەنداو هەروەها لەترسی هاتنەسەرکاری حکومەتێکی پڕۆسۆڤێتی، ئەمریکاو رۆژئاوا دەستان بەباڵی بزووتنەوەی ئیسلامی شیعەوە گرت و لە (گوادلوپ) بڕیاری پشتگیری لەخومەینی و بەدەسەڵات گەیشتن و لەخوێن هەڵکێشانی شۆڕش و قەتڵوعامی کۆمۆنیستەکان و چەپەکانیان دەرکرد. بەبێ لایەن هێشتنەوەی سوپا، سات و سەودای لیبراڵەکان لەگەڵ ئیسلامییەکاندا سەرەنجام (جمهوری ئیسلامی) ێنایە سەرکار، ئەوحکومەتە ئیسلامییە لەماوەیەکی کەمداهەزاران کەسی لەسێدارەداو شۆڕشی لە خوێن هەڵکێشا. هاتنە سەرکاری جمهوری ئیسلامی بوو بەقەڵایەکی نوێ بۆ گەشەو پەرەسەندنی بزووتنەوە ئیسلامییە ئیرهابییەکان لەسەرتاسەری وڵاتانی عەرەبی ئیسلامی داو قۆناغێکی نوێ لە گەشەو پەلهاویشتنیان دەستی پێکرد.
بەڵام دەسپێکردنی ئەو قۆناغە نوێیە لە هەستان و گەشەی ڕەوتە ئیسلامییە ئیرهابییەکان هەر تەنها بە هاتنەسەرکاری جمهوری ئیسلامی دەستی پێ نەکرد، بەڵکو ڕووداوەکانی ئەفغانستان و پاکستانیش دەوری سەرەکیان گێڕا لە دەستپێکردنی ئەو قۆناغەدا. وە هۆیەکی تری پەرەسەندنی کۆمەڵایەتی ڕەوت و هێزە ئیسلامییە تیرۆریستەکان بارودۆخی نالەباری ئابووری وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی بوو. قۆناغی گواستنەوەی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناواڕاست بەرەو نیزامی سەرمایەداری و گەشەی شیوەی بەرهەمهێنانی ئەو نیزامەو درووستبوونی وڵاتانی دواکەوتووی سەرمایەداری و..تاد قۆناغێکی ئینتقالی هەمەلایەنە و پڕ کێشمەکێش بوو. مێژووی پەلهاویشتنی نیزامی سەرمایەداری لە غەرب و ئەمریکاوە بەرەو ئەم وڵاتانەو جێگیربوونی تیایدا،هەروەک گشت مێژووی سەرمایەداری، بە ئاگرو ئاسن نووسراوەتەوە..