ئاسۆ کەمال
یەکێتی نیشتمانی زەوی و زارێکی چەندین ملێۆن دۆلاری پێشکەش بە نەهرۆی شیخ محمەدی کەسنەزانی کۆنە موستەشار کردوە تاکو شارێکی تەریقەتی قادری وەک پرۆژەیەکی بازرگانی بە دینەکەیەوە بکاتەوە. ئەم پرۆژەیە بەشێک لەو سیاسەتە ئابوریەیە کە بۆ دەیە و نێوێکە لە کوردستان دەستی پێکردوە و پێی دەڵێن کەڵەکەی سەرەتایی سەرمایەداری.
جا چ شێخ بیت و کەرەسەکەت دین بێت، یان بازرگانی سیاسی بیت و کەرەسەکەت کۆڕەک و ئاسیاسێڵ و دەرمان بێت، چ بنەماڵەی سیاسی بیت و کۆمپانیاکەت کار و قەیوان و نۆکان بێت. ئەمانە یەک ئامانجیان هەیە ئەویش کەڵەکەکردنی سەرمایەیە لە دەستی کۆمەڵێک دەوڵەمەنددا و حکومەت زەوی و داهاتی گشتی خەڵک پێشکەش بەمانە دەکات تا چینی سەرمایەدار دروست بکەن و بتوانن سەرجەم سەرچاوە و هۆیەکانی بەڕیوەبردنی ژیانی ٤ ملێۆن ئینسان لە کوردستان بکەن بە موڵکی شەخسی و بنەماڵەیی خۆیان و چینێک دروست بکەن کە بۆ بژێوی خۆی ناچار بە مل کەچی ڕۆحی و جەستەیی ئەم چینە سەرمایەدارە چەندین سەرە دینی و بازرگانی و میلیشیاییە ببێت.
ئەم پرۆسەی کەڵەکەی سەرمایەیە لای دەستەیەک و چینێکی کەمایەتی داماڵینی ژیانی ٤ ملیۆن ئینسانە لە هەرچی زەوی و داهات و سامانێکە کە لە کوردستاندا هەیە و سپاردنی ژیان و ئایندەیان بە بڕینی موچە و دانەمەزراندن و بێکاری و گرانی و هەژاری.
حکومەتی هەرێم لەم دەورەیەدا دەستی هەموو کۆنە موستەشار و گەندەڵکار و دزێکی کەرتی گشتی و ژن کوژێکی عەشایر و درۆزنێکی پەلەمانتار و خاوەن دیوەخانێکی چەکدار و خاوەن تەریقەتێکی کۆنەپارێز دەگرێ کە بیانکاتە شەخسیەتی سەرمایەداری خاوەن پرۆژە و کۆمپانیا ئەمە مێژووی چونە ناوەوەی کۆمەڵگەی کوردستانە بۆ بازاڕی جیهانی سەرمایەداری. ئەمە مێژووی ڕاستەقینەی دەیە و نێوێکی ڕابردووی کەڵەکەی سەرەتایی سەرمایەیە لە کوردستان.
خۆپیشاندان و ناڕەایاتیەکانی چەند ساڵی ڕابردوو بۆ موچە و خزمەتگوزاریەکان لەلایەن فەرمانبەران و کرێکاران و مامۆستایان و خەڵکی هەژار ،وە سوتاندنی بارەگای حزبە سیاسیە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان لەلایەن گەنجانی بێکارکراوەوە نیشانەی ناڕەزایەتی چینی کرێکار و چەوساوەی کوردستانە بەم کەڵەکەیەی سەرمایە و دەوڵەمەندبوونی چینێکی بورژوازی لەسەر حسابی چینی کرێکار و فەرمانبەر و کەم دەروامەتی کوردستانەوە. ئەمە شەڕێکی چیانەیەتی درێژخایەنە کە لە کوردستان دەستی پێکردوە.
بورژوازی کورد لەم شەڕەدا ڕاویژکاری زۆری لە بانکی جیهانی و کۆمپانیاکانی نەوت و گاز و قاچاغچیەکانی حکومەتە ناوچەییەکانی تورکیا و ئێرانیش هەبوە و هەربۆیە ئێستا ئەم بورژوازیە کوردیە کەوتۆتە سەرپێی خۆی و خەریکە لەو کەڵەکە سەرەتاییەی سەرمایە فێری هەموو جۆرە پرۆژەکانی وەبەرهێنان بوە و حکومەت و پەرلەمانی خستۆتە خزمەتیانەوە. پڕۆژەی کەسنەزان سیتی یەکێکی تر لەو پڕۆژانەیە کە کەرەسەی خورافاتی دینی دەکا بە دۆلار و دەیڕژێنێتە حسابی نادیاری ئەوانەی شاری سلێمانیان لە شاری ڕۆشنبیریەوە کردوە بە شاری چەتەکان. شێخ و پڕۆژەکەی ئەم هێلکە دوو زەردێنەییە بۆ دەسەڵاتدارانی سلێمانی دەکەن کە هەم سەرمایەکەیان بۆ دەسوڕینن و کەڵەکە دەکەن و هەم جیگای فەزای بیرکردنەوە و ڕەخنە چۆڵ دەکەن بۆ فەزای شمشێر لەخۆدان و ملکەچی و خورافات بڵاوکردنەوە. ئەمە ئەو هونەرەی نوێیەیە کە پڕۆژەی تەریقەت لای سەرانی یەکێتی ، جا چ ئەمەلی ژنیان بێت یان بەرهەمی سەرۆکی پیاویان بێت، خۆشەویست دەکا.
خەڵکی ناڕازی شاری سلێمانی ئەگەر دەیانەوێ لەسەر کەلتوری ڕۆشنبیربونی خۆیان بەردەوام بن پێویستیان بە خوێندنەوەی “سەرمایە”ی مارکسە تا بزانن بە چ سیستمێک سەرمایەداری کورد لەسەر حسابی ژیان و مێژووی ڕۆشنبیری شارەکەیان پارەیەک کەڵەکە دەکا کە بەهۆیەوە موستەشار و گەندەڵکاران لە ئاوی زێڕدا نوێژی پاک بونەوەیان پێ دەکا و دەیانکات بە پێش نوێژ تا خەڵک لە دوایانەوە سوجدە ببەن تاکو موچەیەکیان بدەنێ.