کاریگەریەکانی دابەزاندنی نرخی دینار لەسەر ژیانی خەڵك …

موحسن کەریم

لە ژمارە دووی بڵاوکراوەی ئۆکتۆبەر ٢٥ دیسەمبەری ٢٠٢٠ بڵاوبۆتەوە

 دابەزاندنی نرخی دیناری عێراقی لەبەرامبەر دۆلاری  ئەمریکی لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بەرێژەی٢٢% ڕاستەوخۆ مانای دابەزاندنی ئاستی گوزەرانی چینی کرێکارو کەمدەرامەت و زەحمەتکێشە بەهەمان ڕێژە. بەسادەیی لەبەرئەوەی هەموو ئەوانەی کە بەکرێ کار دەکەن چ مووچەخۆرانی حکومەت و چ کرێکارو کارمەندانی کەرتی ئەهلی، مووچە یان کرێی کارەکەیان بەدینار وەردەگرن؛ ئەو پارەیەشی وەریدەگرن ٢٢% ی بەهاکەی لەدەستداوە.

ئەمەش مانای ئەوەیە کەئێستا بڕێکی کەمتر لەو کاڵایە دەتوانن بکڕن، کە جاران دەیانکڕی!

بەڵام لە بەرامبەردا سەرمایەداران؛ بازرگان و خاوەن کاڵاکان هیچ زیانێك ناکەن ئەگەر قازانجی خەیاڵیش نەکەن.

ئەوان کاڵاکانیان بەنرخی تازە دەفرۆشن نەك بەنرخی پێشوو. واتە بە بەرزکردنەوەی نرخی کاڵاکانیان قەرەبووی داشکانی بەهای دینار دەکەنەوە. بێجگە لەوە بەشێکی زۆر لەخاوەن کاڵاکان هەمان کاڵای پێشویان بەنرخی گرانتر دەفرۆشن بەهاوڵاتیان؛ بەوجۆرە قازانجێکی زیاتر دەکەن؛ کەواتە ئەو بەشەی کۆمەڵگای عێراق و کوردستان کە لەم دابەزاندنەی نرخی دینار زیانیان کردوە چینی کرێکارو هەموو ئەو توێژانەی کۆمەڵگان کە بەکرێ کاردەکەن و خاوەنی هیچ کاڵاو سەرمایەیەك نین بێجگە لەهێزی کاری خۆیان.

بیانووی بەشێك لە ئابوریناسە بۆرژواییەکان بۆ بەرگریکردن لەم  بڕیارەی حکومەتی ناوەند ئەوەیە کەبەم هەنگاوەی حکومەت ئاستی هاوردە کەم دەکات و بەرهەم و کاڵای ناوخۆ دەبوژێتەو. لەئاکامی ئەمەشەوە لەدرێژماوەدا بەقازانج بۆ خەڵکی عێراق و کوردستان دەگەڕێتەوە.

دیارە مەبەستی ئەوان ئەو بەشەی کۆمەڵگایە کەخاوەنی سەرمایەو کاڵان نەك چینی کرێکارو توێژە بێبەشەکانی کۆمەڵگا. بەڵام ئەم جۆرە بانگەشەیە، واتە بوژانەوەی بەرهەمی ناوخۆ زۆرتر لەوەهمێك دەچێت کەئابوریزان و سیاسەتمەدارانی بۆرژوازی بانگەشەی بۆدەکەن،

چونکە ژێربینای ئابوری عێراق و کوردستان وەکو بەشێك لەبازاڕی سەرمایەداری جیهانی بەجۆرێك رێکخراوە کەزیاتر لەسەر ناردنەدەرەوەی نەوت ڕاوەستاوە. وەگەڕخستنی سەرمایە لەبواری کشتوکاڵ و پیشەسازی و گەشتیاری کەلایەنگرانی بەرهەمهێنانی ناوخۆ پڕوپاگەندەی بۆدەکەن بەناچاری پەیڕەوی لەمیکانیزمەکانی کاردابەشکردنی جیهانی دەکات لەبواری بەرهەمهێنانی کاڵاکان و وەگەرخستنی سەرمایەدا لەبەشە جیاوازەکانی بەرهەمهیناندا. بازاڕی کارو سەرمایەی عێراق و کوردستان بەپێی یاسا جیهانیە ئابوریەکانی سەرمایە دەجوڵێتەوەو هەڵسوکەوت دەکات.

بۆیە ئامانجی سەرەکی ئەم بڕیارەی حکومەتی ناوەند کەدەسەلاتدارانی هەرێمیش پێشوازی لێدەکەن ئەوەیە کە باری سەختی قەیرانی ئابوری سەرمایەداری عێراق بەسەر شانی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش و کەمدەرامەتدا بشکێنێتەوە. سیاسەتی ئابوری حکومەتی عێراق وەکو حکومەتی بۆرژوازی عێراق ئەبێت بەرژەوەندی چیی بۆرژوازی عێراق دابین بکات لەسەر حسابی ژیان و گوزەرانی چینی کرێکارو زەحمەتکێش.

حکومەتی عێراق پەیڕەوی لەسیاسەتە ئابوریەکانی سندوقی قەرزی نێودەولەتی و دامەرزاوە ئابوریەکانی سەرمایەداری جیهانی دەکات. سیاسەتی ئەم دەزگاو دامەزراوانەش ئابوری بازاڕو نیولبراڵیزمە کە لەسەر بنەمای دەستهەڵگرتنی دەوڵەت لە پێشکەشکردنی هەرجۆرە خزمەتگوزاریەکی گشتی و هەرجۆرە هاوکاریەکی کۆمەڵایەتی بۆ هاوڵاتیان و ڕەهاکردنی دەسەتی بازاڕو سەرمایەیە بۆ داسەپاندنی نامرۆڤانەترین هەلومەرجی کارو ژیان و گوزەران بەسەر چینی کرێکارو توێژە زەحمەتکێش و کەمدەرامەتەکاندا دامەزراوە.

تەواوکەری ئەم سیاسەتەی حکومەتی عێراق لێگرتنەوەی مووچەی کارمەندان و فەرمانبەرانی کەرتی حکومی لەلایەك و دانانی باجە لەسەر دەرامەتی هاوڵاتیان. واتە سەرباری دابەزاندنی نرخی دینار بە دوو شێوەی دیکەش مووچەی کرێکاران و کارمەندانی حکومەت کەم دەکرێتەوە کە دەکاتە نزیکەی ١٥-٢٠% ی مووچەکانیان.

بەوجۆرە مووچەی واقعی مووچەخۆران و خێزانەکانیان کە بەشێکی بەرچاوی کۆمەڵگای عێراق و کوردستان پێکدەهێنن نزیکەی ٣٥-٤٠% کەمدەکرێتەوە.

لەکۆتاییدا سەرتاپای ئەم سیاسەتەی حکومەتی عێراق بۆ دەربازکردنی بۆرژوازی عێراقیە( بە کوردستانیشەوە) لەقەیرانی ئابوری و کورتهێنانی قازانج و کەڵەکەی سەرمایەکانیان و دەستپێکردنەوەی دەورەیەکی دیکەیە لەچەوساندنەوەی وەحشیانەی چینی کرێکارو خەڵکی زەحمەتکێش و کارگەری عێراق و کوردستان.

ئەم سیاسەتە ئەبێت ڕووبەڕووی بەرەنگاری تووندی چینی کرێکارو جەماوەری بێبەشی عێراق و کوردستان ببێتەوە. جێبەجێبوونی ئەم سیاسەتەی حکومەتی بۆرژوایی عێراق ژیان و گوزەرانی خەڵکی زەحمەتکێشی عێراق وکوردستان بەرەو کارەسات و وێرانبوون و هەژاری ڕەها پاڵ پێوەدەنێت. 

Check Also

پێگەی ناسیونالیزمی کورد دوای هەڵبژاردنەکان و بەدیلی تر!!

عەبدوڵا مەحمود هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی هات. بەپێچەوانەی پیشبینی و بانگەشەی لایەنەکان کە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *