بەڵین ئیسماعیل
ریشەی تووندوتیژی لە دابەشبوونی چینایەتی کۆمەڵگادایە. چینە باڵادەستەکان بۆ پاراستنی دەسەڵاتی چەوسێنەرانەی خۆیان و پاراستنی سەروەت و سامانێک کە بەهۆی کارو دەستڕەنجی زۆرینەی کۆمەڵەوە لەسەریەک کەڵەیان کردووە، تووندوتیژی بەکاردەهێنن و نەیارانی خۆیان سەرکوت دەکەن. ئەوان جگە لەوەی دەوڵەت، سوپا، زیندان، دامودەزگای سەرکوت و داپلۆسین، دامودەزگای جاسووسییان هەیە پەنا بۆ تیرۆرو تیرۆریزمیش دەبەن.
بەدرێژایی مێژووی سەرمایەداری چینی بۆرژوازی لە بەرامبەر ڕابەرانی کرێکاراری و سۆشیالیستی دا، لەبەرامبەر جووتیاران و ئازادیخوازاندا کاتێک سەرکوت و داپلۆسین و بەکارهێنانی یاساکانی بۆ ئیعدام و لە سێدارەدانیان دادی نەدابێ، پەنای بردۆتە بەرکاری تیرۆرو ئیرهاب و ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بەو شێوازە دڕندانەیە لەناوی بردوون. لەبەرئەوە لەپانە دامودەزگا عادەتییەکانی سەرکوت و داپلۆسیندا، ەمیشە چینی بۆرژوازی و دەوڵەتەکەی تاقمی تیرۆریستی مافیاییان بۆ ئەنجامدانی ئەوکارە پێکهێناوە و پشتیوانییان لێکردووە و ئیمکانات و هۆی پێویستیان خستۆتە بەردەست و لە تاقیب و لێپرسینەوەی یاسایی بە دووریان گرتوون.
پەنابردنە بەر ئیرهاب و تیرۆریزم لەلایەن بۆرژوازییەوە، لەکاتی پەرەسەندنی خەبات و ناڕەزایەتی کرێکاری و جەماوەری دا، لەکاتی هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆدا زۆر زیاتر پەرەی سەندووە. بۆرژوازی و تاقمە تیرۆریستییەکان لە ئەبعادێکی کەم وێنەدا ڕابەرانی کرێکاری و جەماوەری و ئازادیخوازانیان کوشتووەو ڕاویان کردوون. ڕەنگە سەرهەڵدانی فاشیزم لە ئیتاڵیا لە دەورەی سەرهەڵدانی “شوورا سوورەکان “و شەپۆلی داگیر ردنی کارخانە و کارگەکانی ساڵەکانی (١٩٢١-١٩٢٢)دا باشترین نموونەی ئەو هەوڵە تیرۆریستیانەی بۆرژوازی بێت، لە کاتێکدا ئیتاڵیا لە سەرلێواری شۆڕشێک بوو لە چەشنی شۆڕشی ئۆکتۆبەری روسیا لە١٩١٧، بۆرژوازی بۆ سەرکوتی شوراکان و کوشتن و لە ناوبردنی رابەران، جووڵانەوەیەکی فاشستی بەڕابەری “مۆسۆلینی” پێکهێناو بەریدایە گیانی کرێکاران و لەماوەی نێوان ساڵەکانی ١٩٢٢-١٩٢٦ دا بە هەزاران ڕابەر و هەڵسوڕاوی کرێکاری و جەماوەری لەلایەن فاشییەکانەوە بە دڕندانەترین شێوە تیرۆرکران. لە ئەڵمانیاش لە میانەی شۆڕش و ڕاپەرینی کرێکاراندا بوو ڕۆزا لۆکسمبۆرگ و کارڵ لیکبنخت لە ساڵی ١٩١٩ دا تیرۆرکران یان ئەزموون و تەجروبەی بەرازیل لە دەیەی هەشتاکان و نەوەدەکانی سەدەی بیستەمدا نموونەیەکی ترە، بۆرژوازی بەرازیل بەسەدان ڕابەری بزووتنەوەی کرێکاری و یەکێتییە کرێکاریەکانی بەرازیلی تیرۆر کردوو لە ناوی بردن. چەندین دەستەو تاقمی مافیایی و ئینسانکوژی لەلایەن کۆمپانیاکان و خاوەن زەوییەکانەوە پێکهات و ئەرکی سەرەکیان تۆقاندن و هەڕەشە کردن بوو..
ھەرکاتێک بۆرژوازی لە ئاکامی شۆڕش و ھەستانێکی جەماوەریدا دەسەڵاتی لەدەستچووبێ، پەنابردنە بەر تیرۆر و تیرۆریزم شێوازێکی سەرەکی بووە بۆ گێڕانەوەی. کاتێک بۆرژوازی لەروسیادا توانی شۆڕشێکی چەواشە بەدژی شۆڕشی ئۆکتۆبەری ڕوسیا بەرپا بکاو سەرمایەداری دەوڵەتی دامەزرێنێ، ھێرشێکی تیرۆریستی گەورەی لە ژێر ئاڵای ستالینزمدا کردە سەر ڕابەران و ھەڵسوڕاوانی شۆڕشی ئۆکتۆبەر و بەشێکی بەرچاویان لێ تیرۆر کردن، ترۆتسکی لەئابی ١٩٤٠دا یەکێک لە قوربانییەکانی ئەو ھێرشانە بوو.
بەڵام بۆرژوازی ھەر بە تەنھا لەبەرامبەر کرێکاران و ئازادیخوازاندا لە وڵاتانی پێشکەوتووی سەرمایەداریدا تیرۆریزمی نەکردووە بەشێوازێکی سەرەکی سەرکوت و تۆقاندنی خۆی بۆ پاشەکشە بەخەباتی چینایەتی و دامرکاندنەوەی، بەڵکو لە وڵاتی داگیرکراو و کۆڵۆنیالکراودا، لە وڵاتانی دواکەوتووی سەرمایەداریدا بەشێوەیەکی بەربڵاو بەدژی خەبات و جووڵانەوەی ئازادیخوازانەو سەربەخۆیخوازانە، لەپاڵ ھۆیەکانی تری سەرکوتو داپڵۆسیندا، تیرۆریزمی بەکارھێناوە. تیرۆریزم یەکێک بووە لەخەسڵەتە پایەدارەکانی ئیمپریالیزم و شێوازێکی سەرەکی دەسەڵاتەکەی، بەتازەترین چەک و بەزۆرترین ئیمکانات و ئاسانکارییەوە، دەوڵەتە ئیمپریالیستییەکان ئازادیخوازان و نەیارانی سیاسی، خەڵکی مەدەنی و بێدیفاعیان لەو وڵاتانەدا کوشتووەو لەناویان بردوون..تاد
کاری سەرەکیان ئینسانکوژی بووە وە یاخود سەپۆرتی تیرۆریزمی ئیسلامیان کردووە و وەکو دڕندەیەکی ھەوسار پچڕاو بەریان داوەتە خەڵکی وڵاتانی جیھانی سێیەم، ھەروەکو پێشتر بەپاراوی لەم بارەوە دواین.
کۆمۆنیستەکان و تیرۆریزمی ئیسلامی!
کاتێک رووداوی ١١ئەیلول ڕوویدا کۆمۆنیستەکان و سۆشیالیستەکان ئەو ھێرشەیان ئیدانەکردو خوازیاری ئەوە بوون ئەنجامدارانی بدرێن بەدادگاو سزای خۆیان وەربگرن. ئەوان بێئەوەی پاساوێک بۆ ئەو کارە بھێننەوە بەشێوەیەکی موتڵەق ئیدانەیان کردو ھاودەری و ھاوسۆزی خۆیان لەگەڵ کەسوکاری قوربانییەکان و خەڵکی ئەمریکادا دەربڕی. ئەم ھەڵوێستە پێش ھەموو شتێک نیشانەی ئینساندۆستی کۆمۆنیزم بوو. کۆمۆنیستەکان بەتەنگ گیان و ژیانی ئینسانەوەن. ھەرلایەنێک ئینسانکوژی بکات بەڕێگایەک بۆ گەیشتن بەئامانجەکانی پێش ھەموو شتێک بەرنەفرەت و بێزاری ئەوان دەکەوێ. کۆمۆنیستەکان باوەڕێکی قوڵیان بەوە ھەیە کە دەبێ گیان و ژیانی ئینسانەکان پارێزراوبێ و لەھەر دەستدرێژییەک بەدووربێت، ھیچ لایەن و ھێزێک بۆی نەبێ کوشتنی ئینسان بکات بەھۆیەک بۆ گەیشتن بەئامانجەکانی. بێگومان تیرۆریزمێکی کوێرانە کە ژیانی خەڵکی مەدەنی و بێ دیفاع بکات بەنیشانەو سوتەمەنی کردەوەکانی، جدی تر ڕووبەڕووی دەبنەوەو بۆ ڕیشەکێشکردنی تێ دەکۆشن.
بەڵام بنچینە و بناغەی ھەڵوێستی کۆمۆنیستەکان بەتەنھا ئینساندۆستی نییە، بەڵکو پشتیداوە بەمێژوویەکەوە کە تیایدا کرێکاران و کۆمۆنیستەکان وەکو ھێزێکی شۆڕشگێڕ بۆ لە نێوبردنی بنەما مادییەکانی زەبروزەنگ و چەوسانەوەو توندوتێژی خەباتیان کردووە و هەروەها هەوڵیانداوە لەبەرامبەر کارەکانی بۆرژوازی لە تیرۆر و تیرۆریزم و سەرکوتدا پاشەکشە پێبکات.