هاوڕێ شێرزاد فاتیح ناسراو بە ( مامۆستا شێرزاد ) بۆ هەمیشە جێیهێشتین!
راگەیاندنی هەردوو حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان و عێراق
بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ٢٣ دیسەمبەری ٢٠٢٠ هاوڕێی ئازیز و خۆشەویستمان شیرزاد فاتح حبیب ئەندامی هەردوو حزبی کۆمۆنستی کرێکاریی عێراق و کوردستان، هەروەها ئەندامی لیژنەی شارەوانی شاری یاڤڵە لەسوید و بەرپرسی سەنتەری بەرگری لە مافەکانی منداڵان و کەسایەتی ناسراوو دڵسۆزو خۆشەویست دوای ململانێیەکی سەخت لەگەڵ ڤایرۆسی کۆرۆناداو لەتەمەنی ٥٦ساڵیدا لە یەکێک لە خەستەخانەکانی سوید بۆ هەمیشە چاوەکانی لێکناو بەجێیهێشتین.
هاوڕێ شێرزاد فاتح پێداگرو پەیگیر لەسەر بیروباوەڕو فەرهەنگی کۆمۆنیستی هەموو ژیانی خۆی تەرخان کردبووبۆ وەستانەوە دژ بەستەم و چەوساندنەوە، وبۆ بەرگری لە مافەکانی منداڵان، ژنان و کرێکاران، لەپیناو ئازادی و یەکسانی و بەختەوەری کۆمەڵگای کوردستان وعێراق.
مامۆستا شێرزاد مێژوویەکی پڕکارو پرشنگداری هەبوو لە هەردوو حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق و کوردستان و هەر لەسەرەتای دامەزراندنی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراقەوە کادری هەڵسوڕاو و پڕکاری ئەو حزبە بوو. دوای پێکهاتنی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستانیش یەکێك بوو لە کادرە دڵسۆزو خەمخۆرەکانی حزب.
هاوڕێ شێرزاد لە ساڵی ١٩٦٤ لە گوندی خاڵەبازیانی سەر بەشاری کەرکوک لە دایك بووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە خاڵەبازیانی تەواکردوەو خوێندنی ئامادەیشی لەشاری کەرکوك و پاشان کۆلیژی پەروەردە بەشی فیزیای لەزانکۆی موسڵ تەواوکردووە. ماوەی چەندین ساڵ مامۆستا بووە لە دواناوەندی شۆڕش لە سلێمانی و ماوەیەکیش بەرپرسی سەنتەری بەرگری لەمافەکانی منداڵانی کوردستان بووە. لە ساڵی ٢٠٠٠ ڕوودەکاتە ئەوروپاو لە وڵاتی سوید نیشتەجێ دەبێت و لە خوێندن بەردەوام دەبێت تا لە وێش دەبێتەوە بە مامۆستای بیرکاری، هەروەها ئەندامی لیژنەی شارەوانی شاری یاڤڵە بووە لە سوید.
وێستگەکانی خەباتی سیاسی هاوڕێ شێرزاد پڕ لە دەستکەوت و ئەزمونی گەورەن لەپێناو داکۆکی لەکۆمۆنیزم و مرۆڤایەتی و ئومێدی گەورەی بەحزب و حزبیەت و لەڕیزی پێشەوەی بەجێگەیاندنی ئەرکە سیاسیەکانی بوو.
دەیان پرۆژەی هاوکاری منداڵان و ئاوارەکانی لەعێراق و کوردستان لە ئەستۆ گرتبوو. پشت و پەنایەك بوو بۆ هەڵسوڕاوانی مەیدانەکانی بەرگری لە مافەکانی منداڵان و ئاوارە و ژنان و کرێکاران.
هەردوو حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق و کوردستان بەژیان لەدەستدانی هاوڕێ شێرزاد فاتح یەکێك لە سیما کۆمەڵایەتیە سیاسیە بەرجەستەکانی خۆیان لەدەستدا.
لەدەستدانی هاوڕێ شێرزاد زیانێکی گەورەیە بۆ بزووتنەوەی کرێکاریی و کۆمۆنیستی و بەرەی مرۆڤ دۆستی و پێشکەتوخوازی و یەکسانیخوازی کۆمەڵگای عێراق و کوردستان.
ئێمە لەقوڵایی دڵمانەوە پرسەو سەرەخۆشی لە سەمیرەی هاوسەری و هەردوو کچەکەی تیناو لەنیای ئازیز دەکەین و لە ئامێزی خۆشەویستیان دەگرین. هاوکات هاوخەمی خۆمان بۆ کەسوکارو هاوپیشەکانی و هاوڕێیان و دۆستانی هەردوو حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق و کوردستان ڕادەگەیەنین و لەم خەمە قورسەدا لە پاڵیان ڕادەوستین.
مامۆستا شێرزاد سمبولی مرۆڤدۆستی بەرجەستە لەناوماندا نەماوە، بەڵام بیروباوەڕو ئامانجی شوڕشگێڕانەو خەباتگێرانەو ڕاوەستاویەکەی بۆبەرگری لەکۆمۆنیزم و حزبەکانی بۆ هەمیشە لە پراکتیکی ئێمەدا درێژەی دەبێت.
یادی هاوڕێ شێرزاد فاتیحی ئازیز لە یادو یادەوەریەکانی ئێمەدا بۆ هەمیشە بەزیندویی دەمێنێتەوە.
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق
٢٣/١٢/٢٠٢٠