بەدوای ئەوەدا کە دەسەڵاتدارانی کوردستان هەوڵیاندا لەڕێگای گازی فرمێسکڕیژو گولـهی پلاستیکیەوە، بەدوای ئازاردان و بریندارکردنی دەیان کەس و کوشتاری ژماریەک لە خۆپیشاندەرانی شاری سلێمانی بۆ ئەوەی ڕقوتوڕەیی جەماوەری ناڕازی دامرکێننەوە، بەڵام بەپێچەوانەوە ئەم کردەوە سەرکوتگەرانەیەی دەسەڵات فوی بە پشکۆی ئاگری خرۆشاوی خەڵكی توڕەو ناڕازیدا کردو خوپیشاندان و هاتنەمیدانی جەماوەری بەشێکی زۆر لەقەزاو ناحیەکانی سەر بە هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەدا کردو وەڵامێکی کەمەرشکێنیان بە دەسەڵات دایەوەو کەوتنە ئاگرتێبەردانی بنەکەو بارەگای هەموو ئەو حزبانەی بەشدارن لە بەڕێوەبردنی ئەو حکومەت و سیستەمهدا، لەوانەش بارەگاکانی یەکیەتی و پارتی، گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتووی ئیسلامی، هەربۆیە وەڵامی ئەمجارەی دەسەڵاتداران بە پەلاماردان و گرتن و ڕاونان و ڕاکێشانی لولەی تفنگەکان و تەقەکردن لەسنگی خۆپیشاندەران دەستیپێکردو لەئەنجامدا جگە لەبریندارکردنی دەیان خۆپیشاندەر حەوت کەس بوونە قوربانی کەلەنێویاندا منداڵ هەیە، هەروەها ئەو خۆپیشاندەرانەشی کە بەبرینداری براونەتە نەخۆشخانەکان لەلایەن دەزگاکانی ئاسایشەوە دەستگیر کراون.
ئەم کردەوە سەرکوتگەریەی دەسەڵاتدارن جگە لەوەی هەوڵێکی زەبونانەیە لەڕاستای مانەوەدا، هاوکات هەوڵێکە کە ئەحزابی حاکم لەپێناو مانەوەی خۆیان و پاراستنی بازاڕی قاچاغچێتی و کۆمپانیاکان هەموو کۆمەڵگا لەخوێن هەڵکێشن، بۆئەمەش خۆپیشاندەران بە ئاژاوەگێڕو سوتاندنی بارەگای حزبەکان و دامودەزگای حکومەت تۆمەتبار دەکەن. ئەم قسەو پاساوانە سەراتاپا ڕیسوایەو تەنها بۆ ئەوەیە کە خرۆشانی جەماوەری برسی و بێکار لەخوێن هەڵبکێشن و زیندانەکان بە لاوان و زەحمتکێشانی بێکارو هەژار سیخناخ بکەن چونکە ئەوەی سەرچاوەی لە نائارامی و ئاشوب و تاوانکاری و شەڕو کارەساتەکانی سەر خەڵکی کوردستانە گرتووە، هەر خودی ئەم حزبانەو دەسەڵاتەکەیانە.
لەدۆخێکدا کەقەیرانی حکومەتی یەخەی بەدەسەڵات گرتووەو خەڵکی هەژارو نەدار کەوتونەتە بەرامبەریەوە، چینی فەرمانڕەواو حزبەکانی بڕیاری جەنگێکی تاسەر خوێناویان لەدژی جوڵانەوەی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش داوەو بەبێ پاساوی ڕیسواو ناوەڕۆک بۆشیان ناچارن بۆ ئەم جەنگەیان.. هەربۆیە ڕژانە نێو شەقامی شارەکان و بەستنی ڕێگاکان لەلایەن خەڵکی هەژارو بێکارو بێموچەوە کارێکی ڕەوایەو هەقیانە ئارامی لەم حکومەت و سیستەمە هەڵبگرن نەهێڵن، هەقیانە بارەگای حکومەت و دامودەزاگا سەرکوتگەرەکانی وەک ئاسایش و پۆلیس و قایمەقامیەت و بنەکەی چەکدارو ئۆفیسەکانی پەرلەمان و وەزارەتخانەکان بکەنە نیشانەی خۆیان و شوێنی خرۆشانە جەماوەریەکان؛ چونکە ئەمانە ڕەمزو داردەستی سەرکوت و لقوپۆپەکانی بەڕێوەبردنی باجوخەراجی دەسەڵاتێکن کە لەسەر دزی و تاڵانی دەلەوەڕێن. هیچ شتێک لەوە ڕەواو بەرهەقتر نییە کە جەماوەری مەحروم و ستەم لێچو و بخرۆشێت و نەفرەت و توڕەیی خۆی بەرامبەر بەهەر ڕەمزێکی دەسەڵات و ئۆرگانە سەرکوتگەریەکانی دەربڕێت. خەڵكی کرێکارو زەحمەتکێش هەقیانە شارەکان لەدەسەڵاتی گەندەڵکاران پاکبکەنەوەو کۆنترۆڵی کارگەو دامەزراوەکان و فەرمانگەکان بەدەستەوە بگرن و تامی ئازادی و دەستڕۆیشتووی خۆیان بکەن و شێوازی دەسەڵاتدارێتی سەربەخۆی خۆیان دامەزرێنن.
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان لەگەڵ ئەوەدا کە هەرجۆرە پەلامارو سەرکوتێکی خۆپیشاندەران لەلایەن هێزەکانی دەسەڵاتەوە بەتوندی سەرکۆنە دەکات و تەقەکردن و بریندارکردن و کوشتنی خۆپیشاندەران وەکو تاوانێکی نەبەخشراو لەسەر ئەم دەسەڵاتە تۆمار دەکات؛ هاوکات ڕایدەگەیەنێت کە هاتنەمەیدانی فراوان و یەکگرتووی جەماوەر لەکارگەو زانکۆو گەڕەک و فەرمانگەکاندا تەنها زامنی ڕاوەستانەو سەرکەوتنەو پەکخستنی هێرش و پەلامەرەکانی دەسەڵاتە بۆسەر خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان.
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان بەتەواوی توانایەوە تێدەکۆشێت بۆ لەقاودانی کردەوە سەرکوتگەریەکانی دەسەڵات و ڕیسواکرنی لەئاستی ڕایگشتی جیهانیداو له ههوڵی به دهسهتهێنانی پشتیوانی خهڵكی كرێكارو ڕێكخراوەو ئازادیخوازاندا دهبین بۆ جهماوهری ناڕازی لهپێناو كۆتاییهێنان بهم دهسهڵاتهدا.
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
٩/١٢/٢٠٢٠