جەماوەری خرۆشاو و ڕاپەریوی کوردستان!
کرێکاران و کارمەندان!
لاوان و ژنانی تامەزرۆی ئازادی!
بێباکی دەسەڵات لەبەرامبەر ژیان و گوزەرانی ئێوەدا، موچە بڕین و سیاسەتی برسیکردن، بێکاری و گرانی، دزی و تاڵانی ئاشکرا، سەرکوت و بێمافی هەمەلایەنە… ئێوەی ناچارکرد کە بۆ بەرگری لە ژیان و گوزەران و شکۆی ئینسانیتان بێنە سەر شەقامەکان و ناڕەزایەتی فراوان لەدژی دەسەڵات، دەست پێ بکەن، ئەمەش مافێکی ڕەوا و ئەرکێکی پێویست بوو.
وەکو پێشبینی دەکرا، دەسەڵات وەکو پیشەیی مافیایی خۆی، لە جیاتی وەڵامدانەوە بە خواستە زۆر سادەو ڕەواکانتان، دەستی برد بۆ گرتن و ڕاوەدونان، زیندان و بەکارهێنانی غازی فرمێسک ڕێژ، دواتریش ئێوەی دەست بەتاڵی کردە نیشانەی تفەنگچیەکانیان… لە بەرامبەردا ئێوەش ناچار بوون بۆ سنوردانان بۆ توندوتیژی دەسەڵات، دەست بۆ سوتاندنی بارەگای حزبەکان ببەن، ئەو بارەگایانەی لە بنەڕەتدا موڵكی خەڵکی کوردستانن و ئەوان دەستیان بەسەردا گرتووە. ئەو بارەگایانەی دەمێکە بوونەتە رووی قێزەونی دەسەڵاتی تاڵانچی و مافیایی.
گومان لەوەدا نییە، ڕاماڵینی دەسەڵات و بەبێ دەست بەسەراگرتنی بارەگای حزبیەکان، بەبێ راوەدوونانی بەرپرسە دزو تاڵانچییەکان، بەبێ پەلکێشکردنی دز و دەستە سەرکوتگەرەکان بۆ بەردەم لێپرسینەوەی جەماوەری و بەدادگا کێشانیان، بەشوێنێک ناگات. بەڵام ئەمە تەنها لایەنێک و هەنگاوێکی شوڕشگێرانەیە لە ڕێگایەکی درێژتر تا سەرکەوتن… لایەنێکی تری کە دەتوانین بڵێین تەواوکار و درێژە پێدەری هەنگاوی یەکەمە… چۆنیەتی ڕێگەگرتنە لە گەڕانەوەی هێزەکانی دەسەڵات، دەرگا داخستنە بەرووی دوبارە سازدانەوەی بارەگاکانیان و گیڕانەوەی بەرپرسی تر بە ڕوخسارێکی ترەوە. بۆ ئەوەی ڕێگە لەوە بگیرێت گەرەک و شارو شارۆچکەیەکی ئازادکراو، جارێکی تر بکەوێتەوە دەستی حزبە نەفرەت لێکرا و دز و تاڵانچییەکان، پێویست دەکات:
١/ سازدانی کۆبونەوەی گشتی و هەڵبژاردنی ئازادانەی راستەوخۆی نوێنەرانی خۆتان لەو کۆبونەوانەدا، تا کاروباری گەرەک و شارۆچکە و شارەکان بەدەستەوە بگرن و ڕیگە نەدەن بۆشایی بەڕیوەبردن و ئەمنی دروست ببێت…
٢/ پێکهێنانی گارد و دەستەی چەکداری خۆبەخش، بۆ بەرگری لە خۆتان و ئاسایشی هاوڵاتیان و ممتەلەکاتە حکومیەکان بۆ ڕیگەگرتن لەوەی هێزی چەکداری حزبی و میلیشایاکان هەوڵی گەڕانەوە بدەن.. چونکە دەبێ دڵنیابن لەهەر جێگایەک کە پاک دەکرێتەوە، ئەگەر دەست بەجێ دەسەڵاتی راستەوخۆی جەماوەری جێگەی نەگرێتەوە، ئەوا حزبەکان بەزۆری چەک جارێکی تر دێنەوەو خۆیان دادەسەپێنەوە.
٣/ ئەو بارەگا حزبیانەی دەستیان بەسەردا دەگیرێت، پێویستە بپارێزرێن و ڕیگە نەدرێت بسوتێنرێن، لە جێگای ئەوە پێویستە بکرێنە بنکەو بارەگا و نووسینگەی دەسەڵاتدارێتی جەماوەری و شوێنێک بۆ کۆبونەوە و سەکۆیەک بۆ ئاڵوگۆری بیرورا و سەنگەرێک بۆ بەرگری و ئەوەشی کە زیاد دەبێت، موڵکی هاوڵاتیانە و دەبێ بپارێزرێت…
٤/ بیناو دائیرەو سەرجەم ممتەلەکاتە حکومیەکان، دەبێ زۆر بە گرنگیەوە بپارێزین، شارەوانی و تاپۆ، بانق، پەروەردە، ئاو کارەبا، نفوس و جنسیە… تاد، ئەمانە موڵکی حزب نین و خاوەنەکەیان هاوڵاتیان خۆیانن، نەک نابێ دەستیان بۆ ببرێت، بەڵکو پێویستە لەلایەن گارد و دەستەی چەکداری خۆبەخشەوە بپارێزین.
سەرکەوتن بۆ جەماوەری ڕێکخراو و یەکگرتوو حەقخوازە…
هاوڕێ و هاوخەباتتان
عەبدوڵا مەحمود
٨/١٢/٢٠٢٠