راگەیاندنی ڕێكخراوی ده‌ره‌وه‌ی حزبی كۆمۆنیستی كرێكاریی كوردستان:
ده‌سه‌ڵاتێك ژیانێكی شكۆمه‌ندانه بۆ خه‌ڵكه‌كه‌ی دابین نه‌كات ئه‌بێت وەلابنرێت!
له‌م دوو ڕۆژه‌ی دواییدا سه‌دان له‌مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران و كارمه‌ندان و خه‌ڵكی بێبه‌ش لە شاری سلێمانی هاتنه سه‌ر شه‌قامه‌كان و ناڕەزایەتیان دەربڕی به‌دژی بڕینی موچه‌كانیان و وەرگرتنی تەنها چوار مانگ موچە له‌ته‌واوی ساڵی ٢٠٢٠ دا.
داواكارییان ئه‌وه بوو كه موچه‌كانیان پێبدرێت تاكو بتوانن پێداویستیه‌كانی ژیانیان دابینبكه‌ن. بەڵام حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵات له‌م زۆنەی کە یه‌كێتی نوێنه‌رایه‌تی ئه‌كات له‌جیاتی وه‌ڵامدانه‌وه به داواكاریه‌كانیان فه‌رمانیدا به میلیشیاكان کە سه‌ركوتی ناڕه‌زایه‌تیه‌كان بكەن. لەئەنجامدا په‌لاماری مامۆستایان و فه‌رمانبه‌رانیاندا به گازی فرمێسك ڕێژو ته‌قه‌كردن و ده‌ستگیركردنی ژمارەیەکی زۆر لێیان.
ده‌سه‌ڵاتداران له هه‌ردوو زۆنی سه‌وزو زه‌رد خه‌ڵكیان له هه‌ژاری و بێكاری و نه‌بونی پێداویستی و خزمه‌تگوزاریه مه‌ده‌نیه‌كان مەحروم و بێبەش کردووە، ئه‌مه جگه له په‌تای كۆرۆنا كه خه‌ڵك گیرۆدەی بووه.
ده‌سه‌ڵاتداران شكستیان خواردووه له‌چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و قه‌یرانه ئابوری و سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و حكومه‌تیه‌دا كه تێی کەوتوون، به‌ڵام ئه‌یانه‌وێت ئاكامی ئه‌و قه‌یرانانه‌یان به‌سه‌رسه‌ری خه‌ڵكدا بشكێننه‌وه، ئەوە حکومەتە ئه‌بێت سه‌ركۆنه بكرێت نه‌ك خۆپیشانده‌ران؛ خۆپیشاندەران داوای ژیانێكی باشتر ئه‌كه‌ن. ده‌سه‌ڵات ژیانێكی كوله‌مه‌رگی به‌سه‌ر خه‌ڵكدا سه‌پاندووه‌و ئەیەوێت دەنگیش هەڵنەبڕن! موچه‌و كرێی مامۆستایان و فه‌رمانبه‌رانیان بڕیوەو نایدەن، ناڕه‌زایه‌تیش بە تاوان حساب ئەکەن بۆیە ته‌قه‌یان لێئه‌كه‌ن و ده‌ستگیریان ئه‌كه‌ن.
ئێمه له‌دژی ئه‌م كار‌و كرده‌وانه‌ی ده‌سه‌ڵاتداران ئه‌وه‌ستینه‌وه‌و داواكارین ده‌ستگیركراوه‌كان ده‌ستبه‌جێ ئازاد بكرێن. هاوكاتیش داواكارین له‌ڕێكخراوه‌و یه‌كێتیه كرێكاریه‌كان و پارت و ڕێكخراوه سۆشیالیسته‌كان و ڕێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤ لە جیهاندا دژی ئه‌م كرده‌وه‌یه‌ی میلیشیاكانی ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان بوه‌ستن و سەرکۆنەیان بكه‌ن له په‌لاماردانی ناڕازیان و داوا بكه‌ن كه:
١. ده‌ستبه‌جێ ده‌ستگیركراوه‌كان ئازاد بكرێن.
٢. مافی خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕین به‌ڕه‌سمی بناسن و ڕێزی لێ‌بگرن.
٣. سه‌رجه‌م موچه‌ی نه‌دراوی مامۆستایان و كارمه‌ندان و فه‌رمانبه‌ران بده‌ن.
٤. خزمه‌تگوزاریه‌كانی وه‌ك ئاو‌و كاره‌باو ته‌ندروستی و باقی مافە سەرەتاییەکانی خەڵک دابین بكه‌ن.
ناوی ژمارەیەک لە مامۆستایان و خۆپیشاندەران کە ده‌ستگیركراون:
١. عادل ئه‌حمه‌د
٢. ئاكۆ جه‌مال
٣. ڕێبوار مه‌جید
٤. سادق هه‌ڵه‌دنی
٥. به‌همه‌ن ئه‌حمه‌د
٦. هاوڕێ ئه‌حمه‌د
٧. شێركۆ سه‌عید
٨. سامان تاهیر
٩. مادح هه‌ورامی
١٠. دیاری
١١. نه‌وشیروان
…..
ڕێكخراوی ده‌ره‌وه‌ی/ حزبی كۆمۆنیستی كرێكاریی كوردستان
٣ ی دیسەمبه‌ری ٢٠٢٠