لینین
وەرگێڕان لە ئینگلیزیەوە: سالار حمەسەعید
پەیوەندی نێوان خوێندن” فێربوون” و سیاسەتەکانمان دەبێت پاڵنەری سەرەکی بێت کەخەڵک پێمانەوە پەیوەست بێت لەکارە رۆشنبیری و فێرکاریەکانمان. لەبەرئەوە بەدرێژایی کاری فێرکردنمان دەبێت ئێمە وازبێنین لە تێڕوانینی کۆنمان کە ”خوێندن دەبێت سیاسی نەبێت” ئێمە ناتوانین کاری خوێندن و فێرکردن دوور لەسیاسەت ئەنجام بدەین.
لەڕاستیدا ئەو ئیدەو بیرۆکەیە لەکۆمەڵگای سەرمایەداریدا سایەی کردووە. زاراوەی ” بێلایەن یا غەیرە حزبی” یاخود ” ناسیاسی و غەیرە سیاسی ” خۆی لەخۆیدا بەشێکە لەڕیاکاری بۆرژوازی و جگە لەفریودانی جەماوەری خەڵک هیچی ترنیە کە لەسەدا ٩٩ یان لەلایەن دەسەڵاتی کڵێساو خاوەندارێتی تایبەت و هاوشێوەی تریەوە سوکایەتی و بێڕێزی پێدەکرێت.
هەرچی گرنگی و ئەهەمیەتی دەزگایەکی سیاسی زیاترو گەورەتر بێت لەم وڵاتانەدا، سەربەخۆیی و بێلایەنی سەرمایەو سیاسەتەکەی کەمتر ئەبێت. ئەمە لەراستیدا بەم شێوەیەیە کەبۆرژوازی لەهەموو وڵاتێکدا کە لەدەسەڵاتدایە جەماوەری خەڵک هەڵدەخەڵەتێنێت.
لەتەواوی دەوڵەتە بۆرژوازیەکاندا پەیوەندی نێوان دەزگای سیاسی و پەروەردەو فێرکردن زۆر بەهێزە ئەگەرچی کۆمەڵگای بۆرژوازی ناتوانێت ڕاشکاوانە دانی پێدابنێت؛ لەگەڵ ئەوەشدا ئەم کۆمەڵگایە لەڕێگەی کڵێساو دامەزراوەی خاوەندارێتیە تایبەتەکانەوە جەماوەری خەڵک وانە دادەدات. ئەوە یەکێک لەئەرکە سەرەکیەکانمانە کە ڕاستی (حەقیقەتی) خۆمان لەبەرامبەر بە ڕاستی (حەقیقەتی) ”بۆرژوازی” بخەینەڕوو سەرکەوین لەم بەڕەسمیەت ناسینەدا.
گواستنەوە (مەبەست ”انتقال” لە کۆمەلگەیەکی بۆرژوازی بۆ سیاسەتی دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا لە سەردەمی راگوزەری دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریادا) لەکۆمەڵگایەکی بۆرژوازیەوە بۆ سیاسەتی پرۆلیتاری کارێکی زۆر سەخت و دژوارە، بۆرژوازی بەردەوام و بێوچان خەریکی تۆمەت سازکردنە لەرێگای دەزگاکانی راگەیاندنیەوە؛ تەواوی هەوڵی خۆی دەخاتەگەڕ بۆ کەمکردنەوەی بایەخی ئەرکی دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا، ئەرکە پەروەردەییەکەی بەتایبەت لەروسیا گرنگیەکی زۆری هەیە کەپرۆلیتاریا کەمایەتی پێکدەهێنێت، بەڵام هێشتا ئەم ئەرکە لەروسیا دەبێت ئەولەویەتی پێبدرێت، چونکە ئێمە دەبێت جەماوەری خەڵک ئامادە بکەین بۆ بنیاتنانی سۆشیالیزم.
دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا جێگەی قسەوباس نەدەبوو ئەگەر پرۆلیتاریا لەخەبات و تێکۆشان لەدژی بۆرژوازی هۆشیاری چینایەتی بەتینی گەشە پێنەدایەو دیسپلینی پۆڵایین و دڵسۆزیەکی قووڵی نەبوایە؛ بەمانایەکیتر هەموو ئەو مەرجانەی کەپێویستن بۆ سەرخستنی تەواوەتی پرۆلیتاریا بەسەر دوژمنە دێرینەکەیدا.
بەڵام چۆن لەسیاسەت تێبگەین؟ چۆن سیاسەت دەرک بکرێت؟
ئەگەر سیاسەت بەمانا کۆنەکەی تێیبگەین ئەوا مرۆڤ دەکەوێتە هەڵەیەکی گەورەو قووڵەوە. سیاسەت یانی ململانێی نێوان چینەکان، یانی پەیوەندیەکانی پرۆلیتاریا لەخەبات و تێکۆشانیدا بۆ رزگاربوونی لەبەرامبەر جیهانی بۆرژوازیدا. لەگەڵ ئەمانەشدا لەتێکۆشانماندا دوو لایەنی کێشەکە دەردەکەون، لەلایەکەوە ئەرکی لەناوبردنی میراتی سیستەمی بۆرژوازی و پووچەڵکردنەوەی هەوڵە بەردەوامەکانی گشت بۆرژوازی بۆ تێکشکاندنی دەوڵەتی شوراکان. ئەم ئەرکە تائێستا زۆربەی سەرنج و گرنگی ئێمەی بەلای خۆیدا ڕاکێشاوە کەبۆتە ڕێگریکردن لەبەردەمماندا بۆ چوونە سەر ئەرکێکی تر کە بنیاتنانە.
بەپێی تێڕوانینی جیهانی بۆرژوازی، سیاسەت لەئابووری دابڕاوە، هەروەک بووە. بۆرژوازی دەڵێت: جوتیاران، ئێوە دەبێت بۆ ژیان و گوزەرانتان کاربکەن، کرێکاران: ئێوە دەبێت کاربکەن تاکو بژێوی ژیانتان دابین بکەن لەبازاردا، چونکە بۆ سیاسەتی ئابووری ئەمە کارو ئیشی خاوەن کارەکانتانە . لەکاتێکدا ئەمە وانیە، سیاسەت کارو ئیشی هەموو خەڵکە، ئیشی پرۆلتاریایە. ئێمە لێرەدا دەبێت جەخت لەسەر ئەو راستیە بکەینەوە کە نۆ لەسەر دەی کات و کارەکانمان تەرخانکردووە بۆ خەبات و تێکۆشان دژ بە بۆرژوازی. سەرکەوتن بەسەر ”رانگڵ”دا(رانگل: یەکێک بوو لە فەرماندەکانی سوپای سپی کەلە جەنگدابوون دژ بە سوپای سوور) کە دوێنێ خوێندمانەوە (مەبەست لە رۆژنامەدا خوێندمانەوە)و ئەمڕۆ دەیخوێننەوەو سبەنێش دەگونجێت، ئەمە پیشان دەدات کەقۆناغێک لەخەبات و تێکۆشانمان بەکۆتایی دەگات و ئاشتیمان لەگەڵ هەندێک وڵاتی ڕۆژئاوادا دەستەبەرکردووە. هەر سەرکەوتنێک لەبەرەکانی جەنگدا دەستمان ئاوەڵاتر دەکات بۆ خەباتی نێوخۆیی بۆ سیاسەتی ڕێکخستنی دەوڵەت.
کۆمۆنیزم لەچی پێکهاتووە؟ هەموو پرۆپاگەندەیەک بۆ کۆمۆنیزم دەبێت بەشێوەیەک ئەنجام بدرێت کەبگاتە ئاستی ڕێنمایی کردەیی بۆ گەشەو پەرەپێدانی دەوڵەت. کۆمۆنیزم دەبێت وای لێبکرێت کەجەماوەری کرێکاران لێی تێبگەن و بەمەسەلەو کێشەی خۆیانی بزانن. ئەم ئەرکە زۆر بەخراپی جێبەجێکراوەو هەزاران هەڵە بەردەوام ئەنجام دەدرێت. ئێمە ڕاستیەکان ناشارینەوە. بەڵام ئەوە کرێکاران و جوتیارانن کەدەبێت دەزگاکەمان بنیات بنێن و گەشەی پێبدەن بەیارمەتی ئێمە ئەگەرچی لاوازو کەمە.
——————————————————————————————-
کورتەیەک لە وتاری لینین لە ٣ی نۆڤەمبەری ١٩٢٠ کە لەکۆنفرانسی کرێکارانی پەروەردەی سیاسی گوبیرنیاو ئویزد لەهەڵبژاردەکانی لینین.