بۆپێشەوە: هێرشەکانی دەسەڵات بەتایبەتی پارتی بۆسەر ئازادییەکان، چەندە پەیوەندی بە بەرینبوونەوەی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی کوردستانەوە هەیە؟
دەشتی جەمال: هێرشەکانی دەسەڵاتدارانی پارتی و یەکیتی بۆسەر خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییانەی کوردستان و پاشان هێنانی چەند پرۆژە یاسایەك بۆ بەرتەسکردنەوەی ئازادییەکان سیاسەتێکی دەسەڵاتدارانە لەپێناو توندکردنەوەی سەرکوت و پاشەکشەپێکردن بەم ناڕەزایەتیانەو دروستکردنی ئاستەنگ لەبەردەمیدا، چونکە دەسەڵات بەتەواوی لەوەگەیشتوون کە ئەم ناڕەزایەتیانە ئەگەری بەرفراوانبوونەوەی هەیەو ڕووی لەهەڵپێچانی دەسەڵاتەکەی ئەوانە. بەتایبەتی نەفرەت و بێزاری و توڕەیی خەڵکی کوردستان بەرامبەر بەهەژاری و نەداری و بێموچەیی و نەبوونی خزمەتگوزاری و گەندەڵی ئەم حزبانە بەوپەڕی خۆی گەیشتووە خەڵك چی دیکە توانای تەحەمولکردنی نەماوە و دەسەڵاتیش لە قەیران و بنبەستیەکی گەورەدا پەلوپۆ دەکوتێت و توانای وەڵامدانەوەی بە پێداویستیەکانی ڕۆژانەی خەڵك نییە هەر بەو هۆیەوەو کەوتۆتە پەلاماردانی هەڵسوڕاوان و راپێچکردنیان بۆ زیندانەکان … بەمانایەکی تر ئەوەی پارتی هێرشێکی هەمەلایەنەی ڕێکخستووە ترسی لەوەیە ئەم ناڕەزایەتیانە لەژیر قەڵەمڕەوی خۆیدا لەوەی ئێستا هەیە زۆر زیاتر پەرەبسێنی بەتایبەتی لەماوەی دەسەلاتدارێتی پارتی لە ناوچەی زۆنی زەردا کە بەوپەڕی توانای خۆیەوە هیچ دەرفەتێکی بۆ ئازادی و دەربڕینی دەنگی ناڕازی نەهێشتبوەوە بە سەرکوت و داپڵوسین وەڵامی وەردەگرتەوە، هەربۆیە ئەگەر دیقەت بدەین زۆربەی ئەو هەڵسوڕاو و رۆژنامەنووس و نەیارە سیاسییانەی دەستگیرکراون ئەوانەن کەبەشی پیشڕەو و ڕێکخەری ئەو ناڕەزایاتیانەن تا بتوانێت لە نیوەی ڕێگا پەکی بخات و پەلامار زیاد دەکات تا بەربگرێت بەمەترسی گەورەبوونەوەی ناڕەزایەتیەکان وە هاوکاتیش چاوترساندنی هەرکەسێکی ناڕازی و رەخنەگر لە پاوانخوازی و تاڵانچێتی پارتی .
بۆپێشەوە: حزبە پێکهێنەرەکانی کابینەی حکومەت خەریکی هێرشن بۆ سەر ئازادی و ئازادییەکان، لە ژێر ناوی پاراستنی بەها نیشتیمانی و نەتەوەیی و دینی…تاد چۆن دەڕواننە ئەو بەهایانە؟ مەبەست لەو بەهایانە چییە؟
دەشتی جەمال: ئەوبەهایانەی جێگای ئاماژەپێکردنی پرسیارەکەتانە کۆڵەکەی ڕاگرتنی ناسیونالیزمە وەک ڕەوتێکی فکری کۆمەلایەتی کەهەڵگری نانەوەی دووبەرەکی و جیاکاری نێوان ئینسانەکان و خستنەوەی خورافەو گێژکردنی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکیشە و هەمیشە کۆسپ بوون لەبەردەم گەشەو پێشکەتنی کۆمەڵگە و خۆنواندو کۆششی ئینسان لە ژیانی ڕۆژانەدا. تەماشاکەن هەمیشە ئەحزابی بۆرژوا ناسیونالستی کورد بەدرێژای مێژو و نیشتیمان پەروەری و رەگەزپەرستی و عەشیرەتی و ئاڵا و رموزە دینی و بە ئاغاو دەربەگ و شێخ و مەلاوە.. .ئاڵا وە وەك چەکێکی فکری و سیاسی کەلتووری لە پیناو ملکەچ پێکردنی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی کوردستاندا بۆ خزمەت بەمانەوەی دەسەلاتەکەیان و بەرامبەر بەمەترسی هۆشیاربوونەوەی کۆمەڵگە بەکاریان بردوە، ئاڵایان وەك هێمایەکی نەتەوەیی بە خەڵکی کوردستان قەبڵاندوە و بە بەهای بەرز قەبڵاندویانە، لە کاتێکدا ئەوەی موقەدەسە ئینسان خۆیەتی، پەیوەندی نێوان ئینسانەکان ڕەنگدانەوەی نێوان پەیوەندی کاڵاکانە. هەروەك دەوترێت بیروباوەڕی زاڵ لەهەر کۆمەڵگەیەکدا بیروباوەڕی ئەوانەن دەسەڵاتیان بەدەستەوەیە.
ئەوبەهایانە ئەمڕۆ پارتی دەیەوێت بیکاتە یاسا بەهایەکە بۆ چەوساندنەوەی چینایەتی لە کۆمەڵگەدا، هەنگاوێکە بۆ تەنگەبەرکردنەوەی ئازادی رەخنەگرتن و ڕادەربڕینی ئازادانەی جەماوەری ناڕازی بەچاوسورکردنەوەی نەتەوەیی و دینی و نیشتیمانی. هەربۆیە پێویستە بە خەباتێکی یەکگرتوانەو هۆشیارانە دژ بەو یاسا کۆنەپەرستانە و دژە ئازادیانە بوەستینەوە و کار بکەین لەدژی یاسای جیاکاری و هەڵاواردنی نەتەوەیی و دەمارگیری و تۆڕهەڵدانی هەرجۆرە ئینتیمایەکی دینی و نەتەوەی لەیاساکاندا و بەڕەسمیت ناسینی مافی هاوڵاتی یەکسان بەسەر هەموواندا بەبێ لە بەرچاوگرتنی هەر ناسنامەیەکی نەتەوەیی، ڕەگەز و بیروباوەڕ و نەژادێك. بەرگری لەبەها پێشڕەو و ئینسانی و مافە جیهانداگرە ئینسانیەکان بکەین.
بۆپێشەوە: هەموو حزبە سیاسییەکانی ناو خانەوادەی بۆرژوازی لافی دیموکراتی و رێزگرتن لە مافی مرۆڤ و بەرگری لە ئازادی لێدەدەن، کەچی بەکردەوە پێچەوانەی ئەم بانگەشانە رەفتار دەکەن، لەو بارەیەوە دەڵێن چی؟
دەشتی جەمال: دیماگۆجیەت ڕەوشتێکی هەموو ئەحزابێکی بۆرژوازیە لەژیر ناوی دیموکراتی و مافی مرۆڤ دا. کۆنەپەرسترین و سەرکوتگەرترین یاساو وە دەسەڵات بەسەر خەڵکدا بەڕێوە دەبەن، کارنامەی ئەحزابی بۆرژوا ناسیونالیستی کورد پێمان دەڵین کە هیچ یەك لەحزبەکانی بۆرژوازی کورد ناتوانێت دیموکراتخواز و پێشکەوتنخواز بێت وئاراستەی کاری قازانجەکانی خەڵك و داکۆکی کارو بەڕێوەبەری یاسا سکولارو ڕەوشت و فەرهەنگی پێشکەوتنخواز بێت، بۆیە باسی دیموکراتی و مرۆڤدۆستی تەنها بۆ هەڵخەڵەتاندن و فریودان و چاوبەستکردنی خەڵکی ژێر دەستیانە… ئەم حزبانە هەموویان سەر بە ڕەوتیکی فکری و سیاسی کۆمەڵایەتی دیاریکراون، وەڵامدەرەوەی پرس و پێداویستیەکانی بۆرژوازی کوردن، دەیانەوێت وانیشان بدەن کە بەرگریکاری ئازادی و رێزگرتنن لەمافی مرۆڤ، بەڵام لەواقعدا حزبە سیاسیەکانی نێو خانەوادەی بۆرژوا ناسیونالیستی کوردن و لە ناوەرۆکی سیاسی و چینایەتیدا یەک قوماشن و یەك بەرژەوەندی چینایەتی کۆیان دەکاتەوە .
ئاماری سەرکوتکردنە سیاسەییەکان، کوشتنی دیل و تیرۆری نەیارانی سیاسی و رۆژنامەنووسان، ئەشکەنجەدان، ناوزڕاندن و تیرۆری کەسایەتییەکان، پێشلی مافەکانی ژنان و کوشتنیان لەگەڵ ئەو هەموو بێمافی و بەهەژارکردنی خەڵك و بێخانەولانەیی و ئاوارەییەی بەسەر خەلکدا دایانسەپاند و تا ئەو یاسا کۆنەپەرست و پرۆژە بڕیارانەی لەلایەن ئەوحزبانە دەرچووە هەمووی بۆ تەنگەبەرکردنەوەی ماف و ئازادییەکان و دژی (مافی مروڤ و دیموکراسی) حوکمێکە پێچەوانەی ئەوبانگەشانە چووتە پێشەوەو ڕەوایی پێنادات، لافی دیموکراسی و مافی مرۆڤ ئەوەندە بەو حزبانە دەپێورێ کە قازانج و بەرژەوەندیەکانیان دەپاریزێت و مەشروعیەتیان پێبدات.
بۆپێشەوە: ئێوە کەمپەینێکتان بۆ ئازادکردنی گیراوە سیاسیەکانی کوردستان دەستپێکرد، ئەم کەمپەینە بە کوێ گەیشتووەو کارگەرییەکەی چۆن بووە… ؟
دەشتی جەمال: ئەم کەمپەینەی ئێمە بۆ ئازادکردنی دەستبەجێی گیراوەکانی ئەم دواییانەی خۆپیشاندانەکانی کوردستان و شیروان شیروانی و گرتن و ڕفاندنی هەڵسوڕاواندا گەیشت بە ئاستێك کە ژمارەیەك لە ئەحزابی چەپ و کۆمۆنیست و یەکێتی کرێکاری و رێکخراوەکانی چاودیری مافی مرۆڤ و رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی تەنانەت پەرلەمانتارەکانی لە ئاستی ئەوروپادا لێ ئاگادارکراوەتەوەو ژمارەیەک میدیای جیهانی هەواڵەکانی ئەم سەرکوتگەریی و دژی ئازادییەی پارتیان لەنێو ماڵپەڕو رۆژنامەکانی خۆیان بڵاوکردۆتەوە خۆشبەختانە بەشێك لەو لایەن و کەسایەتیانە، پشتیوانی خۆیان لەم کەمپەینە راگەیاندوەو… نامەی ناڕەزایەتیان ئاراستەی نوسینگەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەت کردوە و تەنگەتاویان کردوون، لەوەڵامی ئەو فشارانەی لەدەرەوە کراوەتە سەریان نکۆڵی لەوەدەکەن کە ئەو ژمارە زۆرەیان لە زیندانەکان توندکردبێت، بەڵام ئێمە و هەڵسوڕاوان ئەو ناڕاستیانەی ئەوانمان بەو لایەنانە گەیاندوەو نیگەرانی خۆمان لەچارەنووسی زیندانیەکان و سەلامەتیان خستۆتە ئەستۆی دەسەڵاتدارن، سەرئەنجام ئەم فشارانە بۆتە هۆی ئەوەی بەشێك لەگیراوەکان بەکەفالەت ئازادکراون، بەڵام هێشتا چەند هەڵسوڕاو و کەسایەتی تر لەزیندانە شاراوەکانی پارتیدا بێ لێکۆڵینەوە و رێگەنەدان بە بینینیان لەلایەن کەسوکارو پاریزەرەکانیان، ڕاگیراون.
بەدڵنیایەوە ئێمە کەمپەینەکەمان هاوشانی خەڵکی ئازادیخوازو چەند گروپی تر لە ئازادیخوازان درێژەی دەبێت و ئەم کەمپەینە بەشێکە لەخەباتی خەڵکی کوردستان بەرامبەر دەسەڵاتدارانی پارتی و یەکێتی و بەهەر پاساوێك سیاسەتی ملهوڕی و سەرکوت و گرتن درێژە پێبدات ئێمەش بەتەواوی توانامانەوە لەبەرامبەریدا رادەوستین و لەسەر هەوڵەکانی خۆمان لەدەرەوە بەردەوام دەبێن تا ئەو ئاستەنگیانەی بۆ دەربڕینی بیروڕا و ڕەخنەو ئازادی خۆپیشاندان و مانگرتن پێكهاتووە، بشکێنین.
ئەم بابەتە لە ژمارە ٨٦ی بۆپێشەوەدا بڵاوبۆتەوە