بەها عومەر
ئەم ِرۆژانە پارتی بازاڕێکی بێ ڕەونەقی بەڕێکردووە لە ژێرناوی (هێما نەتەوەییەکانتان)دا، کە شینێکی بەرژوەندخوازانەیە بەناوی پیرۆزیەکانی (ئاڵا، پیشمەرگە، سروودی نیشتمانی، ڕابەرە میژووییەکان). لە هەقیقەتدا ئەمە هەر تەنیا هێمای شکست و ڕیسوایی دەسەلاتداریەتی ئەم کۆمپانیای سەرمایە گوزاری نیە بەناوی حیزبەوە، بەڵکو لەپشت ئارایشتی ئەم یاسایانەوە، دەیەوێت پاسەوانێکی دڕندەی بەرژوەندیە چینایەتیەکانی خۆی دەستەبەر بکات دژ بە ژیان و گوزەرانی خەڵکی کوردستان و هاوکات ئەمە ناتوانێت شتێکی زیاتر بێت لە قوڵکردنەوەی ئەو قڵشتە چینایەتیە گەورەیەی کە هیچ جۆرە خاڵێکی هاوبەش لە نێوان ئەم ملیاردێرە گەورانەی کوردستان و ئەو لەشکری بێکار و هەژار و نەدارەی کە ژیانی لە زۆربەی زۆری خەڵكی کوردستان تالکردووە، نەهێشتووەتەوە!
حيكمەتە حەشاردراوەکەی پشتی ئەم هەوڵەی کە بە ناوی هێما نەتەوەییەکانەوە خراوەتە بازاڕەوە، سەرەتای قۆناغێکی مەترسیدارە لە ممارەسەی ئەو کۆمپانیا زەبەلاحەی کە ئەمرۆ بە ناوی دەسەڵاتداریەتیەوە نمایشی تواناکانی کوڵە دیکتاتۆرێک بەدواین پلەکانی شکستێکی خۆی دەگەیەنێت، لە ڕێگەی بەزیندان کردنی کۆمەڵگەی کوردستانەوە بۆ درێژە پێدان بە ئەزموونی شکستخواردووی خۆی.
هەقیقەت ئەوەیە کە ئەم هەوڵە هیچمان پێ نالێت جیاواز لەوە نەبێت کەچۆن ئەم هێزە پێدەنێتە دواین قۆناغی یاریەکی مەترسیدارەوە کە تەنیا داب و نەریت و سوونەتەکانی بەعسی ناکاتە بنەمای هەَلسانەوەی خۆی، بەڵکو ئەزموونی سی سال خۆداسەپاندن و شەڕو کوشتارو برسیەتی و ئاوارەکردن و سوورەی بەرلەشکر بوون و هونەری خۆ گونجاندنی لەگەل فاشیسترین دەسەڵاتداریەتی ناوچەکەدا، دەکاتە ئەو بارووتەی کە کۆمەلگە دەخاتە بەردەم دۆخێکی نوێ کە بەربەریەتێکی تەواو دەبێتە کۆدی ناسینەوەی ئەم دەسەڵاتە بەرژوەندی خوازە.
هەربۆیە لێرەشەوە ئەوەی کە ئەمانە بە بەها نەتەوەیی ناوزەدی دەکەن، ناتوانێت هیچ شتێک بێت جگە لە بێ بەهاکردنی ژیان و کەرامەتی ئنیسانی هاوڵاتیانێک کە لای خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان نەک تەنیا جێگەی ڕێز لێگرتن نیە ،بەڵکو بەتووندی لەبەرامبەریدا دەوەستنەوەو ڕیسوای دەکەن!
لە ڕاستیدا پرسی” هێما نەتەوەییەکانی” ئەم هێزە سیاسییە، ئەنتی تێزی ئەو دەنگی ناڕەزایەتیەی خەڵکی کوردستانە کە خۆی لە داخوازیەکانی ( نان، کار، ئازادی) دا دەبینیتەوە. کە ئەمرۆ بەهۆی نەبوونی و ئاستنگیەکانی یەک بەیەکی ئەو داواکاریانە ئەم کۆمەلگەیە بۆتە دۆزەخێکی تەواو بۆ زۆربەی زۆری خەڵكی کوردستان، و ئێستە ئەم گۆپاڵ بەدەستانەش هاتوون بەوەش ڕازی نابن، و دەیانەوێت لە ڕێگەی هەڕەشەی چاوسوورکردنەوەو ئاوەڵاکردنی دەرگای زیندانەکانیانەوە بەرژوەندیە چیانیەتیەکانی خۆیان بپارێزن، و خەڵکی ستەمدیدەش بکەنە سووتەمەنی پاراستنی ئەو بەروژەندیە چینایەتیانەی خۆیان، کە ڕەنگە شینی بە پیرۆزکردنی پیشمەرگەی برسی و بێ سەرپاناو هەژارو بێ مووچە، گۆشەیەک بێت لەو بە کۆیلایەتی کردنەی تا بتوانن شەقوەشێنی کاراو لغاو نەکراو بۆ پاراستنی دەسەڵاتەکەیان بەرهەم بهێنن. پارتی دەبێت باش لەو ڕاستیە بگات کەخەڵكی کوردستان مل نادەن بەو بەندایەتیەی ئەوان، و ئازادی بەیان و بیروڕا بە مافێکی سەرەتایی خۆیان دەزانن!
بەڵی ئازادی تەواوی بێقهیدوشهرتی ڕهخنه و ڕهخنهگرتن، له ههموو لایهنه سیاسی یەکان، لە کهلتورو ئهخلاق و ئایدۆلۆژیهکانی کۆمهڵگە، و هاوکات ههڵوهشاندنهوهی ههرجۆره ئاماژهیهک بهناوی موقهددهساتی میللی و نیشتمانی و دینی و ئایدۆلۆژی بە مافێکی ڕەوای خۆیان دەزانن. بۆیە دەبیت بە تووندی ڕاوەستینەوە بەرامبەر بەو لەقالبدانەی ئازادیەکانی خەڵكی کوردستان لەژێر ناوی بەها نەتەوەییەکان، و بە یاسایی کردنی ئەم جۆرە دیدگا کۆنەپەرستانەی کە فاکتهرن بۆ تهنگهبهرکردنهوهی ئازادی ڕهخنه و ڕادهربڕینی جهماوهری ستەمدیدەی خەڵكی کوردستان.