بۆپێشەوە: چ جیاوازیەک و چ هاوبەشیەک هەیە لە نێوان ی١٦ ئۆکتۆبەر و ٣١ی ئاب دا.
ئەنوەر نوری: سەرەتا سوپاسی ئێوە دەکەم لە بۆپێشەوە.
من پێم وایە کردار و ئامانجی حزبەکانی بزووتنەوەی کوردایەتی جیاوازیان کەمە و هاوشێوەن لە خۆفرۆشی و خیانەتدا. گرنگە ئەوە بزانین کە هەموو حزبەکانی بۆرجوازی کورد کە بە ناوی کوردایەتییەوە کاردەکەن هاو شێوە و هاوئامانجن. چونکە ئەم حزبانە لە بناغەوە بۆ ئامانجێک هەوڵدەدەن کە سەد لە سەد پێچەوانەیە لەگەل ئاوات و ئارەزووەکانی خەڵکی کوردستان. ئەم حزبانە خەڵکی کوردستان بەگشتی و کریکاران و زەحمەتکێشانیان بە تایبەت ئەوەندە دەوێت تا بەکاریان بهێنن لەپێناو گەیشتن بە مەرامەکانیان، ئەویش خۆ سەپاندنە بۆ ئەوەی دەستەڵاتدارانی مەرکەزی و ناوچەیی وەک نوێنەری بۆرجوازی کورد قبوڵیان بکات. ئەوە ئامانجیانە کە کەڵەکەی سەرمایە وقازانج پەرستی بکەن بەسەر قەزیەی کوردەوە. ئەگەر هەر کەسێک چاوێک بە مێژووی دەسەڵات و کار و کردەوەی ئەم٢٩ ساڵەیاندا بخشێنێتەوە، ئەوە بە ڕوونی دەبیندرێت کە ئەمانە ئامانجیان بوون بە سەرمایەدار و ملیاردێرە لە ئاستی جیهاندا بە ناوی کوردایەتیەوە. ئەم حزبانە هەمیشە لەڕێی میلشیا و هێزە سەربازیەکانیانەوە لە هەر جۆرە دەستەڵاتێکدا بوبێتن توانیویانە دەست بەسەر ئابوری و قوتی خەڵک بگرن، هەر بەو هۆیەوە خەڵکیان مەجبورکردووە کە لە ژێر ئاراستەکردنەکانی ئەواندا بێت و خەڵکیان مەجبور بە قبوڵکردنی ژیانی کوێرەوەری و نائارام کردووە، بەناوی پارێزگاری لەکورد و کوردستان. بەڵام لە ڕاستیدا حزبەکانی بەناو کوردایەتی دژی بەرژەوەندیەکانی خەڵکی کوردستانن.. لە دنیادا زۆر حزب و دەسەڵاتی بۆرجوازی هەیە خەڵكەکەی دەچەوسێنێتەوە و بە برسێتی ڕای گرتوون، بەڵام ئەحزابی قەومی کوردی وەک یەکێتی و پارتی نەک خەڵکی کوردستانیان لە هەژاری و برسێتیدا ڕاگرتوە، بەلکو هیچ کات پاراستنی گیانی خەڵکی کوردستانیان بۆ گرنگ نەبووە، بگرە نەهامەتی ،برسێتی، ئاوارەیی و کوژرانی بە کۆمەڵیان کردووە بە نسیبی خەڵکی کوردستان. ١٦ ئۆکتۆبەر و ٣١ی ئاب تەنها دوو بەڵگەن کە پڕ لە تاوانی ئەو حزبانەیە کە لەپێناو دەسەڵاتی تاک لایەنەی خۆیاندا ئەنجامیان داوە و بۆیان گرنگ نەبووە کە بە سەدان و هەزاران کەس دەکوژرێن، برینداردەبن، ژنان بێ هاوسەر دەبن، باوک و دایکان جەرگ سوتاو بن و منداڵان بێ نازی باوک و دایکیان بێت.
بۆ خەڵك بەگشتی و بە تایبەت بۆ کرێکاران و زەحمەتکێشان زۆر گرنگە ئەوە ببینن و هەڵوێستەی لەسەر بکەن کە یەک دیاردەی زۆر گەورە و بەرچاو و هاوبەشی شەڕەکانی حزبەکانی وەک ینک و پدک بببین، ئەویش لە هەموو شەڕەکاندا هەموو خەسارە، کوژراو، بریندار، ئاوارە و بێسەر و شوێنەکان لە ئێمەی کرێکاران و زەحمەتکێشانن. دەبێت بزانین لەم شەڕانە و هەموو جۆرە شەڕێکی نێوان باڵە جیاوازەکانی بۆرجوازیدا خەسارەتی یەکەم و کۆتا ئێمەی کریکاران و زەحمەتکێشان دەبین. سەرانی ئەو حزبانە ئەوەی نەشیاو و کاری نا مرۆڤانەیە لە کاتی شەڕ و لەپشتەوە خەنجەرلە یەکتردانەکەیاندا لە یەکتری دەدەن. بەڵام کاتێک مەجبور دەبن مفاوەزات بکەن یان دەورەی چاوەڕوانی بۆ نانەوەی شەڕ و ئاژاوەیەکی کە، ئا لەو دەورەی بەناو ئاشتیەدا سەرانی هەردوو بنەماڵە کۆدەبنەوە و بەرامبەر بە میدیاکانیان زۆر بێ شەرمانە دەڵێن بەندە و بەندە هیچ گوناحێکمان نەبووە لەم شەڕەدا، ئەوە هێزەکانمان بوون بە بێئاگایی شەڕیان کردووە (ئەمە قسەی مەسعود بارزانی و جلال تالەبانی بوو دوای وەستانی شەڕی ناوخۆ کە گوایە ئەو دوو زاتە هیچ گوناحێکیان نەبووە لە ڕوودانی شەڕی ناوخۆ کە ٣١ ئاب یەکلایی کردوە.). ئەگەر وەڵامی پرسیارەکەتان کورت بکەمەوە. زۆر ڕوون و ئاشکرایە کە ئەم حزبانە لە شەڕ و ئاشتیاندا هەمیشە هاوشێوەی یەکتر بوون لە کوێرەوەری و داماوکردنی خەڵکی کوردستاندا، نەگبەتی نەما کە دوو حزبی دەستەڵاتداری کوردستان ینک و پدک بەسەر خەڵکی کوردستانیدا نەهێنابێت. چاوەڕوانی و ئومێد بەستن بە حزب و لایەنێکی ناسیۆنالستی کە دووبارەکردنەوەی هەمان جۆر دەبێت لە نائومێدی و ماڵوێرانی هەموان.
بۆپێشەوە: باڵی کرێگرتەی یەکیتی دوای ١٦ ئۆکتۆبەر شانازیان بە نۆکەرایەتیەکەیانەوە دەکرد، کەچی ئێستا حاشا لەوە دەکەن و دەیانەوێت شانی خۆیان لەو تاوانە خاڵی بکەنەوە. چۆن دەڕواننە ئەو دوفاقیە؟؟
ئەنور نوری: من بروام وایە ئەحزابی قەومی کوردی بەگشتی وە بە تایبەت پدک و ینک زۆر بێ پرەنسیب، درۆزن و بێ روون. خۆ ١٦ی ئۆکتۆبەر کوشتنی کەسێکی بێ دیفاع و داماو نییە لە ئەشکەوتێکدا یان لە دۆڵێکدا بە فیشەک بکوژرێت یان بە تەور لەتی بکەن و پاشان توهمەی خۆفرۆش و جاسوسی بخەنەپاڵ. خۆ ١٦ی ئۆکتۆبەرو ٣١ی ئاب تیرۆری نەزیر عمر و سەردەشت عوسمان و کاوە گەرمیانی و ئەو دەیان کەسە نییە کە سەرانی حزبە قەومیەکان بریاری تیرۆر کردنی لەسەر دەرکردبن و لە ڕێی پیاو کوژەکانیانەوە تیرۆریان کردن و مەحکەمەی سەر بە خۆشیان بۆیان پاساو بدات. جا بێ ئابڕوویی ئەم حزبانە لەوەدایە کە پارتی دیمکراتی کوردستان دەڵێت ٣١ی ئاب گۆرانێکی میژوویی بوو لە مێژووی خەباتی ڕزگاری کورددا. باڵی بەکرێگیراو هاوئاهەنگی ئێران و دەسەڵاتی شیعیش دەڵێن ١٦ی ئۆکتۆبەر لە تۆلەی ٣١ی ئابدا بوو.
بە هەرحااڵ خیانەتی ١٦ ئۆکتۆبەر بە بەڵگە هەیە لە خودی میدیاکانی دەسەڵاتدارانی کوردستان کەخۆیان باسیان کردووە. سوپاسنامەی سەرانی حزبە شیعیە عیراقیەکان و سوپاس نامەی قیادەکانی حەشدی شەعبی بۆ هاوئاهەنگی بەشێک لە قیادەی ینک. دەست خۆشی سەرانی جمهوری ئیسلامی و شەخسی قاسم سولەیمانی. ناتواندرێت ١٦ ی ئۆکتۆبەر بە گاڵتە لە مێژووی ڕۆژە ڕەشەکانی ئەو کەسانەدا بسڕێتەوە کە کرداری بەشداربوون لە بەکوشتدانی دەیان پێشمەرگە، ژن و منداڵی سنورەکانی کەرکوک و تەسلیم کردنەوەی یەک لەسەر سێی خاکی کوردستان بە دەسەڵاتی حەشدی شەعبی. چۆن ٣١ی ئاب پەڵەیەکی پیس و ڕەشە بە مێژوی پارتیەوە بە تایبەت بنەماڵی بارزانی، ئاواش ١٦ی ئۆکتۆبەر پەڵەیەکی پیس و ڕەشە بە مێژووی ینک بە تایبەت بنەماڵەی تاڵەبانی یەوە.
بۆپێشەوە: هەر وەک لە هەموو جەنگ وهیرشی وەک ١٦ی ئۆکتۆبەرو ٣١ی ئاب دا خەڵکی بێ لایەن ومەدەنی دەبنە قوربانی، تاکو ئیستا هیچ قسەیەک لە قەرەبووکردنەوەی ئەو خەڵكە کراوەبە فەرمی یان نا؟
ئەنوەر نوری: من لە پرسیاری سەرەوەدا باسم کردوە کە لەشەڕی باڵەکانی بۆرجوازیدا جا لەژێر هەر ناوێکدابێت، زەرەرمەندی یەکەم و کۆتا ئێمەی کریکاران و زەحمەتکێشانین، دانیشتوانی بێ دیفاع دەبێت..ئەحزابی قەومی کوردی نەک قەرەبووی قوربانیەکان و زیانەکان ناکاتەوە کە لە کاتێکدا ئەوان هۆکارو ئەنجامدەری شەڕەکە بوون، بەڵكو هەرکات بۆیان بلوێتەوە ماڵوێرانیەکی کە بەسەر خەڵكدا دێنن. تا ئەم حزبانە بمێنن وەک دەستەڵاتدار وخاوەن هێزی میلشیا ئەوا دەبێت چاوەرێی بەڵای زیاتربین.
لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە ئەو شوێنانەی کە کەوتونەتەوە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی ناوەند، حکومەتی ناوەندیش نەک بەدوای چارەسەری کێشەکانی ئەو ناوچانەوە نەبووە و نییە، بەلکو خەریکی زیاتر ئالۆزکردن و گەرم کردنی شەڕی قەومییە. چونکە تا ئاگری شەڕی قەومی پەرە بسێنێت ئەوا سەرانی بزووتنەوەی ناسیۆنالستی عەرەبی و کوردی باشتر خۆیا رێک دەخەن و بەهیزتر دەبن، چاوپیکەوتنەکانی سەران و شەڕکەرانی حەشدی شەعبی لە ڕۆژانی دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر بۆ میدیاکان کە زۆر فاشستانە دەدوان، بەڵگەی ئەوەن کە کێشە قەومیەکان دەسەڵاتدارەکان بەهێزتر دەکات. لە ئێستادا ئەوەی دەبیندرێت و ئەوەشی لە میدیاکانەوە دەیڵێن جارێکی کە کێشەی عەرەب زمان و کورد زمان گەرم بۆتەوە و ئاگری شەڕ و کینەی قەومی بەهێز بووە.
سەرمایەداری خەڵکی زیان لێکەوتو قەرەبوو ناکاتەوە، ئەگەر دەسەڵات خەڵکی سڤیلی زیان لێکەوتووی قەرەبوو کردەوە، ئەوە تەئکید دەسەڵات فشاری خەڵکی لەسەرەو بە ناڕەزایەتی خەڵك دەسەڵات مەجبور کراوە کە زیانلێکەوتوان قەرەبوو بکاتەوە. بە داخەوە ئەم بزووتنەوەیە کە زۆر حەیاتیە لە ئێستادا رێکخراو و بەهێز نییە نە لە کوردستان و نە لە عیراقدا.
بۆپێشەوە: چۆن دەکرێت رێگە لە دوبارە و چەندبارە بونەوەی٣١ی ئاب و ١٦ی ئۆکتۆبەرەکان بگیریت؟؟
ئەنوەر نوری: مێژو و کارکردی ٢٩ ساڵ دەریخست کەم ئەم حزبانە نمونەی پدک، ینک و نمونەکانیان نەک بە کەلکی دەسەڵاتداری نایەن، بەڵکو ماڵ وێرانین بۆ خەڵکی کوردستان. ئەم حزبانە شانسی خۆیانیان تاقیکردۆتەوە کەڵکی هیچ جۆرە تەوەهم و خۆش خەیاڵیەکی تەنانەت بۆ ناسیۆنالستەکانیشان پێوە نەماوە، پێویستە ئەو دەسەڵاتە وەلا بنرێت، بڕوخێنرێت، پێویستە لە شوێنی دەسەڵاتی ئەواندا خەڵکی کریکاران و زەحمەتکێش دەسەڵاتێکی ئازاد و یەکسان بنیات بنێت. لەو دەسەڵاتەدا داهاتی کۆمەڵگە بۆ هەموان بێت بە یەکسانی. وە هەموان بەهرەمەندبن لە ژیانێکی ئارام و ئازاد.
بۆ ڕوونەدانەوەی ڕووداوە ماڵ وێرانکەرەکانی وەک ٣١ی ئاب و ١٦ ئۆکتۆبەر، تەنها و بە تەنها چارە هاتنە مەیدانی کریکاران و زەحمەتکێشانە بە وجودی ڕابەرانی کرێکاری و بە پێشڕەوی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری بۆ دامەزراندنی کۆمەلگەیەکی شایستە بە مرۆڤەکان کە کۆمەلگەیەکی سۆسیالستیە.
بۆپێشەوە: لاتان وایە ئەوەی لە ١٦ی ئۆکتۆبەردا لەدەست دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی دەرهات، بگێردرێتەوە بۆ دۆخی پێش ١٦ی ئۆکتۆبەر؟
ئەنوەر نوری: ئەم پرسیارە شمولی زۆر ئەگەر دەکات. ئەگەر مەبەستان لە وەزعی ئێستایە ناتواندرێ کەرکوک و هەموو ئەو ناوچانەی کەلە ١٦ ئۆکتۆبەردا تەسلیم کرایەوە بگێرێدرێتەوە بۆ سەر کوردستان. سیاسەتی ئێستای ینک و پدک وای نیشان دەدەن، کە دەیانەوێت هەموو کوردستان تەسلیم بە حکومەتی ناوەند بکەنەوە، بەڵام بە شکڵی ١٦ ئۆکتۆبەر نا، بەڵکو لە سەرەتادا تەسلیم کردنەوەی ئابوری و سەرچاوە مالیەکانی وەک داهاتی سەرچاوە نەوتی و غازیەکان، داهاتی گومرگی، داهاتەکانی ئاو، کارەبا، زەریبەی خانوبەرە، کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاژەڵیەکانیش دەگرێتەوە کە وردە وردە خەریکی تەسلیم کردنەوەین، بەڵام بەجۆریک دەیانەوێت ئەم پرۆسەیە ئەنجام بدەن کە تۆزیک مەجالی ئابڕو بۆ خۆیان بهێڵنەوە.
دەسەڵاتی هەر کۆمەلگەیەک ئابوری و سەرچاوە ئابوریەکانی لە چنگی خۆیا نەبێت؟ واتە ئەو دەسەڵاتە کرداری بوونی نییە یاخود دەسەڵاتیکی کارتۆنی دەبێت. ئێستا دەسەڵاتی کوردستان بەرەو ئەوە دەچێت. نەگبەتیەکە لەوەدایە لە پاش تەسلیم کردنەوەی ئابوری و ئیداریاتی کوردستان بە دەسەڵاتی ناوەند، ناوەند پێویستی بە هێز و لایەنێك دەبێت تا خەڵکی ناڕازی کوردستان سەرکوت بکات، لەم کاتەدا سەرانی خاوەن ٣١ی ئاب و ١٦ی ئۆکتۆبەر باشترن هەلبژاردەی حکومەتی ناوەند دەبێت کە دژ بە خەڵکی کوردستان بەکاری بهینیت.
دیارە کە حکومەتی بەناو هەرێم ناتوانێت بەرپرسیاری ئیدارە و ئابوری کوردستان بدات. هەر ئێستا سەرانی پدک و ینک ڕاکە ڕاکیانە تا خۆیان ڕادەستی حکومەتی مەرکەزی مستەفا کازمی بکەنەوە. هاتن و جەولەکردنی کازمی نیشانەی مایەپووچی و ئیفلاسی دەسەڵاتداری ئەحزابی قەومی کوردی بوو بەحکومەتەکەشیانەوە. ینک و پدک ئەوە وەزعیان بێت چۆن دەتوانن بچنەوە یان ئەوشوێنانە بگرنەوە. ئەگەر وەزع وابێت دەبێت بە دوربین سەیری ئەوناوچانە بکەن کە بە خیانەتی ئەوان درایەوە بە دەسەڵاتی مەرکەزی.
بەڵام ناشبێت ئەوەمان لە بیر بچێتەوە کە عیراق بە کوردستانیشەوە بەشێکە لەو کێشە ئابوری و سیاسیانەی کە ئێستا لەو ناوچەیەدا بوونی هەیە. ئەگەر کێشە جیهانیەکە لەو ناوچەیەدا زیاتر پەرەی سەند؟ لەوانەیە پدک و ینک شانسێکی دیکە وەربگرنەوە، چونکە ئەحزابی قەومی کوردی ئامادەی هەموو خۆفرۆشیەکی هەیە ئەگەر کاتیش بێت. لەپێناو مانەوە و خۆسەپاندن وەک نوێنەری بۆرجوازی کورد شەڕی بەوەکالەتیش دەکەن. هەر بۆیە ئەگەر ناکۆکیەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران، تورکیا روسیا کێشەی شیعە و سونە زیاد بکات، ئەوە لەوانەیە ئەگەر کاتیش بێت شانسێکی کە بدەنەوە بە ینک و پدک و بچنەوە ئەو ناوچانە. ئەگەرچی ئەوە ئەگەرێکی لاوازە، بەڵام وەک ئیحتمال.
تێبینی: ئەم بابەتە لە ئۆکتۆبەری ٨٥ ی ١٥ی ئۆرتۆبەری ٢٠٢٠ دا بڵاوبۆتەوە