سەردار عەبدوڵا حەمە
بۆ جاری چوارەم شێروان شێروانی ڕۆژنامەنووس لەلایەن هێزە سەرکوتگەرەکانی پارتییەوە لە شاری هەولێر دەستگیر کرایەوە. شێوازی دەستگیرکردنەکەی کتومت هەمان شێوازی بەعس بووە. هێزە ئەمنیەکان بە کتوپڕی خۆیان کردووە بە ماڵەکەدا و بە بەرچاوی هاوسەرەکەی و مناڵەکان بە چەک خستنە پشت ملی و بە کەلەپچە کراوی شێروان فڕێ دەدەنە ناو ئۆتۆمبیلێکی وەنەوشەوە و وە زۆر بەوردی هەموو ماڵەکەیان دەپشکنن بە دوای کۆمپیتەرو بەڵگەدا دەگەڕێن .
لە کاتی سەردەمی بەعسدا هەر کەسێکی سیاسی دەستگیردەکرا هەر بەم شێوەیە لە درەنگانی شەو یان بەرەبەیان هەڵیاندەکوتایە سەر ماڵەکە. ئەمە پێمان دەڵێ بەعس وەجاخی کوێر نیە و ڕەفتارەکانی لە کوردستان بەردەوامە.
بۆ دەبێ مرۆڤ لە سەر وشە و ڕادەربڕین، نوسین ، کۆمێنت و قەڵەم دەستگیر بکرێت؟ هەرکەس هەرچیەك دەنوسێت و هەرچیەک دەڵێت تاوان نیە و نابێت یاساغ و قەدەغە بکرێت، تاوان کوشتنە، دزیە، تیرۆرە، تریاك فرۆشییە، جاسوسیە، ئازاردانی جەستەییە. ڕۆژنامەنووس یا کەسانی سیاسی تەنها دەبێت کاتێك دەستگیر بکرێن و دادگایی بکرێن ئەم جۆرە تاوانانەیان ئەنجام دابێت، بەڵام بەبێ ئەنجامدانی ئەم تاوانانە هەرکەس دەستگیر بکرێت بێتاوانە، ئەو لایەنەی ئەم کارە ئەنجامبدات تاوانبارە و مەحکومە .
پرسیار ئەوەیە دەسەڵاتدارانی پارتی کاتێک ئەم تاوانە ئەنجام دەدەن دەچنە ڕیزبەندی کام جۆرە دەسەڵاتەوە؟
وەڵامەکەی ڕۆشنە؛ دەچێتە لیستی دەسەڵاتە سەرکوتگەرەکانەوە، دەچێتە ڕیزی ئەو دەسەڵاتانەوە کە بە فاشیزم و دژی ئازادی ناسراون، دەچێتە ڕیزی ئەو دەسەڵاتانەوە کە هیچ ڕێزێک بۆ مافی ڕادەربڕین دانانێن، لە کاتێکدا ئەم مافە بووەتە دەسکەوتی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی ئەمڕۆ.
کاتێك بیانووی دەسەڵات ئەوەیە کەسانی وەک شێروان شێروانی و هێمن مامەندو گیراوەکانی تر ئەمنیەتی کوردستان دەخەنە مەترسیەوە، تەواو پێچەوانەکەی ڕاستە لە نەبوونی ئازادی و ئەمنیەت. چاو لەو کۆمەڵگایانە بکەن کە ئازادی تێدا فروانترە ئەمنیەتیان باشترە لە چاو ئەو کۆمەڵگایانەی ئازادی تێدا نیە یا بەرتەسکترە، سوید و وڵاتانی ئەسکەندناڤیا بەنموونە و بەراوردی بکەن لەگەڵ ئێران و تورکیا.
دەسەڵات ئەگەر دەیەوێت ڕەخنە و ناڕەزایەتی خەڵك و ڕۆژنامەنووس و سیاسیەکان نەهێڵێت، ئەگەر دەیەوێت شێروانەکان قسەیەکیان پێ نەبێت لە دژی بیکەن ؟ دەبێت دەسەڵاتێکی دادپەروەر بێت و ئازادیخواز بێت، دەبێت گەندەڵی و دزی و ڕاوو و ڕووت ڕێشەکێش بکات وخۆشگوزەرانی و خزمەتگوزاری بۆ خەڵک دابین بکات، هەروەها دیاردەی هەژاری نەهێڵێت. ئەگەر نا؟ تا بارودۆخەکە بەم جۆرە بێت شێروانەکان بوونیان دەبێت و لە زیادبووندا دەبن. بەڵگەش بۆ ئەوە ئەوەیە ئێوە سەردەشت عوسمانتان تیرۆرکرد، بە دوای ئەودا کاوە گەرمیانی و ویداد حسێن و سەدانی وەك سەردەشت سەریان هەڵدایەوە. بۆیە چاکترە تا زووترە دەست لەم ڕەفتارە دژی ئینسانی و ئازادیە هەڵگرن، دەنا زیاتر ڕیسواتر دەبن و زبڵدانی مێژوو و چارەنووسی دیکتاتۆرە سەرکوتگەرەکان چاوەڕوانتان دەبێت.
٩/١٠/٢٠٢٠