پێوانەی چاکسازی باش بوونی گوزەرانی خەڵکە نەک پروپاگەندە! …

سەردار عەبدوڵا حەمە

ئەم وتارە لە سەر بەشێکی قسەکانی مەسرور بارزانیە لە پەرلەمانی کوردستان

سەرەنجام سەرۆکی بە ناو  حکومەتی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی ئامادەی پەرلەمان بوو بەویستی خۆی نەک لە سەر  بانگێهێشت کردنی ژمارەیەک پەرلەمانتار.

مەسرور بارزانی لە سەرجەم قسەکانیدا هەوڵی ئەدا شکستی کابینەکەی بخاتە ئەستۆی کابینەکانی پێش خۆی و حکومەتی عێراق و نەبوونی دەوری سەرەکی کەرتی تایبەت .

کابینەکانی پێشوو هۆی سەرەکی ئەم باردۆخەی ئێستان لە قسەکانی مەسرور بارزانیدا  لە کاتێکا ئەوانیش هەمیشە ووتوویانە چاکسازی دەکەن !!

هیچ یەک لە کابینەکانی پێشوو نەیانووتوە چاک سازی ناکەن چ لە کاتی پروپاگەندەی هەڵبژاردنەکاندا بوو بێت یا دواتر  هەمیشە درۆی باشتر کردنی بژێوی خەڵک و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵیان کردووە وەک ئەم کابینەی ئێستا .

بە پێی قسەکانی مەسروربارزانی بێت کابینەکانی پێشوو  درۆیان کردووەو چاکسازیان نەکردووەو خراپسازیان کردووە و  کێشە و گرفتێکی کەڵەکە بووی زۆریان بۆ ئەم جێهێشتووە , بۆیە بارودۆخەکە بە ئەو کۆنتڕۆل ناکرێ یا قورسایی زۆر لە سەر ئەو دا ئەنێت، هەر بەم بۆنەوە  داوای چاوەروانی زیاتر دەکا ت  لە خەڵکی کوردستان و  پێ یان دەڵێت  بە یەک ساڵی کابینەکەی ئەو مەحاڵە سەرکەوتن بە سەر ئەو گرفتە کەڵەکە بووانەدا بێتە دی و دەبێت کاتی زیاتری بۆ دابنێن .

دیارە هێشتنەوەی خەڵک لە چاوەروانیدا تەنها  قسەی مەسرور بارزانی  نیە،  سەرجەم کابینەکانی پێشوو تر ئەم کارەیان کردووە، هەموو بیرمانە لە نەوەدەکاندا لە بەرانبەر ناڕەزایەتیەکاندا دەیانووت حکومەتەکەمان ساوایە و  دواتریش بیانووی داعش و ئاوارەکان کرایە کەرەستەی هێشتنەوەی خەڵک لە چاوەروانیدا ، ئەمە تەنها پیشەی کابینەکانی پێشووش نەبووە ، بەڵکو هەمیشە حکومەتە بۆرژواکان شتێکیان کردووە بە کەرەستە بۆ هێشتنەوەی خەڵک لە چاوەروانیدا.  بۆ نموونە کاتی خۆی حکومەتی بەعس دەیووت جارێ لە شەڕداین لە گەڵ ئێران و جارێکی تر دەیووت لە شەڕداین لە گەڵ ئەمەریکا و ووڵاتانی رۆژ ئاوا. نیشتمان لە مەترسیدایە  دوای ئەمانە ئاڵوگۆڕ دەکەین .

خەلکی کوردستان هەقیەتی بپرسێ کابینەکانی پێشووش هەرخۆتان بوون هەرپارتی و یەکێتی بوون خۆ حیزبی تر نەبوون بۆچی هێشتتان ئەو هەموو گرفتانە کەڵەکە بێ ؟ بۆچی زوو نەتان گۆڕین؟ یا ئەگەر ئەوەندە گرفتیان کەڵەکە کردووە وەک ئەوە مووچەیان لە کاتی خۆیدا نەداوەو قەرزێکی زۆریان کردووە و هتد  دەبوو لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکردنایە ،  باشە ئەگەر وایە ئەوەندە کابینەکانی پيێشوو بێ توانا و شکست خواردوو بوون چۆنە  دواتر هەر لە ناو حیزبەکانی خۆتانەوە هەڵتانبژاردن  بۆ پلەی  باڵاتر.

نيچیروان بارزانی کە سەرۆکی زۆربەی کابینەکان بوو کردتانە سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بەرهەم صالحتان کردە سەرۆک کۆماری عێراق.

.  دەبێ لەوە ڕیاکارانە تر چی بێت کە کابینەکانی پێشوو بکەیتە هۆی بەرەو پێشنەچوونی بە ناو چاکسازیتان یا بە مانایەکی ترشکستتان. .

حکومەتی عێراق یەکێکی تر لە هۆکارەکانی ئەم بارودۆخەی کوردستان  بوو لە قسەکانی مەسرور بارزانیدا چونکە مووچەی نە ناردووە و بودجەی پێ نەداون ، باشە ئەگەر ئەوە هۆکار بووە بۆچی واز لەو حکومەتە ناهێنن ؟ بۆچی لە بەغدا ناکشێنەوە و  بۆچی کار بە ئەنجامی ریفراندۆم ناکەن ؟ بۆچی پلە و پۆستان وەرگرت ؟ سەرۆکی کۆمار و چەندین وەزیر و ئەندام پەرلەمانی حیزبەکانتان لە بەغدا بۆچیە ئەگەر خێرێکیان نیە بۆ خەڵکی کوردستان؟ ئەم جۆرە قسانە مایەپووچ دەبنەوە کاتێ ئێوە بە کردەوە بەغدا بە دۆست دەزانن و بە قسەش بە دوژمنی دەزانن.

مەسرور  بارزانی لەلایەک دەیووت بارودۆخی خەلکی کوردستان باشترە لە دەوروبەرەکانی خۆی مەبەستی ئەو خەلکی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراقە کەچی چاوەروانی مووچەو بووجەی ئەو حکومەتەش دەکات،

ئەمە  ئەوە ناگەیەنێ ئەو حکومەتە باشترە لە ڕووی داراییەوە ئەمە لە لایەک،  لە لایەکی ترەوە ئەو حکومەتە هیچ نەبێ هەموو مانگێ مووچەی خەڵک دەدات ، بەڵام جەنابی مەسرور ئێوە ئەوەش ناکەن بەچی خەلکی کوردستان باشتر ئەژی  هەردوو لاتان دوو دەسەڵاتی دزو مافیان ، نەخەڵکی عێراق و نە خەڵکی کوردستان ژیانێکی شایەستە بە مرۆڤیان نیە لە سایەی ئێوەوە .

نەبوونی دەوری کەرتی تایبەت لە قسەکانی مەسرور بارزانیدا هۆکارێکی تر بوو بۆ شکستەکەیان بۆ یە پێ ی وایە کەرتی تایبەت ئابوری کوردستان پێش دەخات !!

ئەمڕۆ لە سەرتاسەری جیھاندا نیولیبرالیزم ئەم پروپاگەندەیە دەکات کە گواایە دەبێت گرنگی بەکەرتی تایبەت بدرێت. باشە ئێوە جیهانی سەرمایەداری  نابینن کە لە  ژێر سایەی نیۆلیبرالیزمدا لە چ قەیرانێکدا یە ؟ چونکە کەرتی تایبەت بەدوای قازانجی شێتانەوەیە بۆ ئەمەش نرخ و بەهای کاڵاکانی بەرز دەکاتەوە ئەوە لە لایەک لە لایەکی تر بۆ ئامانجی قازانجی زیاتر کرێکار لە سەر  کار دەردەکا و کرێ ی کەم دەدات و سەعاتی کار زیاتر دەکات تاوای لێ دێت هێزی کڕينی کاڵاکان کە زۆربەی خەلکە  کەم دەبێتەوە ، بۆیە قەیران لە دوای قەیران ڕوو دەدات.

سیاسەتی کەرتی تایبەت لە جیهاندا ڕوو لە شکستە . مەسرور بارزانی هەر لە میانەی  قسەکانیدا لەم بارەوە ووتی( خۆ ئێمە سیستەمی سۆشیالیستی و کۆمۆنیستی بنیات نانێین )، ئەو پێ ی وایە ئەو سیستەمە باش نیە بۆ گەشەی ئابوری . هەر بۆ بیرهێنانەوە پێویستە نموونەی شوڕشی سۆشیالیستی ئۆکتۆبەری روسیا بێنینەوە پاش سەرکەوتنی ئەم شۆڕشە لە ڕووی ئابوریەوە چەند هەنگاوێکی کەم نرا وەک نەهێشتن یا کەمکردنەوەی  کەرتی تایبەت  ئەو کاتە ووڵاتی روسیای لە دواکەووتوترین ووڵاتی ئەوروپاوە کردە پێشکەوتووترین ووڵات لە ڕووی گەشەی ئابوریەوە بە جۆرێکی لێ هات بووە هاوشانی ئەمریکا ئەوەی کە ئەنجامەکەی چی بوو هۆکارەکەی ستالین و ئەوانەی دواتر هاتن نەیانتوانی کارەکانی شۆڕش تەواو بکەن ئەوە باسێکی ترە ،

یەکەم کارێک شۆڕش لە روسیا کردی کارەبای گەیاندە دوورترین گوندی روسیا کەچی ئێوە کارەبای کوردستانتان بڕی و تا ئێستایش کورستان  وەک ٣٠ ساڵ پێشتری لێ نەهاتوەتەوە کە حکومەتکانی پێشووی عێراق لە ڕێ ی کەرتی گشتیەوە دابینیان کردبوو .

ئەگەر ئێوە پێتان وایە ئەو ووڵاتانەی کە سیستەمەکەیان سەرمایەداری دەوڵەتیە بە ناوی کۆمۆنیست و سۆشیالیستەوە بیانسێنن ئەوە هەڵەیەکی گەورە دەکەن.  هەرچەندە کۆمۆنیستی و سۆشیالیتیش نین بەڵام  کەرتی گشتیی بنەمای ئابوریانە    کەچی گەشەیان کردووە لە ڕووی  ئابوریەوە، چین بۆ نموونە ئەمڕۆ کەوتوەتە پێش هەموو سیستەمی ئەوروپا ورۆژئاواوە بە ئەمریکاشەوە . هەر بۆیە من پێم وایە کەرتی تایبەت دەوری نیە لە گەشەی ئابوریدا ، چاو لە تورکیا بکەن بزانن کەرتی تایبەت چی لە ئابوری ئەو ووڵاتە کردووە . دەبێ ئەوەش لە بەرچاو بگرین هەر گەشەپێدانی ئابوری گرنگ نیە  گرنگ دابەش کردنی سامانە بە شێوەیەکی یەکسان ، گرنگ ئەوەیە  بزانین کام سیستەم لە قازانجی چینی کرێکارو زەحمەتکێش و چینە کەم دەرامەتەکانە،  تا کەرتی گشتی باڵادەست بێت ئەم چینە خۆش گوزرەانتر  دەبێت  ، دەبێ سیستەمێ هەڵبژێرین کە سامانی کۆمەڵگە بۆ هەموو کۆمەڵگە بێت نەک بۆ چەند کەسێک.

 

بیانووی کورۆنا یەکێ تر لە هۆیەکانی بەرەو پێشەوە نەچوونی چاکسازیەکان بووە لە قسەکانی مەسرور بارزانیدا، وەک پێشتر ووتم دەسەڵاتە بۆرژواکان هەمیشە بیانوویەکیان هەیە بۆ خراپی بارودۆخی خەڵک. پرسیار ئەوەیە لێرەدا ؛ ئایا کورۆنا کاریگەری هەبووە لە سەر ژیان و باروۆخی خودی مەسرور و باوکی و برازاکانی و سەرجەم بەرپرسان؟ نەخێر ، ئەی کەوایە نابێ هۆکاریش بێت بۆ خراپ بوونی بارودۆخی خەلکی کوردستانیش،  لە کاتێکا سیستەمێکی حوکمڕانی ئینسانی و عادیلانە هەبێ بۆیە گرفتەکە کۆرۆنا نیە بەڵکو سیستەمی ناعادیلانیە، دابەش نەبوونی سامانی ووڵاتە بە عادیلانە .

 

دەبوو کورۆنا ببوایەتە هۆی چاکسازی زیاتر نەک بیکەنە گرفت بۆ خەڵک ، دەبوو لەم کاتەدا سەروەت و سامانی دزراو دابەش بکرێ بە سەر خەڵکیدا  بۆ ئەوەی  خەلکی پارێزراو بێ لەو ڤایرۆسە و پێویستیان بە کار کردن و چوونەوە دەرەوە نەبێ وەک لە کۆمەڵگا پێشکەوەتووەکاندا هەر ئەو کارە کرا ، بە پێچەوانەوە کۆرۆنا بوو بەخێر بۆ دەسەڵاتداران،  بازرگانی و بەقاچاخ بردنی نەوت و هێنانی دەرمانی ئیکسپایەر بووە  هۆی دەسکەوتی زیاتر بۆ خۆیان بەڵام چینەکانی خوارەوە ژیان و گوزەرانیان  خراپتر بوو بەهۆی ئەم پەتایەوە.

دوا قسە ئەوەیە ئەگەر چاکسازیەک بارودۆخ و ژیانی خەڵک باشتر نەکا ئەوە چاکسازی نیە و  پرۆسەی چاکسازی فریوکاریەو درۆیەکی گەورەیە  ئەم کابینەش هەر لە هەوڵی  ئەوەدایە خەڵک خۆشخەیاڵ بکا ت بەوەی کاتی زیاتری  بدەنێ  تا چاکسازیەکانی بکات و خەڵک لە چاوەڕاونیدا بهێڵێتەوە تا کاتێکی نادیار لە ماڵەوە بن  و نەیەنە شەقام بۆ داواکانیان  ، خەڵکیش لە برسیەتی و لە هەژاریدا ڕاگرن و خۆشیان لە تێری و دەوڵەمەندیدا بهێڵنەوە . ئەم کابینەش وەک ئەوانی پێش خۆی  نە ئەتوانێ چاکسازی بکات و نە ئەتوانێ دەسەڵاتێکی دادپەروەرانە دابین بکات بۆ خەڵکی کوردستان بۆیە چارسەر ڕاماڵینی یەتی.

 

 

Check Also

پێگەی ناسیونالیزمی کورد دوای هەڵبژاردنەکان و بەدیلی تر!!

عەبدوڵا مەحمود هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی هات. بەپێچەوانەی پیشبینی و بانگەشەی لایەنەکان کە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *