لاوانی کوردستان بێ ئومێدن لە دەسەڵات بۆیە ناچارن ڕێگەی کۆچ بگرنەبەر …

نووسینی: ڕۆژ عەزیز

لەسایەی حاکمیەتی ئەحزابی ناسیونالیستی کوردیدا لەماوەی ٣٠ ساڵدا لاوانی ئەم کۆمەڵگەیە تووشی بێ ئومێدی بوون و لەسەرەتایترین ماف بێ بەشن. بەشێکیان سەری خۆیان هەڵگرتوو بەرەو وڵاتانی  تورکیاو ئەوروپا رۆیشتن و دەیان لاویش لە دەریاکانی تورکیا یونان ئیتالیا خنکان یاخود بێسەرو شوێنن. لاوێک لەدوای ڕاپەرینی  ساڵی ١٩٩١ لەدایک بووە تا ئەم ساتەوەختەش تروسکایەک لە ئومێدی بە کوردستان و دەسەڵاتەکەی نەماوە و  فرسەتێکی بۆ بڕەخسێت کوردستان بەجێ دەهێڵێت و بەرەو کەناری مەرگ هەنگاو دەنێت تا بەجێگەیەکی ئازادی ئارام وخۆشگوزەران بگیرسێتەوەە کەمێک پشوو بدات.

گەرچی رێگای قاچاخ سەخت بووە، بەڵام هێشتا دەرچوون لە کوردستان زۆرەو لاوان وخەڵکی دیکەش هەر دەڕۆن یاخود لەوەها فرسەتێک دەگەڕێن تا لە کوردستان ڕزگاریان بێت. گەنجێک ژیانی گەنجێتی فەوتابێت تروسکایەک ئومێد شک نەبات ناچارە کوردستان جێ بهێڵیت. گەنجێک هەموو تەمەنی بەخویندن سەرف کردبێ پارەی بۆ ژیانی خوێندنەکەی سەرف کردبێ، دواجاریش کاتێک خوێندن تەواو دەکات دامەزراندن نەبێ یاخود ئەگەر شانسی دامەزراندنی هەبێ  ئینجا موچە نییە وەری بگرێت.

لاوان یاخود بڵێین گەنجان توڕەن لە کۆمەڵگە. توڕەن لە کەلتوری دواکەوتوانە و دەسەڵاتی ٣٠ ساڵەی ئەحزابی کوردایەتی، بۆیە بەهەر وەسیلەیەک بێت دەیانەوێت ڕزگاریان بێت لەجەهەنەمێک کە دەسەڵات خوڵقاندویەتی. ئاخر گەنجێک بێکار بێت پارەی پێ نەبێ، ژیانی لەوپەڕی خراپیدا بێت نەتوانێ زەواج بکات، نەتوانێ خۆشەویستی بکات، ئیتر گەنجی چی، کە لەسادەترین خۆشی مەحرومە ئیتر ناچارە سەری خۆی هەڵبگرێت کوردستان بەجێ بهێڵیت. بێ ئومێدیەک بەرۆکی بەشێک لە لاوانی گرتووە کە تاقەتی خۆ ڕێکخرابوون و سیاسەتیشیان نییەو باوەڕیشیان بەئاڵوگۆڕ نییە تەنها دەیانەوێت لە کوردستان ڕزگاریان بێت.

حیزبەکان بە ئۆپۆزسیۆن و غەیرە ئۆپۆزسیۆنەوە کارێکیان کردوە تەنانەت باوەڕیان بەوە نییە بێنە مەیدان و ئاڵوگۆر دروست بکەن، چونکە هەرچی هاتە مەیدان دواجار بووە پاشکۆی پارتی ویەکێتی، گەنج بەم یارییە قێزەونە ئەوەندەی دیکە بێ ئومێدبوو. خەڵکی کوردستان بەگشتی و لاوان بەتایبەتی ڕق و کینەی خۆیان دەردەبڕن لەبەرامبەر دەسەڵاتی کوردیدا، گەرچی هێشتا ئەم ڕق وکینەیە بەخەباتی یەکگرتوانەو یەک دەست و یەک دەنگ لەمەیدان نییە، تەنها توڕەیی لەوەدا دەردەکەوێت هەموو دەڵێن بەس رێگەیەک بدۆزینەوە لەم جەهەنەمی کوردستانەو ئەم  دەسەڵاتی کوردییە رزگارمان بێت.

ئەو لاوانەی کەمێک پارەیان بەدەستەوە ماوە لەهەوڵی ئەوەدان ڕێگەیەک بدۆزنەوە سەری خۆیان هەڵبگرن کە دواجار خۆشیان نازانن چارەنوسیان بەکوێ دەگات؟. توڕەی  لاوانی کوردستان کەلەهەموو مافێک بێبەشن ئەگەر یەکگرتوو یەک دەست ویەکدەنگ بێنە مەیدان دەتوانن شۆڕش و ڕاپەڕین ئەنجام بدەن. ئەگەر ئیرادە بکەن ڕابەراتییەکی شۆرشگێرو  ئازادیخوازو مرۆڤدۆستی و پێشکەوتنخوازیان هەبێ، هەڵاتن لەدەست دەسەڵاتی کوردی جێهێشتنی کوردستان ڕێگە چارەی واقعی نییە، بەڵکو شان خاڵی کردنەوەیە لەبەرپرسیارێتی کە لەدنیادا لاوان پێشڕەوی هەموو حەرەکەتێکی  شۆڕشگێرانەن بۆ ئاڵوگۆڕێک کە خۆیان وئازیزانیان ئاسودەو خۆشگوزەران بژین.

لاوان ئەگەر پێیان وابێ ئەوروپا بەهەشتی سەرزەمینە بۆ ئەوان پێم وانییە وابێت، چونکە بەدیار چاوەڕوانی مافی پەنابەریەوە خۆی لەخۆیدا بەشێکی دیکەیە لەژیانی سەخت و بەشێکی لە لاوان هێندە لەچاوەڕوانی وەڵام وەرگرتنەوەن و ساڵانێکی زۆر بەدیار چاوەڕوانیەوە دادەنیشن تەمەنیان هەڵدەکشێ و بەهیواو ئاوات وخۆزگەکانیان ناگەن.

لاوان و خەڵکی زەحمەتکێش و هەژاری کوردستان دەتوانن لەکوردستان خۆزگەو ئاواتەکانیان بهێنەدی ئەگەر  ئیرادە بکەن تا ئاڵوگۆڕ دروست بکەن و دەسەڵاتی تاڵانچی مافیاگەرانی لەکوردستان وەدەربنێن. هێنانە مەیدان بۆ ژیانێکی باشترو ئاڵوگۆڕ بەقازانجی خەڵک لەگرەوی خەباتی یەکگرتوانەی چینی کریکارو لاوانی دڵ پڕ لەهیوا ئەنجام دەدرێت. بێ ئومێدی و ڕاکردن لە واقعی کوردستان ڕێگەچارە نییە، بەڵکو ساحە چۆڵ کردنە بۆ کۆمەڵێک مافیاو دەسەڵاتی چەتەگەرێتی کوردی کە ٣٠ ساڵە لەم کۆمەڵگەیە جەهەنەمیان بۆ ئینسانەکان و خودی لاوان بەڕێ خستووە.

بۆ دەرباز بوون لەم جەهەنەمە لاوانی دڵ پڕ لەهیوا دەتوانن پێشڕەوی حەرەکەتێک بکەن کە ژنان و خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش و بەشمەینەتی کوردستان لەدەوری خۆیان کۆبکەنەوە، تا ببنە هێزی گۆڕانکاری لەکۆمەڵگەدا تا کۆمەڵگەیەکی ئازاد ویەکسان خۆشگوزەران بەدی بهێنن کە لەسایەیدا ژیانی ئینسانەکان  خۆش بکرێت و کەس ناچار بەوە نەکرێت رێگەی مەرگ لەناو دەریاکان و سنورەکانی تورکیا یۆنان ئەوروپا هەڵبژێرێت.

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٨٣ی ١٥ی ٩ی ٢٠٢٠ دا بڵاوکراوەتەوە

Check Also

پێگەی ناسیونالیزمی کورد دوای هەڵبژاردنەکان و بەدیلی تر!!

عەبدوڵا مەحمود هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی هات. بەپێچەوانەی پیشبینی و بانگەشەی لایەنەکان کە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *