ئیبراهیم حسێن …
کوردستان وەک هەر کۆمەڵگایەکی دنیای ئەمڕۆ، کۆمەڵگایەکی سەرمایەداریە و دوجەمسەری هەرە سەرەکی خەباتی چینایەتی، کرێکاران و سەرمایەدارانن، لەسەر ئەم بنەمای ئەم واقعیەتەش هەر ئاڵوگۆڕێک چ بەقازانجی چینی کرێکار و بێبەشان لەکۆمەڵگادا بڕواتە پێشەوە، وەیان بەقازانجی سەرمایەداران و لایەنگرانی هەلومەرجی ئێستا ڕووبدات، ئەوا بە تەواوی گرێی خواردووە بەسەرەنجامی ئەو خەباتە چینایەتیە هەر ڕۆژەیەی کە تاوێک پەنهان لەقوڵایی کۆمەڵگەدا و تاوێک بەئاشکرا، لەنێوان ئەو دو ئۆردووە کۆمەڵایەتیەدا، واتە لە نێوان کرێکاران و سەرمایەداراندا، دەگیرسێ و دەڕواتە پێشەوە.
بەڵام خودی ئەوەی کە ئەم کێشمەکێشە چینایەتیە یەک خەسڵەتی کۆمەڵایەتی و بناغەیی هەیە، کرێکاران ناتوانن ناڕەزایەتیەکانیان بۆ هەمیشە تەنها لەخواستە تایبەتیەکانی خۆیاندا و بۆ باشکردنی هەلومەرجی کاریان قەتیس بکەن، بەڵکو ناچارن لەبەرامبەر بەهەلومەرجی بێمافی و هەرجۆرە ستەم و نابەرابەریەکدا ڕابوەستنەوە. هەروەها سەرمایەدارانیش ناتوانن شەڕو پەلامارەکانیان لەبەرامبەر کرێکاراندا لەدەروازە کارگەکانەوە نەبەنە دەرەوەو لە ئاستێکی گشتی و کۆمەڵایەتیدا بەرامبەر بەخواستی ئاڵوگۆڕ ڕانەوەستن و بەرگری لە حکومەت و نیزامی سیاسی و سیستەمی ئابوری داسەپاو نەکەن و وەک چینی باڵادەست بەرگری لەمانەوەی خۆیان نەکەن، چونکە سەرمایەداران تەنها لەم ڕێگایەوە دەتوانن وەک کڕیاری هێزی کار لەسەر چەوساندنەی کرێکاران بمێننەوە و سەروەت و سامانی خۆیان کەڵەکە بکەن.
بەم دەلیلە کۆمەڵایەتی و چینایەتیە قوڵەیە کە کرێکار بەناچاری ئازادیخوازە، بەناچاری یەکسانیخوازە وخوازیاری کۆتایی هێنانە بەهەموو جۆرەکانی ستەمکێشی و ناعەدالەتی.. لێرەوەیە کە کرێکاران شۆڕشگێرترین چینی کۆمەڵگان و خوازیاری گۆڕینی هەلومەرجی ئێستان لەڕیشەوە. تەنانەت ئەم چینە ئەگەر زۆر و هێزی ئەوەی نەبوو دەست بەرێ بۆ ئەم ئامانجە ئەوا خوازیارو خەباتکاری داسەپاندنی زۆرترین ڕیفۆرم و زورترین ئاڵۆگۆڕە بەسەر حکومەت ودەسەلاتداراندا.
بە مانایەکیتر کرێکاران بەپێی ئیجباری ئەو شێوە ژیانەی خۆیان، سەرپشک نین لەوەی کە ناڕازی بن یا نەبن، خوازیاری ئاڵوگۆڕ بن یا نەبن، خوازیاری باشترکرنی ژیان بن یا نەبن، بەڵکو ناچارن ئەگەر زۆری ئەوەشیان نەبێ کۆیلایەتی کرێگرتە کۆتایی پێ بهێنن و ئیختیاری ژیانی خۆیان لە دەستی سەرمایە دەربهێنن، ئەوا ناچارن هەوڵبدەن وخەبات بکەن بۆ ئەوەی هەلومەرجی ژیانیان باشتر وئینسانیتر بکەن، ئاستێکی زیاتر و باڵاتری ئاسایشی ئابوری و کۆمەڵایەتی، ئاستێکی باڵاتری ماف و حورمەت لەکۆمەڵگەدا بەسەر سەرمایەداران وحکومەتەکەیدا بسەپێنن و جێی بخەن، هەرئەمەش داینامۆێ هێزی ئاڵۆگۆڕبەخشێ چینی کرێکارە. بۆ نمونە کرێکاران ناچارن خوازیاری چوونە سەری کرێ بن بە پێی چوونە سەری نرخی پێداویستیە بنەڕەتیەکانی ژیان، ناچارن خوازیاری ئەوە بن سەعاتی کار واتە ئەوکاتەی کە کرێکاران لە خزمەتی سەرمایەدا کاردەکەن کەمتر بێتەوە و کاتی ئازاد و تایبەت بە ژیانی خۆی زیاتر بکات.
کرێکاران بە شێوەیەکی غەریزی ناچارن خوازیاری ئەوە بن شوێنی کار، تەندروسترو پارێزراوتربێت. خانوبەرە و بیمەی دەرمانی و تەندروستی گونجاو بەپێی ستانداردەکانی گەشەی کۆمەڵایەتی مرۆڤ بۆ هەموو کۆمەڵگا دەستبەر کرابێ. کرێکاران ناچارن ئازادیخواز بن و خوازیاری زۆرترین وفراوانترین ئازادیەکان بن، خوازیاری ئازادی مانگرتن و ڕێکخراوبوون بن، چونکە هێز و توانای چینی کرێکار بە تەواوی لە گرەوی ڕێکخراو بوونیدایە.
مێژوی تێکۆشان وخەباتی چینایەتی کرێکاران سەلماندویەتی کە بەو قەدەرەی چینی کرێکار لە شوراو سەندیکا و کۆبوونەوە گشتیەکانی خۆیدا و لەجولانەوەی کۆنتڕۆڵی کارگەکاندا خۆی یەکگرتوو ڕیکخراوکردبێ بەو ئاستەش توانیویەتی وەک هێزێکی ئاڵوگۆڕبەخش ڕۆڵ بگێڕێ و ڕابەڕی کۆمەڵایەتی بەرەو گۆڕانکاری ڕیشەیی بگرێتەدەست. وەهەر ئەمەش هێزو وزەی بەتوێژە زەحمەتکێش ومەحرومەکانی کۆمەڵگا بەخشیوە تا لەپڕۆسەی ئاڵوگۆڕی کۆمەڵایەتیدا پێگەیەکی شۆڕشگێرانە بگرەنەبەر. بەم جۆرەش چینی کرێکار “بـهپێچـهوانهی ههمـوو چینـه ژێـردهستـهکـانی ترهوه، کــــه له مێـژووی کۆمـهڵگای بـهشـهریـدا ژێـر دهستـهبوون، کرێکاران ناتوانن ئازاد بن، مـهگـهر ئـهوهی هـهمـوو کـۆمـهڵگای بـهشـهریـهت ئازاد بکەن”. لێرەوەیە ڕۆڵی ئالوگۆڕبەخشی چینی کرێکار..
ئێمە هەوڵدەدەین لەداهاتوودا زۆرتر لەدەرگای ئەم باسە دەدەین…
تێبینی: لە دەنگی کرێکاری ژمارە ١٢ دا لەیەکی ئابدا بڵاوبۆتەوە