له‌ چاوی قوربانیانی هه‌ڵه‌بجه‌وه‌ …

له‌ چاوی قوربانیانی هه‌ڵه‌بجه‌وه‌

به‌ بۆنه‌ی خۆكوشتنی كاوه‌ حه‌مه‌ئه‌مینه‌وه‌

جه‌مال موحسین

٢٦ ی جوڵای ٢٠٢٠

دیمه‌نی خۆهه‌ڵواسینی كاوه‌ حه‌مه‌ئه‌مین له‌ ناو جه‌رگه‌ی شاری هه‌ڵه‌بجه‌دا ناڵه‌یه‌ك بوو ئاسمانی تاری كوردستانی هێنده‌ی تر لێڵ كرد. حه‌سره‌تێك بوو به‌ وێنه‌ی گرمه‌ی هه‌وری دوای بروسكه‌یه‌كی به‌هێز ئه‌م زه‌مینه‌ی كرده‌ قه‌قنه‌س. به‌ڵام ئایا پیش خواردنه‌وه‌ به‌ دیار قوربانیه‌كی دیكه‌ی هه‌ڵبجه‌ی تا ئێستا زامداره‌وه‌ خۆی له‌ خۆیدا ئه‌توانێ ببێته‌ نه‌فره‌تێك ڕوو به‌ سه‌به‌بكارانی كاره‌ساتی له‌ ڕه‌ش هه‌ڵكێشانی هه‌ڵه‌بجه‌دا؟!

ڕاسته‌ دڕه‌نده‌یه‌تی سه‌ره‌كی ئه‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ڕژێمی به‌عس كه‌ به‌ چه‌كی كیمیایی نه‌ك هه‌ر ئه‌و كات ژیانی زیاد له‌ ٥ هه‌زار مرۆڤی وه‌ك گه‌ڵای پایز هه‌ڵوه‌راند، بگره‌ برینێكی كرده‌ جه‌سته‌ی مرۆڤایه‌تی له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ و كوردستان كه‌ له‌ سبه‌ینێی ڕزگاری و به‌ ده‌ستهاتنی ئازادی و یه‌كسانی و سۆشیالیزمیشدا یاده‌وه‌ریه‌ تاڵه‌كه‌ی وه‌ك سوژنێك له‌ ئاگر ئه‌چزێ به‌ دڵی كۆمه‌ڵگادا. به‌ڵام ئاخر هه‌ڵه‌بجه‌ هه‌ر ته‌نها مۆری ئه‌و دڕنده‌یه‌تیه‌ی پێوه‌ نییه‌، ئه‌وه‌ ناسیۆنالیزمی كورد بوو كه‌ له‌ژێر ناوی داد و فیغاندا، شایی و لۆغانی بوو كه‌ ’’هه‌ڵه‌بجه‌ كورد به‌ دنیا ده‌ناسێنێ’’ و له‌ ئاواره‌یی ملیۆنی خه‌ڵكی كوردستانیشدا ئه‌م ویسته‌یان نه‌شارده‌وه‌ كه‌ وتیان ’ئاخ بۆ هه‌ڵه‌بجه‌یه‌كی تر’’. تا ئێستاشی له‌گه‌ڵ بێ له‌ دۆزینه‌وه‌ی گۆڕی به‌ كۆمه‌ڵی ئه‌نفاله‌كان و ڕوفاته‌كانیاندا خۆیان ئه‌كه‌نه‌ خاوه‌نی و نانی لێ ئه‌خۆن.

گه‌ر چاوی تیژی قوربانیان و كه‌سوكاریان و پاشماوه‌كانی كیمیاباران هه‌ڵۆئاسا ئه‌م ڕاستیه‌ی ناسیۆنالیزمی كورد نه‌بینێ، جارێكی دی خه‌ڵكی هه‌ڵه‌بجه‌ و كوردستان ئه‌كه‌ونه‌وه‌ خۆشخه‌یاڵی ئه‌وه‌ی كه‌ فڵانه‌ حزب و لایه‌نیان، فڵانه‌ كه‌سایه‌تی سیاسییان بێن و ڕه‌حمیان بتلیسێته‌وه‌ و ئاوڕێك له‌و خه‌ڵكه‌ و له‌و شاره‌ بده‌نه‌وه‌. ئه‌مه‌ خۆشخه‌یاڵیه‌كه‌ له‌ ژه‌هر پیستر و كوشنده‌تر!

هه‌ڵه‌بجه‌ كۆدی بازرگانیه‌ بۆ ناسیۆنالیزمی كورد، كۆدی ساتوسه‌ودا و به‌كارهێنانیه‌تی وه‌ك كارتێك بۆ ده‌ستكه‌وت له‌ حكومه‌تی ئێستای عێراقیشدا نه‌ك ته‌نها به‌عسی دڕنده‌!

دانانی مۆنیومێنتێكی ڕه‌مزی و كردنه‌وه‌ی خه‌سته‌خانه‌ به‌ ناوی قوربانیانه‌وه‌ بێ ئه‌وه‌ی پێداویستی و ده‌رمانی ته‌واوی تیابێ، به‌شێكه‌ له‌م بازرگانیه‌ی ده‌سه‌ڵاتی كوردی. پاره‌ و بازرگانیه‌كه‌ بۆ ئه‌وان و موحتاجیه‌كه‌ش بۆ خه‌ڵكه‌ قوربانیه‌كه‌. ئه‌مه‌ ئه‌و هاوكێشه‌یه‌یه‌ كه‌ پیس بووه‌ و بۆگه‌نی كردووه‌. ئه‌وان باكیان به‌وه‌ نییه‌ كاوه‌ و كاوه‌كان له‌ ته‌واو نه‌بوونی پاره‌ بۆ چاككردنه‌وه‌ی چاویان، یان لانی كه‌م به‌ده‌ستهێنانی قه‌تره‌یه‌ك تا تروسكایی له‌ چاوه‌كانیاندا بهێڵێته‌وه‌، خۆیان بخنكێنن، خۆیان بكوژن، ڕاكه‌ن و هه‌ڵبێن و تووشی خه‌مۆكی و داته‌پینی ده‌رونی و ماددی ببن. بۆ ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وان ببێ و درێژه‌ بكێشێ، ئه‌بێ ئه‌م كوێره‌وه‌ری و مه‌ئساتانه‌ هه‌بن. ناكۆكیه‌ سه‌ره‌كیه‌كه‌ ئا ئه‌مه‌یه‌.

ده‌ با له‌ چاوی كاوه‌وه‌ سه‌یر نه‌كه‌ین كه‌ به‌ داخه‌وه‌ فریا نه‌كه‌وت ڕسوا بوون و وه‌لانان و به‌ دادگا كێشانی ده‌سه‌ڵاتی كوردی ببینێ! با چاو بۆ نه‌وه‌كانی كاوه‌ و كۆمه‌ڵگا بگێڕینه‌وه‌، چاوێك كه‌ لێیه‌وه‌ سبه‌ینێی كۆتایی هێنان به‌م ده‌سه‌ڵاته‌ ئه‌بینێ. چاوێك كه‌ خۆ یه‌كگرتووكردن و خۆ ڕێكخستنی خه‌ڵكی بێبه‌ش وه‌ك پێویستیه‌كی حه‌یاتی بۆ ئه‌م ئامانجه‌ ئه‌بینێ، چاوێك كه‌ هه‌ر ئێستا نیگا ببڕێته‌ به‌شی خواره‌وه‌ی كۆمه‌ڵگا و له‌م پێناوه‌دا هه‌ڵیبخڕێنێ. نه‌ كه‌سوكاری كاوه‌ و نه‌ ئێمه‌ش ناتوانین ئارام بین تا ده‌ست به‌م كاره‌ نه‌كه‌ین له‌ بنی بنی كۆمه‌ڵگاوه‌!

Check Also

پێگەی ناسیونالیزمی کورد دوای هەڵبژاردنەکان و بەدیلی تر!!

عەبدوڵا مەحمود هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی هات. بەپێچەوانەی پیشبینی و بانگەشەی لایەنەکان کە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *