دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ بەڕێز عیرفان کەریم …

کادری حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان سەبارەت بە لەشکرکێشی و هێرشەکانی وڵاتانی ناوچەکە بۆسەر هەرێمی کوردستان

بۆپێشەوە: هێرش و ملهوڕی وڵاتانی و ناوچەکە چ لێکەوتەو ئاکامێکی لەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵکی کوردستان دەبێت؟

عیرفان کەریم: ئەگەر ئێمە تەماشایەکی مێژووی ٣٠ ساڵی کوردستان بکەین دەبینین یەکێک لەو فاکتەر وهۆکارانەی  کە ڕۆڵی گەورەیان هەبووە لە تێکدانی شیرازەی کۆمەڵایەتی  ژیانی ئاسایی  خەڵک لە کوردستان، هێرش و ملهوری دەوڵەتانی ناوچەکە بووە. ئەم دەوڵەتانە بەهۆکاری ئەوەی کە حکومەت و سیستەمێکی کۆنەپەرستی ئیسلامی و  قەومی بەڕێوەیان دەبات، هەمیشە دەستێوەردانەکانیان لەبارودۆخی سیاسی کوردستان  بۆتە مایەی  ماڵوێرانی و کارەسات  بەسەر خەڵکی کوردستانەوە، بۆنموونە ئێمە شاهیدی ئەوەین کە  هەر کاتێک کۆماری ئیسلامی ئێران، بەمەرامێکی سیاسی دەستتێوەردانی لە کاروباری سیاسی کوردستاندا کردبێت، ئەوە ئاکامەکەی بەزەرەرو ناخۆشی بەسەر جەماوەر و خەڵکی زەحمەتکێش شکاوەتەوە. هەر لەدوای ڕووداوەکانی ساڵی ١٩٩١ و چونەدەرەی هێزە سەربازی وئەمنییەکانی ڕژێمی فاشیستی بەعس، ڕاستەوخۆ جمهوری ئیسلامی ئێران و دەوڵەتی سعودیە، بۆ مەرامە کۆنەپەرستەکانی خۆیان، دەستیان برد بۆ بەهێزکردن و زیندووکردنەوەی ڕێکخراوە کۆنەپەرستە ئیسلامییەکان لەکوردستان، و لەڕێگەی  پێدانی پارە و پوول و کۆمەکی سەربازی و کردنەوەی چەندین بارەگا بۆیان، ئەم لایەنانەی لەبەرامبەر خەڵکی ئازادخوازی کوردستان زیندوو کردەوە، سەرئەنجام بینیمان چۆن ئەم ڕێکخراوانە بوونە بەڵایەک بەسەر بەرەی یەکسانیخواز و ئازادیخواز لەکوردستان، و چەندین کردەوەی تیرۆر و تەقاندنەوەیان ئەنجامدا، و چەندین کەسی ئازادیخواز بوونە قوربانی دەستی تیرۆری ڕەشی  ئەمانە. شانبەشانی ئەم کردەوانە، ئەم لایەنانە سونەت و نۆرمە کۆنەپەرستەکانی سەدەی جاهلیەتیان لەکۆمەڵگەی کورستاندا برەو پێداو پەلامارێکی بەرفراوانیان بۆ سەر ماف و ئازادییە شەخسیەکان دەستپێکرد، و بەئاشکرا لەسەر شەقامەکان فەتوای تێزاب کردن بەسەر لەشی  ئافرەتانیێکدا دەرکرد کە جل وبەرگی ئەم سەردەمەیان دەپۆشی. هەروەها فەتوای کوشتنی چەندین کەسایەتی و رابەرانی نێو بزووتنەوە کۆمۆنیستی و کرێکاری لەکوردستاندا دەرکردو سەرئەنجام بەکردەوە، چەندین کەسیان لەم بزووتنەوەیە تیرۆرکرد. هەربۆیە هەر دەستێوردانێکی سیاسی ئەم دەوڵەتانە هەمیشە دژ بە بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستانە، ئێمە هەر ئێستا دەبینین چۆن دەوڵەتی کۆنەپەرستی تورکیا بەبەرچاوی هەموو دونیاوە، و  بە بیانوی جەنگی چەکدارانی (پ.ک.ک)، سەدان کەسی سیڤیلی دەکوژێت و دەیان گوندی وێران کردوە. هاوکاتی جێبەجێکردنی ئەم مەرامانەیان، ئەم دەوڵەتانە هەمیشە پاڵپشت و بەرگریکارێکی سەرسەختی دەسەڵاتی گەندەڵ و تاڵانچی یەکێتی و پارتی بوونە لە کوردستان.

بۆپێشەوە: هۆکاری هێرش و ملهوڕی نواندنی بەردەوامی وڵاتانی ناوچەکە لە کوردستاندا، چییە؟

عیرفان کەریم: ئەم دەوڵەتانە هەمیشە بۆ پاراستنی بەرژەوەندیە کۆنەپەرستەکانی خۆیان و لەنێو ململانیێیەکی سیاسی و سەربازی کە لەناوچەکە و لەئاستی جیهانیدا دێتە پێشەوە، کوردستان دەکەنە مەیدانێک بۆ بردنە پێشەوەی ئەم ئامانجانەی خۆیان. هاوکات نەبوونی قەوارەیەکی دەوڵەتی لەکورستان و زاڵبونی دەسەڵاتی میلیشایی یەکێتی وپارتی و زۆر جاریش پێشلەشکری ئەمانە بۆ ئەم دەوڵەتانە، فاکتەرێکی دیکەیە کەڕێگای خۆشکردەوە ئەم دەوڵەتانە بتوانن ئاوها بەئاسانی ملهوڕی و هێرش بەرن. بەحوکمی ئەم بارودۆخەی کە لەکوردستاندا هەیە، و ئەم ناوچەیە لە نێوان دوو دەسەڵاتی بنەماڵەیی وخێلەكی بەزەبری چەک و ملهوڕی دابەش بووە  بەسەر دوو زۆنی سیاسی کە لەکوردستان بە زۆنی (زەرد وسەوز) ناسراوە، واتە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی پارتی ویەکێتی. ئەم دوو هێزە سیاسیە بەهۆی ئەوەی هەر لەسەرەتای پێکهێنانی دەسەلاتەکەیانەوە لە ساڵی ١٩٩٢، پشتیان بەهێزو متمانەی جەماوەری کوردستان نەبەستوە، چونکە لەبنەڕەتدا ئەمانە ئەحزابێکی بۆرژوا تاڵانچین و هیچ کاتێک ئامانجیان بەدیهێنانی ژیان و ئایندەیەکی گەش و ئینسانی نەبووە بۆ خەڵکی کوردستان، هەربۆیە هەمیشە هەر لایەنێکیان لەپێناو پاراستنی مەرامەکانی خۆیان، خۆیان خستۆتە نێو باوەشی یەکێک لە دەوڵەتانی ناوچەکە، لەوانەش تورکیا وئێران وعێراق و سوریا. ئەم دەوڵەتانە لەهەر بارودۆخێکی سیاسی کە تیایدا جۆرێک لەململانێی سیاسی وسەربازی بێتە کایەوە، ئەوا راستەوخۆ کوردستان دەکەونە یەکێک لەمەیدانەکانی ئەم ململانێ کۆنەپەرستانەی خۆیان. ئەم دەوڵەتانە دەزانن کە لەکوردستاندا دەسەڵاتێک نییە کە رێگریان لێبکات ولەبەرامبەریاندا بوەستێتەوە. بەڵکو دوو هێزی میلیشیایی دەبینن کە هاوکاری  و پێشلەشکریان بۆدەکەن. یەکێتی وپارتیش زۆر بێشەرمانە پاساو بۆ ئەم جۆرە سیاسەتانە دەهێننەوە.

بۆپێشەوە: هێرش و پەلاماردانی وڵاتانی ناوچەکە بۆسەر ناوچە سنورییەکان و کوردستان، چ کاریگەرییەکی لەسەر بزووتنەوەی ناڕەزایەتی خەڵکی کوردستان بەدژی دەسەڵاتدا دەبێت؟

عیرفان کەریم: بێگومان هەر هێرش هاتنە ناوەوەی هێز لەلایەن ئەم دەوڵەتە کۆنەپەرساتەنەوە، کاریگەریی زۆر خراپ و کارەساتباری دەبێت بەسەر بزووتنەوەی ناڕەزایەتی خەڵکی کوردستانەوە. دەسەڵاتی بۆرژوا تاڵانچی لەکوردستان بۆ درێژەدان بەمانەوەی خۆی، هەمیشە سوود وەردەگرێت لەم هێرش وسنوربەزاندانانەی ئەم دەوڵەتانە، ئەمان دەزانن ئیدی کرێکارو خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان هیج متمانە وهیوایەکیان بەم دەسەڵاتە نەماوە، بۆیە سیاسەتی بێدەنگی و هاوکاریکردنی ئەم دەوڵەتانە دەگرنەبەر. ئەم هێرش و دەستێوەردانی سەربازییانە بارودۆخێکی ناجێگری ئەمنی و سیاسی دێنێتە ئاراوە و ڕاستەوخۆ کاریگەری دەبێت لەسەر ڕەوتی چونە پێشەوەی خەباتی جەماوەری کوردستان بۆ کۆتایهێنان بەدەسەلاتی یەکێتی وپارتی. ئەم دەوڵەتە کۆنەپەرستانە لەڕێگەی هێرشی سەربازی بۆسەر ناوچە سنوریەکان و بە پەلاماری فرۆکەی سەبازی و بۆردومانی گوندەکانی سەرسنور و دەستبردن بۆ تیرۆری کەسانی سەر بەئەحزابی نەیاری خۆیان لەکوردستان، فەزاو کەشێکی نائەمنی وترس دەخوڵقێنن. ئەمەش سەرئەنجام سەرنج و ڕوانینی کۆمەڵگە بەلاڕێدا دەبات. بەڵام واقعیەتی ئەم چەند مانگەی پێشوو ئەو ڕاستیەی سەلماند کە دەکرێت جەماوەری ناڕازی و یەکسانیخوازی کوردستان، هاوکاتی خەبات لەپێناو بەدیهێنانی خواستەکانی خۆی لەبەرامبەر دەسەڵاتی تاڵانچی بۆرژوازی یەكێتی وپارتی، دەکرێت سیاسەتی ملهوری و سنوربەزاندنی دەوڵەتانی کۆپەرستی ناوچەکەش ڕیسوابکەن و لەبەرامبەریدا بوەستنەوە. خۆپیشاندان وناڕەزایەتییەکانی جەماوەر دژ بەلەشکرکێشی تورکیا لە شارو شارۆچکەکانی کوردستان و هاوکات لە وڵاتانی ئەوروپا و جیهان.

بۆپێشەوە: لەئەگەری هێرشی سەربازی تورکیا یان ئێران بەشێوەی فراوان بۆ ناو هەرێمی کوردستان، چارەنووسی دەسەڵاتی هەرێم و حکومەت چی بەسەر دیت؟

عیرفان کەریم: هەروەکو چۆن لە وەڵامی پرسیارەکانی پێشووتردا ئاماژەم بە سیاسەتی هاوکاری و پێشلەشکری هەردوو حزبی دەسەڵاتدار کرد بۆ دەوڵەتانی ناوچەکە، واتە یەکێتی وپارتی. بە حوکمی ئەوەی ئەم دوو حزبە خاوەنی هێزی ئەسڵی ئەم دەسەڵاتەن لە کوردستان، حکومەتی هەرێم هیچ کاتێک دەسەڵات وبەرژەوەندیەکانی ناکەوێتە بەر پەلاماری ئەم دەوڵەتانە، چونکە ئەگەر تەماشایەکی سیاسەتی هاوکاری وهاوسەنگەری ئەم دوو حزبە و ئەو لایەنانەی کە لەحکومەتەکەی ئەماندا بەشدارن، ئەوە ئێمە بەڕوونی دەبینین کە بۆ نموونە چۆن ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان مەیدانێکی کراوەیە بۆ ملهوری و دەستێوەردانی کۆماری ئیسلامی ئێران، بەجۆرێک ئەم دەوڵەتە یەکێتی نیشتیمانی بە هاوکارو هاوسەنگەری خۆی دەزانێ بە درێژایی ٣٠ ساڵی ڕابوردوو هەرکاتێک هەستی بەپێویستی زانی بێت دەستێوەردانی سەربازی وئەمنی کردوە و سەدان کەسی لە موخالیفینی سیاسی خۆی لەو ناوچەیە تیرۆرکردوە.

بەهەمان شێوەش بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەم لایەنە هاوسەنگەر و هاوکارێکی سەرسەختی حکومەتە شٶڤێنیەکەی ئۆردوغانە لەتورکیا، هیچ کاتێک لەبەرامبەر بۆردومان و ملهوری سەربازی تورکیادا ناڕەزایەتی دەرنەبریوە، بە پێچەوانەوە ئەم ناوچەیە بۆتە مەیدانێک کە تورکیا بتوانێت بەئاسانی پێگە و جێگە و ڕێگەی  نەیارانی سیاسی خۆی بۆردومان بکات و خەڵکی بێتاوانی ناوچەکە بکاتە قوربانی ئەم ئامانجانەی خۆی. ئەوەی کە لەئێستادا بۆتە جێگای مەترسی  بۆ سەر ژیان وگوزەرانی خەڵکی کوردستان، مانەوەی دەسەڵاتی گەندەڵی و میلیشیایی یەکێتی وپارتیە بەسەر موقەدەرات و ژیانی خەڵکی کوردستانەوە. چونکە لەئەگەری هەر پەلامارێکی سەربازی دەوڵەتی تورکیا یاخود کۆماری ئیسلامی ئێران بۆسەر کوردستان، بەبروای من هیچ چاوەڕوانیەک لەوە ناکرێت کە ئەم دوولایەنە وئەحزابەکانی نێو پێکهاتەی حکومەتی هەرێم سەنگەرێکی مقاوەمەت  بۆ دیفاع لە خەڵكی کوردستان پێکبهێنن. ئەمانە مێژوویان شاهیدە لە ئەنجامدانی دەیان کارەساتی لەبابەتی ٣١ ی ئاب و ١٦ ی ئۆکتۆبەر و شەنگار. ئەمانە ژیان و گوزەرانی خەڵکی کوردستان دەکەنە قوربانی نێو گەمە پیس وشاراوەکانیان، هەروەکو چۆن لە کارەساتی بەدەستەوەدانی شارۆچکەی شەنگال بینیمان لەکاتی هێرشەکانی چەکدارانی داعش بە بەرچاوی هەموو دونیاوە هێزە چەکدارەکانی  پارتی دیموکراتی کوردستان بەبێ هیچ بەرگری و مقاوەمتێك، لەماوەی چەند کاتژمێرێکدا هەڵاتن و  ژیان و چارەنوسی هەزاران ژن و منداڵ و خەڵکی سیڤیلیان  تەسلیـم بە چەتەکانی داعش کرد.

لە ئەگەری هەر هێرشێکی فراوانی دەوڵەتی تورکیا یاخود جمهوری ئیسلامی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان  ئەو هێزە ڕاستەقینەیەی کە ئامادەیە دیفاع لە ژیان و گوزەرانی خەڵک بکات، ئەوە هێزی جەماوەری چەکداری  خەڵک و کۆمۆنیست و چەپەکانە، سەرەڕای بوونی سەدان هەزار چەکدار لە هێزەکانی یەکێتی وپارتی، بەڵام ئەم هێزانە سیفەتی میلیشییان هەیه و لەلایەن دووبنەماڵەوە کۆنترڵکراون و بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکان ئەم دوو بنەماڵەیە و ملیۆنێر وسەرمایەدارەکانی دەوروبەریان، بەکاردەبرێن. ئەوەی کە پێی دەڵێن حکومەتی هەرێم جگە لەدەسەڵاتی میلیشایی یەکێتی و پارتی هیچی دیکە نییە، و ئەمانە لەبەرامبەر سیاسەتی کۆنەپەرستی دەوڵەتانی تورکیا وئێران سازشدەکەن و خۆیان بەبەشێک لە خزمەتکارانی سیاسەتی ئەوان دەزانن، و هیچ کات بەرژەوەندیەکانیان ناکەوێتە ژێرمەترسیەوە.

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٧٩ی ١٥/٧/٢٠٢٠ دا بڵاوبۆتەوە

Check Also

پێگەی ناسیونالیزمی کورد دوای هەڵبژاردنەکان و بەدیلی تر!!

عەبدوڵا مەحمود هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی هات. بەپێچەوانەی پیشبینی و بانگەشەی لایەنەکان کە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *